خه‌بات له‌پێناو ژیانێكی‌باشتردا:
هاتنه‌مه‌یدانی جه‌ماوه‌ری ڕۆژی 17ی شوبات، خاڵێکی وه‌رچه‌رخانی مێژوویی بوو له‌کۆمه‌ڵگای کوردستاندا. دوای 20 ساڵ له‌پێشێلکردنی ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ری کرێکاران وبێبه‌شان، یه‌که‌مین چه‌خماخه‌ی شۆڕشی بێبه‌شان لێیداو سه‌ره‌تای به‌کرده‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌یه‌کی شۆڕشگێڕانه بۆ هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی کاره‌ساتباری ئێستا، ده‌ستی پێ‌کرد. ئه‌م قۆناغه، قۆناغی په‌ره‌سه‌ندنی بزووتنه‌وه ناڕه‌زایه‌تی و شۆڕشگێڕیه‌كانه له‌دژی سته‌م وسه‌رکوت ونه‌داری، كه تاوەكو ئێستا له باكوری ئه‌فریقاوه تا ڕۆژهه‌لاتی ناوەڕاستی گرتۆ‌ته‌به‌ر. شۆڕش وه‌كو دیارده‌یه‌كی ترسناك بۆ بۆرژوازی جارێكی تر بره‌وی په‌یداكردوه‌ته‌وه. ئه‌م ده‌وره‌یه ده‌وره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی بڕیار و ئیراده‌یه بۆ جه‌ماوه‌ری چه‌وساوه و سته‌مکێش. له‌دوای ڕه‌وه‌ندێكه‌وه كه به لێكهه‌ڵوه‌شانی بلۆكی شه‌رق ده‌ستی پێكرد و به‌دوایدا نه‌زمی نوێ‌ی سه‌رمایه‌داران و شەڕه داسه‌پێنراوه ئه‌مپریالستیه‌كانی ئه‌مریكایی و ڕۆژئاوا به‌ڕێخران. هه‌روه‌ها دوای ده‌یان ساڵ دیكتاتۆریه‌تی سیاسی‌و داسه‌پاندنی مه‌حرومیه‌تی ئابوری به‌سه‌ر چینی كرێكار و جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تكێش و خه‌ڵكی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست و ئه‌فریقا و ئاسیادا، ده‌وره‌یه‌كی تازه‌ی شۆڕشگێڕانه بەڕێكه‌وتوه كه مژدەده‌ری دنیایه‌كی ئازاد و باشتره.
20 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر دوای جه‌نگی ئمپریالیستی ئه‌مریكا وهاوپه‌یمانه‌كانی له‌دژی عێراق و پاشان ڕاپه‌رینی ئازاری1991 له‌چوارچێوه‌ی ئاسۆی بزووتنه‌وه‌ی ناسیونالیستی كورد و خۆگرێدانه‌وه‌ی حزبەکانی به سیاسەتی ئه‌مریكاوه، بورژوازی كورد به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشت. له‌ماوه‌ی ئه‌م ٢٠ ساڵه‌دا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته بورژوازیه كوردیه، ناكۆكی توندی خۆی له‌گه‌ڵ ئاوات وئاره‌زوو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی چینی کرێکار وجه‌ماوه‌ری به‌رینی خه‌ڵكی كوردستاندا نیشانداوه، که‌له‌سایه‌یدا سته‌م وبێده‌ره‌تانی و هه‌ژاری به‌وپه‌ڕی خۆی گه‌یشت. قڵشتی چینایه‌تی قوڵبوه‌وه تا ڕاده‌ی ئه‌وه‌ی كه‌مایه‌تیه‌كی كه‌م غه‌رقی سه‌روه‌ت و سامان و زۆرایه‌تیه‌كی عه‌زیمیش نوقمی بێ‌به‌شی‌و بێده‌ره‌تانی بوون، هه‌ڵاواردنی جنسی و كوشتار و توند‌و تیژی و سته‌مكێشی ژنان په‌ره‌ی سه‌ند، لاوان له‌سه‌ره‌تاییترین ماف و ئاوات و ئاره‌زووه‌كانیان بێ‌به‌ری كران، كۆنه‌په‌رستی ئیسلامی و نه‌ته‌وه‌په‌رستی و عه‌شیره‌تگه‌ری له‌قاڵبی یاسای جۆراوجۆره‌دا به‌سه‌ر خه‌ڵكدا سه‌پێنرا، سەركوتی ناڕه‌ز‌ایەتیه جه‌ماوه‌ریه‌كان و نه‌یارانی ده‌سه‌ڵات و تیرۆری هه‌ڵسوڕاوانی سیاسی و ڕۆژنامه‌نوسان به‌فراوانی به‌ڕێوه‌چوو. ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی و پاوانكراو به‌پشتیوانی میلیشیا و ده‌زگا جاسوسی و داپڵۆسێنه‌ر و تیرۆریستەكان، ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ری تێكهاڕی. هه‌موو ئه‌مانه‌ش بوونه زه‌مینه‌ی نه‌فره‌ت و بێزاریه‌كی به‌رین له‌نێو جه‌ماوه‌ری سته‌مکێشی كوردستان و نارەزایه‌تی جۆراوجۆر سه‌ریهه‌ڵدا. به‌ڵام هه‌ر له‌سایه‌ی ئه‌و هه‌لومه‌رجه كاره‌ساتباره‌دا بوو، که ئیراده له‌چینی کرێکار وجه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تكێش وسته‌مكێشان سه‌ندرایه‌وه، بواری چو‌نه‌پێش و سه‌ركه‌وتنێكی ئەوتۆ به‌ڕووی ئه‌و ناڕەزایەتیانەدا نه‌كرایه‌وه. ستراتیژی شومی سیاسی و سه‌ربازی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی، به‌رپاكردنی جه‌نگێكی دیكه‌ی ماڵوێرانكه‌ر و تاروماركردنی ژێربینای ئابوری‌و به‌رین بو‌نه‌وه‌ی زیاتری بێده‌ره‌تانی، سه‌رئه‌نجامی ئه‌مه‌ش گرفتاربونی كۆمه‌ڵگای عێراق به‌ده‌ست كۆنه‌په‌رستان وتاقمه قه‌ومی‌و ئیسلامی‌و عه‌شیره‌تیه‌كانه‌وه‌و کوردستانیش له‌ژێر كاریگه‌ری و ئاسه‌واره‌كانی ئه‌و ده‌ورانه تاریكه‌ی كۆمه‌ڵگای عێراقدا قه‌راری گرت، ئه‌مه‌ش هۆكارێكی‌تر بوو بۆ توندكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بورژوازی كورد و داسه‌پاندنی سته‌م و سه‌روكوتی زیاتر به‌سه‌ر دانیشتواندا. به‌ڵام له‌دڵی هه‌لومه‌رجێكی تازه و شۆڕشگێڕانه‌دا كه له‌ناوچه‌كه‌دا هاتوه‌ته پێشه‌وه، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر بناغه‌ی هه‌ژاری‌و بێكاری و هه‌ڵاواردن و سه‌ركوتێکی سیاسی، که ڕووبه‌ڕووی خه‌ڵکی کوردستان کراوه‌ته‌وه و به‌ئیلهام وه‌رگرتن له‌شۆڕش و بزووتنه‌وه شۆڕشگێریه‌كانی ووڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و باكوری ئه‌فریقا، بزووتنه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زایه‌تی و شۆڕشگێرانه له‌کوردستاندا به‌ڕێكه‌وتووه. ئه‌مه هه‌ر له‌م سه‌ره‌تایه‌وه، نه‌ك هه‌ر ئاڵوگۆڕێكی گه‌وره‌ی له‌هه‌لومه‌رجه‌كه پێكهێناوه، به‌ڵكو به‌ته‌واوی ڕه‌وه‌ندی پێشوی هه‌ڵگێرایه‌وه و توانا و ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ری بۆ نه‌خشاندنی ئاینده‌یه‌كی ڕوون له‌ئاستێكی به‌رزدا بوژاندۆ‌ته‌وه و ده‌رفه‌تێكی گه‌وره‌ی ڕه‌خساندوه بۆ ئه‌وه‌ی چینی کرێکار بێته مەیدان و له‌ڕیزی پێشه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری سته‌مكێش له ڕێگای به‌ڕێخستنی شۆڕشێكی ئازادیی به‌خشه‌وه، ئاڵوگۆرێكی بنه‌ڕه‌تی له‌ژیانی خۆیان وکۆمه‌ڵگادا پێكبهێنن.
ستراتیژی ئێمه له بزووتنه‌وه‌ی سیاسی و جه‌ماوه‌ری ئێستای كوردستاندا:
یه‌که‌م: ئامانجه‌کانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه:
هێزی سه‌ره‌كی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه له‌كوردستاندا، چینی کرێکار و جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تكێشان و لاوان و ژنان و خه‌ڵكی‌ئازادیخوازه. خواسته‌كانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه بریتین له‌ئازادی سیاسی و خۆشگوزه‌رانی ئابوری و گێڕانه‌وه‌ی حورمه‌تی‌ئینسانی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی. به‌دیهاتنی ئه‌م خواستانه و ئاڵوگۆڕی جێگا مه‌به‌ست، به‌بێ ئاڵوگۆڕ له‌ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئیمکانی نییه. به‌م مانایه جه‌ماوه‌ر هاتونه‌ته مه‌یدان و ده‌یانه‌وێ له ڕێگای به‌كارخستنی ئیراده‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی خۆیانه‌وه، ده‌سه‌ڵاتی كۆنه‌په‌رستانه و سته‌مكارانه‌ی ئێستا له‌سه‌ر خۆیان وه‌لابنێن و خۆیان چاره‌نوسی خۆیان به‌ده‌سته‌وه بگرن. ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی و گه‌نده‌ڵی ئێستای کوردستان له‌چاکسازی نایەت. به‌پێچه‌وانه‌ی پلانه‌کانی ده‌سه‌ڵات و لایه‌نه بورژوازیه‌کانی ئۆپۆزسیونه‌وه، چاکسازی پرۆژه‌یه‌ک نییه بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕێ پێویست له‌ژیانی دانیشتوان، به‌ڵکو دروشم و سیاسه‌تێکه بۆ داشکاندنی ئامانجه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری و درێژه‌دان به‌ده‌سه‌ڵاتی چه‌وسێنه‌ر و گه‌ندەڵی بورژوازی و دابه‌شکردنی له‌نێوان خۆیاندا. هه‌ربۆیه ئامانج و ئاسۆی ئه‌م بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌ریه بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی هه‌مه‌لایه‌نه، ناتوانێ شتێکی تر بێت جگه لەوه‌لانانی ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی ئێستا و مسۆگه‌ركردنی مافی هاوڵاتیان بۆ دیاریكردنی سیسته‌می سیاسی و حكومه‌تی ئاینده له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی ڕاسته‌وخۆی خه‌ڵكه‌وه. ئه‌م حكومەته پێویسته له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا هه‌ستێت به پەسەندكردنی ده‌ستورێكی نوێ‌ی مۆدێرن و ئازادیخوازانه و سكولار له‌سه‌ر بناغه‌ی مافه جیهانداگره‌كانی ئینسان ویاسای كارێكی پێشكەو‌توانه و یاسا مه‌ده‌نی و قه‌زاییه‌كان له‌سه‌ر بناغه‌ی دابینكردنی هه‌موو ئازادیه سیاسی و مه‌ده‌نی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و پاراستنی حورمه‌تی ئینسان.
شێوه و سیسته‌می حوكمڕانی سه‌رئه‌نجام له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك و نوێنه‌رانی ڕاسته‌وخۆی خۆیانه‌وه دیاریده‌كرێت و بڕیاری لێده‌درێت، ئه‌م سیسته‌می حكومه‌تییه له‌ڕوانگه‌ی كۆمۆنیزم و چینی كرێكاره‌وه، جمهوری سۆسیالیستیه. حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی خه‌بات ده‌كات بۆ به‌رپاكردنی جمهوریه‌كی سۆسیالیستی.
دووه‌م: هاوسه‌نگی هێز له ئێستادا:
بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌ری و شۆڕشگێڕیه‌كان له‌هه‌ر ووڵاتێكدا، به‌هه‌موو لایه‌نه لێكچوو و جیاوازه‌كانیانه‌وه، به‌پێی توانا و هێز و هاوسه‌نگی هێزی له‌مه‌یدان بووی نێوان چینی کرێکار و جه‌ماوه‌ر له‌لایه‌ک و ده‌سه‌ڵاتیش له‌لایه‌ک، ئامانجی كورتماوه و درێژماوه له‌به‌رده‌م خۆی داده‌نێت. له‌میسرو تونس، له‌سه‌ر بناغه‌ی توانایی و به‌رینی و هێزی بزووتنەوەكان، ڕاسته‌وخۆ پێ‌یان نایه ناو شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه‌وه و ڕژێمی ئه‌و ووڵاتانه‌یان هه‌ڵپێچا و تا ئێستاش كێشمه‌كێشه‌كان له‌و ووڵاتانه‌دا وه‌كو درێژه‌ی شۆڕش به‌رده‌وامه. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ی كه ئێستا له‌كوردستاندا به‌ڕێكه‌وتووه، هه‌م له‌ڕرووی هێزێكی واقعی و مادیه‌وه كه‌ئێستا له‌مەیداندایه، هه‌م له‌ڕووی ڕابه‌ری سیاسی و عه‌مه‌لی و ئاسۆیه‌كه‌وه كه‌به‌سه‌ریدا باڵاده‌سته، هه‌م به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئاڵۆزی گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی و ناوچه‌یی كه به‌سه‌ر دوو ناوچه‌ی جیاوازدا سه‌پێنراوه، له‌ئێستا و کورت ماوه‌دا توانا و ئاماده‌یی پێویستی نییه بۆ ئاڵوگۆڕی بنه‌ڕه‌تی و وه‌لانانی یه‌كسه‌ر و ڕاسته‌وخۆی ده‌سه‌ڵات. بۆیه ماوه‌یه‌ك دەكه‌وێته نێوان ئاره‌زوو و ته‌نانه‌ت خواستی جه‌ماوه‌ر بۆ گۆڕینی ده‌سه‌ڵات و په‌یداكردنی توانای عه‌مه‌لی و واقعی بۆ ئه‌م كاره، که‌ده‌بێ به‌تێکۆشانی لێبڕاوانه و به‌سه‌بری ڕابه‌ران و هه‌ڵسوڕاوانی جه‌ماوه‌ریی، هوشیارانه وه‌ڵام بدرێته‌وه.
ئۆپۆزیسیونی بورژوازی ناسیونالیستی وئیسلامی له‌كوردستاندا، خوازیاری گۆڕانی بنه‌ره‌تی له‌ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ژێربینای ئابوری كۆمه‌ڵگا نین. ستراتیژ و سیاسه‌تی ئه‌وان ئاڵوگۆڕێکی ڕواڵەتیه له‌ده‌سه‌ڵاتدا، جا چ به ڕێگای سات و سه‌ودا بێت له‌گه‌ل ده‌سه‌ڵات یان له‌رێگای سیناریۆی جۆراوجۆری تره‌وه بێت. ئه‌م هێزانه له‌پێناو مسۆگه‌ركردنی به‌شێكی زیاتر بۆ خۆیان له‌ده‌سه‌ڵات وسه‌روه‌تی كۆمه‌ڵگادا له‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ی ئێستادا به‌شدارن و له‌هه‌وڵدان بزووتنەوه‌ی جه‌ماوه‌ری بۆ گوشاردانان له‌سه‌ر دەسه‌ڵات و هێزه ڕه‌قیبه‌كانی خۆیان له‌ده‌سه‌ڵاتدا، به‌كاربهێنن.
سێهه‌م: رێگاكانی به‌سه‌ركه‌وتن گه‌یاندنی بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری و شۆڕشگێڕانه:
به‌ره‌و پێشبردنی ئه‌م بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌ریه‌ی ئێستای كوردستان تا ئاستی گه‌یاندنی به‌شۆڕشێكی واقعی كه توانای جێ‌به‌جێ‌كردنی ئاڵوگۆڕی بنه‌ڕه‌تی و ئامانج و ستراتیژی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ی هه‌بێت، له‌گره‌وی گرتنه‌به‌ری كۆمه‌ڵێك سیاسه‌ت و تاكتیكی دروست و به‌رزكردنه‌وه‌ی خواستی واقعی و عه‌مه‌لی و زنجیره‌یه‌ك له‌كار و هه‌نگاوی هۆشیاردەرانه و رێكخه‌رانه‌ی ڕادیكاڵ و شۆڕشگێرانه و به‌ده‌ستهێنانی كۆمه‌ڵێك سه‌ركه‌وتنی یه‌ك له‌دوای یه‌كدایه.
سه‌رخه‌تی سیاسه‌ت و شێوازه عه‌مه‌لیه‌كان و خواسته‌كانی ئه‌م قۆناغه:
- سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاری بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه له‌دڵی كۆمه‌ڵێك سه‌ركه‌وتنی بچوك و گه‌وره‌دا به‌ده‌ست دێت. له‌هێزی هاوسه‌نگی ئێستادا هه‌ر جۆره موغامه‌ره‌یه‌ك و ڕوودانی ئه‌و ڕووبەڕوو بوونه‌وه توندوتیژانه لەگه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا كه‌ده‌كرێ به‌ریان پێبگیرێت، به‌زه‌ره‌ری بزووتنه‌وه‌كه‌یه. تێكدانی فه‌زای سیاسی و به‌هانه به‌ده‌سته‌وه‌دان بۆ پێکهاتنی فه‌زای عه‌سكه‌رتاریه‌ت وپه‌لاماردان، له‌به‌رژه‌وه‌ندی جه‌ماوه‌ر وبزووتنه‌وه‌کایاندا نییه. بگره ڕێگاده‌کاته‌وه بۆ ده‌سه‌ڵات و ڕه‌وته ئیسلامی و ناسیونالیسته‌کان هه‌م ده‌ستبه‌رن بۆ سه‌ركوتی‌خوێناوی و هه‌م بۆ سازان و دانوسانی سه‌رووخه‌ڵکیان ڕێگا خۆشکە‌ن و سه‌ره‌نجام به‌ره‌و هه‌ڵدێربردنی بزووتنه‌وه‌كه و پاشه‌كشه پێكردنی هه‌نگاو هه‌ڵگرن. له‌لایه‌کی تره‌وه ڕاپه‌ڕینی پێشوه‌خت، په‌له‌كردنێكی منداڵانه‌یه و هه‌ر ئه‌نجامگیریه‌كی به‌په‌له و هه‌ڵنه‌سه‌نگێندراو، زیانی گه‌وره ده‌دات له بزووتنه‌وه‌كه که‌ده‌بێ به‌ته‌واوی تواناوه خۆپارێزی لێبکرێ و نابێ به‌هیچ جۆرێک یاری به‌ڕاپەڕین بكرێت. هه‌روه‌ها به‌رزکردنه‌وه‌ی داخوازی ئه‌وتۆ که داسه‌پاندنی له‌توانای واقعی بزووتنه‌وه‌که‌دا نه‌بێت، له‌ئه‌نجامدا نائومێدی له‌نێو جه‌ماوه‌ر و له ڕیزی ناڕه‌زایه‌تیه‌کاندا پێکده‌هێنێت، که‌دووباره نابێت ده‌ستی بۆببرێت.
- ئه‌حزابی میلیشیایی‌و چه‌كداری ناسیونالیستی و ئیسلامی، مه‌ترسی ئه‌وه‌یان لێده‌كریت و ئاماده‌یی ئه‌وه‌یان هه‌یه كه‌كێشمه‌كێشه واقعیه‌كانی ناو ئه‌م كۆمه‌ڵگایه بگۆڕن به‌جه‌نگ و كێشمه‌كێشی سه‌ربازی ناوخۆ. بۆیه ده‌بێ به به‌ڕێوه‌بردن و ڕێكخستنی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازانه‌ی جه‌ماوه‌ری له‌سه‌ر ڕه‌وتێكی دروست، به‌ر بە‌و مه‌ترسیانه‌و پیلانه‌كانی تری دەسه‌ڵات بگیرێ و سه‌ركه‌وتن مسۆگه‌ر بکرێت.
- یه‌كه‌مین هه‌نگاوی سه‌ركه‌وتنی بزووتنه‌وه‌كه، چه‌سپاندن و به‌رینكردنه‌وه‌ی ئه‌و فه‌زا سیاسی و شۆڕشگێڕانه‌یه‌كه ئێستا به‌هاتنه‌مه‌یدانی جه‌ماوه‌ری هاتوه‌ته‌كایه‌وه. فه‌زایه‌ك كه‌تیایدا ئازادی سیاسی و ڕاده‌ربڕین، ئازادی چاپه‌مه‌نی و ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین و خۆپیشاندان و مانگرتن و پێکهێنانی ڕێكخراوه‌ی جه‌ماوه‌ری و حزبی…مسۆگه‌ر ده‌بێت. وه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا ده‌بێ چه‌ند خواستی واقعی ئابوری به‌رز بکرێته‌وه که‌ببێته هۆی باشترکردنی ده‌ستبه‌جێی ژیان بۆ کرێکاران و جه‌ماوه‌ری سته‌مکێش. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویسته خواسته‌كانی ئێستای بزووتنه‌وه‌كه له‌ده‌وری ئه‌م مه‌سه‌لانه‌ی خواره‌وه گه‌ڵاڵه بكرێت:
1- هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ئازادیه سیاسیه‌كانیان قه‌ده‌غه یان به‌رته‌سك كردوه‌ته‌وه، ده‌بێ به‌ڕه‌سمی هه‌ڵوه‌شێنه‌وه.
2- قه‌ده‌غه‌بوونی ده‌خاله‌تی پۆلیس و میلیشیا و ده‌زگا جاسوسی و سه‌ركوتگه‌ریه‌كان له‌ژیانی خه‌ڵك و مانۆر لێدانیان له‌شاره‌كان و ناوه‌نده‌كان و گه‌ڕه‌كه‌كاندا، به‌ڕه‌سمی ڕابگه‌یه‌نرێت.
3-له‌هه‌ناوی فه‌زایه‌كی ئاوه‌ڵاو سه‌پاندنی ئازادیه‌كی بێ‌ئه‌ملاو ئه‌ولای سیاسی‌دا، هێزی بزووتنه‌وه‌كه له‌ده‌وری هه‌ڵگرتنی ئه‌م هه‌نگاوانه‌و سه‌پاندنی ئه‌م خواستانه چڕبكرێته‌وه:
- هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌و قه‌ده‌غه‌کردنی ده‌زگا جاسوسی و سه‌رکوتگه‌ر و تیرۆریسته‌کانی وه‌کو “پاراستن” و “زانیاری” و “دژه تیرۆر” و کردنه ده‌ره‌وه‌ی هێزه چه‌کداره‌کان له‌شاره‌کان.
- بسه‌ندیكای سه‌ربه‌ده‌سه‌ڵات بۆ كرێكاران ناكام بکرێته‌وه و هه‌ڵوه‌شێندرێته‌وه، سه‌ندیكاو شورا سه‌ربه‌خۆ كرێكاریەكان پێكبهێنرێن.
- خواسته ده‌ستبه‌جێكانی چینی كریكار له‌سه‌روی هه‌موویانه‌وه زیادكردنی كرێ و مانگانه‌ی كرێكاران و كارمه‌ندان به‌پێی‌ی گرانی، كاری گونجاو یان بیمه‌ی بێكاری ته‌سه‌ل بۆ هه‌موو كرێكارانی بێكار و لاوانی ئاماده به‌كار و ژنانی خانه‌دار،…و… پیاده بكرێت.
- هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ی له‌پشتی سته‌مكێشی ژنان و هه‌ڵاواردنی جنسیه‌وه‌ن، هه‌ڵوه‌شێنه‌وه و یه‌كسانی مافی ژنان و پیاوان ڕابگه‌یه‌نرێت.
- خزمه‌تگوزاریه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان وه‌كو ئاو وكاره‌با وته‌ندروستی و ده‌رمان و هۆیه‌كانی گواستنه‌وه و زه‌مانی كۆمه‌ڵایه‌تی…له‌ئاستی پێداویستیه‌كانی هه‌موو دانیشتواندا به‌ته‌سه‌لی دابین بكرێت.
- جیاكردنه‌وه‌ی دین له‌ده‌وڵه‌ت و په‌روه‌رده و فێركردن ڕابگەیه‌نرێت.
چوارەم: ئەرکەکانی حزببی کۆمۆنستی کرێکاریی کوردستان:
حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی له‌پێناو پیاده‌كردنی ئامانج و داخوازیه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی جه‌ماوه‌ردا که‌لهسه‌ره‌وه باسکران، به‌هه‌موو توانا تێده‌كۆشێت و له‌و پێناوه‌شدا ئه‌م ئه‌ركانه ده‌خاته ده‌ستوری خۆیه‌وه:.
1- حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی له ڕێگای به‌كارخستنی هه‌موو توانای سیاسی و ڕێكخراوه‌یی و خۆیه‌وه، هه‌روه‌ها به‌پشتبه‌ستن به‌ئیراده‌ی چینی کرێکار و جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تكێش و ئازادیخواز، له‌دژی هه‌ر جۆره هه‌وڵ و پیلان و هۆكارێك بۆ پێكهێنانی فه‌زای عه‌سكه‌رتاریه‌ت ڕاده‌وەستێت، هاوكات به‌كرده‌وه به‌رگری له‌ئه‌منیه‌ت و سه‌لامه‌تی ڕابەران و هه‌ڵسوڕاوانی كرێكاریی و كۆمۆنیست و شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز ده‌كات.
2- حزب له‌دژی به‌رته‌سك كردنه‌وه و به‌سازش كێشانی بزووتنه‌وه‌كه له‌لایه‌ن ره‌وته بورژوازیه‌كانی ئۆپۆزیسیونه‌وه، هه‌روه‌ها له‌دژی به‌كێشكردنی بزووتنه‌وه‌كه بۆموغامه‌ره به‌مه‌به‌ستی گوشاردانان له‌سه‌ر بۆرژوازی ڕه‌قیب له‌دەسه‌ڵاتدا، ڕاده‌وه‌ستێ.
3- حزب هه‌وڵده‌دات بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی جیاوازیه‌كانی نێوان ڕه‌وت و مه‌یله سیاسیه جیاوازیه‌كانی ناو بزووتنه‌وه‌كه بۆ جه‌ماوه‌ر، به‌م جۆره‌ش له‌ڕێگای كارێكی هۆشیارده‌رانه‌ی ڕوون و ڕاشكاودا، توانای ئه‌وه به‌چینی کرێکار و جه‌ماوەری زه‌حمه‌تکێش ده‌به‌خشێت كه له‌سه‌ر بناغه‌ی هۆشیاریه‌كی ته‌واو به‌جیاوازیه سیاسی و چینایه‌تیه‌كانیان، ڕیزی سەربەخۆی چینایه‌تیان له‌بزووتنه‌وه هه‌مه‌گیره‌كه‌دا پێكبهێنن و بپارێزن. .
4-حزب هه‌وڵده‌دات، له‌گه‌ڵ به‌رده‌وام بوون و فراوان بوونه‌وه‌ی میتینگ و خۆپیشاندانه‌كان له‌مه‌یدانی شاره‌كان، چینی کرێکار و جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تكێش و ژنان و لاوان، له جێگای كار و ژیانیاندا یه‌كگرتوو و ڕێكخراوبن و له ڕێگای به‌رپاكردنی كۆبونه‌وه گشتیه‌كانه‌وه له گه‌ڕه‌ك و كارگه و خویندنگا و فه‌رمانگه‌كاندا جه‌ماوه‌ر له‌ده‌وری شورا و ڕێکخراوه سه‌ربه‌خۆکاندا ڕێكخراوبن. به‌م جۆره‌ش یه‌كڕیزی و هاوده‌نگی جه‌ماوه‌ر له‌سه‌ر خواسته‌كان و توانا و چۆنیەتی بردنه‌پێشی بزووتنه‌وه‌كه دابین بێت.
5- هه‌وڵدان بۆ دابینكردنی ڕابه‌رییه‌كی سیاسی كۆمۆنیست و كارامه و مته‌مه‌ركز و مسته‌قر بۆ بزووتنه‌وه‌كه، پێكهێنانی ستون فه‌قه‌راتێكی كادری له‌كرێكارانی كۆمۆنیست و هه‌ڵسوڕاوانی كۆمۆنیست و شۆڕشگێڕ، بیناكردنی حزبێكی مودێرن وئینساندۆست له‌دڵی بزووتنه‌وه‌كه، به‌ڕێخستنی ته‌بلیغاتێكی ڕۆشن و جه‌زاب و ڕێكخه‌ر و هەڵخرێنەری سیاسی و تاكتیكی و ڕێنمایده‌ری به‌رده‌وام به بزووتنه‌وه‌كه. گه‌یاندنی سیاسه‌ته‌كانی بۆ ناو جه‌ماوه‌ر له‌گەڕه‌ك و كارگه و خوێندنگا…كه بتوانێ سه‌ركه‌وتنی به‌رده‌وام و یه‌ك له‌دوای یه‌كی بزووتنه‌وه‌که مسۆگه‌ر بكات و بەره‌وپێشی به‌رێ، یه‌کێک له‌ئه‌وله‌ویاته سه‌ره‌کییه‌کانی ئێستای حزب پێکدێنێ.
6- به‌پێی هه‌لومه‌رجی تایبه‌تی کۆمه‌ڵگای کوردستان و میلیشیایی بوونی ئه‌حزابی بورژوازی ناسیونالیستی و ئیسلامی و ده‌سه‌ڵات، هه‌روه‌ها به‌له‌به‌رچاوگرتنی ته‌جروبه‌ی کاره‌ستباری لیبیا، مه‌ترسی جۆراوجۆر هه‌ڕه‌شه له‌بزووتنەوه‌ی جه‌ماوه‌ری و سیاسی ئێستای کوردستان ده‌کات، له‌په‌ره‌پێدانی توندوتیژی و تێکدانی فه‌زای سیاسی و شۆڕشگێڕانه‌وه تابردنی به‌باری شه‌ڕی ناوخۆی لایه‌نه بورژوازیه‌کان و…..ئه‌رکی حزبی کۆمۆنیستی کرێکارییه شێوه و ڕێگای پێویست بۆ به‌رگرتن له‌و مه‌ترسیانه بگرێته‌به‌ر.
7- یه‌کێک له‌مه‌رجه سه‌ره‌کیه‌کانی به‌سه‌رکه‌وتن گه‌یشتنی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه تا ئاستی به‌دیهاتنی ئامانجه‌کانی و پێکهاتنی ئاڵوگۆری بنه‌ڕه‌تی له‌ژیانی جه‌ماوه‌ری سته‌مکێش، له‌مه‌یدان بوونی حزبێکی کۆمۆنیستی و کرێکاری به‌هێزو و ده‌خاڵه‌تگه‌ری پێشره‌وه. ئه‌رکی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریه ئه‌و‌په‌ڕی هه‌وڵی خۆی به‌کار بخات له‌پێناو یه‌کگرتووکردنی بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری و کۆمۆنیستی و هه‌ڵسوڕاوانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه له‌حزبێکی سیاسی به‌هێز و یه‌کپارچه‌دا.
8- حزب تێده‌کۆشێت بۆدابینكردنی هاوپشتی و هاوئاهه‌نگیه‌كی به‌هێزی خه‌باتكارانه له‌نێوان ئه‌م بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌ریه‌ی کوردستان و بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری كه هاوکات له‌ئاستی عێراقدا به‌رێكه‌وتووه.
9- گواستنه‌وه‌ی ته‌جروبه سه‌ركه‌توانه‌كانی شۆڕشه‌كانی ناوچه‌كه بۆ بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری ئێستای کوردستان. هاوكات په‌ره‌پێدانی گیانی هاوپشتی له‌گه‌ڵ شۆڕش و بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌ری و شۆڕشگێڕیه‌كانی ناوچه‌كه و پێكهێنانی ده‌رفه‌تێكی هه‌رچی فراوانتر بۆ كاریگه‌ریی وه‌رگرتن له‌یه‌كتری و توانا به‌خشین به یه‌كتری.
١٠– له‌جه‌رگه‌ی خۆپیشاندان و نا‌ڕه‌زایه‌تیەکانی ئێستادا، حزب به‌تایبه‌تی تێده‌کۆشێت بۆ بەدەستەوەگرتنی پێشڕەوی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی ئێستای جەماوەری کوردستان. گێڕانی دەوری کاریگەر و پێشڕەو لە ئەنجومەنەکانی مەیدانی ئازادی‌دا، هەوڵدان بۆ سەراسەری و فراوانکردنەوەی ئەم خۆپیشاندانانە و دەرهێنانی دەسەڵات لە خوارەوە لەدەست حزبە چەکدارە دەسەڵاتدارەکان.
11- …..
حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی، چینی كرێكار و زه‌حمه‌تكێشان و ژنانی سته‌میده‌و لاوانی شۆڕشگێڕ، بانگه‌واز ده‌كات كه له‌پێناو هه‌وڵێكی كارساز و په‌یگیرانه بۆ سه‌رخستنی پلاتفۆرمی ئه‌م بزووتنه‌وه شۆڕشگێڕانه‌یه خۆیان یه‌كگرتوو ڕێكخراو بكه‌ن، به‌ڕیزی حزبی كۆمۆنیستی كرێكارییه‌وه په‌یوه‌ست بن و ڕاسته‌وخۆ كۆمیته‌كانی له‌ناوه‌نده كرێكاریه‌كان و زانكۆ‌و فه‌رمانگه و گه‌ڕه‌كه‌كاندا پێكبهێنن و بیكه‌ن به‌ئامڕازی ڕێكخستن و ڕابه‌ریکردنی بزووتنه‌وه‌كه له‌و جێگایانه. حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی له‌هه‌موو هێز و ڕه‌وته سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و ڕۆشنبیران و كه‌سایه‌تیه ئازادیخواز و پێشكەو‌تنخوازه‌كان داوا ده‌كات كه پشتیوانی و هاوكاری بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی و جه‌ماوه‌ری بكه‌ن و توانای خۆیان به‌گه‌ڕبخه‌ن له‌پێناو به‌دیهاتنی خواسته ئازادیخوازانه و یه‌كسانیخوازه‌كانی. حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی له‌ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یدا هه‌وڵده‌دات و داوا ده‌كات له‌چینی كرێكار و ئه‌حزابی سیاسی و دامه‌زراوه و كه‌سایه‌تیه پێشكه‌وتنخوازه‌كان، كه پشتیوانی له‌بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه و ئازادیخوازانه‌ی كوردستان بكه‌ن و دژی سه‌ركوتی ده‌سه‌ڵات ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی هه‌ڵبڕن.
حزبی کۆمۆنستی کرێکاریی کوردستان
پەسەندکراوی پلنۆمی هەشتەمی کۆمیتەی ناوەندی
ئازاری 2011