کاری کرێگرتە و سەرمایە …

 هەقدەست چیە؟ چۆن دیاریدەکرێت؟…

کارل مارکس…

وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: سالار حمەسەعید…

ئەگەر پرسیار لە چەند کرێکارێک بکرێت: ”هەقدەستەکەت چەندە؟”. یەکێکیان وەڵامدەداتەوە و دەڵێت ” رۆژانە دوو شیلینگ پەیدادەکەم” و بەوشێوەیە. بەپێی بەشە جیاجیانی پیشەسازی کە تیایدا کاردەکەن لە بڕە پارەی جیاواز باسدەکەن کە لە خاوەنکاری تایبەت بەخۆیانەوە وەردەگرن بۆ ئەنجامدانی کارو ئیشێکی تایبەت، بۆ نموونە، بۆ ڕستنی یەک یارد (٣پێ) لە کەتان یاخود بۆ ڕێکخستنی چاپی لاپەرەیەک، سەرەڕای جۆراجۆری قسەکانیان، هەموویان لە یەک خاڵدا ڕێکدەکەون: کە هەقدەست بڕێک پارەیە کە سەرمایەدار دەیدات بەرامبەر بە ماوەیەکی دیاریکراو لەکارکردن یاخود بڕێک لەکارێکی دیاریکراو. لەئەنجامدا دەردەکەوێت کە سەرمایەدار کارەکەیان بەپارە دەکڕێت، وە بەو پارەیە کارەکەیانی پێدەفرۆشن. بەڵام ئەمە تەنها وەهم و خەیاڵە. لەڕاستیدا ئەوان ئەوەی بە سەرمایەداری دەفرۆشن بە پارە، هێزی کاریانە. ئەو هێزی کارە بە سەرمایەدار دەفرۆشن بۆ ماوەی رۆژێک، هەفتەیەک، مانگێک هتد. ئینجا پاش ئەوەی کە دەیکڕێت بەکاریدێنێت بەڕێپێدانی کرێکار بە کارکردن بۆ ئەوماوەیەی لەسەری ڕێکەوتوون. بەهەمان بڕی پارەی کە سەرمایەدار هێزی کارەکەی لێکڕیون ( بۆ نموونە، بە دوو شیلینگ) کە دەتوانێت بڕێکی دیاریکراو لە شەکر یا هەر کاڵایەکی تری پێ بکڕێت. ئەو شیلینگەی کە ٢٠ پاوەند شەکری پێکڕیوە، بریتیە لە نرخی ٢٠ پاوەند شەکر. ئەو دوو شیلینگەی کە ١٢ سەعات لەبەکارهێنانی هێزی کاری پێکڕیوە دەکاتە نرخی ١٢ سەعات کار. کەواتە هێزی کار کاڵایە، نەزیاتر و نەکەمترە لە شەکر. یەکەمیان بە سەعات دەپێورێت و ئەوی تریان بە تەرازوو. کریکاران کاڵاکەیان، هێزی کارەکەیان، بە کاڵای سەرمایەدار، بەپارە، ئاڵوگۆڕی پێدەکەن جگە لەوەش ئەو ئاڵوگۆڕە بەڕێژەیەکی دیاریکراو ڕوودەدات. پارەیەکی زۆر لەبەرامبەر بە بەکارهێنانی هێزی کار بۆ ماوەیەکی زۆر. دوو شیلینگ بۆ ١٢ سەعات چنین و ڕستن. وە ئەم دوو شیلینگە، ئایا نوێنەرایەتی هەموو کاڵاکانی تر ناکات کە دەتوانم بیانکڕم بە دوو شیلینگ؟ لەبەرئەوە، لەڕاستیدا کرێکارەکە کاڵاکەی خۆی، هێزی کاری، بە هەمووجۆرە کاڵاکانی تری ئاڵوگۆڕکردوە، وە بەڕێژەیەکی دیاریکراو. سەرەرای ئەوە سەرمایەدار بە دانی دوو شیلینگ بەو (بە کرێکار) گوشتێکی زۆرو جل و بەرگێکی زۆر و تەختە و دارو ڕووناکی و هتد، زۆری پێداوە لە ئاڵوگۆڕ بە کاری رۆژانەی. لەبەرئەوە دوو شیلینگەکە، ئەو پەیوەندیە دەردەبڕێت کە هێزی کار ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت بە کاڵای تر، بەهای ئاڵوگۆڕی هێزی کار. بەهای ئاڵوگۆڕی کاڵایەک کە بە پارە مەزەنەدەکرێت پێیدەگوترێت نرخەکەی. لەبەرئەوە هەقدەست تەنها ناوێکی تایبەتە بۆ نرخی هێزی کار، عادەتەن پێێ دەوترێت نرخی کار، ئەمە ناوی تایبەتی نرخی ئەم کاڵا سەیر و عەجیبەیە کە هیچ عەمبارێکی نیە جگە لە گۆشت و خوێنی مرۆڤ. دەبا هەر کرێکارێک بگرین بۆ نموونە کرێکارێکی چنین و ڕستن. سەرمایەدار ئامێری ڕستن و داو و دەزووی بۆ دابین دەکات. کرێکاری ڕستنەکە خۆی بۆ کارکردن تەرخاندەکات و دەزوو دەبیتە قوماش (پەڕۆ). سەرمایەدار قوماشەکە هەڵدەگرێت، بۆ نموونە بە ٢٠ شیلینگ دەیفرۆشێت. جا ئێستا، ئایا هەقدەستی کرێکاری ڕستن لە بەشێکی قوماشەکەیە، لە ٢٠ شیلینگەکەیە، لەبەرهەمی کارەکەیە؟ بەهیچ شێوەیەک. زۆر پێش ئەوەی قوماشەکە بفرۆشرێت و زۆر پێش ئەوەی بەتەواوی بڕێسرێت (بچنرێت) کرێکاری ڕستنەکە هەقدەستی خۆی دەگونجێ وەرگرتبێ. ئینجا سەرمایەدارەکە هەقدەستی (مووچەی) خۆی لەوپارەیە وەرناگرێت کە پەیدایدەکات لە قوماشەکە بەڵکو لەو پارەیەی کە بەفعلی هەیە لەبەردەستدا. هەروەک چۆن کەمێ لە ئامێری ڕستن و داو و دەزوو کە بەرهەمی کرێکاری ڕستنە و لەلایەن خاوەن کارەوە پێی دەدرێت وە زۆر کەمە ئەو کاڵایانەی کە وەریدەگرن لە بەرامبەر کاڵاکەیدا (هێزیکارەکەی) بەرهەمەکەی. ئەگەری ئەوە هەیە کە خاوەن کار بەهیچ شێوەیەک هیچ کڕیارێک بۆ قوماشەکەی پەیدانەکات. ئەگەری تەنانەت ئەوە هەیە کە نەتوانێ بڕی هەقدەستەکانی دەستکەوێت لەفرۆشتنیان. ئەگەری ئەوە هەیە کە بە قازانجێکی زۆر بیفرۆشێ بە ڕێژەی هەقدەستی کرێکاری ڕستنەکە. بەڵام هەموو ئەمانە جێگەی سەرنجی کرێکاری رستن نیە. سەرمایەداربە بەشێکی سەروەت و سامانەکەی ئێستای ، سەرمایەکەی، هێزی کاری کرێکاری رستن دەکڕێت بە تەواوی بە هەمانشێوەی بەشەکەی تری سەروەت وسامانەکەی، کە کەرەسەی خاو، داو و دەزوو و ئامێرەکانی ئیشکردنی پێ کڕیوە. پاش کڕینی ئەمانە و لەنێو ئەمانە دا هێزی کاری پێویست بۆ بەرهەمهێنانی ئەو قوماشەی کە بەرهەمی دەهێنێت تەنها بە کەرەسەی خاو و ئامێری کار کە هی خۆیەتی. چونکە کرێکارە باشەکەی چنین و رستنی ئێمەش دادەنرێت بەیەکێک لە ئامێرەکانی/ئامرازەکانی کار لەم ڕووەوە هاوشانی ئامێری چنین و ڕستنە، هیچ پشکێکی نیە لە بەرهەمەکەدا (لە قوماشەکەدا) یاخود لە نرخ و بەهای بەرهەمەکە زیاتر لەوەی کە ئامێری ڕستنە کە خۆی هەیەتی. لەبەرئەوە هەقدەست پشک و بەشی کرێکارەکە نیە لەو کاڵایەی کە لەلایەن خۆیەوە بەرهەم هاتووە. هەقدەست ئەو بەشە لە کاڵایانەیە کە پێشوەخت هەن کە سەرمایەدار بڕی دیاریکراوی هێزی کاری بەرهەمهێنەری پێدەکڕێت. لە ئاکامدا، هێزی کار کاڵایەکە کە خاوەنەکەی، کرێکاری کرێگرتە، بە سەرمایەداری دەفرۆشیت. بۆچی دەیفرۆشێت؟ بۆئەوەیە کە ژیان و گوزەران بکات. بەڵام خستنەگەڕی هێزی کار، واتە کار بریتییە لە دەربڕینێکی چالاکانەی ژیانی کرێکار خۆی. وە ئەم چالاکیەی ژیان ئەو دەیفرۆشێ بە کەسێکی تر بۆ دابینکردنی پێویستیەکانی ژیانیەتی. کەواتە چالاکی ژیانی تەنها بۆ دابینکردنی ژیان و بوونی خۆیەتی، ئیش دەکات تا بەڵکو بەزیندوویی بمێنێتەوە. ئەو کار بەبەشێک لەژیانی خۆی نازانێ بەڵکو بەفیداکاری بەژیانی خۆی. ئەمە کاڵایەکە کە بەکاڵایەکی تری بە هەڕاج فرۆشتوە. هەر بەوپێیە بەرهەمی کارو چالاکیەکەی ئامانج و مەبەستی چالاکیەکەی نیە. ئەوەی کە بۆخۆی بەرهەمی دەهێنێ ئەو ئاوریشمە نیە کە خۆی دەیڕێسێ و ئەو ئاڵتوونە نیە کە لە شفتی کانەکانەوە (ئەو تونیلە ستوونیەیە کە هەڵدەکەنرێت بە دەرهێنانی ئاڵتوون) ڕایدەکێشێتە دەرەوە وە ئەو کۆشکە نیە کە خۆی دروستی دەکات. ئەوەی کە بۆ خۆی بەرهەمی دەهێنێت هەقدەستە وە ئەو ئاوریشم و ئاڵتوون و کۆشکە بە شێوەی بڕێکی دیاریکراو لە پێداویستیەکانی ژیانی چارەدەکرێت، ئەڵبەتە بە چاکەتێکی لۆکە و دڕاوی مسین (پارەی ئاسن) وە شوێنێکی نیشتەجێ لە قاتێکی ژێرزەویدا. ئەو کرێکارەی کە بە درێژایی ١٢ سەعات دەچنێت ودەڕێسێ و خۆدەچەرخێنێت / خۆ دەخولێنێتەوە و کوندەکات و هەڵدەداتەوەو دروست دەکات و بەرد دەشکێنێ و جەبلە (تێکەڵەی چەو ولم و چیمەنتۆ) هەڵدەگرێت و دەگوێزێتەوە و هتد، ئایا ئەم ١٢ سەعات ڕستن و چنین و خۆچەرخاندن (خۆ خولاندنەوە) و کونکردن و هەڵدانەوە و دروستکردن و بێڵ و پاچکاری و بەردشکاندن و هەڵگرتن و گواستنەوەی جەبلەیە، بەلای ئەمەوە ژیان بەرجستەدەکات وەک ژیان؟ بەتەواوەتی بە پێچەوانەوە. ژیان بە لای کرێکارەکەوە لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە ئەم چالاکیانە (کارکردنە) کۆتایی پێدێت واتە لە سەر مێز و لەناو باڕو مەیخانە و جێگەی خەوتن دا. لە لایەکی ترەوە ،بەلای کرێکارەکەوە ١٢ سەعات کارکردنەکە هیچ مانایەکی نیە بەلای ئەوەوە وەک چنین و ڕستن و خۆ خولاندنەوە و کونکردن و هەتا دوایی بەڵکو تەنها وەک پارە پەیداکردن کە بتوانێت لەسەر مێزێک دابنیشێت و کورسیەک بگرێت لە مەیخانە و پاڵبکەوێ لە سەرجێگەکەیدا (جێگەی خەو). ئەگەر لەشی کرمی ئاوریشم بۆ ئەوەبێت کە بوونی خۆی درێژە پێبدات وەک لارڤایەک (ئەو کرمە ئاوریشمەی کە دەبێتە پەپوولە)، ئەوە نموونەیەکی باشە بۆ کرێکاری کرێگرتە. هێزی کار هەمیشە کاڵا (کاڵای بازرگانی) نەبووە. کار هەمیشە کاری کرێگرتە واتە کاری ئازاد، نەبووە. کۆیلە هێزی کاری خۆی نەفرۆشتووە بە خاوەن کۆیلە زیاتر لەوەی گا کارەکەی بە جوتیار دەفرۆشێت. کۆیلە لەگەڵ هێزی کاریدا فرۆشراوە بە خاوەنەکەی یەک جار و بۆ هەمیشە. ئەو کاڵایەکە کە لەدەست خاوەنێکەوە دەکرێت بگوێزرێتەوە بۆ خاوەنێکی تر. ئەو خۆی کاڵایە بەڵام هێزی کارەکەی کاڵای خۆی نیە. ڕەنجدەر (ڕەعیەت) تەنها بەشێک لە هێزی کاری دەفرۆشێت. ئەوە ئەو نیە کە لە خاوەنی زەوی وزارەکە هەقدەست وەردەگرێت، بەڵکو ئەوە خاوەنی زەوی و زارەکەیە کە بەشە باج لەو وەردەگرێت. ڕەنجدەر (ڕەعیەت) پەیوەستە بە زەوی و خاک و خاوەنی زەویەکەوە کە میوە و بەرەکەی لێوە دێنێت. لەلایەکی ترەوە، کرێکاری ئازاد، زۆرخۆی دەفرۆشێت ئەویش بە کەرت (بە وردە پارە) ئەو هەشت، ١٠، ١٢، ١٥ سەعاتی ژیانی خۆی دەخاتە هەڕاجەوە، رۆژێک وەک هەر رۆژێکی تر بە باڵاترین نرخی هەڕاج دەیفرۆشێت بە خاوەنی کەرەسەی خاو و ئامێر و هۆکانی ژیان و گوزەران واتە بە سەرمایەدار. کرێکار نە موڵکی خاوەن موڵکە و نە هی زەویە بەلام ئەو هەشت و ١٠، ١٢، ١٥ سەعاتەی ژیانی رۆژانەی هی هەرکەسێکە کە بیانکڕێ لێی. کرێکار سەرمایەدار، ئەو کەسەی کە خۆی پێفرۆشتووە بەجێدێڵێ و هەر چەند کاتێ کە خۆی دەیەوێت و سەرمایەداریش هەر چەند کاتێ کە بە گونجاوی دەبینێت دەریدەکات، هەر کە دەبینێر چیدی هیچ سوود و قازانجێکی لێ نابینێت، یاخود ئەو سوودەی نیە کە پێویستە لێی وەربگرێر. بەڵام کرێکارەکە کە تەنها چاووگی دەرامەتی فرۆشتنی هێزی کاریەتی، ناتوانێ تەواوی چینی کڕیاران واتە چینی سەرمایەدار بەجێبهێڵێت مەگەر واز لە بوونی خۆی بهێنێر. ئەو موڵکی ئەم یا ئەو سەرمایەدارە نیە بەڵام هی (موڵکی) چینی سەرمایەدارە، ئیتر ئەوە لەسەر خۆیەتی کە (کەسی) خۆی بدۆزێتەوە واتە کڕیارێک لە چینی سەرمایەدار. پێش ئەوەی لەنزیکەوە بچینە سەر پەیوەندی نێوان سەرمایە و کاری کرێگرتە، بەکورتی هەلومەرجە هەرە گشتیەکان دەخەینەڕوو کە لە دیاریکردنی هەقدەست دا جێگەی سەرنج و گرنگی پێدانن. وەک بینیمان، هەقدەست، نرخی کاڵایەکی دیاریکراوە، کە هێزی کارە. لەبەرئەوە، هەقدەست، لەلایەن هەمان یاساوە دیاریدەکرێت کە نرخی هەر کاڵایەکی تر دیاریدەکات. کەواتە پرسیار ئەوەیە: چۆن نرخی کاڵا دیاریدەکرێت؟

چاووگ: کارل مارکس، سەرمایە، بەرگی دووەم.

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *