ئاوڕدانەوەیەک لەکاری ژنانی کرێکاری چێشتخانەکان! …

نەغەدە عوسمان

دەنگی کرێکار بە پێویستی زانی ژنانی کرێکاری چێشتخانەکان بەسەرکاتەوە، لەکاتێکدا ئێستا ژمارەیەکی زۆر چێشتخانە لەلایەن ژنانەوە کراوەتەوە وە هەندێکیان خاوەنداری چێشتخانەی گەورەو قاوەخانەکانیش دەکەن.

 کاتێک لە هەرێم وتەواوی ووڵاتانی ناوچەکە وێرانکاری و بێکاری بەردەوامە، هەلی کار تەواو سستە بۆ هەموو چین و توێژەکان، بەدڵنیاییەوە ژنانیش بەرکەوتەی ئەو بارودۆخە ئابوریە نالەبارەن، هەر بۆیە ژنانیش بە پێویستی دەزانن بەدوای کاری تازەو سەردەمیانەدا بگەڕێن تا بژێوی خۆیان و خێزانەکەیان بەدەست بهێنن.

 کاتێک تیمی دەنگی کرێکار چێشتخانەکانی بەسەرکردەوە، یەکەم چاپێکەوتنی دەنگی کرێکار لەگەڵ  یەکێک لەژنەکان بوو کە شێفی چێشتخانەکە بوو بە ناوی شێف سوعاد، بۆیە ڕوی پرسیار کرایە ئەو خاتونە:

 چۆن و بۆ ئەم کارەت هەڵبژارد؟

 شێف سوعاد: هەرکاتێک نالەباری ئابوری خێزان بێزارت دەکات، بیر لە کارکردن دەکەیتەوە بەتایبەتی گەر خاوەنی بڕوانامە نەبیت، وە بیر لە کارێک دەکەیتەوە کە  سەرکەوتوبیت تیایدا، منیش تەنها ئەو بەهرەیەم لەخۆمدا دەبینیەوەو چێژیشم لێ وەردەگرت بۆیە بڕیاری ئەو کارەمدا.

 ئایا کارەکەت یارمەتیت دەرە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ڕۆژانەی خێزانەکەت، واتە کرێی کارەکەت یارمەتیت دەدات، وە پەیوەندیت لەگەڵ ژنە کرێکارەکان چۆنە وە چەند کاتژمێر کاردەکەن؟

شێف سوعاد: تا ڕادەیەک ڕازیم، هەرچەند ناتوانین وەک خێزانی دەوڵەمەندو خواپیاوەکان بژین، دەتوانم بڵێم وەک چینی مام ناوەند ژیان بەڕێ دەکەین، من پەیوەندیم لەگەڵ ژنە کرێکارەکاندا باشە چونکە ئێمە هاوپێشەین و یەک کێشەی چینایەتیمان هەیە وە ماوەی کارکردنیش هەشت کاتژمێرەو بەردەوام دەبێت کاربکەین بەبێ وەستان چونکە کاری چێشتخانە وادەخوازێت.

 ئایا ئێوە بیرتان کردۆتەوە لەگەڵ هاوپێشەکانتانا پەیوەندیتان هەبێت وە بیر لە هەڵبژاردنی نوێنەر بکەنەوە، لەکاتێکدا ئێوە سەرقاڵی کارن بۆ چارەسەر کردنی هەر گرفت و کێشەیەک کە بێتە بەردەم کارەکانتان ؟

 شێف سوعاد: ئێمە بەهۆی بونی بارگرانی کارو سەرقاڵیمان بە بژێوی ڕۆژانەوە کاتی ئەو کارانەمان نیە، بەڵام گەر ئێوە یارمەتیمان بدەن زۆر باش دەبێت، لەوانەیە ئەوە بۆ ئێمە زۆر بەسود بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان.

 لەهەمان کاتدا گفتوگۆمان لەگەڵ کرێکارە ژنەکانی تر کرد لەسەر کارەکانیان و کرێێ کاریان، کە پێکهاتبون لە پاکەرەوەو پێشکەش کاری خواردن و یارمەتی دەری چێشت لێنەر، ئەمانە ژمارەیەکی زۆرن لە ژنانی چێشتخانەکان، هەریەکەیان خاوەنی کۆمەڵێ کێشەو مەینەتین.

دواجار چاومان کەوت بە خاوەنی یەکێک لە چێشتخانەکان بەناوی (بەڕێز سۆرانەوە) کە زۆرترینی ستافی کارەکەی ژن بوون، پرسیاری دەنگی کرێکار لە خاوەن کار، لەسەر خانەنشینین کردنی کرێکارەکان بوو پرسیمان ئایا ئێوە بڕە پارەی خانەنشینی کرێکارەکانتان دەدەن بە خەزێنەی دەوڵەت تا لە کاتی خۆیدا خانەنشین کرێن، وەڵامەکەی نەخێر بوو چونکە کرێکارەکانی ماوەیەکی کەم کار لە چێشتخانەکەی دەکەن و شوێنی کار دەگۆڕن، واتە هۆکارەکەی خستە ئەستۆی کرێکارەکان، کاتێک پرسیارەکەمان بەرەو ڕوی ژنە کرێکارەکان کردەوە لەسەر دانی بڕە پارەی خانەنشینی زانیمان هیچ زانیاریەکیان نەبوو لەسەر ئەو یاسایە بۆیە وەک تیمەکە بەرچاو ڕونیمان پێدان کە پێویستە ئەو کارە بۆ دواڕۆژی خۆیان بکەن و پشتگوێی نەخەن چونکە مافی خۆیانە، کێشەی خانەنشین کردنی کرێکارنی کەرتە تایبەتەکان تەنها لە چێشتخانەکاندا نەبوو بەڵکوو لە زوربەی ناوەندەکانی کاردا بوونی هەیە.

ئەم بابەتە لە دەنگی کرێکاری ژمارە ٢٠دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *