دۆسیەی ژمارە” سیهەمین ساڵیادی ئاوارەیی خەڵکی کوردستان” …

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ وەستا جەلال  و یوسف عوسمان ….

وەستا جەلال….

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز وەستا جەلال ئەندامی یەکێتی کۆمۆنیستەکان لە عێراق؛ سەبارەت بە کۆڕەوەکەی بەهاری ١٩٩١ی کوردستان و گەڕانەوەی ڕژێمی بەعس.

 بۆپێشەوە: ئاوارەیی و کۆڕەوی ملیۆنی خەڵکی کوردستان لەساڵی ١٩٩١دا، یەکێک لە کارەساتەکانی ترە کە بەسەر خەڵکی کوردستان هات، هۆکاری ئەم کۆڕەوە ملیۆنییە چی بوو؟

وەستا جەلال: تاکو ئێستا خەڵکی هەرێمی کوردستانی باشور، لەسەر کێشەی نەتەوایەتی و بەدەستهێنانی ئازادی و سەربەخۆیی، لەلایەن ڕژێمە دیکتاتۆریەکانی عێراقەوە، چەندین جار بەشێوەی جۆراوجۆر توشی ئاوارەیی و کۆڕەو بونەتەوە. بەڵام ئاوارە بون و کۆڕەوی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە بەهاری ساڵی ١٩٩١ بەو شێوەیە کە نەتەوەیەک بە ژن و پیاو گەورەو بچوک لە ترسی هێزی سەرکوتگەری حکومەت، شار و شارۆچکەکان چۆڵ بکەن و لەجیاتی ژیان، مردن هەڵبژێرن وێنەی کەم بووە.

دیارە هۆکاری سەرەکی ئاوارە بون و کۆڕەوی ساڵی ١٩٩١، دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی دڕندەیی دیکتاتۆری ڕژێمی حیزبی بەعس، دژ بە ئازادی و سەربەخۆیی خەڵکی عێراق و کوردستان. بە پشتیوانی هێزەکانی هاوپەیمانی بە سەرپەرشتی ئەمریکا.

کاتێک ڕژێمی حیزبی بەعس هەست بەوە دەکات، بەهۆی ڕاپەڕینی جەماوەری مەرگی لەناوچونی نزیک بۆتەوە، دەبینێت زۆربەی شار و شارۆچکەکانی عێراق و کوردستان کەوتونەتە ژێر کۆنتڕۆڵی جەماوەری ڕاپەڕیو، بە ڕێکەوتن لەگەڵ ئەمریکا، هێزێکی زۆری لە سەرباز بە چەکی قورس و هێزی ئاسمانی  هێرش دەکاتە سەر ئەو شارو شارۆچکانەی کە لەژێر دەستی جەماوەری ڕاپەڕیودا بون.

دیارە هێزە ناسیۆنالیستە کوردیەکان (بەرەی کوردستانی) بەهۆی شارەزاییان لە شەڕو پەیوەندیان بە ڕژێمی بەعس و هێزەکانی ئەمریکاوە، دەزانن ڕژێمی بەعس بەتەمای هێرشێکی سەربازی گەورەیە بۆ گرتنەوەی شارەکان. یەکێتی و پارتی چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی هێرشی سەربازی حکومەتی عێراق، هێزەکانی خۆیان لەگەڵ بەشێکی زۆر لە بنەماڵەو سەرکردەکانیان کۆدەکەنەوە بەرەو سنورەکانی ئێران و تورکیا ڕەوانە دەکەن، بەبێ هەستکردن بە هیچ بەرپرسیاریتی و ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەخت، خەڵکی هەرێمی کوردستان لە هەلومەرجێکی ترسناک بەجێدەهێڵن.

خەڵکی هەرێمی کوردستانیش لە ترسی دڕندەیی هێزەکانی ڕژێمی بەعس و نا ئومێدی بە حیزبە کوردیەکان و  هێزەکانی ئەمریکا، بڕیاری ئاوارەیی و کۆڕەوی دەدەن، شار و شارۆچکەکان چۆڵ دەکەن،

 بەڵام هەر ئەو ڕۆژە هەندێک لەخەڵکی ئازادیخواز و شۆرشگێر، لەگەڵ کۆمەڵێک پێشمەرگەی بەجێماوەی حیزبەکان و چەکدارانی بزوتنەوەی شورایی، لە دەروازەکانی شارەکانی هەولێر و سلێمانی تاکو ئێوارە دەمێننەوەو لەبەرامبەر هێزەکانی ڕژێمی بەعس ڕادەوەستنەوەو دەست بە شەڕی چەکداری دەکەن.

بۆپێشەوە: مانگێک دوای ڕاپەڕین و خرۆشانی خەڵکی کوردستان و وەدەرنانی هێزو دەزگاکانی ڕژێمی بەعسی، چ خەڵکی کوردستان چ حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی نەیانتوانی لەبەرامبەر بە گەڕانەوەی سوپای تێکشکاو قەسابی کراوی بەعس بەرگری لەخۆیان بکەن، بە بۆچوونی ئێوە، بۆ خەڵکی کوردستان و حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەرگرییان نەکرد؟

وەستا جەلال: ئەوە ڕاستیەکە کە هێزە ناسیۆنالیست و مەزهەبیەکانی عێراق و کوردستان، هەروەها بەشێکی زۆرلە خەڵکی هەرێمی کوردستانیش، پاش ڕزگارکردن و پاککردنەوەی  شارەکان لەژێر دەستی هێزەکانی ڕژێمی بەعس. هەموو ئومێد و ئامانجێکی خۆیان گرێدابۆوە بە سیاسەتی ئەمریکا. پێیانوابوو ئەمریکا پشتوانی لە ئازادی و سەربەخۆیی، چارەسەری کێشەی نەتەوایەتی خەڵکی کوردستان دەکات. پێیانوابوو ئەمریکا پێش لەهەموو هەڕەشە و هێرشێکی ڕژێمی بەعس بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەگرێت، بۆیە خەڵکی کوردستان بەگشتی و حیزبەکان بەتایبەتی پشتیان بە هێزەکانی ئەمریکا بەستبوو. 

بەلام کاتێک کە حیزبە ناسیۆنالیستەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستانیش بینیان، ئەمریکا و ڕژێمی بەعس بەیەکەوە ڕێککەوتون، ئەمریکا رێگا بە هێزەکانی ڕژێمی بەعس دەدات، بە چەکی قورس و فڕۆکەکانیەوە هێرش بکاتە سەر شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان.

کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستانیش بەهۆی نەبونی یەکگرتوویی، یەکڕیزی. ڕێکخراوبوون و پشتبەستن بە ئیرادەو تواناییەکانی خۆیان، هەروەها بەهۆی نەبوونی پشتیوانیەکی بەهێزی نێودەوڵەتیەوە. لەجیاتی بەرەنگاری و مانەوە لە شارەکان، بڕیاری کۆڕەو دەدەن.

بۆپێشەوە: ژمارەیەک لە هەڵسوڕاوانی شوراکان و بزوتنەوەی شورایی، لە بەرامبەر بە گەڕانەوەی بەعسدا، بەرگریان کرد، تا چەندە لاتان وایە ئەو بەرەنگارییە دروست بوو، لە کاتێكدا هێزی شوراکان و دەوڵەت زۆر نابەرابەر بوو؟

وەستا جەلال: بەرگری لە ئازادی، بەرابەری، سەربەخۆیی و یەکسانی هەمیشە زەروری و پێویستە، بزوتنەوەی شورایی بەرگری لەو ئازادی، بەرابەری و سەربەخۆییە دەکرد کە چەندین ساڵ بوو کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان هەوڵیان بۆ دەدا.

دیارە بەرگریکردن بەتایبەتی بەرگریکردنی چەکداری، لە هەلومەرجێکی سیاسی ئاڵۆز و ناڕۆشندا، بەتایبەتی شەڕی کەنداو کە شەڕێکی سیاسی ئابوری جیهانی بوو، پێویستی بە زانیاری، توانایی و شارەزایی زۆر هەبوو. هەڵسوڕاوانی شورایی سەرەڕای ئەوەی کە شارەزاییەکی ئەوتۆیان لە شەڕی پارتیزانی و شەڕی مەیدانی نەبوو. لە ڕوی سیاسیشەوە خوێندنەوەیەکی وردو ڕۆشنیان بۆ هەلومەرجی سیاسی پاش شەڕی کەنداو بۆ ناوچەکە و بەتایبەتی بۆ داهاتوی عێراق و کوردستان نەبوو، نەیاندەزانی پاش شەڕی کەنداو سیاسەتی داهاتوی ئەمریکا بەرامبەر بە عێراق بەتایبەتی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس چۆن دەبێت. نەیاندەزانی ئایا ئەمریکا ڕژێمی بەعس دەروخێنێت یان دەیهێڵێتەوە؟ ئەمریکا ڕێگا بە عێراق دەدات بگەڕێتەوە کوردستان یان نا؟ ئایاخەڵکی هەرێمی کوردستان دەتوانن پشت بە هێزی خۆیان ببەستن و ڕێگا بە هێزەکانی بەعس نەدەن بگەڕێتەوە کوردستان؟

 زۆرێک لە هەڵسوڕاوانی شوراکان پێیانوابوو ڕژێمی بەعس کۆتایی پێهاتوە و جارێکیتر ناتوانێت شارەکانی کوردستان داگیر بکاتەوە. بەشێک پێێان وابوو حیزبە ناسێونالیستەکان بەرگری لە شارەکان دەکەن، و ڕێگا بە ڕژێمی بەعس نادەن شارەکانی کوردستان داگیر بکاتەوە.

بەو هەموو ناڕۆشنی و بێ تەجروبەییەی کە شوراکان هەیان بوو، نەدەبوو بڕیاری شەڕی مەیدانی بدرێت. باشتر وابوو خۆیان لەشەری مەیدانی بپاراستایە، بۆ پاراستنی سەلامەتی گیانی خەڵک و هەڵسوڕاوانی شوراکانیش بەشێوەی شەڕی پارتیزانی، پێش ئەوەی ڕوبەڕوی شەڕی مەیدانی ببنەوە، خۆیان لە دەستی هێزەکانی ڕژیمی بەعس ڕزگار بکردایە. بۆئەوەی توشی ئەو خەسارەتە گەورەیە نەبونایە.

بۆپێشەوە: ئاوارەیی خەڵکی کوردستان، بە جیا لەوەی کارەساتیکی دڵتەزێن بوو، بەڵام هەڵگری دەرس و ئەزمونی تایبەتە، گرنگترین دەرسەکانی ئاوارەیی کامانەن؟

وەستا جەلال: دەرس و تەجروبەکانی ئاوارەبوونی خەڵكی کوردستان، سەرەڕای بەدبەختی و قوربانی زۆری مرۆیی، هیچ دەستکەوتێکی بۆ خەڵک نەبوو، ئاوارەبون کاریگەری سیاسی لەسەر بیروبۆچونی خەڵکی کوردستان بۆ ماوەیەکی کەم هەبوو، خەڵکی کوردستان لە بەرامبەر ئەمریکاو حیزبە ناسیۆنالیست و مەزهەبیە کوردییەکان بێئومێد ببون، بەڵام ئەو نائومێدی و باوەڕنەکردنە لەبەر ئەوەی لە ڕێگای ئاگایی و وشیاریەوە نەبوو. ئەم جۆرە لە نائومێدی بونەش مرۆڤ زیاتر توشی بێزاری و بێ باوەڕی بە خۆیی و بە خەبات و تێکۆشانی بەرامبەرەکەشی دەکات. 

 دیارە ئاوارەبونی خەڵکی کوردستان خێر و بەرەکەتی سیاسی و ئابوری زۆری بۆ حیزب و گروپە ناسیۆنالیست و مەزهەبیەکان هەبوو. ئێستا دەبینن ئەو حیزبانە بەهۆی ئاوارە بونی خەڵكی کوردستان و شەڕی ناوەخۆ، بەناوی کوردایەتی بونەتە خاوەنی دەسەڵات و سەروەت و سامانی خەیاڵی، هەریەک لە بنەماڵەو بەرپرسانی باڵای ئەو حیزبانە بونەتە خاوەنی دەیان ملیۆن دۆلار.

بەڵام ئەگەر ژیان و گوزەرانی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان بەراورد بە حیزبە دەسەڵاتدارەکان بکەین دەبینین جیاوازیەکی یەکجار زۆر هەیە. لەڕۆژی ئاوارەبونەوە تاکو ئێستاکە، ڕێژەی هەژاری، بێکاری، نەبونی خزمەتگوزاری، برسیەتی و گرانی لە زیاد بوندایە. سەرکوتی سیاسی و پێشگرتن لە ئازادی و سەربەخۆییەکان، تیرۆر و کوشتن و ڕاونانی رۆژنامەنوس و چالاکوانی سیاسی و مەدەنی. بەگشتی خەڵکی هەرێمی کوردستان نەیان توانی وەکو حیزبە ناسیۆنالیستەکان کەڵک لە دەرس و تەجروبەکانی ڕاپەڕین وەربگرن.

بۆپێشەوە: بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان، لە مۆتەکەی کارەساتی وەکو جینۆسایدو ئاوارەیی…بەیەکجاری ڕزگاریی ببێت، چ ئەرکێک دەکەوێتە سەرشانیان؟

وەستا جەلال: کرێکار و خەڵکی هەرێمی کوردستان تەنها لە ڕێگای ئاگایی وشیاریی چینایەتیەوە، یەکگرتن، رێکخراوبون و پشت بەستن بە هێزو توانایی خۆیان دەتوانن ماف و داخوازیەکانی خۆیان بەدەست بهێنن. تەجروبەکان پێمان دەڵین، ڕزگار بوونی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان لەو کارەساتانەی کە بەدەستی مرۆڤ دەخولقێندرێت، وەکو ئاوارەیی، شەڕ، کوشتن، هەژاری و برسیەتی، کە پەیوەندیان بە کارەساتی سروشتیەوە نییە. تەنها لە ڕێگای گەیشتن بە وشیاری ئاگایی، زانایی، توانایی، یەکگرتن، رێکخستن دەتوانرێت کۆتایی پێ بهێندرێت.

وەستا جەلال: دوبارە زۆر سوپاستان دەکەم، کە لە رێگای رۆژنامەی بۆپێشەوە ئەم دەرفەتەتان بۆ من ڕەخساند، بتوانم  هەندێک سەرنج و بۆچونی خۆم  دەربارەی ڕاپەرینی بەهاری ١٩٩١ ڕابگەێنم.

 

یوسف عوسمان ….

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز یوسف عوسمان عەزیز ڕەخنەگری سیاسی سەبارەت بە کۆڕەوەکەی بەهاری ١٩٩١ی کوردستان و گەڕانەوەی ڕژێمی بەعس.

 بۆپێشەوە: دوای ٣٠ ساڵ بەسەر ئاوارەیی خەڵکی کوردستان، چۆن دەڕواننە ئەو کارەساتە سیاسی و ئینسانییە؟

یوسف عوسمان: ئاوارە بوون و جێھێشتنی نیشتیمان و پەنابردنە بەر بەشێکی تری داگیرکراوی نیشتیمان. بەشێکە لەبێ سەر و بەری و بێ متمانەیی و نەخوێندنەوەی ڕووداوە پێش وەختەکان.

کۆچڕەو ئەنجامی ھۆی ڕاپەڕینێکی زەمینە بۆ سازنەکراو و لەناکاو بوو، ئەویش بەھۆی سەرھەڵدانی ڕاپەڕینی خەڵکی باشوور بوو، لەئەنجامی تێکشکانی سوپای عێراق بوو لەکوێت، و دەرکردن و لەدەستدانی دیسپلینی عەسکەری سوپای عێراق بوو. ئاورینگی کڵپەی ھەموو ئەوانەش سەرەڕۆیی ئەو سەربازە عێراقیە بوو کەلوولەی تۆپەکەی ئاڕاستەی ڕەسمە جیداریە گەورەکەی صەدام حوسێن کرد لەشاری بەسرا، و تۆپێکی پێوەناو و ڕاپەڕینێکی بێسەر و بەری لێ دروست بوو.

 بۆپێشەوە: هەندێک کەس هۆکاری ئاوارەیی خەڵکی کوردستان دەگێڕنەوە بۆ هەڵکردنی گڵۆپی سەوز لەلایەن ئەمریکاو غەربەوە بۆ ڕژێمی بەعس، ئەمە چەندە هۆکاری هێرشی ڕژێمی بەعس بوو، بۆ سەر کوردستان؟

یوسف عوسمان: ئەودەم لە کەللە ڕەقی و عینادی صەدام حوسێن وای کرد سی دەوڵەت زیاتر بەسەرکردایەتی ئەمەریکا و بەریتانیا بەشێکی دەوڵەتە عەرەبیەکانیش دوای نزیکەی چەند مانگێک لەڕاوێژی سیاسی و عەسکەری توانیان چۆک بە نەتەوە یەکگرتووەکان دابدەن، و بە چەند بڕیارێکی نێودەوڵەتی دەربکەن، و ڕەوایی بدەنە ھێرش کردنە سەر سوپای عێراق و لە کوێتی وەدەر بنێن. دوای ئەوەی کۆمکاری نەتەوە عەرەبیەکان و ڕێکخراوەکان و کۆمەڵێک کەسایەتی دونیایێ و عارەبی ئامۆژگاری و ئاکامی ئەو ھەڵەیەیان لە صەدام گەیاند، بەڵام بێ سوود بوو. بۆیە پێم وایە لەو ژاوە ژاوەی ئەودەمی ھیچ شتێکی ئاوا لەئارادا نەبوو بۆ ناوەخۆی عێراق، تەنیا وەدەرنانی سوپای عێراقیان مەبەست بوو لە کوێت لە سەرەتادا، دواتر پەڵپی چەکی کۆمەڵکوژیشیان پێ کرد و تالەکۆتا دوای دوانزە ساڵ حکومەتی بەعسیان ڕووخاند. ھەر خودی ھێرشەکانی سوپای عێراق بوو بۆ سەر باشووری عێراق و کوردستان و بێپلانی خۆڕاگرتنی کورد و ھێزی پێشمەرگە و بێسەر و بەری خەڵک بوو لەپاراستنی شارەکان و شڕەخۆری و تاڵان و بڕۆ بوو. بەتایبەت لەکۆنترۆڵ کردنی شاری کەرکوک نەمان توانی سەرکەوتنی تەواوی لێ بەدەست بێنن و ھەر ھەفتەیەک تا دە ڕۆژ توانیمان تێیدا بمێنینەوە.

بۆپێشەوە: لەناو جەرگەی ئاوارەیی خەڵکی کوردستاندا، حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی کەوتنە گفتوگۆ لەگەڵ ڕژێمی بەعس، چۆن دەڕواننە هەڵوێستی ئەو حزبانە؟

یوسف عوسمان: گەورەترین شەرمەزاری سیاسیەکانی کوردستان بەتایبەت” جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی” ھەر دەستپێکردنی گفتوگۆ نەبوو لەگەڵ ڕژێمی بەعس، دوای شەڕی دەربەندی کۆڕێ و تێکشکانی ھێرشی تانکەکانی سوپای بەعس. بەڵکوو ئەو دەست لەملانێیە و ماچ و مووچی سەرکردە و نێردەی کوردەکان بوو لەگەڵ سەدام کەھەمووی مانگێکی تێنە پەڕاندبوو لە قوربانی خەڵک و جێھێشتنی سەر و ماڵی خەڵک. وەک ئەوەی نەبایان بینێ بێ نە باران. بەگشتی ئەودەم لەبێ سەرو بەری و شاگەشکە بوونی و بێھەڵوێستی ئەو سەرکردانە بوو ساڵانێک بوو نەگەڕابوونەوە شارەکان نەک لەبەر ھێزی صەدام و سوپاکەی. 

بۆپێشەوە: دوای ٣٠ ساڵ بەسەر ئاوارەیی خەڵکی کوردستاندا، تا چەند لاتان وایە، زەمینە و هەڕەشەی دوبارە ئاوارەبوونەوەی خەڵکی کوردستان لە ئارادایە؟

یوسف عوسمان: ئاوارە بوون و بێ ئیرادەیی و بێ وورەیی لەدوای ئەو کۆچڕەوە پڕ شەرمەزارییە ملیۆنی خەڵک لەدوای ١٩٩١/٣/٢٩ ھەر بەردەوام بوو، بەردەوایش دەبێت. بۆنموونە جێھێشتنی ھەولێر و سلێمانی و ئاوارە بوونی خەڵک لە ٣١ ی ئاب و چۆڵکردن و جێھێشتنی ھەزاران ژنی کورد لەشەنگال، و دواتریشیان کە ھەرە دواییان نابێت، جێھێشتنی شاری کەرکوک بوو لە  ١٦ ی ئۆکتۆبەر.

بۆپێشەوە: ئەگەر بیرەوەریەکتان هەیە لەگەڵ ئاوارەیی ساڵی ١٩٩١ خەڵکی کوردستاندا بفەرموون؟

یوسف عوسمان: من وەک شایەدحاڵێکی ئازادکردن و جێھێشتنی کەرکوک لە تیمە تەندروستیەکانی جەنگ، بەچاوی خۆم  ئەو ھەموو قوربانیەم بینی لە شەھید و بریندار. ھیچی نەبووە ھۆکارێک بۆ یەکخستنەوەی ھێزە ناکۆکەکانی زووی گۆڕەپانی کوردستان، بەڵکو ئەو پەرت بوونە لەو ٣٠ ساڵە ڕۆچۆوە ناو ھەموو تاکێکی کورد و بەتەواوی شار و خەڵکیشی لەتکرد. ڕاپەڕین و دەرپەڕین ھیچ سوودێکی لێ وەرنەگیرا، جگە لەسوود گەیاندن بە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی تری وەک ئێران و تورکیا و وڵاتە بیانیەکان، و ھەژار بوونی خەڵک و لەبەرچاوکەوتنی نیشتیمان و گەیشتنە ڕادەی ئەوە کەخەڵک نەفرەت لەڕاپەڕین بکات.

* ٢٠٢١/٣/٢٧

  ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٩٥ دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم بازرگانی بە نەوتەوە!

عوسمانی حاجی مارف حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوت …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *