عەبدولەتیف سەلەفی و ترامپ و کۆرۆنا و یەک بەرە !! …

نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە …

 لە ١٥ /٣  عەبدولەتیف سەلەفی لەسەر کرۆنا ڤیدیۆیەکی بڵاوکرایەوە. لە ڤیدیۆکەیدا هەروەک هەمیشە کۆرۆنای وەک سەربازی خوا ناوبرد وە وتی هەرکاتێ خوا بیەوێ دەتوانێ ئاوا مرۆڤایەتی تووشی بەڵای گەورە بکا وە  وتی کۆرۆنا ڕەحمەتە تا ئەوانەی باوەڕیان بە خوا نییە بزانن خوا هەیە و بە ڤایرۆسێک دەتوانێ بەو کەسانەی بسەڵمێنێ کە خوا بوونی هەیە و گەورەترین کارەسات دروست بکاو پێویستە عەلمانیەکان بگەڕێنەوە بۆ لای خوا، وە وتی چارەسەر ئەوەیە مرۆڤەکان تۆبە بکەن و دوعا و نوێژ بکەن وەک ترامپ لەو ماوەدا ڕایگەیاندووە دەبێ ڕۆژێ دابنێین هەموو دوعا بکەین و لەخوا بپاڕێینەوە کە ئەم بەڵای کۆرۆنایەمان لەکۆڵ بکاتەوە خوا شیفا بنێرێ بۆ مرۆڤایەتی.

لەگەڵ ئەمانەشدا داوای لە خەڵک کرد پابەند بن بە ڕێنمایە تەندروستیەکانی حکومەت و خۆیان بپارێزن.  چەند قسەی لەسەر راپۆرتی جیهانی کرد کە ئەم ڤایرۆسە لە مانگی پێنجدا زۆر زیاد دەبێ ئەگەر خۆپارێزی نەکرێت.

پرسیار ئەوەیە خوا بۆچی سەرباز ئەنێرێ بۆ مرۆڤ  لەکاتێکا سەرباز بۆشەڕ بەکاردێت لە دژی دوژمن؟. ئایا خوا مرۆڤ بە دوژمنی خۆی ئەزانێ؟ بۆ دەبێ خوا شەڕ لەگەڵ مرۆڤدا بکا؟ لەبەر ئەوەیە مرۆڤ بە گوێی ناکا یا ناچن بیپەرستن؟ ئەی مەگەر چارەی تری نییە تەنها کوشتنی مرۆڤەکان نەبێ بە سەربازەکانی؟ ئەگەر مرۆڤ ئەوەندە خراپ بووە ئەی بۆچی پەیامبەری تر نانێرێ بۆ چاککردنی مرۆڤەکان؟ خۆ هەر کاتێ پەیامبەر هاتووە هەر لەوکاتەدا هاتووە کە مرۆڤەکان خراپ بوون و بۆئەوەی چاکیان بکا بە وتەی سەرجەم ئایینەکان. هەر بەپێی بەڵگەکانی عەبدولەتیف زیاتر لە یەک ملیارو ونیو موسڵمان هەیە لە جیهاندا، کەوایە هەر بەوتەی ئەو  بەشێکی باشە ئەی خوا  بۆچی کۆرۆنا بۆ هەمووی دەنێرێ وەک یەک؟ خۆ بەشێکی هەر خەریکی تاعەت و نوێژو دوعاو پاڕانەوەیە بۆچی ئەمانیش تووش دەبن.؟ عەبدولەتیف ئەڵێ چارەسەر ی کۆرۆنا ئەوەیە خەلک تۆبە بکا و ئیتاعە بکا و بگەڕیتەوە لای خوا،  ئەی بۆچی ئەوانە توش ئەبن کە دەمێکە پێش کۆرۆناش تۆبەیان کردوەو ڕوویان لە خوا کردووە، ئەی بۆچی لە سەردەمی خەلیفە عومەردا خوا نەخۆشی تاعونی نارد بۆ تەنها ئەو کەسانەی کە تۆبەکارو خواپەرست و موسڵمان بوون  لە وڵاتی فەلەسەتین و شام و عێراق سەدان هەزار موسڵمانی کوشت، بەڵام ئەوانەی نەکوشت کە تۆبەکارو ئیسلام نەبوون کەوایە دەبێ ڕێگاچارەکەی عەبدولەتیف ڕاست نەبێ کە داوای تۆبە و گەڕانەوە و ئیتاعە و خواپەرستی دەکا بۆ کۆتاییهاتن بە کۆرۆنا .

کاتێ دەڵێ ترامپ بەو  زلیەی خۆی ئێستا داوا دەکا خەڵک دوعاو نوێژ بکا و لە خوابپاڕێتەوە، پرسیار ئەوەیە بۆچی مەگەر ترامپ لەسەر دینەکەی خوایە ئەی مەگەر ئەو نەصاری و گاور نییە؟ بۆچی ئەمرۆ کەوتە بەرەی عەبدول لەتیفەوە؟ بۆ مەگەر نازانێ ترامپ راسیست و فاشیست و دژی موسڵمانیشە؟ بۆ مەگەر نازانێ ترامپ دەستی هەیە لەکوشتنی  سەدان هەزار لە خەڵکی ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان؟ کەچی عەبدولەتیف ترامپ بە باشتر دەزانێ لە عەلمانیەکان، چونکە ئەمان وەک ترامپ خواپەرست نین. عەلمانیەکان لە ڤیدیۆکی تردا بە پەرۆی بێ نوێژ ناو دەبات. بەلای عەبدوللەتیفەوە بەس خوا پەرستێکی وەک ترامپ بێت ئیتر کەسێکی چاکیت!!!! ئەنجا هێرش دەکاتە سەر عەلمانیەکانی کوردستان دەڵێ هۆی مانەوەی کورۆنا ئەوەیە سەرکردە عەلمانیەکانی کورد (کە ئەو بە عەلمانیان ئەزانێ) بۆچی وەک ترامپ ناکەن و  بۆچی ڕۆژێک نەهاتن وەک ترامپ داوایەکی لەو جۆرە بکەن. واتە دوعا بکەن و نوێژ بۆ نەمانی کۆرۆنا بکەن، من دەپرسم باشە خۆ ترامپ لەوکاتەوەی سەرۆکی ئەمریکا بووە هەر ئەو باوەڕە دینیەی هەبووە و باوەڕی بە دوعاو پارانەوە هەبووە ئەی بۆچی ئەمەریکا یەکەمین وڵاتەلە جیهاندا بۆ زۆری ژمارەی تووش بووان و مردووان بە کۆرۆنا؟

عەبدولەتیف لە عەلمانیەت نەگەیشتووە، چونکە عەلمانی و مولحید بەیەک دەزانێ لە کاتێکا عەلمانی و مولحید دووشتی جیان هەمیشە ئەو وەک یەک حسابیان بۆ ئەکا. عەلمانی کۆمەڵگایەکی هاوبەشی دەوێ بۆ دیندارەکان و بێ  دینەکان، بەڵام مولحید تەنها دژی دینە و کۆمەڵگایەکی بێ دینی دەوێ وەک چۆن ئیسلامی راستەقینە کۆمەڵگایەکی ئیسلامی دەوێ و هەمووی دەبێ ئیسلام بێ. ئەو بەناو دکتورای لە شەریعە هەیە، بەڵام ئەم جیاوازیە نازانێ. سەیر ئەوەیە هۆکاری کۆرۆنا بەوە ئەزانێ کە خەڵک زۆر رووی لە عەلمانیەت کردووە. باشە ئەگەر ئەمە هۆکار بێت مەگەر خوا خۆی ڕازی لەسەر نییە؟ جوابەکەی ئەوەیە خەڵک بە گوێی شەیتانی کردووە؟ ئەی خوا چۆن ئیرادەی نییە بەسەر شەیتاندا بۆ مەگەر شەیتان دروستکراوی خۆی نییە؟ ئەمە ئەوە نیشان ئەدا خوا جیایە و شەیتان جیایە و خوای شەڕ و خراپەیە. واتە ئەوە دانپیانانە بەخوایەکی تر.

 عەبدول لەتیف ڕووی لەو کەسانە کرد کەدەڵێن خوا نییە، چونکە باوەڕیان وایە خوا نابینرێ، ئەو بە بەڵگەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەیەوێ بیسەلمێنێ بۆ بێخواکان کە خوا هەیە و دەڵێ ئەی ئەوە نییە ڤایرۆسی کۆرۆنا ناشبینرێ و کەچی هەشە؟ ئەو ڕاستیەیە لە خەڵک دەشارێتەوە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبینرێ  بە مایکرۆسکۆب شێوەیەکی خڕی دڕکاوی هەیە و رەنگەکەشی دیاری کراوە بۆیە نموونەکەی پووچ بێ بنەمایە .

دواجار لە ڤیدیۆکەیدا داوا دەکات خەڵک ڕێنمایە تەندروستیەکان پەیڕەو بکەن، چونکە بۆ خۆپاراستن و تووش نەبوونی خەڵکی زیاتر باشترە. من هاوڕام لەگەڵیدا و ئەوەندە لەبەشی ڤیدیۆکەی بە باش دەزانم، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئەو ڕێنمایانە لە کوێوە هاتوون؟ مەگەر لەو زاناو دکتورانەوە نەهاتوون کە لە کۆمەڵگەی عەلمانی دەژین، یا لە دکتۆرە عەلمانیەکانی وەک دکتور کامەران قەرەداغی یا دکتۆرەکانی چین و ئەوروپاوە نەهاتوون کە عەلمانین؟ ئەی بۆچی ڕێنمایەکانی ئەم عەلمانیانە بە باش دەزانێ لە کاتێکا ئەو سووکایەتی بە عەلمانیەکان دەکا بە پەڕۆی بێ نوێژ ناویان دەبات؟ ئەی باشە خۆ ئەو وتی تەنها ڕێگا ئەوەیە خەڵک تۆبە بکا و بگەڕێتەوە ئیتر خوا شیفای خەڵک دەدات؟ لێرەدا خۆی بۆ خۆی بەدرۆ دەخاتەوە، مێژوو نیشانی داوە بەدوعاو پارانەوەو ئیتاعەت هیچ ڤایرۆس و بەکتریایەک کە مرۆڤی کوشتیبێت لەناو نەچووە، بەڵکو بە ڕێگای خۆپارێزی و پاک و خاوێنی و خواردنی بە سوودو دوکتۆرو دەرمان و ڤاکسین لە ناوچووە.

 زاڵ بوونی  ئەم عەقلەی عەبدولەتیفە ناهێڵێ لە کۆمەڵگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و سەروی ئەفەریقا هیچ داهێنانێکی زانستی بکرێ بۆ مرۆڤایەتی سوود بەخش بێت بۆیە هەر ئەبێ چاوەڕێی داهێنانەکانی وڵاتانی کافر و عەلمانی بکەین چاوەڕێی داهێنانی وەک دەرمان و نەشتەرگەری و ڤاکسین بکەین بۆ ڕزگارکردنی  مرۆڤ لە دەردو پەتاو کۆرۆناو شێرپەنجە و شەکرەو نەخۆشیەکانی دڵ … هتد. ئەگەر ئەوان نەبن و هەموو مرۆڤی دونیا بچێتە سەر عەقلەکەی عەبدولەتیف، نەک ئەمانە چارەسەر نابن، بەڵکو زۆر خراپتر مرۆڤایەتی دووچاری بەڵای خراپتر دەبێ .

ئەگەر بەقسەی عەبدولەتیف بێ  کۆرۆنا هێڕشی سەربازەکانی خوادیە بۆسەر مرۆڤایەتی لە هەمان کاتیشدا داوای پەیڕەوکردنی ڕێنمایە تەندروستیەیەکان دەکا و ڤاکسینیش بەباش دەزانێ کەوایە لایەنگری ئەو مرۆڤانەشە کە سەربازەکانی خوا دەکوژێ و لە ناویان دەبات کە ڤایرۆسەکانی کۆرۆنایە. وەبەم هەنگاوەش دەبێتە دژی خوا. جا یا دەبێ بڵێت ئەوانە سەربازی خوا نین و سەربازی شەیتانن یا دەبێ بڵێ هەر بەدوعاو پارانەوە وەک ئەوەی ترامپ ئەم ڤایرۆسە لە ناو دەچێت  مرۆڤ پێویستی بە ڤاکسین و رێنمایە تەندروستیەکان نییە…

بۆیە دەبێ مرۆڤی کورد زیاتر بیر بکاتەوە هەوڵ بدا لە پێچ و فێڵ و درۆکانی ئەم جۆرە بانگخوازانە زیاتر تێ بگا بۆئەوەی کۆمەڵگا چیتر فریو نەدرێ و کۆمەڵگای ئێمەیش بگات بە ئاستی کۆمەڵگە پێشکەوتوەکان و بەشدار بێت  لە داهێنان بۆ سود گەیاند بە خۆی و بە سەرجەم مرۆڤایەتی .

  ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٩٥ دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *