چەقوکێشە هێرش بەرەکان بۆسەر غالب محەمەد کێن؟ …

عەبدوڵا مەحمود

شەوی ٢٦ ی مانگی شوبات، غالب محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە بەردەم ماڵەکەی خۆی کەوتە بەر هێرشێکی چەقۆ وەشاندن و بریندار کرا، وا پێدەچیت ئەم هێرشە چەقۆ وەشاندنە پەیوەندی بە هەندێک لە لێدوانەکانی ناوبراوەوە هەبێت، لەسەر پرسە سیاسی و روداوەکانی عێراق و کوردستان…

سەرەتا دەبێ بڵێین ئەگەر ئاسایش بکەوێتە بەر هێرش و بکوژرێت، ئەندام پەرلەمان کە پاسەوان و ئیمتیازاتی و حەسانەی هەیە، هیرشی بکرێتە سەر. رۆژنامەنووس و نووسەر و چالاکوانی سیاسی لە جەرگەی خۆپیشاندانەکاندا دەستگیربکرێن و شوێن بز بکرێن, پاشان دۆسیەی ئامادەکراویان بەسەردا بسەپینرێت، دەیان کەس لە خۆپیشاندەران، بکوژرێن و کەس توشی لیپرسینەوەی یاسایی نەبێتەوە، دەبێ چ ناوێک لەم دەسەڵاتە بنرێت؟ دەبێ چۆن بڕوانرێتە پرسی ئازادی و ئازادییەکان و ئازادی ڕادەربڕین؟

هیرش بۆسەر غالب محەمەد، و لەوەش زیاتر بۆسەر نووسەر و رۆژنامەنووس و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە نارەزایەتییە جەماوەرییەکان نە تازەیەو نەیەکەم جارە و نە دواجار دەبێت… تا ئەم دەسەڵاتە لەسەر کاربێت هیرش بۆسەر ئازادیی و مافە زۆر سەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستان بەردەوام دەبێت. هاوکات لەگەڵ بەرینبوونەوەی نارەزایەتیە جەماوەرییەکان و پەرەسەندنی، ئاستی کاردانەوەکانی دەسەڵات و بەڵتەجیەکانی بۆ بەرگری لەدەسەڵات، درێژەیان دەبێت…

هیرش بۆسەر غالب محەمەد و هەر کەس و لایەن و گروپێک، مەحکومە و پێویستە رووبەرووی نارەزایەتی جەماوەری و دەنگی ئازادیخوازی کوردستان بێتەوە. غالب محمەد خۆی پشک و خێری لە دەسەڵات و بەشداری لەو پەرلەمانەدا هەیە کە دوورو نزیک نوێنەرایەتی هیچ خواست و داوکارییەکی جەماوەری بێبەش و نەدار ناکات، لە جێگای ئەوە, ئەوە غالب محەمەد و هاوپیشەکانی لە پەرلەمان و حکومەتی چەتەو مافیاییدایە کە ژیان و گوزەرانیان لە ڕیگای موچەی خەیاڵی و ئیمتیازاتەوە شاهانەیە و لەبەرامبەریشدا دۆخی ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار و بەشی هەرەزۆری کۆمەڵگەش کولە مەرگی و مەمرە و مەژییە…

لەکاتێکدا هیرش بۆ سەر غالب محمەد جێگای ئیدانەیە، بەلام خۆ هەڵواسینی ئەو و هاوپیشەکانی لە حزب و حکومەت و پەرلەماندا بە خواست و داواکارییەکانی جەماوەری بێبەشەوە، بەهەمان شیوە جێگای ئیدانەیەو نابێ کەس فریوی بانگەشەکانیان بخوات… ئەو لیدوان و قسانەی ئەمانە دەیکەن، تاڵە پوشێک لە نارەزایەتی و نەفرەتی جەماوەری نییە، کە ڕۆژانە کریکاران و بێبەشانی ئەم کۆمەڵگەیە نیشانی دەدەن. وە لێدوان و هاوارە فریوکارییەکانیان، ناتوانێت بەشێک بێت لە لێدوانی حەق خوازانەی جەماوەری، لە پیناو نان و ئازادی و شکۆی ئینسانیاندا.

ئەوانەی هیرشیان کردۆتە سەر غالب محەمەد، هەر ئەو بەڵتەجیانەن کە موچە دەبڕن و نایدەن، ئەو مافیایانەن بە رۆژی روناک بە ڕیگای بەناو یاسایی چەسپیو بەخۆیان و نایاساییەوە، تاڵانی داهاتی خەڵکی کوردستان و خاڵەسنورەیەکان دەکەن، هەر ئەو قارەمانانەی کوردایەتین کە نووسەر و رۆژنامەنووس و هەڵسوڕاوان، لەجەرگەی خۆپیشاندانەکاندا دەگرێت و دۆسیەی ئامادەکراوی تاوانکاریان بۆساز دەکات… ئەو خیڵە لەو تاوانکارانەن کە دادگایان کردۆتە حەربەی ماڵوێران کردنی دەنگە ناڕازییەکان و کەشی ئازاد بۆ تۆمەتبارە ئاشکرا حزبی و بنەماڵە دەستڕۆشتوەکان…

غالب محمەدەکان کە نزیکن لەو دەسەڵات و مافیایانە باش دەزانن کێن ئەوانەی هیرشیان کردۆتە سەری… ئامانجیش لەم هیرشانە ئەوەیە، کە دەسەڵات و مافیاکانیان لەو رێگایەوە دەیانەوێت کۆمەڵگە و بترسێنن و تورەیی و نارەزایەتی جەماوەری توشی پاشەکشە بکەن و ئەو پەیامەش بدەن، کە دەستپاریزی لە نزیکەکانی خۆیان و بەشدار لەگەڵ خۆشیان ناکەن، ئەگەر سنور بەزاندن بکەن.

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *