کرێکارانی کوردستان.. بایەکی ئایاری ئەمساڵ بکەینە ڕۆژی هێنانە مەیدانی هێزی یەکگرتوومان بەدژی نیزامی چەوسێنەرانەی سەرمایەداری و هەموومان بەیەک دەنگ ڕاگەیەنین کە چیتر ئەم ناهەقی و نایەکسانی و بێمافیە قەبوڵ ناکەین !

هاورێیان، ژنان وپیاوانی کرێکار!

یەکی ئایار بەڕێوەیە. یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و یەکگرتوویی چینی کرێکارە، ڕۆژی دەربڕینی ناڕەزایەتی و هێنانەمەیدانی هێزی یەکگرتووی  ئێمەی ژنان وپیاوانی کرێکارە، بەڕووی نەزم ونیزامی چەوسێنەرانەی نیزامی سەرمایەداری ودەسەڵاتەکەیدا، ڕۆژێکە بۆ دەستخستەن نێو دەستی یەکتر وتوندکردنەوەی خەباتمان لەپێناو ژیانێکی باشتر بۆ خۆمان و خێزانەکانمان. یەکی ئایار ڕۆژی وەستانەوەیە بەڕووی هەموو ئەو بێمافیانەی کەچینی دەسەڵاتدارو خاوەن کۆمپانیا وسەرمایەدران بەسەرماندا دایان سەپاندووە. ڕۆژی دەنگ هەڵبڕینمانە دژی هەژاری و برسێتی و نەبوونی. ڕۆژێكە بۆ ئەوەی هەموومان یەک دەنگانە ڕابگەیەنین هەموو سامانی کۆمەڵگە بەرهەمی ڕەنج و ماندووبوونی ئێمەیە بەڵام خۆمان لێی بێبەشین، هەر ئەوەندەمان پێ دەبڕێت کە بە زیندوویی بمێنێنەوە تا دوبارە سامان بۆ سەرمایەداران و دەوڵەمەندان و خاوەن کۆمپانیا و کارگا و کارخانەکان زیاد بکەین. کەوایە دەبێ لە یەکی ئایاردا ڕابگەیەنین کە چیتر ئەم ناهەقی و نایەکسانی و بێمافیانە قبوڵ ناکەین.. دەبێت ڕابگەیەنین کە ئێمەش مرۆڤین و دەبێ خۆمان و خێزانەکانمان لە ژیانێکی شایستەی ئەم سەردەمە و خۆشگوزەران بەهرەمەند بین.

هاوڕێیانی کرێکار!

با بەگەرموگوڕیەوە بەرەو پێشوازی لە یەکی ئایار بچین. با لە هەموو کارگاو کارخانەو ناوەندێکی کارکردندا، حکومی و ئەهلی، پێکەوە کۆبینەوەو لەسەر خواستەکانمان و مافەکانمان قسەوباس بکەین. داواکاریەکانمان گەڵاڵە بکەین. هەڵسوڕاوانی کرێکاری لەهەریەک لەناوەندەکانی کاردا، هەر لە ئێستاوە لەگەڵ کرێکارانی ناوەندەکەی خۆیان کۆببنەوەو قسەوباسیان لەگەڵ بکەن.. بەشێوازی گونجاو ئامادەسازی بکەن بۆ پێشوازی لە یەکی ئایار وئەم ڕۆژە بکەنە جەژن وکۆبوونەوە لەدەورییەک.

هەوڵ بدەن لە ڕۆژی یەکی ئایاردا چەرخەکانی کار ڕابگرن هەرچەند بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت، هاوکات لە ناوەندەکانی کاردا کۆبونەوەی جەماوەری رێك بخەن. دروشم و خواستە ئایاریەکان بخوێننەوەو نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن و لەڕیگای نوێنەرەکانیانەوە لیستی داواکاریەکان بدەن بە خاوەنکار و بەڕێوەبەرایەتی کارگەو کارخانەو دامەزراوەکان…

هەول بدەن هەر لە ئێستاوە لەگەڵ ناوەندەکانی دیکەدا پەیوەندی بگرن و سەبارەت بە یەکی ئایار و خواستە هاوبەشەکان قسەوباس بکەن و گەڵاڵەی خواستە هاوبەشەکان بکەن. تا بتوانن لەهەر کارگەو دامەزراوەو ناوەندێکی کاردا کرێکارانێك وەکو نوێنەر دیاری بکەن و دەستەی نوێنەرایەتی سەراسەری دروست بکەن و خواستەکان و داواکاریەکان ئاراستەی حکومەت و وەزاررەتی کار بکەن.

با پێکەوە لەگەرەکەکانمان یەکی ئایار بکەینە ڕۆژی جەژنگێران و ئاهەنگ وبەخۆمان و خێزانەکانمانەوە لەدەوری یەک کۆببینەوە و ئەمڕۆژە بکەینە ڕۆژی شادی بۆ هەموان.

لەیەک وتەدا با هەوڵ بدەین کە ئەم ئایارە بکەینە ڕۆژێك بۆ نمایشکردنی هێزی چیانەیەتیمان. رۆژی پێداگری لەسەر مافەکانمان، لەسەر بوونی کۆمەڵایەتیمان، لەسەر کەسایەتی و پێگەی مرۆییمان لەناو کۆمەڵگەدا. دەبێ بە کۆمەڵگای بسەلمێنین کە ئەگەر ئێمە نەبین کۆمەڵگاش نیە… ئەگەر ئێمە کار نەکەین .. ژیانیش دەوەستێ .. بۆیە چیتر ئەم نایەکسانی و بێمافی و بەکم گرتنەی ژیانمان لەلایەن سەرمایەداران و خاوەنکاران و دەسەڵاتەکەیانەوە قبوڵ نەکەین.

بژی ئایار ڕۆژی جیهانی چینی کرێکار!

 

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …