ئەم دونیا پێچەوانەیە دەبێت ڕاست بکرێتەوە…

مستەفا باهر

هەموو ساڵێک لەیەکی ئایاردا بە سەدان ملیۆن کرێکار، جەژنی هاوپشتی چینی کرێکار دەگرن. لەم رۆژەدا، شەقامی شارەکان ڕەنگ و ناسنامه‌ی ئینسانی دەگرنە خۆ. هەمویان پێکەوە دەبن بە یەک ڕەنگ و یەک سرود ده‌خوێنن. پڕوپوچی وەک نەتەوەو، ڕاسیزم وهەڵاواردنی دینی و ڕه‌گه‌زیی و ڕەنگی پێست، لەبەردەم یەکگرتوویی ڕیزەکانی کرێکاران لەسەرتاسەری جیهاندا چۆکدا دەدەن و تەسلیم دەبن. کرێکاران لەم ڕۆژەدا بریاری ڕاوەستانی یەک ڕۆژ کارکردن دەدەن. لەم ڕۆژەدا دونیا لەگەشەکردن ڕاده‌وه‌ستێت. بۆ هەموان دەردەکەوێت کە چ هێزیکە و ئەوانە کێن کە شارستانیەتی ئەمرۆ دەخوڵقێنن. هیچ کەس ناتوانێت حاشا لەم ڕاستیە بکات کە ئەوە کرێکارانن کە ئەم دونیایه‌ بە پێوە ڕاده‌گرن.

گومان له‌وه‌دا نییە کە ته‌کنه‌لۆژیا لە ئێستادا گەیشتوەتە ئەوپەڕی خۆی، بەرهەم و کارو توانای ئینسان بە شێوەیەکی بێ وێنە لە چاو ڕابوردودا چوەتەسەر، ڕۆژ بەڕۆژ داهێنانی تازە دێتە ئاراوە کە هەموانی توشی سەرسوڕمان کردوە. به‌ڵام هێشتا هەژاری و برسێتی وبێ ئیشی و نەخۆشی باڵی بەسەر دونیادا کێشاوە. بە ملیۆنەها ئینسان لە برساندا دەناڵێنن، ملیۆنەها منداڵ دەمرن به‌هۆی ئه‌وه‌ی کە دایکو باوکیان ناتوانن بژێوییان بۆ دابین بکەن. ملیۆنەها ژن لە دەست هەڵاواردنی جنسی دەناڵێنن. کەم نین ئەوانەی کە بەهۆی هه‌ندێ نەخۆشیەوە دەمرن کە بە ئیمکاناتێکی کەم دەکرێت چارە سەر بکرێن. بە ملیۆنەها ئینسان بەهۆی شەڕی دینی و تایفی و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ دەکوژرێن و ئاوارە دەبن و شارو گوندەکانیان وێران دەکرێن. هەرئێستا دەبینین کە دەوڵەتانی بۆرژوازی و نەتەوەپەرست و ئیسلامیەکان و پێشبڕکێی نێوان ئەمەریکاو ڕوسیا، لە پێناو دووبارە دابەشکردنەوەی دونیا بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان ‌چ کارەساتێکیان بەسەر خەڵکی هەژاری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێناوە، بەتایبەتی وڵاتانی وەک سوریاو عێراق و کۆمەڵگەی بەشەری بەگشتی. بەهۆی کاری تیرۆری گروپە ئیسلامیەکانەوە بەشێکی زۆری وڵاتانی جیهان نائارام بوە، لەبەشێکی زۆری وڵاتانی ئەوروپادا بەهۆی کاری تیرۆریستی ئەم گروپە ئیسلامیە ئینسان کوژانەوە چەندەها کەسی بێتاوان بوون بەقوربانی. دەتوانین بڵێین ئه‌مانه‌ هه‌موویان نیشانه‌ی ئه‌وه‌ن که ‌بۆرژوازی و ده‌وڵه‌ته‌کانی، نه‌ک هه‌ر فرسه‌تی ژیان و ئاسایشیان له دانیشتوانی سەر گۆی زەوی سه‌ندۆته‌وه‌، بەڵکو ئایندەی مرۆڤایەتیشیان لەسەر لێواری کارەسات و تیاچوون راگرتوە. ئەم جیهانەیان بۆ چینی کرێکاران و هەژاران کردوە بە دۆزەخ، لەسەر ڕەنج و کاری کرێکاران  و هەژارانی ئەم جیهانە  ژیانێکی شاهانەیان بۆ خۆیان دروست کردوە.

لە ئێستادا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆڤید ١٩ لەسەرتاسەری جیهاندا بڵاو بوەتەوە و بووە بەخەتەرێکی گەورە بەسەر کۆمەڵگەی بەشەریەوە و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵی لەلایەن دەوڵەتانی سەرمایەداریەوە، زۆر لە جاران زیاتر ناوەڕۆکی دژە ئینسانی و بۆگەنی ئەم سیستەمەمان بۆ دەردەکەوێت. ئەوەتا لەگەڵ ئەو خەتەرەگەورەی کەهەیە ڕۆژانە خۆیان داوای ئەوە دەکەن کە دەبێت لەماڵەکانتانا بمێننەوەو نەچنە دەرەوە، بەڵام هەمو کرێکاران وەک جاران لەکارگە گەورەکاندا کاردەکەن و تائێستا سەرمایەدارن دەرگای هیچ کارگەیەکیان دانەخستوە بەهۆکاری ئەم ڤایرۆسەوە، بۆیە دووبارە ئەم سیستەمە ئەو ڕاستیەی سەلماند کە بەتەنگ سەلامەتی و ژیانی ئێمەی کرێکاران و هەژارانەوە نییە.

ئەم بارودۆخه‌ خراپانه‌ لە ئاسمانەوە نەباریوە بۆ هەژاران، بەڵکو سەرچاوەکەی نیزامی سەرمایەدارییە. له‌پێناو کەڵەکە بونی سەرمایەکانیان ئەم هەمو کاره‌ساته‌ بەسەر ئینساندا دێنن. بە چاوی خۆمان دەبینین ئەوانەی کە رەنج دەکێشن و بەرهەم دەهێنن خاوەنی هیچ نین، بەڵام کۆمەڵێک گەندەڵخۆری تەمەڵ، خاوەنی هەموو شتێکن. ده‌وڵه‌ت‌ و حکومەتیشیان دروست کردوە تا سەرو ماڵیان بپارێزن .

بۆ ڕاست کردنەوەی ئەم دونیا پێچەوانەیە، تەنها ڕێگایەک کە لەبەردەم کرێکارندا هەیە بۆ ڕزگاربونیان لەو هەمو موسیبەتە کە نیزامی سەرمایەداری بۆی هێناون، خەباتی شۆرشگێرانەی کرێکارانە بۆ سەرەو ژورکردنی ئەم سیستەمە زاڵمە. هه‌روه‌ها ڕێکخستنی ریزەکانیانە و دروستکردنی ڕێکخراوە کرێکاریەکانە و کۆبونەوەیانە لەدەوری یەکترو پەیوەست بونیانە بە حزبە کۆمۆنیستەکانەوە.  بەبێ بوونی حزبێکی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ کە لەپێناو بەرژەوەندی چینی کرێکاردا هاتببێتە مەیدان ناتوانێت هیچ ئاڵوگورێک پێکبێنێت. بەمانە کرێکاران دەتوانن ئەم دونیا پێچەوانەیە ڕاستبکەنەوەو لەشوێنیدا دونیایەکی یەکسان و خۆشگوزەران بۆ تەواوی کومەڵگای بەشەری بەدەست بێنن. به‌بێ ئەمە ناتوانرێت ئەم نیزامە زاڵمە کە بە ملیۆنەها سەربازو پۆلیسیان دروست کردوە بۆ پاراستنیان لەناو ببرێت.

بەرزو بەڕێزبیت یەکی ئایار رۆژی جیهانی چینی کرێکار!

٢٦ نیسانی ٢٠٢١

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *