بەرگرتن بەم بەربەریەتەی دەوڵەتی ئیسرائیل بەر لەهەر هەنگاوێکی ترە!

خەسرەو سایە

دواخستنی داوای ئاگربەست بۆ چەند ڕۆژێکی تر لەلایەن ناتانیاهۆ و وەزیری بەرگریەکەیەوە بەپاساوی ئەوەی کە هێشتا کردەوە سەربازیەکانی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل ئامانجی خۆیان لە گێرانەوەی ئەمنیەت بۆ ئیسرائیل بەدی نەهێناوە، ئیتر هیچ ناڕۆشنیەک لەبەردەم ئەو ڕاستیەدا ناهێڵێ کە ڕووداوەکانی چەند ڕۆژەی ڕابردوو، کە تادێت بە وەحشیانەترین شێوە خەڵکی بێدیفاعی فەلەستین دەکاتە قوربانی، لەدرێژەی هەڵکشانی سیاسەتی فاشیستی و ڕاسترەوی ناتانیاهۆ و دەسەلاتەکەیدا سەری هەڵداوە کە “گێڕانەوەی ئەمنیەتی ئیسرائیل”ی کردۆتە پاساوێکی پوچ بۆ بەڕێخستنی ماشێنێکی جەنگی و پاکتاوکردنێکی فراوانی قەومی و کوشتاری نەوەیەکی تر لەخەڵکی فەلستین.  کاتێکیش باسی “ئەمنیەتی ئیسرائیل” دێتەپێشەوە ئەوە بی بی سی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە ئەمریکا و ڕۆژئاوان “ڕۆکێتەکانی حەماس” بە هۆکاری ئەم بەربەریەت و کوشتارەی ئیسرائیل بەحساب دێنن و دەیانەوێت وا نیشان بدەن کە جەنگێکی دوو لایەنە لەئارادایە. لەکاتێکدا ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی رابردوو بەدەستپێشخەری ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل بۆ شەپۆلێکی تر لە پەلاماردانی فەلەستینیەکان و گرتن و سەرکوت و وەدەرنانیان لەماڵ و حاڵی خۆیان دەستی پێکرد، ئەمەش بە هاوکاری دادگای باڵا و پۆلیس و سوپا و فاشیستە یەهودیەکانەوە بە شیعاری” بۆدەرەوە عەرەب، ئیسرائیڵ وڵاتی یەهودیەکانە” دەستی پێکرد و کرایە سەرەتای تەقینەوەی ڕوداوەکانی ئەم ڕۆژانە و وەگەڕخستنی ماشێنی جەنگی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە..

تەنانەت ئەگەر قەوارەی کوژراوەکان و بۆردومان و کاولکاریەک، کەلە ئیسرائیل و فەلەستین ڕویداوە بەراوردبکەین بەڕۆشنی دەبینین کەچۆن ناتانیاهۆ وحکومەتەکەی کەوتۆتە موسابەقەیەکی وەحشیگەریو  تاوانکاریەوە: بەپێی راپۆرتێکی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، تائەم کاتە، زیاتر لە١٨٨ کەس لەهاوڵاتی سڤیلی فەلەستینی، کەژن ومنداڵی تێدایە کوژراوەو زیاتر لە ١٠ هەزار کەسیش ماڵوحاڵیان کاولکراوە ودەربەدەربوون، ئەمەجگەلە تێکشکاندنی بوارەکانی خزمەتگوزاری وگەیاندن وکەمبونەوەی ئاو وخۆراک ودەرمان.. لەپاڵ ئەمانەشەوە ئەو پەلامارو ڕشبگیریەی کەهێزە ئەمنیەکانی ئیسرائیل بۆ سەر هاوڵاتیانی فەلەستینی نیشتەجێی ئیسرائیل دەستیانداوەتێ.. ڕێژەی تاوانکاریەکان بە دەیان جار زیاتر لەچاو ژمارەی ئەوانەدا کەبەر ڕۆکێتەکانی حەماس وجیهاد کەوتون وەک ئەوەیکە بەکەمتر لە١٠ هاوڵاتی ئیسرائیلی خەمڵێندراوە.. ئەم راستیەش دیسانەوە پێمان دەڵیت، کەڕوداوەکانی ئەم ڕۆژانە لەدرێژەی سیاسەتی جەنگخوازیو پاکتاوکردنی قەومیو کاولکاری دەوڵەتی ئیسرائیلدا دەچیتە پێشەوە و فرسەت وبەهانەشی داوە بەحەماسو روتە ئیسلامیەکان چالاک ببنەوە.

بێگومان کێشەی فەلەستین و کارنامەی ئینسانکوژی و جەنگخوازی دەوڵەتی ئیسرائیل مێژویەکی درێژی چەندین ساڵەی هەیە و هەر جارەش لە چوارچێوەیەکی دیاریکراوی دۆخی ناوخۆیی و جیهاندا، کارەسات و ڕوداوی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و پەلاماردانی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیلی بۆ سەر فەلەستینیەکان کردۆتە زەرورەتێک. کەوایە زەرورەت و  ویستی چینایەتی ناتانیاهۆ و حزبەکەی بۆ ئەم کاولکاری و پاکتاوکردنە قەومیەی ئەمجارە و کوشتارێک کە درێژەپێدەریەتی، چیە ولە کوێوە سەرچاوەی گرتوە؟

پێدەچێت ناتانیاهۆ و حزبەکەی لەسەر ئەوە ساغ بن لانی کەم بۆ ئەم دەورەیەش دەست لە کورسی دەسەڵات بەرنەدەن، ئەگینا چەند ڕۆژ بەر لە رووداوەکانی ئەمدوایانە ناتانیاهۆ هەردوو دەستی کەوتبوو بەملاولادا و نەیدەتوانی حکومەتی تازە پێکبهێنی و هەوالەکانیش ویستی ئەویان بۆ وازهێنان و کشانەوەی یەکجاری بڵاوکردەوە. بەڵام ئێستا دەبینین ڕوداوەکانی ئەم ڕۆژانە جارێکی تر ئەویان بردەوە نێو سەنتەری سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بگرە لەئاست جیهاندا.. ئەم ڕاستیەش نهێنی دەستبردن بۆ پەلاماردانی سەربازی و توندکردنەوەی سیاسەتی فاشیستی و ڕاستڕەوی تا سەرئاستی پاکتاوکردنی فەلەستینەیەکان و دەرپەڕاندنیان لە شوێنی خۆیان، ئاشکرا دەکا ودەیکاتە یەک زەرورەتی چینایەتی بۆ دەستەی فەرمانڕەوای ئیسرائیل کە گیرۆدەیە بە قەیرانێکی قوڵی حکومەتی. ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانەی ئیسرائیل و هاتنە خوارەوەی مەوقعیەتی حزبەکەی ناتانیاهۆ، بەوەی کە نەتوانێ بەسادەیی کابینەی حکومەتی تازە پێک بهێنی، درز و کەلێنەکانی نێوان چینی بۆرژوازی و حزبەکانی بەرینترو بەرینتر کردۆتەوە. لەلایەکی ترەوە، ناتانیاهۆ کە”پیاوی سێبەر”ی ترامپ بوو، بەهاتنی بایدن بەڕە لەژێر پێی دەرکێشراوە و لەکەنارەوە لە چاوەڕوانی ئەمریکا و ڕۆژئاوادا مایەوە. لە دۆخێکی ئاوادایە کە دەستبردن بۆ پاکتاوکردنی قەومی فەلەستینیەکان و هەڵکەندنیان لە شوێنی خۆیان و پاشان وەگەرخستنی ماشێنی جەنگی بۆ سەر غەززە، دەبێتە پێداویستیەکی چینایەتی بۆ ناتانیاهۆ و حزبەکەی تا هەم ڕیزەکانی چینی بۆرژوازی یەکخا و دەرچەیەک بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە سیاسیەی تێیکەوتووە بدۆزێتەوە، وە هەم سەرنجی ئەمریکا و ڕۆژئاواش بۆ لای خۆی رابکێشێ و بەوەرگرتنی ئیمتیازاتێک خۆی لەگەڵ سیاسەتەکانی دەستەی فەرمانڕەوای تازەی ئەمریکادا بسازێنێ. بەم جۆرەش ناتانیاهۆ و چینی دەسەڵاتداری ئیسرائیل هۆکاری یەکەم و دەستپێشخەری هەڵایسانی ڕووداوەکانی ئەم ڕۆژانە و کوشتار و کاولکاریەکە کە لە هەردوو سەرەوە خەلكی سڤیڵی فەلەستین و ئیسرائیلی کردۆتە ئامانج.

بەپێچەوانەی هەوڵەکانی میدیای ئەمریکا و ڕۆژائاواوە کە دەیانەوێت وجودی حەماس و ڕەوتی ئیسلامی سیاسی لە فەلەستین، بەرۆکێتەکانیانەوە، وەک جەمسەرێکی جەنگ لە بەرامبەر ئیسرائیلدا  قوتبکەنەوە و  وانیشانی بدەن کە ئیسرائیل لەسەر هەقە و بونی ئەم هێزانە ئیسرائیلی ناچار بە کاردانەوە و بەرگری کردن لە ئەمنیەتی خۆی کردوە، ئەوە سیاسەتی سەرکوتگەری و فاشیستی و جەنگخوازی ئیسرائیلە کە حەماس و جیهاد و گروپە ئیسلامیەکانی لە غیابی هێزیکی سۆسیالیست و ئازادیخوازدا، هێناوەتە پێشەوە و چالاکی کردوونەتەوە تا لەسەر مه‌زڵومیه‌تی فەلەستینیەکان بخوات و بلەوەڕێ و خۆی بکاتە خاوەنی مەسەلەی فەلەستین. بەدڵنیایەوە ئیسلامی سیاسی نە وەڵامە بە کێشەی فەلەستین و نە دەیانەوێت ئەم کێشەیە بەدەر لە زەبروزەنگ و خوێنڕشتن چارەسەر بێت، بەڵکو بوون و مانەوەی ئەم ڕەوتە کۆنەپەرست و تیرۆریستە، لەگۆشەیەکدا لەدرێژە و مانەوەی خودی کێشەی فەلەستین و لەسەر کار مانەوەی دەوڵەتێکی ئاپارتاید و ئاڵترا فاشیستی مەزهەبی و قەومیدایە لەئیسرائیل. لەوەدایە کە ئیسرائیل لە دروست بوونیەوە وەک دەوڵەتێک تا ئەمڕۆش ئامادە نییە دان بە مافی فەلەستینیەکاندا بنێت. دروست وەک ئەوەی کە کێشەی فەلەستین ساڵهایەکە بۆتە کارتێک بەدەست هێزە جیهانی و محەلی و ناخۆیە کۆنەپەرست و بۆرژوازیەکانەوە تا ئیمتیازات و بەرژەوەندی خۆیانی تێدا بدۆزنەوە، حەماس و جیهاد و هەر ڕەوتێکی ئیسلامی تا جمهوری ئیسلامی ئێرانیش لەم قاعیدەیە بەدەر نیە.

هەر بۆیە نابێت مەیدان بدرێت بەم هێزانە تا خۆیان بە خاوەنی زوڵمێک لە قەلەم بدەن کە ئەوان نانی لێدەخۆن و نایانەوێت چارەسەر بێت، بەڵکو دەبێ ناوەڕۆکی کۆنەپەرستانە و دژی خەڵکیان ئاشکرا بکرێ و تەریک بکرێنەوە. بەڵام کۆمۆنیستەکان و ئازادیخوازان و خەڵکی موتەمدن دەبێ لە کوێی ڕووداوەکانی ئەم ڕۆژانەدا ڕاوەستن؟

لەپێشدا خەڵکی موتەمەدنی دونیا، کۆمۆنیستەکان و هەموو ئازادیخوازان دەبێ بەتەواوی تواناوە بێنە مەیدانەوە و سنورێک بۆ سیاسەتی فاشیستی و ڕاستڕەوانەی ناتانیاهۆ و چینی فەرمانڕەوای ئیسرائیل دابنێن. دەبێ ئەم کوشتار و خوینڕێژی و پاکتاوکردنە قەومی و ئاینیەی دەوڵەتی ئیسرائیل ڕیسوابكرێ و لەقاوبدرێ و لەهەمولایەکەوە سەرکۆنە و مەحکوم بکرێ. دەبێ کوشتار و کاولکردنی غەززە دەستبەجێ ڕابگیرێت. بەواتایەکی تر هەتا شکست بەم راستڕەوی و ئینسانکوژیەی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل نەهێنرێ، تا سنورێک بۆ هێرش و پەلامارەکانی ناتانیاهۆ و سیاسەتی پاکتاوکردنی قەومی و جەنگی بەردەوامی حکومەتەکەی لەدژی خەڵکی فەلەستین دانەنرێت، قسەکردن لەسەر چارەسەرکردنی عادیلانەی ئەم کێشەیە دوورە دەستە. ئەمە هەمان ڕێگاشە بۆ بەستنی دەستی حەماس و ڕەوتە ئیسلامیەکان، کە چیتر خۆیان نەکەنە خاوەنی کێشەی فەلەستین و لەسەری بلەوەڕێن..

ئەوەی کە خەڵکی موتەمەدین و ئازادیخواز لەسەراسەری دونیادا لەرۆژی ١٥ی ئایاردا، لەنزیک بە سەد شاری گەورە و بچوکەوە، لەدژی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل و تاوانەکانی دەرهەق بە خەڵکی فەلەستین هاتنەمەیدانەوە و سیاسەتی سازشکارانە و پشتگیری کردنی ده‌وڵه‌تی فاشیستی ئیسرائیلیان لەلایەن  دەوڵەتەکانی خۆیانەوە مەحکوم کرد و رایانگەیاند کە ئامادەنین ببنە بینەری ترایژیدیایەکی تری ئینسان کوژی و کاولکاری دژ به‌ فەلەستینیەکان، کە لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە و بەپشتیوانی سیاسی و مالی ئەمریکاو ڕۆژئاوا بەڕیوەدەبرێت، ڕۆشناییەکی ئومێدبەخشە بە ئاڕاستەی گۆڕینی هاوکێشەی هێز بە قازانجی ناچارکردنی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل بەمل دان و سەلماندنی خواستی پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، بە مافی یەکسانەوە بۆ فەلەستینیەکان، وەک ڕێگاچارەیەک بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە.

١٨/٥/٢٠٢١

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *