ئەزمونێکی شیرینی کۆمۆنیستی و کرێکاری!…

له یادی شاپور عبدالقادر و قابیل عادلدا …

نووسینی: ئیبراهیم حسێن …

٢٣ ساڵ لەمەوبەر، لە پیلان و نەخشەیەکی هاوبەشی ئاشکرادا ئیسلامیەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان، دەستیان برد بۆ تیرۆرکردنی دوو لە ڕابەرانی کۆمۆنیستی کۆمەڵگەی کوردستان. هۆکاری ئەم دەست تێکەڵکردن و پیلانە هاوبەشەی ئەم دوو هێزە بۆرژوازییە، لە بنەڕەتیترین ئاستیدا ئەوە بوو کە کۆمۆنیزم جارێکی تر ڕابکێشنەوە کەنارە تاریکەکانی کۆمەڵگە و دووری بخەنەوە لە مەرکەزی هێز و دەرفەتی پەیوەست بوونی چینی کرێکار و جەماوەری بێبەش، ژنان و لاوان بە کۆمۆنیزم و ئازادیخوازیی کۆمۆنیستی لە جەنگیاندا لەپێناو ئازادی و خۆشبەختی و ڕزگار بوونیان لەو کۆنەپەرستیە بۆرژواییەی کوردایەتی و ئیسلامی و ڕزگاربوون لە کۆیلایەتی کاری بەکرێ دابخەن. لەیەک وشەدا هەوڵ و نەخشەیەک بوو بۆ ئەوەی کۆمۆنیزم و کاری کۆمۆنیستی و سیاسەتی کۆمۆنیستی و ڕابەری کۆمۆنیستی، ناچار بکا بەگەڕانەوە بۆ شێوەکاری مەحفەلی و ژێرزەمین کاری و خەریککردنی بە کاری گروپی فشارێکی بێ زیان و وێڵکردنی کۆمەڵگە و دەعوای سەرەکی لەسەر دەسەڵات و ژیان و نان و ئازادی و چارەنووسی کۆمەڵگە.کۆمۆنیزمێک کە بۆ یەکەمجار و دوای مێژوویەکی دورودرێژ لە ناوچەکەدا سەری دەرهێنابوو کە بە پێچەوانەی هەموو کۆمۆنیزمی تا ئەوکاتە باو، بەنیاز نەبوو لە گۆشەکانی کۆمەڵگەوە، لە کەنارەوە چاوەڕوانی ئەوە بکا چارەنووسی دیاری بکرێ، چاوەڕوانی ئەوە بکا بکرێتە قوربانی و لێبگەڕێ کۆنەپەرستی بۆرژوایی کوردایەتی و ئیسلامی، بەکۆنەپەرستانەترین شێوە ژیان و چارەنووسی ئەم نەوەیەی چینی کرێکار و مرۆڤایەتی بێبەش دیاری بکەن، شتێک نەبوو کە هەروا بۆرژوازی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو، بتوانێ بوون و هەڵسووڕانی سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی قبوڵ بکا. 

هەربۆیە تیرۆری شاپور عبدالقادر و قابیل عادل، تیرۆرێکی سادە نەبوو، بەڵکو  بەشێک لە ئیقدامێکی ستراتیژیتری جەنگی بۆرژوازی قەومی و ئیسلامی بوو لە دژی کومۆنیزم و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کە ئامانج لێی لێدان لە ئیعتیماد و متمانەی چینی کرێکار و کۆمەڵگە بە چەپ و کومۆنیزم بوو. دواتریش سەرەنجامی مەنتیقیی ئەو هێرش و جەنگەیان تا ئاستی هێرش بۆ بوارەکانی تری دەرکەوتنی ئەو خەت و هێزە ڕادیکاڵە ڕاکێشا و بە داخستن و بەستنی ڕێکخراوەکانی ژنان و منداڵان، سەرەتای کۆنەپەرستییەکی بێ وێنەی بۆرژواییان، لە هەولێر و کوردستان داکوتا. بە بێ ئەمە، بە بێ لێدانی کۆمۆنیزم و دوورخستنەوەی ئەوەی کرێکاران و جەماوەری ببێبەش دەستیان بە کۆمۆنیزمی خۆیان، بە ڕابەرانی کۆمۆنیستی خۆیان ڕابگا، ئەم کۆنەپەرستییە بۆرژواییەی کوردایەتی نەیدەتوانی بەو جۆرەی ئێستای سەر بگرێ.

بۆرژوازی لە زمانی پارێزگاری هەولێر، بە ڕاشکاوی هەمان ئەو شتەی بە ڕوونی بە شاپور ڕاگەیاند‌بوو کە لەم کۆمەڵگەیەدا یان ئێمە دەبین یان ئێوە، کۆمەڵگە یان دەبێ بە دەستی ئێمەوە بێ یان ئێوە و ئەو شارە ناکرێ دوو پارێزگاری هەبێ.

ئەم ترس و فۆبیایەی بۆرژوازی واقیعی بوو، چونکە کۆمۆنیزمی شاپور و قابیل، کۆمۆنیزمی ناو دڵی هەمان ئەو ژنە کرێکار و زەحمەتکێشانەی گەرمیان بوو، قسەی دڵی هەمان ئەو ئاوارە کۆڵ بەکۆڵانەبوو کە ئەو دنیایە بەو پانتایی و فراوانییەی خۆیەوە، شوێنێکی بە ناوی ماڵ و خانوو پێ ڕەوا نەبینیبوون و لە سایەی دەسەڵاتی کوردایەتیدا ناچار بە ژیان لە کۆڵبەرنشینی کرابوون، هاواری ناخی ئەو لێشاوە گەورەیە بوو کە تەنها شانسێک کە لە ژیان پێیان بڕابوو، هێزی کار فرۆشتن بوو ئەویش ئەوەندە هەرزان کە بە ئاستەم بەشی دووبارە هێز بەبەرداهاتنەوەیان بکا. چونکە کۆمۆنیزمێک کە شاپور و قابیل هێنایانە زمان کۆمۆنیزمێکی سادە و قوڵ و شۆڕشگێڕ بوو بە هەمان سادەیی خواستی مرۆڤ بۆ ژیان، بۆ ئازادی و یەکسانی و خۆشبەختی، بە هەمان سادەیی و قووڵی بێزاری مرۆڤ لە ڕەزالەتی چینایەتی، لە هەڵاواردن و بێبەشی، کۆمۆنیزمێک بوو کە ئامادە نەبوو قسەکانی به منجەمنج و لەژێر لێوەوه بکا، ئاماده نەبوو بچێتەوه ژێر زەوی و خەریکی دنیای خۆی و کاری لاوەکی و گروپی فشارێکی بێوەی بێت. دەوری شەریکی بچوکی مەسەلەکانی کۆمەڵگە قبوڵ بکا و لە دوورەوە خەون بە ئایندەوە ببینێ و کاری بە چارەنووسی کۆمەڵگە و دەسەڵات و هێزەوە نەبێ، ئاماده نەبوو لەسەر مەسەلەی ئازادی و یەکسانی سازش بکا و ئازادی تیکه تیکه بکا و قسەی ئەمڕۆی بخاته سبەی و بیسپێرێ به ئایندەیەکی دوور و نادیار، بەڵکو کۆمۆنیزمێک بوو کە بەنیاز بوو زەوی و ئاسمان و ماددە و هۆکارەکانی ژیانی ئازاد و خۆشبەخت و کۆمەڵگە،  لەدەستی ئەو کەمایەتییە سەرمایەدارە، دەربهێنێ.

ئەوان کۆمۆنیزم و ئازادیخوازی کۆمۆنیستی و ڕابەڕایەتی کۆمۆنیستییان بردە ناوەڕاستی کۆمەڵگە، جەرگەی کێشمەکێش و دەعوای چینایەتی لەسەر ژیان، لەسەر نان و لەسەر ئازادی و خۆشبەختی و لەسەر ڕەتکردنەوەی بێمافی و هەژاری و هەلومەرجی باو لەبەرامبەر بۆرژوازی کوردایەتی، لەبەرامبەر کۆنەپەرستی نەتەوەیی و ئیسلامیی بورژوایی دەسەڵاتدار و ڕاستەوخۆ چینی کرێکار و ئۆردووی مرۆڤایەتی بێبەشیان بۆ یەکگرتنێکی چینایەتی لە دەوری ئەو پەرچەمە ڕادیکاڵە کۆمۆنیستییە بانگەواز کرد.

 ڕێک بەهۆی ئەم سووربوونە لە نوێنەرایەتیکردنی ڕادیکاڵ و بێ منجەمنجی قسەی دڵی چینەکەی خۆیان و مرۆڤایەتی بێبەش، لە جەرگەی کێشمەکێشی سیاسی وکۆمەڵایەتی، لەبەرامبەر کۆنەپەرستی بۆرژوایی نەتەوەیی و ئیسلامی، گۆڕان بە ڕابەرانێکی شیرینی دەورەیەک لە بەرەنگاری و پەلاماری چینایەتی لە مێژووی کۆمەڵگەی کوردستان. بەڵگەی ئەو ڕاستییە کۆمەڵایەتییە بوو کە لە هەر کوێیەک چینی کرێکار و ئۆردووی مرۆڤایەتی بێبەش ئەو کۆمۆنیزمە و ڕابەرانی ئەو کۆمۆنیزمە لە ناوەڕاستی جەنگ و مقاوەمەتی خۆیدا پەیدا بکا و ئامادەیی ئەوەی تێدا شک بەرێ، کۆمۆنیزم و ڕابەرایەتی کۆمۆنیستی وەک پەرچەمی “نا”ی خۆی، بە بەربەرییەتی سەرمایە و دەسەڵاتی چینایەتی ئەو کەمایەتییە، هەڵدەبژێرێ.

 لە کۆتایی دەورەیەکدا و پاش بیست وسێ ساڵ لە تیرۆری ئەو دوو ڕابەرەی کۆمۆنیزم و چەپی کرێکاریی، جێگەی خۆیەتی بگەڕێینەوە و هەمان قسەی پارێزگاری ئەوکاتی هەولێری دەسەڵاتی ئەمڕۆی هەولێر بیر بهێنینەوە کە وتبوی ئەو کۆمەڵگەیە و هەولێر ناتوانێ دوو پارێزگاری هەبێ، یان ئێمە دەبێ لێرە پارێزگار ودەسەڵات بین یان ئێوە. ئێستا دوای نزیکەی ٢٣ ساڵ وردەیەک دەسەڵاتی ئەو کەمایەتیە سەرمایەدارەی کوردایەتی و ئیسلامی، چینی کرێکار و جەماوەری بێبەش، ژنان لاوانی کوردستان، مانای واقیعی ژیانکردنیان لەسایەی دەسەڵاتی ئەو کەمایەتیە سەرمایەدارە کۆنەپەرستە دژی ئازادی وخۆشبەختیە بە قیمەتی بەفیڕۆچوونی دەرفەتی ژیانی ئازاد، بەقیمەتی ئاوارەبوون و سەرهەڵگرتنی بە لێشاوی گەنجان، بە قیمەتی کارکردنی مفت و بەلاش و ژیانێکی نا قابیل بە شکۆی مرۆڤ، بەقیمەتی بێکاری و دابین نەبوونی لانی کەمەکانی ژیان، لەیەک وشەدا بە قیمەتی ژیانکردن لە کۆنەپەرستیەکی بێ وێنەی بۆرژوایی لەم سەردەمەدا، تاقی کردەوە. ئەگەر بە دەستی شاپور و قابیلەکان بوایە، ئەوکۆنەپەرستی و بەدبەختیە بۆرژاییە نەدەبوو، ئەو لێشاوە لە ژنانی مەملەکەت بێکەسکوژ نە دەکران، ئەو هەزاران گەنج و لاوە لە جەنگی نێوخێزانی ئەو کەمایەتیە سەرمایەدارەی کوردایەتی و ئیسلامی نەدەبوونە قوربانی، ئەولێشاوی سەرهەڵگرتن لە تاو نائومێدی بە ژیانێکی شەرافەمەندانە نەدەبوو، ئەو وێرانکردنەی ژیان و ئاسایش و ئاسودەییە ئابوری و کۆمەڵایەتیە نە دەبوو، زیندان و دەمداخستن و حورمەت شکاندن لەسەر ڕەخنەو هەڵسوڕانی سیاسی و داهێنانی هونەری نەدەبوو  ئەو فیرعەناوایەی ئەو کەمایەتیە بۆ خۆی ڕێکخستوە نەدەبوو، بەڵکو کوردستان جێگەی ژیانی ئاسودە دەبوو بۆ هەر کەسێک، سەروەت و ئیمکاناتی بەدەستهاتو لە تەقەلای هاوبەش و بە کۆمەڵی کارکردوانی کۆمەڵ بۆ جۆراوجۆرکردنی بوارەکانی خۆشبەختی و ئاسودەیی هەموان دەخرایەکار، هەموان دەیانتوانی هاوڵاتیانی ئازاد و خاوەن جێگەوڕێگەی یەکسان بن و بە ئەندازەی توانایان بدەن و بە پێی نیاز و پێداویستیەکانیان، بەهرەمەند بن لە ئیمکاناتی ماددی و مەعنەوی بە دەستهاتوو لە کار وتەقەلای هاوبەش.

 ئێستا ئیتر هاوکێشەکە لە چاوی چینی کرێکار و کۆمۆنیزم و ئۆردوی بێبەشانەوە بەوجۆرەیە کە ژیانی ئازاد وبەختەوەر، کۆمەڵگەی ئازاد و یەکسان، ناکۆکە بە دەسەڵاتی کەمایەتیەکی سەرمایەدار، کرانەوە و ئاساییش و ئاسودەیی بۆ هەموان لە ژیان و لەکومەڵگە، بە فەرزی درێژە کێشانی دەورودوکانی ئێوە خەیاڵ و ئەفسانەیە. شانسی ئازاد ژیان و تاقی کردنەوەی دەرفەتی ژیانێکی ئازاد و خۆشبەخت تەنیا لەوەدایە کە هەولێر و سلێمانی و ئەو مەملەکەتە لە دەستی کرێکاران و ئۆردوی مرۆڤایەتی و لە دەستی کۆمۆنیزم و شاپور و قابیلەکاندا بێت.

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *