حزبی سیاسی کۆمۆنیستی و مەسەلەی ژن! …

ئیبراهیم حسێن …

کە دەڵێین مەسەلەی ژنان مەسەلەی کۆمۆنیزم و حیزبی سیاسی کۆمۆنیستی کرێکارییە، مەبەست ئەوە نییە کە ڕۆژێک لە کۆتایی مێژوویەکدا، بە بەرپابوونی سۆسیالیزم، بە هەڵپێچران و لەناوچوونی کاری بەکرێ مەسەلەیەک بەناوی مەسەلەی ژن لە ئارادا نامێنێ. ژن جێگەوڕێگەی یەکسان و واقیعی و شایانی مرۆڤایەتی خۆی، بەدەست دەهێنێتەوە. جیاکاری و دابەشکردنی مرۆڤەکان، لەسەر بناغەی ژن بوون و پیاوبوون هەموو بناغەیەکی لەدەست دەدا و مرۆڤەکان دەکەونە جێگەوڕێگەی یەکسان و دەستیان بە ئیمکاناتی یەکسان ڕادەگا بۆ گەشەپێدانی توانا و بەهرە و لێهاتوییەکانیان، بۆ جۆراوجۆرکردنی بوارەکانی خۆشبەخت ژیان و ئەزمونکردنی ئازادانەی ژیان.

ئەمە بێگومان ئاکامێکی ناچاری و سروشتی شۆڕشێکی کرێکاری دەبێ کە هەڵوەشانەوەی کاری بەکرێ و بەرپارکردنی پەیوەندییە سۆسیالیستیەکان، بەشوێن خۆیدا دێنێ و ئەمەش بێگومان بەندێکی گرنگی بەرنامەی کۆمۆنیزمی کرێکارییە و هەمان ئەو ڕۆژەی کە لەهەر سوچێک دەستی بە دەسەڵات و هێز ڕابگا وەک فەرمانی شۆڕشی کرێکاری ڕایدەگەێنێ.‌

  مەبەست لە مەسەلە بوونیەتی بە مانا تایبەتیترە سیاسیەکەی بۆ کۆمۆنیزمی کرێکاری، بۆ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لە دڵی کێشمەکێشی چینایەتی و کۆمەڵایەتی لەسەر مەسەلەی ژن لە کۆمەڵگەدا. مەبەست ئەوەیە کە جەنگانێکی سەربەرزانە، لەسەر حورمەتی  مرۆڤانەی ژن هەر ئێستا و هەر ئەمڕۆ و لە هەمان جوغرافیای شوێنی ژیان و کاردا، لە هەمان شار و گەڕەک و کۆڵاندا لەئارادایە یان خود نا، کۆمۆنیزم و ڕادیکاڵیزمی چەپگەرایی کۆمۆنیستی و کرێکاری لەنێو ئەو ڕاوەستان و تەقەلایەدا بەهێزە یاخود لاواز، لەوێ جوڵانەوەی ژن جوڵانەوەیەکی ڕاستەوخۆی کۆمۆنیستیە و لەو ڕیزەدا خەریکە وەڵامی کۆنەپەرستی بۆرژوایی دەداتەوە یاخود خزاوەتە ژێر ئاڵا و ئەجێندای جوڵانەوە بۆرژواییەکانی تر و خەریکی موداراکانی هەلومەرجی باوە. مەسەلە ئەوەیە ئایا ئەو پۆلە کۆمۆنیستە ڕادیکاڵانە هەن لە ژن و پیاو کە لێنەگەڕێن هیچ کۆنەپەرستییەک، هیچ پیاوسالارییەک، هیچ گەلەیەکی هێزی دینی و پیاوسالار و دژەژن، دەست بۆ شەرافەتی مرۆڤانەی هیچ ژنێک درێژ بکا، هیچ بێحورمەتییەک بە ژن، بە ئازادییەکەی بێ وەڵام بمێنێتەوە و هەرکەس چاوەڕوانی ئەوەی هەبێ کە ئەو گەڕەکە و ئەو شارە و ئەو کۆمەڵگەیە، ئەو ڕادیکاڵانەی هەیە کە لەسەر ئینسانیەت، لەسەر ئازادی دێنە وەڵام، وەڵامی کۆنەپەرستی دەدەنەوە و قسەی خۆیان ناخۆنەوە.

ئاشکرایە جوڵانەوەی فشار و جۆرە جیاوازەکانی فیمینیزم و ژنگەرایی هەرچەند ڕادیکاڵیش بن ئەهلی ئەم کارە نین و بە نیاز نین هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی جیددی و کۆمەڵایەتی لەگەڵ کۆنەپەرستی دژە ژنی بۆرژوایی ڕێک بخات و لە باشترین حاڵەتی خۆیدا، جوڵانەوەیەکی خێرخوازە کە دەیەوێ کۆمەک بە قوربانیانی ئەم کۆنەپەرستییە بکات. بە نیاز نین و لە فەلسەفەی بوون و هەڵسوڕانیاندا نییە هیچ ژنێک بگۆڕن بە بوونێکی ئینسانی شۆڕشگێڕ کە قبوڵ نەکا کۆنەپەرەستی لە ژیان و کاری ئەودا دەم بکاتەوە و دەیەوێ و دەکۆشێ ژنان و پیاوانی ئەوێ بەو دەرک و ئیرادەیە بگۆڕێ بە ئینسانی بەهێز و جوڵانەوەیەکی بەهێزی ئەوتۆ بخەنە سەرپێ کە هەر ژنێک واهەست بکا ئەگەر لەو جوڵانەوەیەدا بێت بەهێز دەبێت، نەک هەر کەس ناتوانێ نکوڵی لە ئینسانیەتی بکا، بەڵکو دەبێ دەمی دابخا و قبوڵی بکات کە ئەوێ جێگەی کۆنەپەرستی نییە.

بۆچی دەکرێ ژنێک، پیاوێک لەسەر تەپۆلکەیەک، گرد و شاخێک لەسەر شتێک کە باوەڕی پێیەتی چەندەها ساڵ بمێنێتەوە و جەنگی ڕووبەڕووی سوپا و فڕۆکە و هێزێکی ئیسلامی وەکو داعش بکا، بۆچی ناکرێ لە هەولێر و سلێمانی پۆلی ئەو ژن و پیاوە ڕادیکاڵ و ئازادیخوازانەمان هەبێ کە لەسەر ئینسانیەتی خۆیان ئەوەندە سوور بن کە ڕێگا بە خۆیان بدەن و بە مافی خۆیان بزانن ڕێگە بە هیج کۆنەپەرستیەک نەدەن، هیچ دواکەوتوییەک قبوڵ نەکەن و هەر هێزێکی کۆنەپەرستی بۆرژوا، لە قسەیان، لە هاندان و ڕۆشنگەرییان، لە هێزو ئیرادەی دەست بردنیان بۆ کاری گەوره و تەنانەت ئەگەر پێویستی کرد بۆ جەنگانی گەورەیان بترسێ.

کۆنەپەرستی ئیسلامی و دەستەو تاقمە دڕەندە و دژە ژنەکانی ئیسلامی سیاسی، مەلا و ئاخوند ی شار و مەملەکەت، خێڵی پیاوسالاری نەتەوەپەرستی پشت ئەستوور بە حیزب و دەسەڵاتێکی ڕاستەوخۆ دژە ژن، بە فیمینیزم و جووڵانەوەی ناسیاسی کاری چاکە و خێری گوشار، وەڵام نادرێتەوە. جووڵانەوەیەکی لەو جۆرە دەبێ ڕاستەوخۆ کۆمۆنیست بێ نەک فیمینیست و ژنگەرا، نەک بەشێک لە جووڵانەوەی نەتەوە و نیشتیمان، نەک بەشێک لە جووڵانەوەی پاڕانەوە بۆ دیموکراسیەتێکی زیاتر، عەدالەتێکی زیاتر دەرهەق بە ڕەگەزی ژن. نەک هەر بەو هۆیەی ئەگەر تەواوی ئازادی و یەکسانی دەوێ دەبێ کۆمۆنیست بێ، بەڵکو ئەگەر بیەوێ سەربەرزانە بجەنگێ بۆ بێدەنگ کردنی کۆنەپەرستی دینی و ئسیلامی و پیاوسالاری و دەسەڵاتی دژە ژنی بۆرژوازی، دەبێ کۆمۆنیست بێ. ئەگەر بیەوێ ژن لە ماڵ و کۆڵان و گەڕەک و شارەکانی مەملەکەت، بە تەواوی شان و شکۆی مرۆڤانەی خۆیەوە سەری بەرز ڕابگرێ و ئەگەر بیەوێ ئەو لێشاوە ژنەی کە پیاوسالاری قەومی و دینی و ئیسلامی و فەرهەنگ و دەسەڵاتی دژە ژن بێچارەی کردون، بتوانن بێنە دەست و لەو کەمی و پەستییە بێنە دەرەوە، دەبێ کۆمۆنیست بێ. دەبێ ڕادیکاڵ بێ و له ڕیزی کۆمۆنیزم و بەهۆی کۆمۆنیزمەوە هەوڵبدا بجەنگێ بۆ شان و شکۆی خۆی، بجەنگێ بۆ بێدەنگ کردن و شکست پێهێنانی کۆنەپەرستی دژە ژن.

   تێبینی: ئەم دیمانەیە لە ئۆکتۆبەری ژمارە ٧ بڵاوبۆتەوە…

Check Also

سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم بازرگانی بە نەوتەوە!

عوسمانی حاجی مارف حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوت …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *