”سووپر لیگ” ی ئەوروپی بۆچی؟ …

سالار حەمەسەعید …

دوێنێ هەواڵی دامەزراندنی ”سوپر لیگ”ی ئەوروپی کەوتە ناو میدیاکانەوە و بووە بابەتی سەرەکی تەواوی رۆژنامەو کەناڵە تەلەفیزیۆنیەکان لە بەریتانیا و دڵنیام لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپیشدا. تەنانەت ” بۆرس جۆنسن” ی سەرۆک وەزیران هاتە قسە لەسەر ئەم بابەتە و بۆچوونی خۆی خستە ڕوو. لەبەرئەوەی دامەزراندنی یەکیەتیەکی نوێی فووتبۆڵ لەژێر ناوێکی تر و تەواو جیاواز لە لیگەکانی ترەو جێگرەوەی چامپیۆنز لیگە کە دادەنرێ بە بەهێزترین لیگەکانی ئەوروپا و جیهان. هەربۆیە لە پریمیەر لیگی ئینگلیزی ٦ یانە و لە لیگەکانی تر ژمارەی تر کە بەکۆ دەشی ٢٠ یانەیەک بن لەکۆی چەند یانەیەکی ئیسپانیاو ئیتالیاو ئینگلتەرەو هتد، ئەوەی شایەنی باسە یانەکانی ئەڵمانیا دژی ئەم سووپەر لیگە وەستاونەتەوە وە پەیوەستبوونیان بەم لیگەوە ڕەتدەکەنەوە.

ئەگەر لەوباڕەدابین کە ئەمە هەواڵێکی سەرسوڕهێنەرە، ئەوە بێئاگاییمان دەگەیەنێ لە زانینی ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەی کە ساڵەها ساڵە لەنێوەندی وەرزشیدا هەیەو بێخەبەرین لێی. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، بیستنی بیروبۆچوونی خەڵکانێکە کەلەوباوەڕەدان یاری فووتبۆڵ و یاری نێوان تیپەکان لەپێناو تەماشەکەران و بینەرانی یاری فووتبۆڵ دابێت و ئامانج لەزەت وەرگرتن بێت لە بینین و تەماشاکردنی. بەداخەوە هەرگیز ئامانج لە وەرزشی فووتبۆڵ چیژوەرگرتن نەبووە بەڵکو هەدەف و ئامانجی کۆتایی لەم وەزشە تەنها و تەنها قازانجکردن و کەڵەکەکردنی سەرمایەبووە.

هەر پاش ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە ٦ یانەی گەورەی ئینگلیزی پشتیوانی و پەیوەستبوونیان بەم ” لیگە ” ەوە ڕاگەیاند. ئەو ٦ یانەیەش کە هەڵبژێردراون کە پەیوەستبن بەم لیگەوە لەڕاستیدا لەسەربنەمای باشتریندا نیە بەڵکو لەسەر بنەمای دەوڵەمەندترین دایە، بۆنموونە ناکرێ تۆتنهام دابنرێ لە ریزی باشتریندا ئەگەر سەیری ڕابردووی بکەی . هەروەک دەزانین تەنها جارێک کە تۆتنهام گەیشتە فایناڵی چەمپیونز لیگ ساڵی ٢٠١٩ بوو. کەواتە لەسەر بنەمای سەرمایەکەیەتی نەک توانا و ئاستی تیپەکەی. ئارسناڵیش بەهەمانشێوە لە ١٩٩٤ەوە خەڵاتی جامی ئەوروپای وەرنەگرتووە. پاڵنەری سەرەکی دامەزراندنی ئەم کارتێلە بریتیە لە قازانج و هەرچی زیاتر قازانجە بەتایبەتی لەم سەردەمی کۆرۆنایەدا کە یاریگاکان داخراون. هەر لەبەر ئەوهۆیە واتە لەبەرهەرچی زیاتر کۆکردنەوەی سەرمایە دەستیانداوەتە دروستکردنی کارتێلی گەورەی قۆرخکردنی یاری فووتبۆڵ لەدەستی کۆمەڵێک سەرمایەداری گەورەدا. هەر بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی دروستبوونی ئەو سووپر لیگە، دوو یانەی گەورەی ئیتاڵی یوڤێنتس و ئەی سی میلان پەیوەست بوونیان بە سووپر لیگەوە ڕاگەیاند و دوابەدوای ئەوانیش ٦ یانەی ئینگلیزی، لڤرپووڵ و مانچستەر یونایتد و مانچستەر ستی و چێڵسی و ئارسناڵ و تۆتنهام پەیوەستبوونی خۆیان ڕاگەیاند.

سەرمایەداری هەموو جومگەکانی کۆمەڵگای گرتۆتەدەست و لەپێناو کەڵەکەکردنی سەرمایەکەیدا پەنادەباتە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگا و وەرزشیش لەم بوارانە بەدەر نیە. ئەڵبەتە تازە نیە کە سەرمایەداری ڕوویکردۆتە ئەم بوارە لە سەرمایەگوزاری بەتایبەتی لە وڵاتانی ئەوروپادا هەر لەسەرەتاوە لە وەرزشەوە گۆڕاوە بە بواری سەرمایەوەبەرهێنان بەڵام ئێستا شەڕەکە توندتربۆتەوە و گۆمەکە قووڵتربۆتەوە و بە ملیارەها دۆلار و پاوەند دەخرێتە ئەم لیگەوە بۆ هەرچی زیاتر قازانجکردن لەماوەیەکی کورتردا و تەئمینکردنی سەلامەتی و گێڕاندنەوەی دڵنیایی بۆ سەرمایەوەبەرهێنەکان وە ئامادەکردنی جەو و ئەتمۆسفیرێکی ئارام و بێکێشە بۆ سەرمایەکانیان کە دەیخەنە بواری وەرزشەوە.

هەروەها ئەوەش پێویستە بوترێ کە هەرکەس ولایەنێکیش لەبەرامبەریاندا بوەستێتەوە ئەوا لەبەرچاوی خۆیانی ناهێڵن و بەربەستەکان لادەبەن بۆنموونە ”جۆزیە مۆرینیۆ” ی بەڕێوبەری یانەی تۆتنهام هەردوێنێ سەرلەبەیانیەکەی ١٩ی ئەیپرڵ کە رۆژی بڵاوبوونەوەی هەواڵی سووپر لیگەکەیە لەسەرکار لابرا، ئەگەرچی دەوترێ کە لەبەر کارکردی بووە لە یانەی تۆتنهامدا بەڵام ئەم قسەیە دوورە لەراستیەوە چونکە تا ئەوبەیانیە واتە ١٩/٤ هیچ هەواڵێک لەدەرکردنی مۆرینیۆ نەبوو. کەواتە دەرکردنەکەی پەیوەندی هەبووە بە ڕەتکردنەوەی بووە بە پەیوەستبوون بە سووپر لیگەوە.

٢٠/٠٤/٢٠٢١

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *