پەیامی ٨ مارسی ئەم ساڵ هەڵگری چ پەیامێکە؟ …

عەبدوڵا مەحمود

هەشتی مارس، ڕۆژ و رەمزی ناوتنە، بە ئاپارتایدی جنسی… ڕۆژ و سیمبولی نارەزایەتی بزوتنەوەی یەکسانی خوازی ژنانە بە هەڵاواردن و بێمافی، بەستەم و نابەرابەری، بەدەسەڵات و هاوکات بەیاساو نەریتی پاریزەری سەرمایەو سەرمایەداری…

هەشت مارسی ئەمساڵ لە دۆخێیکدا بەڕێوەدەچێت، کە لێکەوتەکانی ئەزمەی ئابوری سەرمایەداری و کۆڕۆنا ڤایرۆس، لە ئاستی جیهانیدا چینی کرێکاری رووبەڕووی هەلومەرجێکی یەکجار سەخت کردەوە. بەدەیان ملیۆن کرێکار بێکار کران و بە ئۆردوی بێشوماری بێکارانەوە پەیوەست بوون. رادەی هەژاری و برسێتی بەشێوەی سەرسورهینەر بەرینتر بۆوەو بەرەو هەڵکشان چوو. لەناو ئەم واقعیەتە تاڵەدا، ژنان قوربانیانی ریزی پێشەوەو بەرجەستەی ئەو دۆخەبوون. شاڵاوی بێکارکردن و کابوسی بەرینبوونەوەی برسێتی و هەژاری، قورسایەکەی بە پلەی یەکەم ژنانی کردە نیشانە، لەوەش واوەتر ئاستی توندوتیژی لەدژی ژنان بە تایبەتی لەخێزاندا، بەبەراورد بە پێش کۆڕۆنا ڤایرۆس زۆر زیادی کرد. بەڵام ئەگەر ئەمە واقعیەتی ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار و بەتایبەتیش ژنان بێت، لە ئاستی دنیا و وڵاتانی پێشکەوتودا، ئەوا دۆخی ژنان لە وڵاتانی دواکەوتوو و ئیستبدادی و کۆنەپەرستەکان و ژێر سایەی دەسەڵاتی حزبۆکراتی میلیشیاییدا، زۆر خراپتر و ویژدان هەژێنە.

با چاوێک لە کوردستان بکەن، کەرەنتینەکردنی کۆمەڵگە، بی بەرپرسیاریەتی نیشاندان و قەرەبووکردنەوە. بێ موچەیی، گرانی بازاڕ، دزی و تاڵانی ئاشکرا، وێرانی کەرتەکانی خوێندن و تەندروستی، نەبوونی هیچ جۆرە بیمەیەک و داروخانی سەرجەم خزمەتگوزارییەکان…تاد، زوربەی هەرەزۆری کۆمەڵگەی ڕوبەڕووی واقعیەتیکی یەکجار سەخت و تاڵ کردۆتەوە، لەناو ئەو واقعیە تاڵەدا، ژنان قوربانی یەکەمن و قورسایی مەرگەساتی ئەم هەلومەرجەیان کەوتۆتە سەرشان. لێکترازانی خێزانەکان، زۆربوونی باندەکانی لەشفرۆشی، زیادبوونی تاوانەکان، خۆکوژی، زیندبوونەوەی نەریتی ماوە بەسەرچوو…تاد، ریشەیان لەم هەلومەرجە سەختە ئابورییەدایە. بەڵام ئەمە هێشتا تەنها لایەنێکی سەخت و دیوەزمەیەکی سەر ژنانە، لایەنێکی تر کە بەشێوەی سیستماتیک هێرش دەکاتە سەر ژنان و مافەکانیان، هێرشی کۆنەپەرستانەی دەسەڵاتە بۆ سەرکۆمەڵگەو ژنان بەتایبەتی… خێڵی مەلای بەلاشخۆر، وەزارەتی ئەوقاف، لیژنەی فتوا، یەکێتی زانایانی!! ئیسلامی، هیچ گۆشەو لایەنێک لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کەلتوری و کۆمەڵگە نەماوە دەمی تێوە نەژەنن. زوربەی مافە فەردی و و شەخسی و مەدەنی ژنان، کەوتۆتە بەردەم هێرشی پەیتا پەیتا و بەردەوامەکانیان. فتواکان بۆسەر ژنان و مافەکانیان، لە سواری تەکسی بوونەوە بۆ مناڵ بوون، تا دەگاتە حەرام و حەڵاڵ بەخشینەوە، کە دواترینیان تاتۆ و خۆ کوتانە… ئەو هێرشە ئاشکرایانەن کە دەسەڵات خۆی لە رێگای مەلای بەلاشخۆر و دەیان ناو و دەزگای ئیسلامیەوە ئەنجامی دەدەن.

هەر ئەو دەسەڵاتە سەلەفیەکان و تەریقەتەکانی، لەدەوری خۆی کۆکردۆتەوە، لە موڵکی گشتی زەویان بەسەردا تەخشان و پەخشان دەکات، کە شێخ نەهرۆ کەسنەزانی دوا نموونەیانە… وە دەرگایان بۆ رەوتە ئیسلامیەکان خستۆتە سەر پشت، تا لەڕیگای فریوکاری و بەخشینەوەی پارەو ئیمتیازاتەوە، بەهرەبەرداری لە هەژاری و نەداری خەڵکی بکەن و ژنان و کچانی خوار تەمەنی یاسایی حجاب پۆش بکەن و ناوی بنێن لەسەر نانی تاجی زێرێن و باڵاپۆشی ئازاد!!

ئەم هەڵمەتە بۆسەر ژنان و مافەکانیان، لەلایەن رەوتە ئیسلامیەکانەوە، ئەگەر لەلایەکەوە تەواو کەری پرۆژەی دواکەوتووانەی دەسەڵاتی سیاسیی و حزبۆکراتی بزوتنەوەی کوردایەتییە… لەلایەکی تریشەوە پرۆژەی ئیسلامی سیاسی و رەوتە سیاسیەکانیانە، لەدۆخی ئەزمەگرتووی دەسەڵاتدا بۆ جێخستنی پرۆژە تایبەتیەکانی خۆیان، بۆ گوشار خستنە سەر دەسەڵاتی سیاسی تا مل بەخواستەکانیان بدات و لە خێرو بیری بەتاڵانبراوی کوردستان هاوبەشیان بکات و لە دەسەڵاتی وەبەر نەفرەتکەوتووی جەماوەریدا، جێگای زۆرتریان بۆ بەفەرمی بناسێت.

 گێرانەوەی کۆمەڵگە بەرەو دواوەو لیخنکردنی کەشی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە، بەرتەسک کردنەوەی کەشی نیمچەکراوەی کوردستان و پەراوێزەکانی ئازادی و ئازادییەکان، قوربانیانی یەکەمی ژنانن و گوشارەکانیشی بۆسەر بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و ئەو دەنگ و رەوتە ئازادیخوازو یەکسانیخوازانەیە کە خوازیاری .یەکسانی ژن و پیاوان و جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت و یاساکان و خوێندن و پەروەردەیە… لەهەلومەرجی ئیستادا ئەم گوشارانەی دەسەڵات و رەوتە ئیسلامیەکان تەواوکەری ئەو هیرشە بەرینەیە بۆ سەر ئازادی و ئازادییەکان و بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە ناڕازییەکان لەدژی دەسەڵات.

هەشتی مارسی ئەمساڵ، لە جەرگەی بەریبوونەوەی نارەزایەتی جەماوەری لەدژی دەسەڵاتی سیاسیدا، بەرێوەدەچیت، بۆیە هەموو جموجۆڵ و چالاکیەکی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژناندا، راستەوخۆ پەیوەست دەبێتەوە بە بە رەوتی روو لەهەڵکشانی خواست و بزوتنەوەی ڕاماڵینی دەسەڵاتدا. بەشداری بەرجەستەی ژنان لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دەورەیەکی کوردستاندا، یەکێک لەو ئاڵوگۆڕانەیە کە سیماو روخساری پیشکەوتنخوازانەی نارەزایەتیە جەماوەریەکانی نیشاندا… هەشتی مارسیش وەکو رەمزێکی “نا” وتنی ژنان بە سوکایەتی و توندوتیژی و نابەرابەری و زوڵم و بێمافیەکانیان، راستەوخۆ رووبەڕووە لەگەڵ دەسەڵاتی حزبۆکراتی میلیشایی و رەوتە ئیسلامیەکان… لەو چوارچیوەیەشدا وەستانەوە بەرووی ماشینی بەرینی دەسەڵاتی سیاسی بۆسەر مافە فەردی و مەدەنیەکانی کۆمەڵگە و ژنان بەتایبەتی، لە ڕیگای دەمەزەردکردنەوەی یاسا دژە ژنەکان، جوڵەپیکردنی زۆرتری مەلاکان و سەلەفیەکان، هەڵخراندنی وەزارەتی ئەوقاف و لیژنەکانی فتوا، و فتوا یەک لەدوای یەکەکانیان لەسەر وردو درشتی کایە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابورییەکان، و مافە فەردیەکانی ژنان، هاوکات وەستانەوە بەرووی رەوتە سیاسییە ئیسلامیەکان، کە لەرێگای بەهرەبەرداری لە هەژاری و نەداری و ئەزمەی دەسەڵاتی سیاسیدا، دەیانەوێت لەڕێگای بەخشینەوەی ئیمتیازات و پارەو فریوکارییەوە نمایشی حجابکردنی ژنان، وەرێبخەن و  بەزۆر هێنان بۆ دەسەڵاتیش داخوازییە کۆنەپەستانەی ئیسلامی بەسەر کۆمەڵگەدا دابسەپێنن. لەوەش زیاتر ئیسلامیەکان دەیانەوێت ئامادەیی خۆیان نیشان بدەنەوە و کەڵک لە تورەیی جەماوەری وەربگرن و بەسودی خۆیان… بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو واقعیەتانە، هەم ڕووبەڕوو لەگەڵ دەسەڵات حزبۆکراتی میلیشییایی کۆنەپەرستی دژە ژن و هەم ڕووبەڕووە لەگەڵ رەوت گەلی ئیسلامی سیاسی کۆنەپەرست و بەگرێگیراو.

 لە هەشتی مارسدا، بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، لەنێو هێرشی ئەم دەورەیەی دەسەڵات و ئیسلامی سیاسییدا، ڕوبەڕووە لەگەڵ دەسەڵاتی کۆنەپەرست و  ئیسلام  سیاسی و پرۆژە داوکەوتوو دیلهێنەرەکانی ژنان و مافەکانیان.

سەرەتایی ئازاری ٢٠٢١      

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *