کرێکار یان خاوەنکار، کێ شایانی سوپاسگوزاریە؟ …

بنار مستەفا

لەپەیوەند بە هاوکێشەی جیهانی کارەوە، گەلێک دیاردە و تێڕوانینی سەمەرە و لنگەوقوچ دەبیستین. یەکێک لەو بۆچوونە باوانەی کەمیدیاکانی سەر بەچینی دەسەڵات  بە فراوانی ڕەواجی پێداوە ئەوەیە، کە پێویستە کرێکار سوپاسگوزاری خاوەن کاربێت لە بەرانبەر ئەو کارەی پێی داوە.

ڕەنگە ئەم بۆچوونە ڕاست دەرکەوێت، کاتێک لە سایەی سەرمایەداریدا ژیان و گوزەران هێندە سەخت و دژواربێ وهێندە بیکاری بەرفراوان بێت، ئەویش بۆ کەسێکی ئامادە بە کار هەرچۆنێک بووە لەلایەن خاوەن کارێکەوە کارێکی پێدرابێت. لە لایەکی ترەوە کێبڕکێ لەسەر پەیداکردنی کار و هەوڵدان بۆ مسۆگەر کردنی نانی ڕٶژانە هێندە دژواربووە،  ئەوانەی کاریان دەست دەکەوێت، لە بەرانبەر ئەو  بێکارانەی ئامادەن هێزی کاری خۆیان بفرۆشن و کڕیاریان نییە، بەختەوەر دەردەکەون. تەنها لەبەر ئەوەی دەتوانن نانێک پەیدا بکەن. بەڵام نیشاندانی ئەم هاوکێشەیە بەم شێوەیە پەردەیەکی تەنکە و توانای داپۆشینی ڕاستییەکانی نییە.

ئەگەر کرێکار لەپڕۆسەی بەرهەمهێنان وگواستەنەوەو گەیاندندا کار نەکا و  مەکینەو ئامراز و کارگە نەخاتەگەڕ، خاوەنکار چٶن کاڵاکانی بەرهەم دەهێنێتت و ڕەوانەی بازاڕی دەکات و چۆن بۆی ساغدەبێتەوە ودواتریش چۆن قازانج کۆدەکاتەوە؟ ئەوە کرێکارە بە هۆی کارکردنییەوە دەرفەت بۆ کەڵەکەی زیاتری سەرمایەی خاوەنکارەکان دەڕەخسێنێت و خۆشی تەنها حەقدەست وەردەگرێت.  سەرچاوەی قازانجی خاوەنکار لەکوێوەدێت، ئەگەر دەستبەسەر ڕەنجی کرێکاراندا نەگرێت. هەوەها خاوەنکار وەک خۆی وبەهەمو سەرمایەکەیەوە  دەتوانێت چی بکات تا کاڵا بەرهەم بهێنێت و لە بازاڕدا ساغی بکاتەوە ودواتریش قازانجی لێ بکات؟ ئەگەر کاری کرێکار نەبێت.. 

بۆیە ڕاستی هاوکێشەکە تەواو پێچەوانەیە: ئەوە خاوەنکارە پێویستە سوپاسگوزاری کرێکار بێت، چونکە بە بێ کاری کرێکاران بەرهەم و کەڵەکەی سەرمایەی نامێنێت. چونکە بە هۆی ڕەنجی کرێکارە، سەرمایەی خاوەنکار زیاتر و زیاتر دەبێت، بەڵام  کرێکار هەرچەندە زۆرتر وزۆرتر کاربکات دۆخی ژیانی ئەگەر خراپتر نەبێت، ئەوا تەنها لە جێگەی خۆیدا دەمێنێتەوە ولەو هەموو بەرهەمەی کەبەرهەمی هێناوە ولەهەمو قازانجەی کەخستویەتیە گیرفانی خاوەنکارەوە تەنهاو تەنها کرێیەکی بۆ دەمێنیتەوە کەبەرامبەر بەژیانێکی مەمرەومەژیە.. لە بەرانبەر ئەم هاوکێشە یەکجار نابەرابەرەدا، هێشا چاوەڕوانیش دەکرێت کرێکار سوپاسگوزاری خاوەنکارەکەی بێت. ئایا ئەمە ڕەوایە؟!.

لە هەندێک وڵاتانی جیهاندا کرێکاران توانیویانە لە ڕێگەی خەباتی یەکگرتوویانەوە بە هەندێک دەستکەوت بگەن و نرخێکی زیاتر بە کارەکانیان پەیدا بکەن. بەداخەوە لە کوردستان هێشتا نەگەشتۆتە سەرەتایترین ئاست. کەوایە کرێکارانی کوردستان پێویستە لە ڕێگەی خەبات و تێکۆشانی خۆیانەوە و بەهاوپشتییەکی فراوانی کۆمەڵایەتییەوە، مافەکانی خۆیان بەسەر خاوەنکارەکاندا داسەپینن وبۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی شایستەی ئینسانی و سەردەم ڕیزەکانی خۆیان یەکخەن بۆئەمەش پێویستە تەنها چاویان لە توانا و خەباتی خۆیان بێت.

 ئەم بابەتە لە دەنگی کرێکاری ژمارە ٢٠دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *