با کوڕەکانمان جوان پەروەردەکەین تا کچەکانمان ئازادبن …

نووسینی/ تارا ئەحمەد…

کچەکان بێدەنگ مەکەن و مەیانشارنەوە و دایانمەپۆشن و ڕوتیشیان مەکەنەوە بە ناوی مۆدێلەوە، بەڵکو پەروەردەی باشی  کوڕەکانتان  بکەن، کە کاتێک کچێک دەبینن، وەک مرۆڤ سەیری بکەن،  نەک وەک لاشە و سێکس و لاواز و بێعەقل و نەزان.

پرسیارێکی سادە ئەوەیە کە مرۆڤ بۆچی لە مرۆڤ بترسێ؟ . ژن بۆ لە پیاو  بترسێ؟ . بۆچی کچ لە کوڕ بترسێ؟. لە کاتێکدا ئەم دوو مرۆڤە تەواوکەری یەکن بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگا. ئەمە ئەگەر بتەوێت کۆمەڵگایەکی خاوەن موڕاڵی بەرز  دروستکەیت، کە  ڕێزی ژنان و کچان بگرێت.  چونکە ژنان جگە لەوەی وەک پیاوان دەتوانن کاربکەن ، لەگەڵیدا ئەرکێکی گەورەتریشیان هەیە ، ئەویش سکپڕی و دایکایەتیە . من بڕوام وایە لە دایکایەتی بەنرختر و گرنگتر نیە لە ژیاندا، چونکە ئەوە بەردەوامی بە ژیان دەدات.  بۆیە  شاردنەوە و باسنەکردن لە قۆناغەکانی خوێندندا و نەشارەزایی و نەزانی کۆمەڵگاش لە سەر بابەتی سوڕی   مانگانە وسکپری و خۆناساندن وئاڵوگۆڕی لاشەی  منداڵانی هەرزەکاران بە شێوەی زانستی  وایکردوە کە کچان و کوڕان ببنە دوو جیهانی جیاواز و نامۆ بەرامبەر بە یەک.

کۆمەڵگا بە دوو جۆر تاوانی مێژوویی دەکات بەرامبەر بە کچ و دایک و خوشک و ژن ، ئەمەش وا لە ژنان دەکات مرۆڤبوونی خۆیان بیربچێتەوە و ببنە کەسانێکی کەم دەسەڵات و لاواز  ،  ئەوانیش یەکەمیان  خۆڕوتکردنەوە و مۆدێل و دەرخستنیانە و دووەمیشان شاردنەوە و داپۆشینیان و بێدەنگکردنیانە ، کە هەردوکیان بە کاڵا کردنی ژنانە. ژنان وەک خۆیان جوانن و وەک خۆشیان مرۆڤن . وازیان لێبێنن با خۆیان بڕیار لەسەر جلوبەرگی خۆیان و کەسایەتی خۆیان بدەن، لەگەڵ پەروەردەی  بڕوابوون بە خۆ و نزیکی و هاوڕێیەتی کردنی کچەکانتان ،کە گەورەترین و جوانترین دەستکەوتی ژیانە.

پیاو لە ژن  دەبێت ، کەچی بەشێکیان دەستیان دەچێتە خوێنی خوشک و ژن و کچ و هەندێک جار دایکیشیان و کوشتنیان. کەواتە ئەمجۆرە لە  پیاوان جێگەی ترسن بۆ مرۆڤایەتی ، بەڵام ئەمەی من دەیڵێم یاسای دارستان و بیابانە و  پیاوان  وەک جەنگاوەر و شەڕکەر هەژمار دەکرێن و دەسکەوتیشیان لە شەڕدا دەبێت، ژنانیش بەشێکن  لەو دەسکەوتە. ئەمجۆرە لە عەقڵ و بیرکردنەوەی کە لەگەڵ مێژووی مرۆڤایەتیدا هاتووە ، دەکرێت بوەستێنرێت و نەفرەتی لێبکرێت و قەدەغەبکرێت. بۆئەوەی هەم ڕێزی ژن بگەڕێتەوە وەک مرۆڤ ، هەم  ڕێزی پیاوانیش  وەک مرۆڤ نەک جێگەی ترسبن.

  کچەکانتان مەکەن بە قوربانی کوڕەکانتان، پەروەردەیان جیا مەکەنەوە، هەردووکیان مرۆڤن و حەزیان لە ژیانە. لەمەشدا دایکان بەرپرسی یەکەمن ، چونکە لە کۆمەڵگای نیمچە خێڵەکیدا  زۆری بەرپرسیارێتی منداڵان لەسەر شانی ژنانە.  بۆیە خانمەکەم ئەگەر تۆ چەوساویتەتەوە لە لایەن دایک و باوک و براتەوە،  هەوڵبدە تۆ ئەمە دووبارە مەکەرەوە. ئەگەر زوو بەشودراویت پێش ١٨ ساڵان ، نەکەی هەمان هەڵە بکەیتەوە بەرامبەر بە کچەکەت. با کچەکەت ببێتە خاوەن بڕوانامەی خۆی ، چونکە هەر خوێندن و خوێندنەوە و گەڕان و دنیابینین بیر و هۆش و مێشک دەکاتەوە.  

 دووبارە دەیڵێمەوە کە  واز لە کچەکانتان بێنن ، کوڕەکانتان پەروەردەکەن و فێریان بکەن ، مرۆڤ ئازادە ، بەمەرجێک کاریگەریی خراپی نەبێت و بەشی تۆ نەبات. چونکە لە ئازادیشدا مرۆڤ دەتوانێت تەنیا بەشی خۆی هەبێت نەک بەشی ئەوانیتر ببات. هیچ شتێک لە دنیادا نرخی بە ئەندازەی ئازادی گرنگ نیە. هەموو ئەو تیرۆرانەی بە ناوی شەرەفەوە دەکرێن بەدەر لە موڵکایەتی ، مانای نەبوونی ئازادیە ، ئەی پیاوی عەقڵ نێرسالار ، ژن هەرگیز شەرەفی تۆ نیە، هەموو مرۆڤێک شەرەف و موراڵی بە هەڵسوکەوت و مامەڵە و شێوازی قسەکردنیەوەیە .

سەرەتای نیسانی ٢٠٢١

لەگەڵ ئەوەشدا  ژنان پێویستیان بە هوشیاری و ئاگایی هەیە . چونکە زۆرینەی ژنان بەهۆی ترسیان لە پیاوەکانیان یان بەهۆی بێئاگاییان لە ژیان و نەزانینیان دەکەونە بەرامبەر کچەکانیان  و دەیانچەوسێننەوە . بۆئەوەی ئەمە ڕونەدات و بۆئەوەی نەبێت بە کۆیلەی هیچ پیاوێک و کچەکانیشی نەکات بە قوربانی کوڕەکانی،  ژنان پێویستیان بە هوشیاری و تێگەیشتنە. کە بە ڕاستی  لە کۆمەڵگای کوردیدا  ئەم کێشەیەیە دەبینرێت، هەر وەک دەڵێن ئەگەر باوک یان پیاو هوشیاربێت ، واتا یەک کەس هوشیارە، بەڵام ئەگەر دایک یان ژن هوشیار بێت، واتا خێزانێک هوشیارە.

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *