بەرەو ئایار !!…

وەستا  مەهدی …

یەکی ئایار رۆژێکی گرنگە لەمێژووی بزوتنەوەی کرێکاری لە ئاستی جیهاندا. بۆ ئێمەی کرێکارانی کوردستانیش گرنگی خۆی هەیە. پێش هاتنی ئەو رۆژە  لەرێگای رێکخراوەکان و بەهەوڵو تێکۆشانی هەڵسوراوانی کرێکاری و ئەوهێزوحزبانەی کە خۆیان بە بەشێك لەچینی کرێکار دەزانن، ئامادەکاری بۆ دەکرێ و کۆمیتەو ئۆرگانی تایبەت بە رێورەسمی یەکی ئایار دادەمەزرێ. ساڵانە بەشێکی گرنگ لە کاری کۆمیتەو ئۆرگانە تایبەتەکان بە مەراسیم، ئامادەکردنی لائیحەی ئەوخواستانەن کە کرێکاران خەباتی لەپێناودا دەکەن و دەیکەنە پلاتفۆرمێك و وەكو خواستە دەستبەجێکانی کرێکاران، هەم کرێکارانی لەدەورکۆدەکەنەوەوهەمیش دەخرێتە بەردەستی دەسەڵاتداران و خاوەنکارەکان بۆقەبوڵ کردنیان وداننان پێیاندا و بەرەسمی ناسینیان.

بەداخەوە سەرەرای خەباتی بەردەوامی کرێکاران و روبەروبونەوەی بەردەوامی کرێکاران بەرامبەر بە خاوەنکارو دەسەڵات لەهەرێمی کوردستان، هێشتا کرێکاران لە هەلومەرجێکی زۆرخراپ وشێوەی کۆیلاتیدا کاردەکەن. ئەگەرچی یەکی ئایار لەدژی بارودۆخی سەختی کارکردن بوو، لەیەکی ئایارو بەخەباتی یەکگرتوانەی چینی کرێکار خاوەنکارو دەسەڵاتدارانیان پاشەکشەپێکردو سەعاتکاریان لە ١٤-١٥سەعاتەوە کردە ٨سەعات وە لە گشت مادەو برگەکانی یاساکاری ووڵاتانی دنیادا جێگیرکرا، بەڵام ئێستا لەهەرێمی کوردستان ئەو مافە یاساییە پێشێل کراوەو رۆژانە لەزۆربەی ناوەندە کانی کاردا سەعات کاریان درێژ کردوەتەوە و کرێی کرێکارانیش بەهیچ جۆرێك بەشی ژیانێکی کولەمەرگیش ناکات و زۆربەی چینی کرێکار بە چەند پلە لەخوار هێڵی هەژاریەوەن.

سەرەرای ئەوەی کە لە یاسای کاری تازەی عێراقدا( ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠١٥)دا ئیشارەت بەجۆرێك لە مافی فرەرێکخراوبون دراوە، بەڵام ئەو یاسایە لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە وەستێنراوەو کاری پێناکرێ. مافی رێکخراوبون بەرەسمی نەناسراوەو هێشتا تەنها سەندیکاکانی بەرەی کودستانی خۆیان بەنوێنەری کرێکاران دەزانن. ئەوەی کە لە بەرژەوەندی کرێکاران بێت، ئەو سەندیکا بەرەییە بەلایانداچن وتەنها لەقازانجی خاوەنکارو کومپانیاکان کاردەکەن. هێشتا یاسای کار هەرئەو یاسایەیە کە پێش ٥٠ساڵ دەرچووەو بەکەڵکی ئەم سەردەمە نایەت، ئەگەرچی هەندێ مادەو برگەشی تیدایە کە ئەگەرجێبەجێ بکرێت دەتوانرێ سودێك بەکرێکاران بگەیەنێت، بەڵام ئەوەش لەسەر رەفەکانەو تۆزی لەسەر نیشتوە.

 لەراستیدا چینی کرێکاری کوردستان کێشەوگرفتی زۆری هەیە، کە بەبروای من لەهەموویان گرنگتر مافی ئازادی رێکخراوبونە و شکاندنی ئەو تەوقە ئەمنیەیە کە شوێنکاری کرێکارانی کردوەتە سەربازگە. کرێکاران فرسەتی ئەوەیان نییە لەدەوری خواستەکانیان کۆببنەوەو لەریزی رێکخراوی خۆیاندا روبەروی خاوەنکارو دەسەڵات ببنەوە. هەوڵدەن یاساکارێکی کرێکاری پێشرەو بەسەر خاوەنکارو دەسەڵاتدا بسەپێنن و کۆتایی بە کێشەکانیان بهێنن. لەهیچ شوێنێکی دنیادا نییە کە هەزارەها کرێکار رۆژانە لە ناوەندە جۆراوجۆرەکانی کاردا کاربکەن، بەڵام  یاسایەك نەبێت پەیوەندی ماف و بەرپرسیارێتی نێوان خاوەنکارو کرێکار دیاری بکات، کە لەڕاستیدا دەستی خاوەنکار ئاواڵەیەو تەنها مافەکانی کرێکار دیاری نیەو هیچ رێکارێكی یاسایش نیە کە پارێزگاری لە خۆی و لە مافەکانی بکات. لەهیچ شوێنێکی دنیادا نییە کە سێ بەشی خەڵکەکەی کرێکاربێت، بەڵام لایەنێكی ڕەسمی  نەبێت خۆی بە بەرپرس بزانێت لەدابینکردنی ژینگەیەکی تەندورست بۆ کارو ژیانی کرێکاران.

بازاری کار لەهەرێم بازارێکی تەواو دژە کرێکاریەو کرێکاران بەردەوام لەکێشەدان لەگەڵ دەسەڵات وخاوەنکاردا. ئەم هەلومەرجە سەختە هاتنەمەیدانی هەڵسوراوانی کرێکاری وکومۆنستی دەوێت. ئەگەر لەسەر خواستە دەستبەجێکانی کرێکاران قسەبکەین بۆئەمساڵ ئەوە دەتوانین لیستێك لەوخواستانە بخەینەروو کە چەند ساڵە لائیحەیەکی نەگۆرن وهەموو ئایارێك دەخرێنە بەردەستی دەسەڵاتداران، بەڵام هێشتا بێوەڵامن. لەوانە؛

یەکەم/ دابینکردنی سەلامەتی شوێنی کار، دوەم/مافی ئازادی رێکخراوبوون، سێهەم/گێڕانەوەی قازانجی ساڵانە، چوارەم/هەڵوەشانەوەی گرێبەستی کاتی، پێنجەم/بیمەی بێکاری یان کاری گونجاو بۆگشت ئامادەبوانی بەکار، شەشەم/ گۆرینی یاسای کار، حەوتەم/گێرانەوەی پشووە رەسمیەکان، هەشتەم/دیاریکردنی لانی کەمی کرێ بەپێی پێداویستیەکانی رۆژانەی خێزانێکی کرێکاری..هتد لەوخواستانەی کە هەمیشە خەباتی بۆدەکەین.

بەڵام ئەبێ کریکاران ئەوەمان لارۆشن بێت کە دەستەبەرکردنی هەموو ئەو مافانەو ناچارکردنی خاوەنکارو دەسەڵات بەملدان بەمافە رەواکانمان، پێویستی بەهاتنەمەیدانی هێزی چینایەتیمان و رێکخراوبونمانە لەدەوری خواستەکانمان. بەهەر ئەندازەیەك رێکخراو و یەکگرتووبین بەو ئەندازە دەتوانین مافەکانمان دەستەبەرکەین. مێژووی بزوتنەوەی کرێکاری دەیان دەرسوتەجروبەی بەنرخی تێدایە کە بۆتەمایەی دەستەبەرکردنی ژیانێکی باشتر، بەوهیوایەی کرێکارانی کوردستان بتوانین لەم یەکی ئایارەدا دەورەیەکی تازە لەخەبات دەست پێبکەین و بەرەو ژیانێکی باشتر هەنگاوبنێین .

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *