ئیسحاق نیوتن و لەدەستدانی حەوت هەزار پاوەندەکەی…

عامر سابیر …

ڕۆبەرت گرین نووسەرێکی ئەمریکییە. خاوەنی شەش کتێبە کە زۆربەیان لە لیستی پڕ فرۆشترین کتێبەکانی دنیادان. دوا کتێبی لە ساڵی 2018 دا بڵاوکردۆتەوە بەناوی یاساکانی خەسڵەتی ئینسان (زە لۆ ئۆف هیومان نەیچە). ڕۆبەرت گرین لە سەرەتای کتێبەکەیدا باسی داڕووخانی کۆمپانیای ساوس سی دەکات کە لە سەرەتای سەدەی هەژدەدا لە بەریتانیا ڕوویداوە. ئەم کۆمپانیایە لە ساڵی 1711 دا لە لایەن (جۆن بڵانت)ەوە لە لەندەن دامەزراوە. کاری سەرەکی ئەم کۆمپانیایە بازرگانی بوو، وە بەتایبەت بازرگانیکردن بە کۆیلەوە. جۆن بڵانت هەرچەندە لە خێزانێکی هەژار و کرێکارییەوە هاتبوو. بەڵام کابرایەکی زیرەک و بە تەماح و خاوەن بیرۆکەی ئەوە بوو کە ئەیوت (گەورە بیربکەرەوە). ئەو بزنزمانێکی دیاری سەرەتای سەدەی هەژدە بوو.

لە سەرەتای سەدەی هەژدەدا دەوڵەتی بەریتانیا کە بەهێزترین وڵاتی سەرمایەداری و ئیمپریالیستی دنیا بوو. بە هۆی ئەو هەموو شەڕە جیا جیایەی کە لە وڵاتانی دنیادا ئەیبردە پێشەوە، 31 ملیۆن پاوەن قەرزاربوو. ئەمە قەرزێکی زۆر گەورە و خەیاڵی بوو. لەو کاتەدا هیچ وڵاتێکی دنیا هێندە قەرزار نەبوو. کۆمپانیای ساوس سی توانی لەگەڵ حکومەتی بەریتانیادا ڕێکەوتن بکات بەوەی کە ئەم کۆمپانیایە هەموو ئەم قەرزە لە ئەستۆ بگرێ و لە بەرانبەردا مۆنۆپۆڵی بازرگانی لەگەڵ کیشوەری ئەمریکای باشور بکات.

کۆمپانیای ساوس سی بڕێک پارەی دا بە حکومەت، تا مافی ئەم قەرزە 31 ملیۆن پاوەندە لە ئەستۆ بگرێ و پاشان ئەم قەرزەی کرد بە کاڵا و تایبەتی کردەوە و بە شێوەی پشک فرۆشتی بە خەڵکی بەریتانیا. 100 پاوەند بۆ هەر پشکێک لە کۆمپانیای ساوس سی. بیرۆکەی جۆن بڵانت و کۆمپانیای ساوس سی ئەوە بوو کە بەم شێوەیە ساڵانە قازانجێکی زۆریان دێتە دەستەوە، کە بەشێکی لێ ئەدەنەوە بە قەرزەکەی حکومەتی بەریتانیا، بەشێکی باشی بۆ خۆیان هەڵئەگرن و بەشێکیشی لە شێوەی دیڤیدنت (ئەو قازانجەی ئەدرێ بە خاوەن پشکەکان لە کۆمپانیاکاندا) ئەدرێت بە خاوەن پشکەکان. ئەمە لە مانگی مەی ساڵی 1719 دا دەستی پێ کرد.

خەڵک بەتەوای لێی تێنەدەگەیشت، بەڵام باوەڕیان وا بوو کە ئەمە شتێکی تازە و زۆر سەرنج ڕاکێشە و ئەرکێکی نیشتیمانییە کە بەشداری تیادا بکەن و پشکی لێ بکڕن. لە ماوەی مانگێکدا نرخی پشکەکان بەرزبۆوە بۆ 200 پاوەند، لە دوومانگدا بەرزبۆوە بۆ 300 پاوەند. شتەکان زۆر سەیر و شێتانە ئەچووە پێشەوە و نرخی پشکەکان تا ئەهات ئەچووە سەرەوە.

نزیکەی شەش بۆ حەوت مانگ لەم بەرەو پێشچوونە، بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە (جۆن بڵانت) هەستی بەوە کرد کە شتەکان ناجۆر ئەچنە پێشەوە و هەموو ئەو قازانجەی دێتە دەستیان ئەدەنەوە بە خاوەن پشکەکان تا بەم شێوەیە هانی خەڵکی تر بدەن پشک بکڕێ. جۆن بڵانت ئەوەی بۆ دەرکەوتبوو کە ئەگەر هەلومەرجێکی ناجۆر بێتە پێشەوە و خەڵک واز لە کڕینی پشک بهێنێ، ئەوە تەواوی کۆمپانیاکە هەرەس ئەهێنێ. بۆیە بەردەوام قازانجی زیاتری ئەدایەوە بە خاوەن پشکەکان وهانی خەڵکی ئەدا تا بەردەوام بن لە پشک کڕین. بە هەرحاڵ لە سێپتەمبەری 1720 دا ئەوەی جۆن لێی ئەترسا ڕوویدا و تەواوی کۆمپانیاکە هەرەسی هێنا و هەزاران خێزان لە بەریتانیا هەموو ئەو پارەیەی لە ژیانیاندا پاشەکەوتیان کردبوو لە دەستدا.وە بە سەدان کەس خۆکوژی کرد و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، کە لە نێویاندا برازایەکی (جۆن بڵانت)یشی تیابوو.

زۆر لە ناودارانی بەریتانیا، لەوانە نووسەران، هونەرمەندان، سیاسی و پایەدارەکان، پارەکانیان کردە ئەم کۆمپانیایەوە. تەنانەت پاشای بەریتانیا (جۆرجی یەکەم) 100 هەزار پاوەندی لە پارەی خۆی کردە ئەم کۆمپانیایەوە. وە تەنانەت زۆرێک لە کرێکار و دەستکورتەکانیش هەموو ئەو پارەیەی لە ژیانیاندا کۆیانکردبۆوە ئەیانکردە ئەم کۆمپانیایەوە و پشکیان پێ کڕی و پاش ماوەیەک ئەیانفرۆشتەوە و پارەی باشیان ئەهاتە دەستەوە. گوایە جارێک ژنێکی ئەستۆکرات ئەچێت بۆ سەیری شانۆگەری، ئەبێنێ یەکێک لە خزمەتکارەکانی خۆی لە شوێنێکی نایابتر و گرانتر جێگەی گرتووە. یەکێک لە بەناوبانگترینی ئەو کەسانەی کە پشکی لەم کۆمپانیایەدا کڕی، زانای فیزیا و ماتماتیک ئیسحاق نیوتن (1726-1642) بوو کە هەموو ئەو پارەیەی کە هەیبوو (7000 پاوەند) کردیە ئەم کۆمپانیایەوە و پشکی پێ کڕی. ئیسحاق نیوتن ئەیزانی هەرچی زوو بچێتە سەرەوە زووش دێتە خوارەوە. بۆیە پشکەکانی فرۆشت و 20 هەزار پاوەندی وەرگرت. بەڵام لە ئۆگەستی 1920 دا بە دوای وتاری (جۆن بڵانت)دا بۆی دەرکەوت کە کەسانی تر چەند بەرابەر لەو زیاتر قازانجیان کردووە. بۆیە هەموو پارەکەی (20 هەزار پاوەندەکەی) کردەوە کۆمپانیاکە و پشکی پێ کڕی. بەڵام تەنها مانگێک دواتر، کۆمپانیای (ساوس سی)   ئینهیاری کرد و (نیوتن)یش هەرچی هەیبوو لەدەستی دا و ژیانی لە خەتی هەژاری نزیک بۆوە. ئەم هەرەسهێنانە لە مێژووی ئیقتیسادی بەریتانیادا بە (بڵقی ساوس سی) ناسراوە. کە زیاتر لە سەدەیەکی خایاند تا حکومەتی بەریتانیا پشتی لە ژێریدا ڕاستبێتەوە.

ئیسحاق نیوتن کە لە عەبقەریترین و زیرەکترین کەسەکانی سەردەمی خۆی بوو. بەڵام ئاوا تووشی زیان و داڕووخان بوو وە هەرچی پارەیەکی کۆیکردبۆوە، لە کۆتایی ژیانیدا لە دەستی دا و شەش ساڵ دوای ئەم ڕووداوە ئەمرێت. ئەو کە لەو کاتەدا لە ساڵانی کۆتایی حەفتاکانی تەمەنیدا بوو. وتەیەکی هەیە کە ئەڵێ ”  من ئەتوانم حیسابی جوڵەی تەنە گەردوونییەکان بکەم، بەڵام ناتوانم لە شێتی ئینسانەکان بگەم”.  

ئیسحاق نیوتن پێی وابوو کە ئەوە سەرەڕۆیی و کارکردی هەندێ لە ئینسانەکانە، نەک سیستەمی ئابووری سەرمایەداری، کە ئەو کارەساتەی بەسەر خەڵکی بەریتانیا و سەروەتەکەی ئەودا هێنا.  بەهەمان جۆر (ڕۆبەرت گرین)یش هەرگیز نە ناوی سیستەمی سەرمایەداری ئەهێنێ، وە نە سەرزەنشتی سیستەمی سەرمایەداری ئەکات لەو هەموو ماڵوێڕانییەی لە بڵقەکەی ساوس سی و لە  ئێستا دا بەسەر خەڵک و کرێکاران و هەژارانیدا هێناوە.

سیستەمی سەرمایەداری لە قەیرانەکانیدا کە ئەگەر (تەنک و کورت) بێت یان قوڵ و درێژ بێت وەک بڵقەکەی ساوس سی (1720)، گرانی گەورە (1929-1939)، یان ئەم قەیرانەی ئێستای (2008- تا ئێستا بەردەوامە) بەردەوام بە بلوێن لە خەڵکی گۆی زەوی تووشی ماڵوێرانی و برسییەتی و بێکاری و هەژاری و خۆکوژی و هەزار و یەک دەرد و بەڵای تر کردووە.  

کێشەکە سیستەمەکەیە نەک تاکەکان. سیستەمەکە بگۆڕە، کێشەکان چارەسەر ئەبێت.

وەڵام سۆشیالیزمە. کرێکارانی جیهان با یەکبگرین.

تێبینی:

هەندێک لە ناو و زاراوەکانی سەرەوە ئینگلیزێکەی بەم جۆرەی خوارەوەیە:

The laws of Human Nature

Robert Greene

John Blunt

Think Big

Isaac Newton

I can calculate the motions of the heavenly bodies, but not the madness of the people.

South Sea Bubble

30/03/2021

Check Also

سەبارەت بەکشانەوەی کوتلەی سەدر لەپەرلەمانی عێراق

گفتوگۆ لەگەڵ عوسمانی حاجی مارف ئۆکتۆبەر: ئەوە لەهیچ کەس شاراوە نیە کە بارودۆخی سیاسی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .