سوکایەتی کردن بە کرێکاران و چۆنیەتی بەرەنگاربونەوەی!…

حکومەت لە بەرپرسیارێتی!…

عیرفان کەریم…

ساڵی ٢٠١٥ و لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا.لە وەڵامی پرسیارێک  کە ئایا کوڕی کرێکارێکی شارەوانی، دەتوانێت ببێت بە دادوەر، وەزیری دادی میسر ڕایگەیاند ( لەگەڵ ڕێزم بۆ گەلەکەمان بەگشتی، بەڵام دادوەر کەسایەتی و کاریزمای تایبەت بەخۆی هەیە و دەبێت  لە باری مادی و مەعنەویەوە، لە بنەماڵەیەکی بەڕێز و بەتوانابێت). بەدوای ئەم لێدوانە، ناڕەزایەتیەکی بەرفراوانی جەماوەری لە کۆمەڵگای میسردا هاتە کایەوە و ئەم وەزیرە ناچارکرا کە دەست لەکار بکێشیتەوە. بەتەماشا کردنێکی سادە بۆ بارودۆخی کار لە کوردستان و ئاستی ڕێزگرتن لە کرێکاران لەلایەن دەسەڵات و لەباری  یاساییەوە، دەبینین هەمان  بیرکردنەوە و تێروانینی ئەم وەزیرە میسرییە، بەسەر زیهنیەت و بیرکردنەوەی بەشی زۆری بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی حکومەت لە کوردستان و هەروەها سەرمایەداران و خاوەن کۆمپانیاکاندا، زاڵە و ڕۆژانە کاری پێدەکرێت. لە کوردستاندا، کرێکار و کرێکاری، مانای ژیانێکی سەخت و ژیان کردن وەک کەسایەتیەکی فەرامۆشکراو وپەراویزخراو دەگەێنێت، کڕێکاری بۆتە داسەپاندنی جۆرێک لە  ناسنامەی پلە دوویی. سەرەڕای ئەوەی کە کرێکاران ڕەنجدەدەن  و زەحمەتێکی  زۆر دەکێشن و چەرخی ژیان دەسوڕێنن و بەبێ ڕەنج و ماندووبونی کرێکاران ژیان دەوەستێ و دەمرێ، کەچی  دەسەڵاتداران و سەرمایەداران نایانەوێت ئەم ڕاستیە ببینن و هیچ بەها و ڕێزێک بۆ پیرۆزی ئەم ئەرکە ئینسانیەی کرێکاران دانانێن. دەسەڵات لەکوردستان، بە مەبەست و بە ئەنقەست، کاردەکات بۆ ئەوەی کرێکاران وەک خەڵکانێکی کەمدەرامەت و هەژار و بێدەرەتان بناسێت و دەیەوێت هەویەتی ڕاستەقینە کرێکار، وەک مرۆڤێکی بەرهەم هێنەر و خاوەن توانا، لە بەرچاوی کۆمەڵگە تێکبشکێنێ. بەڵام ئەم تێروانین و ئەم  عەقلیەتی بەسوک تەماشاکردنی کرێکاران، بەتەنها زادەی  ڕق و کینەیەکی دەروونی بەرپرسانی حکومەتی و سەرمایەداران نیە و هەروا لەخۆڕا هاتبێتە دی. ئەم جۆرە لە بیرکردنەوە، لەئەنجامی دابەشبوونێکی مێژوویی بازاڕی کار و ململانێی نێوان سەرمایەدارانە، لە ئاستێکی جیهانیدا. کوردستان کە پێگە جوگرافیاکەی  کەوتۆتە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، لەم ناوچەیەدا، سەرمایەداران و دەسەڵاتداران، لە نێو ململانێیەکدان  بۆ پەیداکردنی قازانج و سەرمایەی زیاتر، لە پێناو نزیک بوونەوە یاخود گەیشتن بە ئاستی دەوڵەمەندی سەرمایەداران لە ووڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا، بۆئەمەش، دەبێ ژیانێکی سەخت و پڕ لەکولەمەرگی بەسەر چینی کرێکاردا بسەپێنن.دەیانەوێت کرێکاران سەعاتی کار زۆرتر کاربکەن و بە کەمترین مووچە وهەقدەست ڕازی ببن و لەهیج جۆرە بیمەیەکی کۆمەڵایەتی وتەندروستی بەهرەمەند نەبن. هاوکات بۆ گەیشتن بەم ئامانجەیان، وا پێویست دەکات، کە سەرمایەداران و دەسەڵاتدارانی کوردستان هیچ ڕێزیک بۆ ئەو یاسا و ڕێسایانە دانەنێن، کە تایبەت کراون بۆ پاراستنی  مافەکانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش، ئەمان دەیانەوێت، کرێکار خامۆش و بێ دەنگ بێت و داوای کەمترین ماف بکات و بە نائینسانیترین بارودۆخ کارکردن ڕازی بێت. چونکە بەم شێوەیە، هیچ جۆرە مەسرەفێک ناکەن بۆ باشترکردنی ژیانی کرێکاران، ئەو پارەو پولەی کە لە بنەڕەتدا، بەڕەنج و هێزی کاری کرێکاران هاتۆتەدی و دەستیان بەسەردا گرتوە، دەیانەوێت سەرتاپای بۆ خۆیان بێت و نەوەک بۆ بیمەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و بۆ مووچە و هەقدەستی زیاتر بۆ کرێکاران خەرجی بکەن.

برەودان بە فەرهەنگ و عەقلیەتی سوکایەتی کردن بەکرێکاران، ئامانجێکی مەترسیداری دیکەی لەپشتە، کە ئەویش، هەوڵدانە بۆ تێکشکاندنی ڕوحیەت و خواستی یەکگرتوویی کرێکاران و دەرکەوتنیان وەک  چێنیکی بەهێز و خاوەن قودرەتێکی شکۆدار لە کۆمەڵگەدا.

ئێوە تەماشابکەن ٣٠ ساڵە کوردستان، لەژێر سایەی دەسەڵاتی دوو حزبی ناسیونالیستدایە، تا ئێستا یاسایەکی کاری پێشکەوتنخواز و کڕیکارییانە نیە و کاری پێناکرێت. ڕۆژانە کرێکاران بەهۆی ڕووداوەکانی کارەوە گیان لەدەست دەدەن. بازرگانی بەژیان و گوزەرانی بەشێک لە کرێکارانی ژنەوە دەکرێت و کۆیلە ئاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

ڕێگەی بەرگرتن بەم فەرهەنگ و ڕوانینە نائینسانیە و بەم جۆرە لە مامەڵەی کۆیلانەیە، تەنها بە یەکگرتوویی و کۆبونەوەی هۆشیارانەی کرێکاران لە پێناو داواکاری و خواستەکانی باشترکردنی ژیانیان دێتەدی. ئەگەر هێزی کاری کرێکاران نەبێت، ژیان دەوەستێت و کۆمەڵگا، دووچاری شەلەل دەبێت و سەرمایەداران و دەسەڵاتداران، مایە پووچ و ڕیسوا دەبن. تەجروبەی خەباتکارانەی کرێکاران لە ووڵاتە جۆر بەجۆرەکانی جیهان، ئەو ڕاستیەی سەلماندوە، کە ئاستی خۆشبەختی و ڕێزداری و شکۆداری کرێکاران، بەندە بە ئاستی یەکگرتوویی و ڕێکخراوبوون و هۆشیاری چینایەتی، خودی کرێکارانەوە.

 ٢٥-٣-٢٠٢١

ئەم بابەتە لە دەنگی کرێکاری ژمارە ٢٠دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *