بەبێ ڕێکخراوبون، ئایندەیەکی باش نایەتەدی!…

چەند تێبینیەک لە سەر مەسەلەی ڕێکخراوبونی کرێکاران…

عرفان کریم…

بارودۆخی سەختی ژیان و گوزەرانی کرێکارانی کوردستان لەژێر سایەی  نزیک بە ٣٠  ساڵ لە حاکمیەتی بۆرجوازی کوردا، هێشتا

درێژەی هەیە. سەختی هەلومەرجی کار و نەبونی مەرجەکانی سەلامەتی شوێنی کار و کەمی هەقدەست و مووچە و دابین نەکردنی بیمە کۆمەڵایەتی و تەندروستیەکان بەشی چینی کرێکاری کوردستانە لەسایەی ئەم دەسەڵاتەی بۆرژوازی کوردا.هاوشانی ئەمانەش، هێشتا یاسا کارێکی پێشرەوانە بۆ کرێکاران لەئارادانیە. لەبەرامبەر ئەم بارودۆخە سەختەدا، کرێکارانی کوردستان و لە ناوەندە جۆربەجۆرەکانی کار و کارگەکاندا، بە شێوازی جۆراوجۆر ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیوە، هەر لە دەستبردن بۆ ڕاگرتنی کار تا مانگرتن و خۆپیشاندان و داخستنی ڕێگاوبانەکان. بەڵام ئەوەی لە تەجروبەی ناڕەزایەتیەکانی چەند ساڵی ڕابوردوی کرێکاراندا بەدی دەکرێت، کەمترین و لاوازترین مەیلە بۆ زیندووڕاگرتنی ئەم ناڕەزایەتیانە و برەودان پێیان و ئاراستەکردنیان بەرەو پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکاریەکان و سازدانی کۆبونەوە گشتیەکان. ئەوە ڕاستە کە بەشێک لەم نارەزایەتی و مانگرتنانە بە بەشدرای و بە دەنگی زۆرینەی کرێکاران بڕیاڕی لەسەردراوە، بەڵام زۆرجار کارەکە لەوێدا کۆتایی پێهاتوە و تەنها وەک کاردانەوەیەکی کاتی لەبەرامبەر داخوازیەکی دیاریکراودا، قەتیس ماوەتەوە و جارێکی دیکە بە بێ هیج بەرنامە و بڕیاڕێکی دیاریکراو بۆ برەودان بە شێوازی ئەم ناڕەزایەتیانە و سازدانەوەی ڕێکخستنی ناوخۆیی ڕیزەکانی کرێکاران لە چوارچێوەیەکی ڕێکخراوەییدا کۆتاییان پێهاتوە. لاوازی ئەم مەیل و خواستە بۆ ڕێکخراوبون و بەردەوامی نەدان بە شێوازە جیاوازەکانی خەبات و ناڕەزایەتی  لەپێناو  بەهێزکردنی بزوتنەوەی  کرێکاری، یەکێکە لە کێشە و گرفتە سەرەکیەکانی  نێو ڕیزەکانی چینی کرێکار لە کوردستان.

هەڵبەتە لێرەدا جێگای خۆیەتی، کە ئاماژە بەو هۆکارە سەرەکی و مێژووییەش بکەین کە کاریگەری ڕاستەخۆی هەیە لەسەر هاتنەکایەی ئەم لاوازیە لەنێو بزوتنەوەی کرێکاریدا، کە ئەویش لاوازی و کەم کاریگەریی کۆمەڵایەتی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و چەپە لە کوردستان.

بەلام ئەمە مەسەلەیەکی سیاسیە و دەکرێ لە داهاتوودا بەجیاواز لەسەری بدوێین.

تا ئەو جێیەی بە گرنگی مەسەلەی ڕێکخراوبون دەگەڕێتەوە، لێرەدا پێویستە باس لەو ڕاستیە بکەین کە کرێکاران، بەبێ دەستبردن بۆ ئەم هەنگاوە چارەنوسسازە، واتە بریاری خۆڕێکخستن و سازدانی شێوازە جۆراوجۆرەکانی ڕێکخستنی خۆیی، هەر لە پێکهێنانی دەستەی چەند کەسی کەمەوە لە کارگەیەکی دیاریکراو، تاوەکو سازدانی کۆبونەوەی گشتی زۆربەی کرێکاران لەناوەندی کاردا، دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم و خاوەن کارگە و کۆمپانیاکان بەهیچ شێوەیەک ئامادەنین، وەڵامی سەرەتایترین خواست و داواکاریەکانی کرێکاران بدەنەوە.

هۆکاری ئەوەی کە خاوەن کۆمپانیا و سەرمایەدارەکان ئاوها بە سەرسەختی و بێ منەتانە لەبەرامبەر داخوازایەکانی کڕیکاراندا، ڕادەوەستنەوە، هەروەها گوێی خۆیان لەئاست داواکاری و خواستەکانی کرێکاراندا کەڕکردوە، پشت ئەستوری و پاڵدانەوەی  ئەمانە بە دەسەڵاتێکی میلیشیایی و چەکداریەوە لە کوردستان. بەشێکی بەرچاو لە سەرمایەدار و خاوەن کۆمپانیاکان، سەرمایە و بازرگانیان تێکەڵکردوە لەگەڵ کەسانی دەستڕۆیشتوی نێو ڕیزەکانی ئەم دەسەڵاتە چەکدارە. ئەم پەیوەندیەش کاریگەریەکی زۆری هەیە بۆسەر شێوازی مامەڵەی ئەم سەرمایەدارو خاوەن کۆمپانیانە لەگەڵ ناڕەزایەتیەکانی کرێکاراندا. هەربۆیە هێندەی دیکە لەبەرامبەر خواست و داواکاریەکانی کڕیکاراندا، کەلەڕەقانە بێوەڵام دەبن و زۆرجار لەکاتی هەوڵدان بۆسازدانی مانگرتنێک یاخود ناڕەزایەتیەکی دیاریکراو، پەنا دەبەنە بەربەکارهێنانی هێزی ترساندن و هەڕەشەکردن لە کرێکاران.

سایەکردنی ئەم جۆرە لە دەسەڵاتی میلیشایی لەسەر ژیان و گوزەرانی کرێکاران، کۆسپێکی گەورەیە لەبەردەم هاتنەمەیدان و چونە پێشەوەی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی کرێکاران.

بەلام لەبەرامبەر ئەم دەسەڵاتە تێکەڵە لە سەرمایەدارو سەرۆک میلیشیاکان، کە مامەڵەیەکی کۆیلە ئاسای سەدەکانی تاریکی لەگەڵ کرێکاراندا دەکەن، جارێکی دیکە تەنها سەنگەر و ئامرازی بەرگری و خەباتی کرێکاران و تەنها بڕیاری دروست، کۆبونەوەی کرێکارانە لە دەوری یەکتر و سازدانی کۆبونەوەیە گشتیەکان و پێکهێنانی ئەنجومەن و شورا کرێکاریەکانە. ئەو هێزەی کە دەتوانێ سەعاتەکانی کار کەمبکاتەوە و مووچە و هەقدەستەکان زیاد بکات و هەتاوەکو دەتوانێ بیمەکانیش بەدەست بێنێ، ئەوە هێزی ڕێکخراو و یەکگرتوویی  کرێکارانە. لەکوردستان نە ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی و نە سەرۆک عەشیرەت و نە پیاوانی ئایینی دەتوانن سادەترین ماف بۆ کرێکاران بەدەست بهێنن، بەڵکو ئەوە جێگا و ڕێگای گرنگی کرێکارانە وەک هێزێکی بەرهەمهێنەر و خوڵقێنەری سەرجەم پێداویستیەکانی کۆمەڵگا و دابینکەری تەواوی خزمەتگوزاریەکان، کە دەتوانێ بە هەنگاونان بەرەو سازدان و پێکهێنانی ئەنجومەن و شورا کرێکاریەکانی خۆی و بە بەڕێخستنی مانگرتنە سەراسەری و گشتیەکان، پاشەکشە بە ملهوڕی و دەستدرێژی سەرمایەداران و سەرۆک میلیشیاکان بۆسەر مافەکانی کرێکاران بکات.

هەربۆیە تەنها ڕۆشنایی لە نێو تونێلی تاریکی بارودۆخی ژیان و گوزەرانی کرێکاراندا، مۆمی ڕێکخراوبون و بڵێسەی پێکهێنانی دەستە و ئەنجومەن و شورا کرێکاریەکانە.

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …