ئەمانە شایەنی نوێنەرایەتیکردنی مامۆستایان نین!!…

عرفان کریم …

هەروەک زانراوە، یەکێک لە سیفەتە بنچینەییەکانی پیشەی مامۆستایی لەم سەردەمەدا، بریتیە لە زمانپاکی و پێشکەشکردنی ڕەوشت و هەڵسوکەوتی  بەرزی ئینسانی و سەردەمییانە. مامۆستا، بە حوکمی پیشەکەی کە زیاتر پەیوەستە بەپرۆسەی پەروەردەکردنەوە، پێویستە ببێتە نمونەیەک، بۆ ئەوەی خوێندکاران و زانستخوازان لە داهاتوودا، بەهەمان شێوەی ئەو، بتوانن کاریگەریەکی مرۆڤدۆستانەیان بەسەر کۆمەڵگەدا، ڕەنگدانەوەی خۆی هەبێت. کاتێکیش کە دێینە سەرباسکردن لەسەر مەسەلەی نوێنەرایەتیکردنی مامۆستایان لە ئاستی کۆمەڵگەدا، شتێکی سروشتیە کە نوێنەرانی مامۆستایان پێویستە خاوەنی هەمان ئەم سیەفەت و ئاکارانە بن، کە ئاماژەم پێکردن.

گرووپی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی یەکێک بوە لەو دەستە و گرووپانەی،  کە لەم سێ و چوار ساڵەی دواییدا و لەژێر هەژموونی ئەحزابی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی لە نمونەی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی و بزوتنەوەی گۆڕان. هەوڵیانداوە، خۆیان وەک نوێنەری ناڕەزایەتی و خواستەکانی مامۆستایان پێناسە بکەن.

 بەدوای هێرشی ‌ملهوڕانەی هێزە ئەمنیەکانی ژێردەسەڵاتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆسەر کۆمەڵێک کەسی هاوڕەگەزباز لە شاری سلێمانی و دەستگیرکردن و سوکایەتی کردن پێیان، چاوەڕوان دەکرا، ئەو ڕێکخراو  و  گرووپانەی کە ئیدعای نوێنەرایەتیکردنی مامۆستایان دەکەن، لەسەر ئەم کەیسە لانی کەم هەڵویستێکی ئینساندۆستیان هەبێت، بەتایبەت کە بەشێک لەو کەسانە خوێندکارن و لەتەمەندا گەنجن. بەڵام بەپێچەوانەوەی ئەمە، لەبەرواری  ٣ ی ئەم مانگە، (عادل حسن) ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە نوسینێکدا، لە ماڵپەڕی دیپلۆمات مەگەزین ناڕەزایەتی خۆی دەربڕیوە،  لەبەرامبەر هەڵوێستی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا، کە نوسیبویان (ئێمە بە نیگەرانییەوە چاودێریی ڕووداوەکانی سلێمانی دەکەین کە وادیارە چەند ئەندامێکی کۆمەڵەی هاوڕەگەزخوازان دەستگیردەکرێن). هەروەها بەبیانۆی ئەوەی کە حکومەتی ئەمریکا هیچ هەڵوێستێکی نەبوە لە چەند ساڵی ڕابوردودا لەبەرامبەر مەسەلەی نەدانی مووچە و ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایاندا، دەڵێت (ڕۆژێک نەمانبینی قونسڵخانەی ئەمریکا بەشێوەیەکی ئاوها ڕاستەوخۆ  دادکۆکی لە مامۆستایانی دەستگیرکراو وشەهیدکراو بکات) و لەکۆتاییدا بەشێوەیەکی زۆر نەشیاو بەزمانێکی دواکەوتوانە، تەوهین بە هاوڕەگەزبازان دەکات و دەڵێت (بەلای ئەوانەوە گرنگ نییە دەیان چالاکوان  بکوژرێن و دەستگیربکرێن، بەڵام نابێت دوو قوندەر ڕاپێچی زیندان بکرێن). بەڵی ئەمە زمانی ڕەخنە و ئاخاوتنی یەکێک لە مامۆستا و ئەندامە چالاکەکانی  نێو ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیە، کە دەکرا لە فەرهەنگی ووشەدا، چەندین دەستەواژەی سەردەمەییانە هەیە بەکاری بهێنایە لەبەرامبەر کەسانی هاوڕەگەزبازدا. لەڕاستیدا، من لەکاتی ئامادەکردنی ئەم بابەتەدا، زۆرم لەخۆم کرد بۆ نوسیەنەوە و گواستنەوەی ئەو پێناسە تەوهین ئامێزە، چونکە دەستەواژەکە هێندە قێزەوەنە، ئینسان بەتەنها دەکرێ نەفرەت لەم جۆرە زمان پیسیە بکات. بەڵام وەک بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی ماهیەتی مەسەلەکە، ناچاربووم جارێکی دیکە، ئاماژەی پێبکەمەوە.

ئەو هەقییقەتە سیاسیە دروستە کاتێک دەڵێت، جۆری زمانی ڕەخنە و ئاخاوتنی هەر سەرکردە و بەرپرسێکی سیاسی، ڕەنگدانەوەی   ئەو بیروباوەڕە سیاسیەیە، کە ئەو سەرکردە یاخود ئەو کەسایەتیە، بڕوای پێیەتی و کاری بۆدەکات. چەند ڕۆژێک چاوەڕوان بووم تا وەکو ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی هەڵوێستەیەک لەسەر ئەم نوسینەی عادل حسن بکەن و ڕوونکردنەوەیەک بنوسن، یاخود ناڕەزایەتیەک لەبەرامبەریدا دەربڕن، بەڵام لەم بارەیەوە هیچ هەڵوێستێکیان نەبوو.بۆیە پێدەچێت ئەنجومەنەکە، هاوڕابێت لەگەڵ قسەکانی ئەم ئەندامەیان.

مامۆستایانی کوردستان پێوستیە بەهۆشیاریەوە، بڕواننە ماهیەتی سیاسی کەسانێک کەئیدعای نوێنەرایەتی خواستەکانی ئەوان دەکەن. ئەم جۆرە لە زمانی ئاخاوتن و ناڕەزایەتی دەربڕینە، بە هیچ شێوەیەک ناچێتە ناو چوارچێوەی بنەماکانی شێوازی ڕەخنەگرتنی زانستی و سەردەمیانە، بەتایبەت ئاخاوتن و زمانی ڕەخنەگرتنی مامۆستا، کە بەرپرسیاریەتێکی گرنگی لەئەستۆیە، لە پرۆسەی پەروەردەکردنی منداڵان و گەنجاندا. دەکرێ  ڕۆشنتر بڵێین و ڕایبگەێنین کە ئەم جۆرە لە زمانی جنێودان و تانەدان لە کەسایەتی ئینسانەکان، مەترسیەکی جدیە بۆسەر پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن.

٦-٤-٢٠٢١

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *