یەکی ئایار، ڕۆژی نمایشی هێزی چینایەتیمانە!

موحسن کەریم

یەکی ئایار، رۆژی هاوپشتی و هاوخەباتی چینایەتی و نێونەتەوەییمانە. رۆژی وەستانەوەیە بە دژی ستەم و چەوساندنەوە و نایەکسانی، رۆژی دەنگ هەڵبڕینمانە لەپێناو ژیانێکی هاوچەرخ و شایستەی مرۆڤی ئەم سەردەمە. رۆژی دادگاییکردنی سیستەمی چەوسێنەرانەی سەرمایەداریە لەبەردەم ویژدانی مرۆڤایەتی هاوچەرخدا.

دوای دەیان ساڵ لەخەباتی چینی کریكار، دوای دەیان ڕوبەڕووبونەوە لەگەڵ بۆرژوازی و دەسەڵات و حکومەتەکانیدا، سەرەنجام چینەکەمان توانیویەتی بەشێك لەو مافانە بەدەست بهێنێ، کە پێشتر وەکو شتی بێماناو نەشیاو لەلایەن بۆرژوازی و بیرمەندو رۆشنبیرەکانیەوە باسی دەکرا و توانی لەناو چوارچێوەی یاساکانی خودی بۆرژوازیدا جێگیریان بکات. بەڵام هەرکاتێکیش بۆرژوازی و دەسەڵاتەکانیان بۆیان کرابێت و فرسەتیان لە لاوازی و پرشو بڵاوی چینەکەمان وەرگرتبێت، هەوڵیان داوە ئەو دەسکەوتانە وەربگرنەوە. دنیای ئێستا شاهیدی سەندنەوەو زەوتکردنەوەی چەندین دەسکەوتە کە چینی کرێکار پێشتر بەدەستی هێنابوون و لە یاسای کاردا جێگیری کردبوون.

دەورەیەك لە هێرشی بۆرژوازی بۆ سەر دەسکەوتەکانی چینی کرێکار دوای ڕوخانی بلۆکی رۆژهەڵات بوو، کە بۆرژوازی جیهانی هەوڵی دا بیکاتە دەرفەتێك بۆ پاشەکەشە بە چینی کرێکارو بزوتنەوەکەی لەئاستی دنیادا. لەوبارەوە هێرشی بۆ سەر کۆمۆنیزم وەکو ڕادیکاڵترین فکر و جیهانیبینی چینی کرێکار و وەکو بەشی پێشڕەو ڕادیکالی بزوتنەوەی چینایەتی کرێکار، دەست پێکرد. دەورەی دوەمی هێرشەکەی بۆرژوازی لە سەردەمی سەرهەڵدانی قەیرانی ئابوری دا بوو لە ساڵی ٢٠٠٨دا کە دیسانەوە بەشێکی بەرچاو لە دەسکەوتەکانی چینی کرێکاری زەوت کردەوە.  دەورەی سێهەمی ئەم هێرشە لە سەردەمی سەرهەڵدانی قەیرانی کۆرۆنا دەستی پێکردوەو بۆرژوازی لەهەوڵی ئەوەدایە کە هەرچی پێشڕەویەکانی پێشووتری چینی کرێکاری جیهانیە وەربگرێتەوەو هەلومەرجێکی کۆیلە ئاسا بەسەر کارو ژیانی کرێکاراندا بسەپێنێ.

هەر ئێستا لە ووڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداریدا کاری بێگرێبەست بەسەر کرێکاراندا دەسەپێنرێت، کاتژمێری کارکردنی رۆژانە کە ماوەیەك خواستی ٧ کاتژمێر کارکردن یەکێك بوو لە خواستەکانی چینی کرێکار و بزوتنەوەی کرێکاری، بەرەو سەرەوە براوە، ئەوە ئەگەر ماوەی چوون و گەڕانەوە لەسەر ماوەی کارکردن هەژمار بکەین، لە هەندێ شوێن و هەندێ کاردالە ١٠ تا ١٢ کاتژمێر نزیك دەبێتەوە. بیمەکان کەمکراونەوتەوە. خزمەتگوزاریەکان هەنگاو بەهەنگاو لە دەستی حکومەتەوە گواستراونەتەوە بۆ دەستی کۆمپانیا ئەهلیەکان و بە نرخێکی گران بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێنەوە! ….

لە کوردستاندا، سەرباری هێرشی خاوەن کۆمپانیا و سەرمایەداران و حکومەتەکەیان بۆسەر ئاستی گوزەران و ژیانی کرێکاران، سەرباری سەپاندنی هەژاری و بێکاری بەسەر کرێکاراندا، سەرباری نەدانی بیمەی بێکاری بە بێکاران، نەدانی بیمەی پزیشکی، خانەنشینی، بیمەی دەورانی پەککەوتەیی و نەخۆشی…و تاد. ژینگەی کارو کارخانەو کارگاکان وەکو سەربازگەی لێکراوەو کرێکاران لە هیچ جۆرە ئازادیەکی قسەکردن و کۆبونەوەو مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین بەهرەمەند نین. دەرکردن لەسەر کار چەکی دەستی خاوەن کارە هەر کاتێك بیەوێ دەنگی کرێکاران کپ بکات یان ناچاریان بکات بە کارکردن بەپێی مەرجەکان و پێداویستیەکانی خۆی. کارکردن بە مناڵ لە هەموو گۆشەو کەنارێکدا بڵاوە! هەراسانکردنی سێکسی دیاردەیەکی قێزەونە بەرامبەر بە ژنانی کرێکار و کارمەندان لەلایەن خاوەنکار و بەرپرسانی ئیداریەوە بەڕێوە دەبرێت. سەرباری ئەوانە هیچ جۆرە یاسای کارێك کە چاودێر بێت بەسەر پەیوەندی نێوان کرێکار و خاوەنکاردا، چ جای یاسایەك بێت مافەکان و بەرژەوەندی کرێکاران ڕەچاو بکات، لە گۆڕێ نیە! بەمجۆرە هەلومەرجێک بەسەر کاری کرێکارانی کوردستاندا زاڵکراوە کە نزیکە لە کۆیلایەتیەوە. دەسەڵاتدارانی هەرێم بە دان و نینۆك بەرگری لە مانەوەی ئەم هەلومەرجە سەخت و نامرۆڤانەیەی کار و چەوساندنەوەی کرێکاران دەکەن و لەپاڵ خاوەنکارو سەرمایەداراندا ڕاوەستاون و لولەی چەکەکانیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندی ئەوان دەخەنەکار. سەرباری ئەوە خۆشیان وەکو خاوەنکارێکی بێمنەت و ملهوڕ دەستیان داوەتە گەروی کرێکاران وکارمەندانی کەرتی حکومی  و بەبیانووی جۆرواجۆرەوە موچەو هەقدەستەکانیان تاڵان دەکەن!

پێچەوانەوەکردنەوەی ئەم هەلومەرجەی ژیان و کارو گوزەرانی کرێکاران، لە ئاستی دنیاو لە ئاستی کوردستانیشدا بەندە بە هاتنەمەیدانی رێکخراو یەکگرتوو هوشیارانەی چینی کرێکارەوە دژی سەرتاپای دەسەڵاتی بۆرژوازی، بەندە بە دەورو نەخشی سیاسی و کاریگەری کۆمۆنیزم و بزوتنەوەی کۆمۆنیستی چینی کرێکارەوە، بەندە بە بەڕێخستنی بزوتنەوەیەکی سیاسی- جەماوەری کە دەست بۆ هەموو مەیدانەکانی خەبات و هەموو شێوازو میکانیزمەکانی خەبات بەرێت و یەخەی بۆرژوازی و دەسەڵات و حزبەکانی بگرێت. بەبێ بزوتنەوەیەکی کرێکاری سیاسی و ڕادیکاڵ و جەنگاوەر کە توانای بەرەنگاربوونەوەی بۆرژوازی و دەوڵەتەکانی هەبێت، ئیمکانی سەرکەوتن بەسەر بۆرژوازیدا و پاشەکشەپێکردنی لەم هێرشانەیدا دژ بە چینەکەمان، نیە.  بائایاری ئەمساڵ بکەینە سەرەتای دەستپێکردنی هەنگاوەکانمان بەرەو کۆتاییهێنان بەم هەلومەرجە سیاسی و ئابوریەی ئێستا و بەدەستهێنانی مافەکان و بیناتنانی ژیانێکی یەکسان و ئازاد بۆ هەموو هاوڵاتیانی کوردستان.

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *