کامیان گرنگترن، کرێکاری ژینگەپارێز یاخود پەرلەمانتار؟ …

مستەفا باهیر…

لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا کۆمەڵێک دامەزراوە هەن کە ناتوانن ئیزافەیەکی ئەوتۆ بخەنە سەر ژیانی هاوڵاتیان، لەو دامەزراوانەشدا چەندین کەس هەن کە تەنها ناوی گەورەن و پارەی زۆر وەردەگرن، لەبەرامبەریشدا چەندین چین و توێژ هەن کە سەرمایەداریی پەراوێزی خستوون و کارەکانیان گرنگ تەماشا ناکرێن، بەڵام لە چرکەساتێکدا هەمووان هەست بە گرنگیان دەکەین

لە هەرێمی کوردستان دەکرێت پەرلەمان وەک ئەو دەزگایە سەیربکرێت کە تەنها ناوێکی گەورەی هەڵگرتووە و لە ناوەرۆکدا پووچە، حزبەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن هەڵایەکی زۆریان لەدەوری ئەو دەزگایە دروستکردووە و وێنەیەکی موزەیەفیان بۆ بنیاتناوە لە هزری هەموواندا کە زۆر دوورە لە وێنە ڕاستەقینەکەی خۆیەوە. ساڵانە سەدان ملیۆن دینار لەناو پەرلەماندا بۆ ئەندام پەرلەمانەکان خەرج دەکرێت بەبێ ئەوەی سوودێکی ئەوتۆی ڕاستەوخۆیان بەسەر ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمەوە هەبێت. باشترین نموونەش ئەو دوو ساڵەبوو کە دەرگای پەرلەمان کڵۆمدرا و هیچ کۆبوونەوەیەکی ئەنجام نەدا، بەڵام هیچ کاریگەرییەکی بەسەر خەڵکی کوردستانەوە نەبوو، ئەوە سەلماندی کە بوون و نەبوونی پەرلەمان وەک یەکە. لەوەش زیاتر پەرلەمان بە کردەوە نیشانیدا، خۆی دەردێکە، نەک دەوای هیچ دەردێک… لوشدانی ئەو هەموو پارەو ئیمتیازاتە بۆ هەرخولێکی پەرلەمان و ئەندام پەرلەمانەکان و موچەی خانەنشینی ٦ ملیۆنی، فەرهودێکی ئاشکراو بە یاسایی کراوی پەرلەمانە، بۆیە بەرگرتن بەو دزی و فەرهودەش پێویستی بەخەبات و تێکۆشانی جەماوەریی هەیە…

لە بەرامبەردا چەندان دەزگا و فەرمانگەی دیکە هەن کە گرنگییەکی هێجگار زۆریان بەسەر ژیانی هاوڵاتیانەوە هەیە، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتداران و میدیاکانەوە بەتەواوی پەراوێزخراون، بۆ نمونە کرێکارانی ژینگە پارێز. ئەوانەی ڕۆژانە بەمووچەیەکی کەم کە تەنها ژیانێکی کولەمەرگیان بۆ دابیندەکات، شەقام بە شەقام و شۆستە بە شۆستەی ئەم هەرێمە پاکدەکەنەوە. و ئەگەر ئەمان ئەم کارە نەکەن کۆمەڵگەو سیمای شاری مانایەکی نامێنێ… هەفتەی ڕابردوو بەشێک لەو کرێکارانە مانگرتنیان ڕاگەیاند و کۆبونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا، هۆکاری ئەوەش ئەوە بوو کە ئەو مووچە کەمەی هەیانە و مانگانە ٣٥٠ هەزار دینارە، بۆیان کەمکراوەتەوە بۆ ٣٠٠ هەزار دینار.

گەر بەراوردێک لەنێوان پەرلەمان و ژینگەپارێزاندا بکرێت، ئەندامەکانی یەکەم مانگانەیان ٨ ملیۆن دینارە و ئەوەی دووەمیان ٣٥٠ هەزار و بۆشیان کەمدەکرێتەوە، پەرلەمان بۆ ماوەی دوو ساڵ داخرا هیچی ئەوتۆ لە ژیانی خەڵکی کوردستان نەگۆڕا، بەڵام ئایا گەر کرێکارانی ژینگەپارێز بۆ ماوەی دوو ساڵ نا، بەڵکو تەنها یەک مانگ مان بگرن و کار نەکەن، چی بەسەر کوردستاندا دێت؟ کێ دەتوانێت تێیدا بژی؟ ئایا ئەو کاتە قەدری ئەو کەسانە دەزانن؟…

ئەم بابەتە لە دەنگی کرێکاری ژمارە ٢٠دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *