ڕۆڵی پارتی لە تاوانی تیرۆری هاوڕێیان شاپور و قابیل دا…

عەبدوڵا مەحمود

١٨ ئەم مانگە ٢٣ ساڵ بەسەر تیرۆری هاوڕێیان شاپور عەبدولقادر و قابیل عادل دا تێپەڕی. شاپور و قابیل دوو رابەری ناسراو و دوو ڕوخساری خۆشەویستی چەندین بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی لەوانە” کۆمەڵەی ئاوارەکان، یەکێتی بێکاران و بزوتنەوەی یەکسانیخوازانەی ژنان” لە کۆمەڵگەی کوردستان و هاوکاتیش دوو کادری بەرجەستە و خۆشەویستی ڕابەری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق بوون.

تیرۆری ئەو هاوڕێیانە لە شاری هەولێرو لە ژێر سایەی دەسەڵاتی پارتییدا لە کاتێکدا روویدا، کە پارتی کەمتر لە ساڵ و نیوێک بوو لەڕێگای خۆ ڕادەستکردنی بەرژێمی درندەی بەعسدا، و بە پێشلەشکری ئەو سوپا دڕندەیەی بەعس گەرایەوە ناو هەولێر و هاوسەنگی هێزی لەبەرامبەر یەکێتیدا بە سودی خۆی گۆڕی. بەگەڕانەوەشی بۆ ناو شاری هەولێر و لە شەری دەرکردنی یەکێتیدا خەڵكیکی یەکجار زۆری کوردستانی لەترسی سوپای بەعس توشی ئاوارەیی کرد. لەم خۆشخزمەتی چاو ساغیەی پارتیدا، ژمارەیەکی زۆر لە کادر و ئەندامانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی بەدەستی سوپای بەعس و پارتی کوژران و ژمارەیەکیشان دیل کران، کە دواتر ئیعدام کران. پارتی لەگەڵ گەڕانەوەی بەشیوەیەکی زۆر دڕندانە کەوتە گیانی نەیارانی سیاسی خۆی، بەتایبەتیش کادر و هەڵسوڕاوانی یەکیتی نیشتیمانی. بەجیا لەوانە پارتی دەستی دایە گرتنەبەری چەندین رێگا بۆ ئەوەی کۆسپ و لەمپەرەکانی بەردەم خۆقایمکردن و داکوتانی پایەی دەسەڵاتدارێتیەکەی لابدات و وەکو تاکە دەسەڵاتی ئەو شارە خۆی پێناسە بکاتەوە. لەچوارچێوەی ئەم ئامانجەیدا، بەشێکی یەکجار زۆر لە کادر و فەرماندەو هەڵسوڕاوان و ئەندام و تەنانەت لایەنگرانی یەکیتی دەرکرد و ئاوارەی زۆنی سەوزی کردن و دەستی بەسەر ماڵ و مولکیان گرت. بەم جۆرەش پارتی ئاوارەیی لەناو هەرێمی کوردستاندا لەسەر مەبنای بیروباوەری سیاسی جیاواز، کردە واقعیەتیکی قێزەون. دیارە یەکیتی نیشتیمانیش لە بەرامبەردا درێغی نەکردو هەر لەو کاتەشەوە پارچەپارچە کردنی هەرێم لەسەر دەستی ئەم دوو هێزە جێگر کراو بە کردەوەش هەرێم کرا بە دوو زۆنی ژێر سایەی دوو دەسەڵاتی نۆکەر بە وڵاتانی ناوچەکە.

بۆ پارتی گرتنەوەی شاری هەولیر تا دیگەڵە، ڕاوەدونانی یەکێتی تا سنورەکان، گورزێکی کەمەر شکێن بوو لە یەکێتی و باڵانسی هێزی بە قازانجی خۆی گۆڕی، بەڵام ئەمە بەتەنها نەیدەتوانی دەسەڵات لەدەستی پارتیدا قوتبی بکاتەوە. چونکە بە جیا لەوەی هێزی سیاسی تر هەبوون لە هەولێردا، هاوکات پارتی لەگەڵ واقعیەتێکی تر رووبەڕوو بوو. واقعیەتی بوونی هێزێکی کۆمۆنیستی، ئامادەیی حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی. پارتی کەپێشتر لەسەر رەشەوە شاهیدی هەڵسورانی کۆمیتەی هەولێری حزب و چالاکیەکانی بوو، شاهیدی سازدانی دەیان کۆڕ و سمینار و جدار حر و ئاکسیۆنە ئایارییەکان بوو کە بەهەزاران کەس بەشداریان تیادا دەکرد. شاهیدی دەنگی رادیۆی حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی بوو، وەکو تاکە بڵنگۆی راستبیژی کۆمۆنیستی و رۆڵی لە خستنەڕووی خۆشخزمەتی پارتی و پیشلەشکردی بۆ سوپای بەعس لە ٣١ ئابدا. شاهیدی بوونی بنکەی کۆمەڵەی ئاوارەکان، بنکەی رێکخراوەی سەربەخۆی ئافرەتان، بنکەی یەکیتی بێکاران، بارەگای حزب، نووسینگەی بڵاوکراوەی بۆپێشەوە…بوو. شاهیدی چالاکی کۆمەڵەی ئاوارەکان و نەخشی ئەو رێکخراوە بوو بۆ بەرگری لە ئاوارەکان و فەراهەمکردنی خواردن و پێداویستی بۆیان. شاهیدی ئیعتیبار و جێکەوتنی کۆمەڵەی ئاوارەکان و دانپیانانی بوو لەلایەن ریكخراوەی یوئین و ڕیکخراوە ئینسان دۆستەکانەوە. شاهیدی رۆڵی یەکیتی بێکاران و کۆبونەوەی هەزاران کەس لە خەڵکی کرێکار و زەحمەتیکش بوو لەدەوریان. شاهیدی حزوری بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و هەوڵی ئەو ژن و پیاوە ئازادیخوازنە بوو کە دەیانویست یاسای باری کەسێتی بگوڕن. شاهیدی رەوتێکی ئازادیخوازانەو سیکیولاریستی بوو بەدژی کۆنەپەرستی سیاسی و رەوتە ئیسلامیەکان… بەکورتی هەولێر یەکێتی لێ دەرکرابوو، بەڵام کۆمۆنیزم و ئامادەیی حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی و ریکخراوە جەماوەرییەکان کە ئیلهامیان لە حزب وەردەگرت و بەکردەوە حزب پشتیوانییان بوو… ئەو مەترسیە بوو کە پارتی بەجدی حسابی لەسەر دەکرد. بەتایبەتیش کە پێشتر لە کوردستاندا چ پارتی و چ یەکێتی و خانەوادەی بۆرژوازی کورد بەگشتی هەرگیز لەگەڵ هێزو رەوتێکی ئاوا کۆمۆنیستی بەرەو روو نەببوون. ئەم واقعیەتە هێندە تاڵ بوو بۆ پارتی کە نەخشە دارشتن بۆ کەنارخستن و گوزر وەشاندن لەدوای لێدان لە یەکیتی، بەشێکی سەرەکی لە بەرنامەو نەخشەی پارتی بوو.

حزوری حزبی کۆمۆنیزمی کریکاریی و ریکخراوە جەماوەریەکان و چالاکیەکانیان، بەرهەمی رێکخستنەکانی حزب و رۆڵی ژمارەیەک لەکادر و رابەرانی حزب بوو، کە هاوڕێیان شاپور و قابیل، دوو کاراکتەری زۆر بەرجەستەو دوو روخساری ناسراو و خۆشەویستی حزب و بزوتنەوە جەماوەییەکان بوون. پارتی بۆ لێدان لە کۆمۆنیزم و ڕیکخراوە جەماوەییەکان و پاشەکشە پێکردن بە کۆمۆنیزم و ئازادیخوازی، پێویستی بە زۆر ڕێگا هەبوو لەکەڵک وەرگرتن بۆ هۆنینەوەی درۆو بۆختان تا دەگاتە بەدەستەوەگرتنی رەوتە ئیسلامییە چنگ بەخوێنەکان و تا دەگاتە هەڵخراندنی ریزی مەلای بەلاشخۆری وەکو مەلا بەشیری فتواچی و تا وەشاندنی گوزی ترسنۆکانەو تیرۆریستی.

لەوچوارچێوەیەدا پارتی چ لە رێگای هەڵخراندنی ئیسلامیەکان و مەلاکانی لەچەشنی مەلا بەشیر و فتواکانی و چ لە رێگای دەزگای پاراستن و کەناڵ و دەزگا میدیایەکانی بەتایبەتی گۆڤاری گوڵان، فەزاسازیەکی لەدژی کۆمۆنیزم و ئازادیخوازی دەستپێکرد و پرسی ژنانی کردە رووپۆشی هیرشیکی بەرین بۆسەر کۆمۆنیزم و حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی. لەدڵی ئەو فەزا سیاسیەدا کە پارتی خۆی جوڵێنەر و ئەندازیاری سەرەکی بوو، لە کردەوەیەکی ترسنۆکانەی تیرۆریستیدا هاوڕێیان شاپور قابیلیان کردە نیشانە. لە کاتێکدا شاپور و قابیل لە یەکیتی بێکاران بوون بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ ئاکسیۆنی ئایار، کەوتنە بەر دەستڕێژی باندێکی ئینسان کوژ و گیانیان بەختکرد. جێگای بیرهێنانەوەیە کە بینای یەكێتی بێکاران تەنها چەند سەدمەترێک لەئاسایشەوە دوور بوو.

پارتی وەکو دەسەڵاتی هەولێر، لەبەرامبەر بەو کردەوە تیرۆریستیەدا، ئیدانەی تیرۆرەکەی کرد و لە دانیشتنیشی لەگەڵ وەفدی رابەری حزبدا بەڵێنیاندا کە فتوادەران و بکوژانی شاپور و قابیل دەستگیر و رادەستی دادگا بکەن. لەوەش واوەتر لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا بە ئیمزای سەرکرایەتی حزبی و کۆمۆنیستی کرێکاریی و پارتی، پارتی بەڵینی پابەندبوون بە ئازادی هەڵسورانی سیاسی دا، بەڵام بەکردەوە پێچەوانەی ئیمزای خۆیان مامەڵەیان کرد و لەوەش زیاتر ئولفەت گرتنیان بە سیناریۆ سازی، دوبارە کردەوە.

پارتی نەک پابەندی رێزگرتن لە ئازادی هەڵسوڕانی سیاسی حزب و لایەنە سیاسییەکان نەبوو، بەڵکو تەنانەت ئامادەنەبوو بنکەی یەکێتی بێکاران و ڕیکخراوەی سەربەخۆ رادەستی ئەو رێکخراوانە بکاتەوە، کە لەکاتی تیرۆری هاوڕییان شاپور و قابیلدا دەستیان بەسەردا گرت. ئەو بنکانە پڕ بوون لە ئەرشیف و بەڵگەنامەی چالاکیەکان و  ممتەلەکات کە پارتی دەستی بەسەردا گرتن و تا ئیستاشی لەگەڵ بێت لای پارتین.

هاوکات نەک فتوادەرانی رادەستی دادگا و لێپرسینەوەی یاسایی نەکرد وەکو بەڵینی دابوو، بەڵکو مەلا بەشیری فتواچی کردە ئەندام پەرلەمانی کوردستان و راژەکەشی لە مەئموریەتی بۆ یەکگرتووی ئیسلامیەوە گواستەوە بۆسەر مەئموریەت و خزمەتکاری بۆ پارتی و ئیستاش لەسەر لیستی ئەو جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە.

لەهەموو ئەوانەش واوەتر ئەو چەند کەسەی کە گوایە وەکو بکوژی شاپور و قابیل دەستگیرکراون، لەم دوایانەدا دەرکەوت کە ئەمانە لەسەر ئەو تیرۆرە دەستگیر و دادگایی نەکراون. پارتی لەچوارچیوەی سیناریۆ سازییە پوچەکانی خۆیدا ناچاری کردوون کە دۆسیەی کوشتنی هاوڕییان شاپور و قابیلیش بگرنە ئەستۆی خۆیان. دیارە ئامانجی پارتیش لەم کارەی ئەوە بووە بکوژانی راستەقینەو نەخشەکیشانی ئەم تاوانکارییە، بشارێتەوە و شانی خۆی لەم تاوانە لێخوشبوون هەڵنەگرە خاڵی بکاتەوە.

بەم شێوەیە پارتی بۆ پاشەکشەپێکردن بە کۆمۆنیزم و ئازادیخوازی هێرشی هەمەلایەنەی خۆی بۆسەر نەیارانی دەستیپکرد و تیرۆری هاوڕێیان شاپور و قابیلیش، لەچواچێوەی ئەم ئامانجەیدایە. دیارە ڕۆڵی سەرەکی پارتی لە ژینگە سازکردن و تیرۆری هاوڕێیاندا، بەهیچ جۆریک شانی فتواچیان و ئیسلامیەکان و رۆڵیان لەم کردەوە ئینسانکوژیەدا کەم ناکاتەوە. تا ئەو کاتەش پارتی نەخشەدارێژەرانی سەرەکی و بکوژانی هاوڕێیان شاپور و قابیل ئاشکرا نەکات و ڕادەستی دادگایان نەکات، ئەم دۆسیەیە بەکراوەیی دەمێنێتەوە.

 ئەپریلی ٢٠٢١

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *