ژنە یاخیبوەکەی جیهانی عەرەب، نەوال سەعداوی، ماڵاوایی لەژیان کرد! …

رۆژی ٢١ی ئازار، نەوال سەعداوی، یەکێك لە ناسراوترین کەسایەتی ژنی جیهانی عەرەبی، لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا ماڵاویی لە ژیان کرد. 

نەوال سەعداوی نوسەر و هەڵسوراوی ناوداری بزووتنەوەی ژنانە. ئەو وەک ژنێکی یاخی لە دونیای عەرەبیدا ناسراوە، یاخی لەستەم و چەوسانەوە و ناڕازی بەهەر جۆرە توندوتیژی و جیاکاری و دەستدرێژیەک کە دەکرێتە سەر ژنان و مافەکانیان. نەوال سەعداوی خاوەنی چەندین کتێب و وتارە کە بە٤٠ زمانی دونیا وەرگێردراوە. هەروەها ئەو هەڵسوراوێکی چالاکی بزووتنەوەی یه‌كسانیخوازیی ژنان و داکۆکیکاری مافەکانیان بووە. وەک روخسارێکی خۆشەویست لەناو ژنانی زەحمتکێشی شارەکانی میسردا ناسراوە. خزمەتەکانی ئەو وەک پزیشکێک چ لەباری دەرونی و چ لەباری جەستەییەوە و هەروەها تێکەڵاوبوونی لەگەڵ ئێشوئازارەکانی ژناندا، ئەوی وەک کەسایەتیەکی جەماوەری ناسراو و خۆشەویست جێخستوە.

نەوال سەعداوی، ئەگەرچی پزیشكی نەخۆشیەکانی سنگ و دەرونی بوو، بەڵام  زیاتر وەکو نوسەرێك و بەرگریکارێك لە مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی ژنان بەتایبەتی لە ئاستی دنیای عەرەب و جیهانیشدا ناسرابوو. چەندین کتێبی  ڕەخنەگرانەی سەبارەت بە پێگەی ژن لە ئیسلامدا نوسیوە.  ساڵی ١٩٨٢ کۆمەڵەی هاوپشتی لەگەڵ ژنانی عەرەبدا دامەزراند. هەروەها یەکێك بوو لەو کەسانەی نەخشیان هەبوو لە دامەزراندنی دامەزراوەی عەرەبی بۆ مافەکانی مرۆڤ. وەکو رێزنان لەو کارانەی کە بۆ بەرگری لەمافەکانی ژنان ئەنجامی دابوون سێجار خەڵات کراوە.

ساڵی ١٩٧٢ کتێبی (ژن و سێکس)ی نووسی کە دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو لەئاستی دنیای عەرەبدا و هاوکات مایەی توڕەبوونی ئیسلامیەکان و بزوتنەوەو هێزە کۆنەپەرستەکان بوو. لەلایەن خەڵکی سیکولار و پێشکەوتنخوازیشەوە پێشوازی لێکرا.

لەسەر کارە ڕەخنەگرانەکانی لە ساڵی ١٩٨١دا بۆماوەی ٣ مانگ لەلایەن حکومەتی ساداتەوە زیندانی دەکرێت. بەناوبانگترین وتەکانی بریتیە لە:“ لەوکاتەوەی قەڵەم و کتێبم هەڵگرتوە، مەترسی بوەتە بەشێك لە ژیانم. هیچ شتێك لە ڕاستی ووتن مەترسیدارتر نیە لە جیهانێکدا کە پڕە لە درۆ“.

بەهۆی بۆچونەکانیەوە بەردەوام لەلایەن ئیسلامیەکانەوە سکاڵای لەدژ بەرزدەکرایەوە، لەوانە دەعوای جیاکردنەوەی لە مێردەکەی بەناوی سوکایەتیکردن بە ئاینەکانەوە. هەروەها ناوی لە (لیستی تیرۆری گروپە ئیسلامیەکان)دا هەبوو. هەڕەشەی کوشتنی لێکرابوو. بەوهۆیەوە ساڵی ١٩٨٨ ناچاربوو میسر بەجێ بهێڵێ بەرەو دەرەوەی ووڵات.

 دوای گەڕانەوەی لە سەردەمی شۆرشی میسردا ساڵی ٢٠١١، یەکێك بوو لە بەشداربووانی گۆڕەپانی (تەحریر) لە قاهیرە.  هەروەها خوازیاری لابردنی فێرکردنی ئاینی بووە لە قوتابخانەکاندا.

 لە ئۆکتۆبەری ژمارە ٨  دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *