یەکڕیزی ماڵی بۆرژوازی کورد بەسەرپەرشتی پارتی!…

موحسین کەریم…

ڕۆژی ٨/٤/٢٠٢١ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا سەرجەم لایەنە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەکانی کورد بەشداربوون بێجگە لە نەوەی نوێ، کە گوایە خۆیان ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوون!

دڵشاد شەهاب ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە چۆنیەتیی یەکخستنی توانا ناوخۆییەکانی خۆمان بۆئەوەی لە پرسە نیشتمانی و چارەنووسسازەکاندا هەموو لایەنەکان بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە ڕاوێژ لەگەڵ یەکتری بکەین و یەک هەڵوێستی بنوێنین.
هەروەها ووتی هەموو لا لەسەر ئەوە کۆک بووین کە هاوپەیمانییەکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا پێک بهێندرێت و پێکەوە داوای مافەکانی گەلی کوردستان بکرێت !

ئەگەرچی بەپێی بەرنامەی کۆبوونەوەکە چەندین خاڵ و بابەتی دیکە باسکراون، بەڵام خاڵی گرنگ و مەبەستی سەرەکی کۆبونەوەکە هەر ئەوەبووە کە دڵشاد شەهاب ئاماژەی پێکردوەو بە گرنگترین بەندی کۆبونەوەکەی دادەنێت.

نێچیرڤان بارزانی لە پێگەی پۆستی سەرۆکی هەرێمەوە، وەکو سەرۆکی دەزگایەکی نیشتمانی، دەیەوێ خۆی نمایش بکات و پۆستە حزبیەکەی و بەرژەوەندی حزبەکەی بشارێتەوە. دەیەوێ وانیشان بدات کە مەبەست و ئامانجی ئەو بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە. لەسەر ئەم بنەمایەشەوە حزبەکانی بانگێشت کردوە تا ئەوانیش ئەو پێگەیەی لێ قبوڵ بکەن و سیاسەت و داواکاریەکانی حزبەکەی وەکو داوایەك بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە سەرووحزبی و گشتیەکانی خەڵك لێ وەربگرن، بەڵام لەڕاستیدا نێچیرڤان بارزانی، بەم هەوڵەی دەیەوێ سەرجەم حزبەکانی بۆرژوازی کورد، بە ئیسلامی و ناسیۆنالیستیەوە ڕابکیشێت بۆ ژێر ئاڵای پارتی و بەرژەوەندیە سیاسی و دوورمەوداکانی.

پارتی لەڕێگای جۆراوجۆرەوە دەیەوێ هەژمونی سیاسی خۆی بەسەر کوردستان و سەرجەم پرسی کورد لە کوردستانی عێراقدا زاڵ بکات. دەیەوێ پارتی وەکو نوێنەری “کورد” و هەرێمی کوردستان و حکومەت و دەسەڵاتی بڕیاردەری کوردستان لە پەیوەند بە دەوڵەتانی ناوچەکە، ئەمریکاو فەرەنسا و وولاتانی رۆژاوا، حکومەتی ناوەندیەوە بناسێنێ و بڕیاری یەکلاکەرەوە لای ئەو بێت. نێچیرڤان بارزانی لەژێر چەتری سەرۆکایەتی هەرێمدا، ئەم خزمەتە بە حزبەکەی و دەسەڵاتی حزبەکەی و بنەماڵەکەی دەکات! بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان دواهەمین پرس و خاڵە لە ئەجندای سیاسی نێچیرڤان بارزانی و  ئەو حزبانەشدا بە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆنەوە، کە دوێنێ کۆبوونەوە!

نێچیرڤان بارزانی دەیەوێ ماڵی بۆرژوازی کورد لەژێر چەتری حزبەکەی و دەسەڵاتەکەی و ستراتیژی سیاسی حزبەکەیدا رێك بخات، دەیەوێ حزبەکانی بەشدار لە دەسەڵات لەگەڵیدا زیاتر ڕابکێشێتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، دەیەوێ حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی دەستەمۆ بکات و ئەو بۆڵە بۆڵەشیان نەهێڵێ کە لەبەرامبەر حکومەتدا هەیانە بەناوی بەرگریکردن لە ماف و ژیانی خەڵکەوە، تا هەرجۆرە رێگریەکی ناوخۆیی لەناو بنەماڵەی بۆرژوازیدا لەبەرامبەر جێگیربوونی دەسەڵاتی بنەماڵەیی بۆرژوازی کورددا بە سەرۆکایەتی پارتی(کە لە ڕاستیدا و دیفاکتۆ، حکومەت و دەسەڵاتی پارتیە بە شەراکەتی یەکێتی و گۆڕان) نەهێڵێت یاخود کەم بکاتەوە. دەیەوێ دەمیان چەور بکات، تا لەکاتی پێویستدا، وەکو خۆیان دەڵێن لە پرسە هەستیار و نیشتمانیەکاندا، یاریەکە لە پارتی تێك نەدەن. بەتایبەتی لایەنێکی گرنگی ئەم کۆبوونەوەیە بۆ پێشگرتن بە سەرچڵیەکانی یەکێتی نیشتمانی بوو بۆ دروستکردنی پەیوەندی یەکلانەیەوە و ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەغدا لەژێر ناوی پرسی لامەرکەزیدا، کە ڕاستەوخۆ دژایەتی سیاسەت و ئەجندای پارتی بوو، وە ئامانجەکەشی لاوازکردنی پارتی و دەسەڵاتی پارتی بوو لە بەرامبەر حکومەتی ناوەندیدا. ئەم ئەجێندایەی یەکێتی لەم کۆبوونەوەیەدا بەجۆرێك پاشەکشەی پێکراو وەکو دڵشاد وەهاب دەڵێت هەموو کۆك بوون لەسەر پێکەوە کارکردن و یەكڕیزی لەبەرامبەر حکومەتی ناوەندیدا! ئەم کۆبوونەوەیە لەلایەکی دیکەوە جەوهەری  هەلپەرستانەو ساختەبازیی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی کوردستانی زیاتر نیشان دا کە ئامادەن لەپێناو ئیمتیازاتی سیاسی و دەسکەوتی مادی بۆ خۆیان، لەوکاتەدا دەسەڵاتی چەوسێنەرو تالانچی و دژ بە خەڵکی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی پارتی پێویستی بێت، ئامادەن دەست لەسەر سنگ بوەستن و خزمەتی خۆیان پێشکەش بکەن لەژێر ناوی پاراستنی بەرژەوەندیە گشتی و نیشتمانیەکانی گەلی کوردستاندا!

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *