هەرێم و بەغدا ڕێکەوتن..بودجە تێپەڕی، ئیتر هیچ پاساوێک نەما بۆ نەدانی موچەی تەواو و دابین کردنی بژێوی وخزمەتگوزاریەکان!

وەستا مەهدی: سەرنوسەری دەنگی کرێکار

سەرەنجام دوای کۆبوونەوەو دانوسانی چەندین جارەی نێوان وەفدی هەرێـم ولایەنەکان لەبەغدا و دوای مشتومڕ و بێنەو بردەی چەندین مانگە، پڕۆژە یاسای بودجەی سالێ ٢٠٢١، لەلایەن پەرلەمانە کارتۆنیەکەی عێراقەوە پەسەند کرا. بەڵام  بەجیا لەپێدا هەڵدانەکانی سەرانی فراکسیۆنە کوردستانیەکان ونوێنەرانی حزبە دەسەلاتدارەکان، کەگوایە تێپەڕکردنی بودجە بەم حاڵەیەوە دەستکەوتێکە.. هیچ گرەنتیەک نیە بۆئەوەی کە ئایا موچەی کرێکاران و کارمەندان وموچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەبێ لێبڕین ولەکاتی خۆیدا دەرێت یان نا، هێشتا مەعلوم نییە کەئایا دۆخی هەژاریو بیکاری وبژێوی خەڵک وەڵامێک وەردەگرێتەوە و حکومەت بەرپرسیاریەک لەئەستۆ دەگرێ یان نا؟

پەیامەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی وهەمو ئەوانەی تر، ئەو ئومیدەیان بەخشیەوە کە ئەم ڕێکەوتنە ببێتە مایەی ”گێڕانەوەی موتمانە“ و ”بنەمای شەراکەت“ لەعێراقدا، وەیا ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەری باقی کێشەکانی نیوان هەرێم و بەغدا، هەموو ئەم ئۆمێدانە پێمان دەڵێت کەکێشەکە بەتەنها موچە نییە، بەڵکو حکومەت و سیستەمێکی فیدڕاڵیە کەکەوتۆتە بەردەم قەیرانێکی قوڵی سیاسی وئابوریەوە و لەوێشدا لایەنە پێکهێنەرەکانی کەوتونەتە بەرامبەر بەیەکەوە. لەدۆخێکی ئاوادا بەدڵنیایەوە، ئەم ڕێکەوتنە ناپایەدارە وکەس نازانی کەی و لەسەر چ مەسەلەیەکیتر هەڵدەوەشیتەوە ودیسانەوە مەسەلەی موچەو قوتی خەڵک بە کێشمەکێشەکانی نێوان هەرێمو بەغداوە دەبەسترێتەوە. هەربۆیە ئەم ڕێکەوتنە زیاتر دەرچەیەکە بۆ خۆ دەربازکردنی لایەنەکان لە قەیرانەکانی ئیستا.

لەکەنار ئەمەشدا بەرزبونەوەی نرخی دۆلار، نرخی کاڵاو شتومەكی زیادکردوە وئەمەش بۆتە بارگرانیەکی تر بەسەر ژیانی خەڵکەوە، ئایا حکومەتی هەرێم بەدوای ڕێکەوتنی لەگەڵ بەغداو بەدەستهێنانی شایستە داراییەکان، ئاستی کرێ وموچەی فەرمانبەران زیاد دەکات؟ ئایا دەست لە سیاسەتی سەپاندنی باجو خەراج و لێگرتنەوەی ئابوری هەڵدەگرێ و خۆی دەکاتە بەرپرسیاری دابین کردنی لانی کەمی ژیانی هاوڵاتیان وپەیڕەوی لەسیستەمی بیمە کۆمەلایەتیەکان دەکا؟ وەلێرەشەوە وەڵامێکی خێرا بەئاستی نالەباری بژێوی خەڵکی هەژارو بێکارو کەمدەرامەت دەداتەوە؟ .. ئەگەر بۆ هەموو ئەم پرسیارانە هیچ وەڵامێک نییە، کەوایە تێپەرکردنی بودجە ئەتوانی چ گۆڕانکاریەک بەقازانجی ژیانو گوزەرانی خەڵکی برسی و بێکاردا، بهێنێتەکایەوە!!.

وەزعیەتێکی جەهەنەمی کەدەسەڵاتدارانی کوردستان بۆ خەڵکی بەشمەینەتیان پێکهێناوە، بەڕێکەوتن  لەگەڵ بەغدا ولایەنە شیعیەکان چارەسەر نابێت، بگرە ئەمدۆخەی ئیستا خۆی بەرهەمی ڕێکەوتنەکانی پێشوتری هەرئەم لایەنانەیە کەئەمڕۆ لەقەیراندا چەقیون. خەڵکی کوردستان سەردەمانی شکۆفایی ئابووریو بەرزی نرخی نەوت وسەردەمی پێش هاتنی کۆڕۆنایان لەبەرچاوە کەئەم دەسەڵاتە چۆن خۆی لە ژیان وکارو وبژێوی هاوڵاتیان بەبەرپرس نەزانیەوە. کەوایە خەڵکی کرێکارو فەرمانبەر وهەژارو نەدار نابێ هیچ چاوەڕوانیەکیان لەم دەسەڵاتە و ڕێکەوتنەکانی هەبێت،  بەپێچەوانەوە دەبی ناڕەزایەتیەکانی خۆیان ڕێکخراوترو فراوانتر بکەنەوە ولەبەرامبەر ئەم ڕێکەوتنەوە وتێپەرکردنی بودجەدا ڕاگەیەنن ” ئێوە ڕێکەوتن وبوجەتان پەسەندکرد.. ئیتر هیچ پاساویك بۆ نەدانی موچە ودابین نەکردنی کارو خزمەتگوزاریەکان قابیلی قەبوڵ نییە“، ئیتر دەبێ لەداهاتی بەردەستان ژیانو گوزەرانی ئێمەش باش ببێت.. ئێوە ئەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم لێپرسراوی ئەوەڵ وئاخرن لەدابین کردنی موچە و بژێوی هاوڵاتیانی کوردستان!“ ..

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *