کۆبونەوەی بێ ئاکام! …

عەبدوڵا مەحمود …

سەرەتای ئەم مانگە جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ژێر چەتری سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا، بانگهێشتی حزبە سیاسیەکانی کرد بۆ کۆبونەوەیەکی هاوبەش. لە ٨ مانگدا کۆبونەوەکە بە بەشداری زوربەی زۆری کەسی یەکەمی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەسترا. هەموو حزبە سیاسییەکان بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە، بەشداری کۆبونەوەکەیان کرد، بەمەش ملکەچی خۆیان بۆ سەرۆکایەتی هەرێم!!، و پارتی دەرخست.

دوای ڕێکەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان، پارتی خۆی بەسەرکەتوو زانی و وەکو وەرگرتنی تاجی شاهانە!! تەماشای ئەم پرسەی کرد. هاوکات یەکێتیش کە سەرۆکی وەفدی دانوستاندکار لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی بەغدا بوو، خۆی بەلایەنێکی گرنگ لەو سەرکەوتن و بەدەستهێنانی تاجی شاهانەیەدا دەزانی. حزبەکانی تریش لەژێر ناوی هاوڕایی لەسەر پرسە نیشتیمانی و نەتەوەیەکاندا!! گەیشتنی وەفدی هەرێم بە ڕێکەوین لەگەڵ بەغدایان، بە وێنەی سەرکەوتنێکی گرنگ تەماشا دەکرد، بۆیە هەموویان بە میداڵی سەرکەوتنەوە بەرەو پیری کۆبونەوەی سەرۆکایەتی هەرێم!! رۆشتن. ئامانجی هەرکام لەو حزب و لایەنە سیاسیانەش بۆ بەشداری لەو کۆبونەوەیەدا، بۆ خستنەڕووی دڵسۆزی و نمایشکردنی بەشداریکردنیان بوو لە جێگیرکردنی بودجەدا. لەو راستایەشدا چاوەڕوانی بەشداری سیاسی زیاتر لە پرۆسەی سیاسی هەرێم و  لەهەمان کاتدا چاوەروانی بەشی زۆرتر لە داهاتی هەرێم و بودجەن.

پارتی بە وێنەی حزبێکی پاوانخواز و خاوەن بریاری سیاسی لەسەر ئاستی هەرێم و لەپەیوەند بە بەغداش کە هەڵگری خەت و ئەجندای سیاسی رۆشنی خۆیەتی، جێگیرکردنی پشکی بودجەی هەرێمی بە سەرکەوتنێکی میژووی خۆی تەماشاکرد، بۆیە لە پێگەی هێزێکی سەرکەتوو وە پێداگر لەسەر خواستەکانی بۆرژوازی کورد بانگەوازی کۆبونەوەی حزبەکانی کرد، تا لەو ڕێگایەوە هەم توانستی خۆی بە حزبەکان نیشان بدات و هەمیش  بانگەوازیان بکات، بۆ کردنەوەی دەورەیەکی نوێ لە پەیوەندیەکانیان و کەمکردنەوەی گرژییە بەردەوامەکان، بە تایبەتیش کەمکردنەوەی گرژی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕاندا، کە هاوبەشن لە حکومەت کارتۆنی و لە دنیا واقعیشدا خاوەنی دەسەڵاتی زۆنێکی تایبەتی هەرێمن.

ساڵ و نیوی ڕابردوو، دەورەیەکی تایبەت لە پەیوەندی و گرژی نێوان حزبەکان بوو. لەگەڵ ئەوەدا زۆربەی… حزبەکان بە تایبەتیش یەکێتی و گۆڕان بەشدار لەحکومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی تاڵانچی هەرێمن، بەڵام هەمیشە لەبەرامبەر بە پێگە و دەسترۆشتووی پارتیدا، لە ئاستی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و میدیاییدا، وەکو ئۆپۆزیسیۆنی حکومەت!! و دەسەڵات دەردەکەون، بەتایبەتیش لەدۆخی نارەزایەتی فراوانی جەماوەریدا دەیانەوێت بەخۆ دەرخستنیان وەکو ئۆپۆزیسیۆن، لەلایەکەوە خۆیان بە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری هەڵبواسن و لەلایەکی تریشەوە گوشار بخەنە سەر پارتی تا پشکی پۆست و داهات و بەشداری سیاسی زۆتریان بۆ بەفەرمی بناسێت.

پارتی کە ئاشنای مامەڵەی بودەڵەی حزبەکانەو دەستی حزبەکانی لای کەشفە، لە ساڵ و نیوی رابردوودا هەر بانگەوازێکی بۆ کۆبونەوەی حزبەکان کردبا، حزبەکان لەدۆخی بێ موچەیی و لێبرینی موچە و تورەیی جەماوەری و ئاڵۆزی پەیوەندیەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدادا، ئامادەی کۆبونەوە لەگەڵ پارتی و جێگری سەرۆکەکەی نەدەبوون، بۆیە پارتی لە هەڵبژاردنی ئەو تەوقیتەدا کە دوای رێکەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر پشکی بودجە بوو، توانی حزبەکان رابکێشێتە بەردەم بارەگای ڕەحمەتی خۆیی و کۆبونەوەکە بەبەشداری زوربەی حزبەکان سازدرا.

کۆبونەوەی جێگری سەرۆکی پارتی لەگەڵ حزبەکان، لەگەڵ ئەوەدا بەپێی سەرچاوە نزیکەکان لە کۆبونەوەکە، نەیتوانییوە تەبایی بخاتەوە جێگای گرژیەکان و ریزەکانیان ڕیک بخاتەوە، بەڵام ئەوە هیچ لەو راستیە کەم ناکاتەوە کە پارتی بەم کۆبونەوەیەی گورزیکی تری سرەواندە بۆڵەو نارەزایەتی حزبە سیاسیەکان و هەموویانی ناچار کرد، ئامادەی کوبونەوەکە ببن.

دیارە هێشتا روون نییە چارەنووسی ڕێکەتنی بەغداو هەولێر لەسەر بوجە، چۆن دەبێت و تا چەندە بڕ دەکات، بەڵام ئەوە دیارە کە پارتی کاراکتەری سەرەکی ململانێی لەگەڵ بەغدا و لایەنی زاڵی سەر گۆرەپانی سیاسی کوردستانەو پرسی بودجە و پرسە سیاسیەکانی تریش لە پەیوەند بە کوردستان و عیراق و ناوچەکە، لە ژێر هەیمەنەو دەسەڵاتی پارتیدایە، هەر ئەوەش وای کردووە کە حزبە سیاسیەکانی تری هەرێم، سەرباری هەر رەخنەو زبری و ئاڵۆزییەک کە لەگەڵ پارتی هەیانە، هەمیشە چاو لەدەستی پارتی بن، بەتایبەتیش کە حزبەکانی تری ناو خانەوادەی بۆرژوازی کورد، هەڵگری هیچ پەیام و ئەجنداو پرۆژەیەکی سیاسی دیاریکراو و سەربەخۆ نین و زۆتر لە چوارچێوەی کاردانەوەو نارەزایەتی روکەشدا دەردەکەون.

بە کورتی کۆبونەوەی جێگری سەرۆکی پارتی لەگەڵ کەسی یەکەمی حزبە بۆرژوازییەکانی کورد، لە دوای ڕیکەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر بەشی بوجە هەرێم، هەنگاوێکی بەنەخشەی پارتی بوو بۆ خاوکردنەوەی گرژییەکانی نێوان خۆی لەگەڵ حزبەکانی تر… بەڵام چ لە کۆبونەوەی لەگەڵ حزبەکاندا و چ لەدوای ڕیکەوتنی لەگەڵ بەغداش، پرسی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کورستان، موچەو دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، ماف و ئازادییەکان، پرسی ئاییندەی سیاسی کوردستان… هیچ جێگایەکیان نەبوو، ئەمەش ئەو راستییە نیشان دەدات ریزی حزبەکانی بۆرژوازی کورد تەبا بیت یان ئاڵۆز، لەگەڵ بەغدا پەیوەندیان ئارام یان گرژ بێت… هیچ لەو راستیە ناگۆڕێت، کە بۆرژوازی کورد ناتوانێت لە ئاستی وەڵامدانەوە بە خواستە زۆر سەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستاندا بێت و هاوکاتیش ناتوانێت نارەزایەتی جەماوەری خەڵکی کوردستان لە پێناو ماف و خواستەکانیدا پاشەکشە پێ بکات. لە هەمان کاتدا کۆبونەوەی جێگری سەرۆکی پارتی لەگەڵ حزبەکان، ناتوانێت ڕیگایەک بێت بۆ دەستەمۆکردنی نارەزایەتی جەماوەری لەڕێگای ئەو حزبانەوە کەخۆیان بەشێکن لە دەسەڵاتی دزی و تاڵانچی هەرێم. 

لەگەڵ ئەوەدا خەڵکی کوردستان، باجی ململانێ و گرژی حزبە سیاسییەکانیان داوە و دەزانن ئەم حزبانە لەگەڵ یەکتریشدا ناتوانن ململانێیەکی شارستانی بکەن، و ئامادەن لەسەر دەسەڵات و دزینی زۆرتری داهاتی هاوڵاتیاندا، یان لە کێبەرکێیاندا بۆ خۆشخزمەتی بە وڵاتانی ناوچەکە کارەسات بخولقێنن. بەڵام هاوکات هیچ بڕوایەکیان بەم کۆبونەوانە نییە و دەزانن دەردێک لەهەزاران دەردی ئەم کۆمەڵگەیە تیمار ناکات و ئەم کۆبونەوەیەش کۆبونەوەی بێ ئاکامە.

ناوەڕاستی ئەپریلی ٢٠٢١

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *