بەڵی بۆ بڕینی موچەی پلە باڵاکان و زیادکردنی موچەی کرێکاران!

مستەفا باهیر

لەم رۆژانەدا یەکێتی داوەرانی هەرێمی کوردستان بە واژووی  دادوەر ” ئومێد موحسین حەمەدەمین” لەسەر داوای زیاتر لە ٤٠٠ دادوەر و داواکاری گشتی نامەیەك ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەکات و داوا دەکا کۆتایی بە لێبڕینی لە ٥٠% مووچەکانیان بهێنرێت، چونکە ژیانیان خراپ بووە لەبەر ئەوەی مەترسیان لەسەر بەهۆی کارەکەیانەوە و ناچاربوون پاسەوان بگرن لەسەر حسابی خۆیان. ئەم بەڕێزانە مانگانە زیاتر لە ٨ ملیۆن دینار وەردەگرن جگە لەوەی کە بەشی زۆریان کۆمەڵێک ئیمتیازاتی تایبەتیشیان پێدراوە. وەک چۆن ئەندام پەڕلەمانەکانی عێراق مانگانە نزیک بە ٤٠ ملیۆن دینار دەکەون لەسەر دەوڵەت ئەمانیش بەهەمان شێوە مانگانە لەسەر بوجەی گشتی پارەیەکی زۆریان بۆ سەرف دەکرێت. ئەم بەرێزانە لە هەفتەیەکدا تەنها چوار ڕۆژ دەچن بۆ شوێنی کارەکانیان، ڕۆژانەش نزیک بە ٣ کاتژمێر کاردەکەن واتە لەمانگێکدا کەمتر لە٥٠ کاتژمێر کاردەکەن. بەم پێیە موچەی یەک کاتژمێڕ کارکردنیان دەکاتە زیاتر لە ١٦٠هەزار دیناری عێراقی. هەمومان باش دەزانین کە دادگا لە کوردسستان بوە بە بوکەڵەی دەستی حزبە دەسەڵاتدارەکان و بوە بە ئامرازێک بۆ سەپاندنی خواست و ویستی بنەماڵەی دەسەڵاتداران لەکوردستان. ئەم ڕاستیەش نەک هەر خەڵکی کوردستان بەڵکو کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش بەئاسانی هەستی پێدەکەن و نمونەشیان لەبەردەستە، کاتێک دادگا بڕیاری ٣٠ ساڵ زیندانی دا بەسەر کەمالی سەید قادر، بەڵام پاش ئەوەی فشار خرایە سەر  پارتی و بنەماڵەی بەرزانی، لەسەر داوای ئەوان  کەمالی سید قادریان ئازد کرد. ئەم بەڕێزانە نەیانتوانی ئەو هەمو موستەشارو ئامر مەفرەزانە بدەن بەدادگا کە بەشێکی خەڵکی هەژاری کوردستانیان  ئەنفالکرد.. ئێوە سەلماندتان  جگە لە بوکەڵەیەک بەدەست حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە هیچی ترنین. هەر ئەمەشە وای کردوە کە  بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان باوەڕیان بەدادگاکانی ئێوە نەبێت و  خۆیان لە ڕێگای ترەوە چارەسەری کێشەکانی خۆیان دەکەن.

ئەو نیوە موچەیەی کە ئێستا وەری دەگرن لە چاو موچەی کرێکاران و فەرمانبەران زۆر زیاترە، گەر بەراوردێکی کارو موچەی ئێوەو کرێکاران بکەین دەبینین کە جیاوازیەکی یەکجار زۆر هەیە هەم لەکارکردن هەم لە موچەدا. کرێکاران لەهەفتەیەکدا ٦ ڕۆژ کاردەکەن هەر ڕۆژەش ٨ کاتژمێڕ کاردەکەن، واتە لەمانگیکدا زیاتر لە ١٩٢ کاتژمێر کاردەکەن. گەر کرێکارانی ژینگەپارێز بە نمونە وەرگرین، کرێکەیان لە کاتژمێریکدا دەکاتە ١٥٠٠ دینار، گەر ڕۆژێکیش نەچێت بۆ کارکردن کۆمەڵگا پێوەی دیاردەبێت، بەڵام ئێوە لە کاتژمێڕیکدا ١٦٠ هەزار دینار وەردەگرن. گەر چەند ڕۆژیش نەچن بۆ کارکردن کۆمەڵگا هیچی پێوە دیار نابێت.

یەکێک لە نایەکسانیەکانی سستەمی سەرمایەداری نایەکسانیە لەکارو موچەدا، بەڵام هەمیشە کرێکاران هەوڵیانداوە ئەم جیاوازیە کەم کەنەوە. کاتێک بەلشەفیەکان لە ڕوسیا دەسەڵاتیان گرتە دەست ئەو جیاوازیە زۆرەی کەلەکاتی دەسەڵاتی قەیسەردا هەبو لە موچەدا نەیانهێشت. موچەی ئەوانەی پێی دەڵێن پلە باڵا لە موچەی کرێکارێکی شارەزا (ماهیر) زیاتر نەبوو. بۆنمونە لینین خۆی کە سەرۆکی دەوڵەتی سۆڤیەتی بوو٥٠٠ رۆبڵێ وەردەگرت، کرێکارێکی ماهیریش ٣٠٠ رۆبڵی وەردەگرت. هەموانیش وەک یەک گەر لە خێزانیکدا کەسێکی ناکام هەبوایە ١٠٠ ڕۆبڵی وەردەگرت. لەئێستاشدا لەژێر سیستەمی سەرمایەداریدا  لەو دەوڵەتانەی کە کرێکاران یەکگرتون  و خاوەنی ڕێکخراوی خۆیانن توانیویانە ئەم جیاوزیە کەم کەنەوە.  گەر نمونەی وولاتێکی وەک فنلند وەرگرین کە زۆربەی کات ڕیزبەندی یەکەمی وەرگرتوە لە خۆشگوزەرانیدا، دەبینین ئەو جیاوازیە زۆرە نیە لەبەینی موچەی سەرۆک وەزیران و کرێکارێکدا. سەرۆک وەزیران لە فنلند زیاترلە ١٢ هەزار یۆرۆ وەردەگرێت، کرێکارێکیش نزیک بە ٤ هەزار یۆرۆ وەردەگرێت؛ واتە جیاوزیەکە تەنها ٣ بۆ ٤ ئەوەندەیە. مووچەی دادوەران لە فنلند لەنێوان ٤٩٠٠ یۆرۆ تا ٦٩٠٠ یۆرۆ دەبێت بەپێی خزمەت و ئەزمونی کار. واتە نزیکەی ئەوەندەو نیوی کرێی کرێکارێک وەردەگرن! لەهەفتەیەکیشدا ٥ ڕۆژ دەوام دەکەن ڕۆژانەش ٨ کاتژمێر کاردەکەن. بەڵام لە کوردستان و عێراق جیاوازیەکی یەگجار زۆر هەیە لەبەینی موچەکاندا. دادوەرێک زیاتر لە ١٠٠ ئەوەندەی کرێکارێک وەردەگرێت. بۆیە دەبێت کرێکاران و هەژارنی خەڵکی کورستان داوای یەکسانیەک بکەن لە موچەدا بۆ نمونە لانی کەمی موچەی کرێکارێیکی نەشارەزا لە ملیۆنێک کەمتر نەبیت و نابێت موچەی پەلە باڵاکانیش لە دوو بۆ سێ ئەوەندەی موچەی کرێکارێکی شارەزا (ماهر) زیاتر بێت. تا ئەم جیاوازیە زۆر هەبێت لە موچەدا لەناو ووڵاتدا  جیاوازیەکی چینایەتی گەورە دەبینی وەک ئەوەی ئێستا لە عێراقدا  دەگوزەرێ کە زیاتر لە ١٢ملیۆن کەس لەژێر هێڵی هەژاریدایە  بەڵام سەرۆک کۆمارەکەی  مانگانە ٨٠ ملیۆن دیانر وەردەگرێت، جگە لەوەی کە یەک ملیار دیناری بۆ نەسریە هەیە.

دادوەرەکان باسی ئەوەدەکەن کە ژیانیان لە مەترسیدایە بەهۆی ئیشەکەیانەوە، بەڵام ئەگەر بەراورد بکرێت بە مەترسی لەسەر ژیانی کرێکار، کە رۆژانە بەهۆی کاری سەخت و نەبوونی هەلومەرج و پیویستیەکانی سەلامەتی کارەوە، کرێکارێك یان زیاتر لە هەرێمی کوردستان دەبێتە قوربانی، ئەوا بەڕوونی دەردەکەوێ کە لەو ڕوەشەوە ستەمێکی گەورە لە کرێکار دەکرێ، کە لای جەنابی دادوەر وەکو شتێکی سروشتی و ئاسایی کارکردن تەماشای دەکات. ساڵی ٢٠٢٠ لەهەرێمی کوردستان ٣٠ کرێکار ژیانیان لەدەست داوە. جگە لەوانەی کە بەهۆی شوێنی کارەوە کەم ئەندامبوون. بۆیە دەبێت بڵێین بەڵی بۆ لێبڕینی موچەی پەلە باڵاکان و زیاد کردنی موچەی کرێکاران. نا بۆ ئەو نادادپەروەریەی کە لەمووچەی کوردستاندا هەیە و داوەرکان بەشێکن لێیی.

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *