بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی چینی کرێکار! …

 یەکی ئایار بەڕێوەیە. یەکی ئایار ڕۆژێکی گرنگە لە مێژووی خەباتی چینی کرێکار لە ئاستی جیهاندا لەپێناو گەیشتن بە خواستەکان و پارێزگاری لە ژیان و مافەکانی چینی کرێکار، .. کرێکارانی کوردستان لەژێر سایەی دەسەڵاتی خۆماڵی بۆرژوازی کورد و خاوەنکارو خاوەن کۆمپانیاکاندا  لەنێوان  ١٠ تا ١٥ کاتژمێر کاردەکەن. مافی رێکخراوبوون و خۆپیشاندان لە کرێکاران زەوت کراوە. ناڕەزایەتی دەربڕین بۆ کرێکار ئاکامەکەی دەرکردنە لەسەر کار. هەلومەرجێکی سەربازی و ئەمنی بەسەر زۆربەی کارگاو کارخانەکاندا زاڵکراوە. نەبوونی گرێبەست و سەپاندنی هەلومەرجی کۆیلایەتی بەسەر کرێکاراندا بەشێوەیەکی بەربڵاو لە کوردستاندا بەڕێوە دەچێت. تاڵانکردن و بڕینی مووچەی کرێکاران و کارمەندانی حکومی لەلایەن حکومەتەوە بەردەوامە و وەکو رێگاچارەیەك بۆ پاراستنی سامان و قازانجی دەوڵەمەندان و سەرمایەدارانی کورد دەستی بۆ براوە. بێکاری فراوان لەپاڵ نەبوونی بیمەی بێکاری بەسەر دەیان هەزار کرێکاردا بەتایبەتی گەنجاندا سەپێنراوە و تاد….

 لەکوردستان، دەبێ ئەمساڵیش بە هەمان شێوەی ساڵانی ڕابردوو پێداگری لەسەر خواستە سەرەکی و دەستبەجێکانی کرێکارانی کوردستان بکرێتەوەو لەو ڕۆژەدا بە ریزی فراوانی چینایەتیمان لە ناو کارگاو کارخانەو دامەرزاوەکانی کاردا بۆ داواکردنی ئەو خواستانە بێینە مەیدان و بەو شێوەیەی بۆمان گونجاوە کۆبوونەوەو چالاکی جەماوەری ئەنجام بدەین. دەبێ هەر لە ئێستاوە هەڵسوڕاوانی کرێکاری و ڕابەرانی دڵسۆزی چینی کرێکار لەناو کارخانەو دامەرزاوەکان و لە هەموو شوێن ومەیدانێکی کاردا پێکەوە قسەوباس بکەن و لەگەڵ کرێکاراندا گفتوگۆ بکەن و خواستەکان گەڵاڵە بکەن و هاوکات لەگەڵ ناوەندەکانی دیکەدا پەیوەند بگرن و پێکەوە خواستەکانیان تاو توێ بکەن و خاڵە سەرەکیەکانی داواکاریە سەرەکی و گرنگ و دەستبەجێکانی کرێکاران و کارمەندان دەست نیشان بکەن و وەکو خواستێکی سەراسەری کرێکاران و کارمەندان بیکەنە داواکاریەکانی یەکی ئایار و بیخەنە بەردەم کۆمەڵگای کوردستان و میدیاکان و هاوکات بیدەن بە حکومەت بۆ جێبەجێکردن و پەسەند کردنی.

بەڕای ئێمە خواستە سەرەکیەکانی ئەمساڵی کرێکارانی کوردوستان دەکرێ لەم چوارچێوەیەدا دەست نیشان بکرێت:

١/ هەلوەشانەوەی گرێبەستی کاتی، دەبێ هەموو کرێکارێك لە ڕۆژی چوونە سەرکاریەوە بەپێی گریبەستێك کار بکات کە هەموو مافەکانی تێدا بە ڕوونی دەست نیشان کرابێت.

٢/ خاوەنکار بۆی نیە لەسەر دەربڕینی ناڕەزایەتی یان خۆڕێکخستن و کۆبوونەوەی کرێکاران هەڕەشەی دەرکردن لە کرێکار بکات یان لەسەر کارەکەی دەربکات.

٣/ دەبێ ماوەی کارکردنی رۆژانە بە پشووی کاتی نانخواردنەوە لە ٨ کاتژمێر زیاتر نەبێت لە کاری ئاسایی و لەکاری سەختیشدا لە ٦ کاتژمێر زیاتر نەبێت.

٤/ دەبێ لێبڕینی کرێ و مووچەی کرێکاران و کارمەندان بە بیانووی جۆرواجۆرەوە لە هەردوو کەرتی حکومی و ئەهلیدا کۆتایی پێبهێنرێت. مووچە زەوتکراوەکان دەبێ بگەڕێنرێنەوە.

٥/ دەبێ لە یاسای کاردا مافی مانگرتن و کۆبونەوەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین و خۆڕێکخستنی سەربەخۆی کرێکاران و کارمەندان بەڕەسمی بناسرێ.

٦/ ………..

ئەم بابەتە لە دەنگی کرێکاری ژمارە ٢٠دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *