هاورێ سالار جەبار، ناسراو بە سالاری ئاسنگەر، بۆ هەتاهەتایە جێێهێشتین

بەداخ وحەسرەتێکی زۆرەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٢٣ی ئایاری ٢٠٢١ هاورێ سالار جەبار ناسراو بە سالاری ئاسنگەر، کرێکاری کۆمۆنیست و ئەندامی کۆمیتەی سلێمانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بۆ هەتا هەتایە چاوەکانی لێكناو جێی هێشتین.
هاورێ سالار جەبار هەڵسوڕاوێکی کۆمۆنیستی ماندوونەناس و خەباتکارێکی رێگای ئازادی و یەکسانی چینی کرێکارو سەرجەم جەماوەری چەوساوە بوو، کە هەر لە سەرەتای تەمەنی لاوێتیەوە پەیوەندی دەکات بە گروپ و رێکخراوە کۆمۆنسیتی و چەپەکانەوەو خەباتی خۆی دژی رژێمی سەدام لەچوارچێوەی خەباتی بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیدا بەرەوپێش دەبات.
لەڕاپەرینی ئازاری ساڵی ١٩٩١ دا یەکێك بوو لە بەشداربوانی ڕاپەڕین و دواتریش هەڵسوڕاوێکی چالاکی شوراکان و بزوتنەوەی شورایی بوو لە شاری سلێمانی. دوای پێکهاتنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق، چالاکی سیاسی و کۆمۆنیستی خۆی لە چوارچێوەی حزبدا درێژە پێداو هاوکات یەکێك بوو لە هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیست کە لەناو پێشەوەراندا کارو چالاکی جەماوەری و سیاسی دەکرد. لەریزەکانی حزبدا هەمیشە یەکێك بوە لەو کادرە دڵسۆزو فیداکارانەی کە بە گیانی خۆی بەرگری لە حزب و لە ئامانجەکانی دەکرد. هەمیشە وەکو کادرێکی عەمەلی لەهەموو شوێنێکدا کە حزب پیویستی پێی بووبێت ئامادەبووە. دوای پێکهاتنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، هاوڕێ سالار چالاکی سیاسی و رێکخراوەیی خۆی لەناو ئەم حزبەدا درێژە پێداو لە سەرجەم چالاکیەکانی حزبدا دەورێکی بەرچاوی هەبووە. لەخەباتی جەماوەری و ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و مامۆستایان و فەرمانبەراندا هەمیشە لەڕیزی پێشەوەدا بووە. جەسارەت و پەیگیری هاورێ سالار بۆ بیروباوەرو حزبەکەی و بۆ ئامانجە یەکسانیخواز و ئینسانیەکانی و ئامادەیی لەهەرچی جموجوڵێکی ڕەوای جەماوەریدا ئەوی لەناو هاورێ و دۆستەکانیدا خۆشەویست کردبوو. هاوڕی سالار لەجوڵانەوەی ١٧ی شوباتی ساڵی ٢٠١١ و هاتنەمەیدانی جەماوەر لەدژی دەسەلاتی بنەماڵەیی کوردایەتی، ڕۆڵیکی کارای هەبوو وە یەکێک بووە لە ئەندامانی ئەنجومەتی سەرای ئازادی و پەیگیر لەسەر داخوازی و ئامانجەکانی ئەم بزوتنەوەیە راوەستابوو. سەرباری ئەوانە، هاورێ سالار بەردەوام ئامادەبووە بۆ هەرکارێك کە حزب پێی سپاردبێت یاخود بزوتنەوەکە پێویستی پێی بووبێت. هاوڕێ سالار لە چالاکیە مرۆڤدۆستیەکانی حزب و رێکخراوە رادیکاڵ و مرۆڤدۆستەکاندا بەشداری کردوەو پشتیوانی کارەکانیانی کردوە. لەو چالاکیانەی کە سەنتەری بەرگری لە مافەکانی مناڵان یاخود گروپی هانا بۆ کۆمەك بە ئاوارەکان و چەندین رێکخراوی دیکە ئەنجامیان داوە بەشداری جدی و چالاکانەی هەبووە. هاورێ سالار سیمای ناسراوی چالاکیەکانی ٨ ی مارس و یەکی ئایارەکانی شاری سلێمانی بوو. هاورێ سالار یەکێك بوو لە ئەندامە چالاکەکانی تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی لە سلێمانی کە خۆبەخشانەو لەخۆبوردوانە دەستی هاوکاری و کۆمەکیان بۆ خەڵکانێك کە پیویستیان پێی بوە ڕاکیشاوە. هاوڕی ساڵار لەدژی دەسەلاتی گەندەڵکاران و بۆ داکۆکی لەماف و ئازادیەکانی خەڵکی کرێکارو زەحەمتکێش و بەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی کۆمۆنیستێکی هەڵسوراوو جەسوربووە و بەم هۆیەشەوە گەلێک جار لەلایەن هیزەسەرکوتگەرەکانی دەسەلاتەوە دەستگیرکراوە.
هاورێ سالار، بەداخەوە دوای تەمەنێکی پڕ لە هەوڵ و تێکۆشان لەپێناو ئازادی و یەکسانی و مافەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشدا، بەهۆی نەخۆشی کتوپڕەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٢٣ی ئایار، ئێمە و هاوسەر و مناڵەکانی و کەسوکار و هاورێکانی بۆ هەتاهەتایە جێ هێشت و ئازارێکی قوڵی لە ناخماندا دروست کرد.
ئێمە بەبۆنەی ئەم کارەساتە دڵتەزێنەوە، سەرەخۆشی خۆمان لە ناسکی هاوسەری و مناڵەکانی و لە کەسوکاری و لە هەموو هاورێ و دۆستانی هاورێ سالار و لە خۆمان دەکەین. هاوکات بە بەردەوامیدان بە ڕێبازەکەی و بەرزڕاگرتنی ئە وئاڵایەی کە هەمیشە بەرزی دەکردەوە، یاد و بیرەوەریەکانی لەناو ویژدانمان دا بە زیندوویی دەهێڵینەوە.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢٣ ی ئایاری ٢٠٢١

Check Also

له‌ ماریاوه‌ بۆ زه‌هرا و فه‌یرووز، ده‌سه‌ڵات به‌رپرسه‌ له‌ كوشتنی ژنان

سه‌ر له‌به‌یانی ڕۆژی ١٧ ی نیسان و له‌ شیرینی خه‌ودا فه‌یرووزی ته‌مه‌ن ٢١ ساڵان له‌لایه‌ن …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *