شێخ قادر یەکێک لەرابەرانی کرێکاریی بۆ هەمیشە جێی هێشتین! …

کۆتایی مانگی مارس شێخ قادر یەکێک لە ڕابەرانی کارگەی چیمەنتۆی تاسلوجە بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا…

بۆ ناسینی کەسایەتی ئەو رابەرە کریکارییە و رۆڵی لە بزوتنەوەی کریکاریی و بەتایبەتیش لە کارگەی چیمەنتۆت تاسلوجەدا، هاوڕیی نزیکی ئەو هاوڕی” ستار حەمە عەلی” ناسراو بە ستاری چیمەنتۆ دەڵێت” بەداخ و دڵگرانییەکی زۆرەوە، ئەم ئینسانە جوانەی لەم وێنەیەدا دەیبینن، کاک شێخ قادر بۆ هەتا هەتایی بەجێیهێشتین!

جوانیی ئەم مرۆڤە، بریتیی بوو لە جوانیی بیرکردنەوە، جوانیی کردار، جوانیی هەڵسوکەوت لەکەڵ هاوڕێ و دەورووبەر، جوانیی لە دڵسۆزییەکانی بۆ ژینگە و هەوڵدان و ئارەزووی بۆ نەهێشتنی هەر ماددەیەکی بێهۆشکەر و تەنانەت جگەرەکێشانیش..!

ئەو لە سەروو هەموو ئەمانەوە، چونکە خۆی کرێکارێکی کارگەی چیمەنتۆ بوو، هەمیشە لە غەمی هاوچینەکانیدا بوو، وە تەواوی تواناکانی خستبووە سەر ئەو مەیدانەی، کە چۆن چۆنی ڕێکخراوانە، بە دژی ناعەدالەتی و چەوساندنەوەدا بچنەوە.. ئەو لەسەرەتاو ناوەڕاستی نەوەدەکاندا، یەکێک بوو لە جوانترین ئینسانەکانی نێو کۆڕ وکۆبوونەوە و سمینار و دەمەتەقێکانی ڕێکخراوە کرێکاریی و جەماوەرییەکان، کە هەمیشە بەدەستە جلەکوردی و جامانە پاک و تەمیزەکەیەوە بە نوسراوەیەک و قەڵەمێکی دەستیەوە بەشداریی دەکرد و پرسیار و قسەی بەسوود و مانادار و تەنانەت ڕاچڵەکێنی هەبوو.! هەمیشە بوێر لە هەڵوێست و ڕەخنە و زۆر دڵ پڕ لە هیواش بوو…!

ئەو بوو، کە هەمیشە بە کردەوەکان و بوێرییەکانی لەو سەردەمەدا، وای لەمن دەکرد، کە بەخۆمدا بچمەوەو بڵێم؛ ئێمە وەک( حککع) و تەنانەت چەپ و کۆمونیستەکانی دەرەوەی ئەو حیزبەش، کە لەو سەردەمەدا تاکە چالاکی بەرجەستەو دەرکەوتووی مەیدانی خەباتی چینایەتی و یەکسانییخوازیی بووین، هێندە کۆمەڵایەتییانە لە نێو خەڵکانی کرێکارو زەحمەتکێشدا نەبووین، تا ڕێکخراوە جەماوەریی و کرێکارییەکان هەزاران کەس لە (شێخ قادر)ەکان لەخۆ بگرێت!!!

بۆیە سەری ڕێز بۆ ئەم مرۆڤە جوانە خەباتگێڕە چینایەتییە دادەنەوێنم. هەرگیز یادەوەرییەکانی ئەو، لە یەکتر بینینە شەخسی و سیاسییەکانمەوە تا دەگات بە دەیان و سەدان جار بینینی ئەو، لە کۆڕ و کۆمەڵ ومەراسیمی ئایارەکان و کۆبوونەوەکانی، ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی ناوەڕاستەکانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، لەبیرناکەم و ڕایدەگەیەنم، کە زۆر شت، هێندەی دەیان کتێب لە کاک شێخ قادر ی هەمیشە زیندووەوە فێربووم بووم!!!”

ئیمەش وەکو سەرجەم ستافی بۆپێشەوە سەرەخۆشی لە کەس و کار وهاوڕی و هاوچینەکانی شیخ قادر دەکەین و خۆمان بە بەشدار کە خەم و پەژارەیاندا دەزانین…

 ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٩٥ دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *