بۆرژوازی و پلەدوویی ژن! …

موحسن کەریم

نایەکسانی و پلەدویی و ستەم و چەوساندنەوەی ژنان لە کۆمەڵگای سەرمایەداری هاوچەرخدا، بەشێکە لە پێداویستیەکانی چینی بۆرژوازی بۆ پارێزگاریکردن لە کۆمەلگای چینایەتی و چەوسێنەرانەی سەرمایەداری، ئامرازێکی کاریگەرە بۆ دروستکردنی ناکۆکی و دوبەرەکی لەنێوان بەشەکانی چینی کرێکاردا تا لەو رێگایەوە ئیمکانی یەکگرتن و یەکێتی ئەم چینە دژی سیستەم و دەسەڵاتە ستەمکارو چەوسێنەرەکەی بکاتە کارێکی سەخت و دوورە دەست. جیاکاری لەدژی ژنان و دانانی ژنان لە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی نزمتر لە پیاوان بۆئەوەیە کە ژنانی کرێکار بخەنە بەرامبەر پیاوانی کرێکارەوەو بەمجۆرە توانای یەکخستنی هێزی چینایەتی چینی کرێکار شەق بکەن و گەورەترین زەربە لە یەکێتی چینایەتی کرێکاران بدەن.

لەکۆمەڵگای سەرمایەداریدا هەموو جۆرە چەوساندنەوەو جیاکاریەکی کۆمەڵایەتی، ڕەگەزی، نەژادی، فەرهەنگی و  جیاکاری لەسەر بنەمای ڕەنگی پێست و زمان و بیروباوەڕ و ئاین و .. تاد. ئامانجەکەی لەت لەتکردن و پەرشوبڵاوکردنی هێزی چینی کرێکارە.. بەڵام هیچ کام لەو جیاکاریانە بەوێنەی جیاکاری دژی ژنان لەسەر خزمەتکردن بە هێشتنەوەی دەسەڵاتی سەرمایە کاریگەر نیە. جیاکاری دژی ژنان جیاکاریە دژی نیوەی دانیشتوانی گۆی زەوی!

سەرمایەداری ئەم جیاکاریە دژی ژنان لەسەر بنەمای بە کاڵاکردنی ژنان و مامەڵەکردنیان وەکو کۆیلە جێبەجێ دەکات. سەندنەوەی هەموو خاسیەتێکی ئینسانی لە ژنان کرۆکی فکری و ئایدیۆلۆژی بۆرژوازیە سەبارەت بە ژنان لە کۆمەڵگای سەرمایەداری هاوچەرخدا. ئەگەرچی خودی ستەمکێشی ژنان ئاکامی ڕاستەوخۆی کۆمەڵگای سەرمایەداری نیە، بەڵام هێشتنەوەی ئەم ستەم و جیاکاری و نایەکسانیەی ژنان یەکێکە لە کۆڵەکەکانی ڕاگرتنی سیستەمی سەرمایەداری و دەسەڵاتی بۆرژوازی لە کۆمەڵگای ئیستادا.

ژن لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا وەکو کاڵا مامەڵە دەکرێت کە کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێ. ئەم کڕین و فرۆشتنە بەدووشێوەی جیاواز دەچێتە پێشەوە. جۆرێکیان لەچوارچێوەی پەیوەندیەکی پیرۆزکراودا کە ناوی لێنراوە زەواج. لەم مامەڵەیە یاسایی و موحتەرەمەدا کە لەرووی کۆمەڵایەتی و دینیەوە قبوڵ کراوە، ژن وەکو کاڵایەک لەبەرامبەر بڕێك پارەدا دەبێتە خزمەتکاری پیاو لەڕووی سێکس و بەخێوکردنی مناڵ و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکانی دیکەی ژیان بە پیاوان. دیوەکەی دیکەی کڕین و فرۆشتنی ژنانە لە پیشەسازی سێکس و بازرگانی سێکسەوە، کە سالانە تریلیۆنەها دۆلار دەخاتە سەر خەزینەی سەرمایەو یەکێکە لە پڕ قازانجترین پیشەسازیەکانی کۆمەلگای بۆرژوازی کە ژنان وەکو کۆیلەی سێکس و لە نا ئینسانی ترین و سووکترین هەلومەرجدا رادەگرێت.

ئەگەر ئەمە روخساری قێزەونی کۆمەڵگای سەرمایەداری بێت لە ئاستی جیهانیدا.. لە کوردستانیش هەمان واقعیەت بە هەموو شێوازەکانیەوە کاردەکات. بێمافی ژنانی کرێکار لەڕووی هەلی کارو کرێ و مافەکانەوە .. بیکارکردنیان لەهەر توندپێچێکی ئابوریدا و بێکارکردنیان… بێمافی یاسایی و .. لەڕووی میرات و  مناڵ بەخێوکردن و زەواج و .. تاد. بە کەم سەیرکردنی ژنان و شکاندنی کەسایەتیان بەشێوەی هەموو رۆژە لەلایەن برا و مێرد و کەسوکاری نێرینەی خێزانەوە…. تا هەراسانکردن و گێچەلی سێکسی لەسەر کارو لە ئاستی خێزان و کۆمەڵگادا…. تا پەرەدان بە بازرگانی بە جەستەی ژنانەوە کە لە ساڵانی رابروودا لە کوردستاندا فراوان بۆتەوە… سەڕەڕای جەنگێکی بەردەوام لە دژی ژنان و کچان کە لەساڵی ١٩٩١ەوە بەردەوامەو درێژەی هەیە و بەبیناوی کڕینەوەی شەرەفی خێزان و عەشیرتەوە هەزاران ژن و کچ کوژراون یان ناچار بە خۆکۆشتن کراون. یاساو کەلتوری ناسیۆنالیستی و ئیسلامی وەکو زنجیری کۆیلەکانی سەردەمی کۆن لە گەردنی ژنان و کچانی کوردستان ئاڵاوەو بەردەوام و بە زەبری یاساو عورفی کۆمەڵایەتی و بەهاکانی کوردایەتی و ئیسلامی و تەنانەت بە زەبری لێدان و توندوتیژی و تەنانەت تیرۆری ژنان ئەم یاساو بەها کۆن و دژە ژنانە دەسەپێنن و دەهێڵرێنەوە.

ئەگەر ستەم و چەوساندنەوە و پلەدوویی ژنان لەلایەن سیستەم و دەسەڵاتی بۆرژوازیەوە دژ بەژنان بەڕێوەدەبرێت، ئەوا ڕزگاربوون لەم ستەم و نایەکسانی و بێمافیە.. گێڕانەوەی کەسایەتی و شکۆ بۆ ژنان… دەست راگەیشتنیان بە ئازادی و بەهرەمەندبوون لە یەکسانی هەمەلایەنە لەگەڵ پیاواندا و بگرە بەدەستهێنانی هەرجۆرە ریفۆرمێکی جدی لە ژیان و گوزەران و مافە مرۆییەکانی ژناندا بەندە بە خەباتی چینی کرێکارەوە بۆ ڕزگاربوون لە سیستەم و دەسەلاتی سەرمایەو بۆرژوازی و دەبێت ببێتە بەشێك لەم خەباتە… بەم پێیە بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان بە ناچاری دەبێت بەشێك بێت لە بزوتنەوەی گشتی چینی کرێکار دژی سەرمایەداری و دەسەلاتی بۆرژوازی…

بەڵام کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی سەرمایە و بۆرژوازی لە کوردستان لە هەنگاوی یەکەمدا لەڕیگای کۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی ئێستای بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانیەوە دەبێت، وەکو یەکەم وێستگە بۆ ڕاماڵینی بەربەستە سیاسیەکان لەبەردەم چینی کرێکار بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتی چینایەتی خۆی.. واتە حکومەتی کرێکاری… بۆیە بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان لە کوردستان دەبێت بەشێك بێت لەو خەباتە گشتیە بۆ ئەوەی ژنانی کوردستان لەم هەلومەرجە کارەساتبارەی ئێستا رزگاریان بێت و وەکو هاوڵاتی یەکسان و پلەیەك مامەڵە بکرێن نەك وەکو کۆیلەی سێکس و خزمەتکاری نێرینەی خێزان و کۆمەڵگا!

ئەم بابەتە لە ئۆکتۆبەری ژمارە ٧ی ١٠ی فێبریوەری ٢٠٢١دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *