عێراق؛ ١٣ ملیۆن هەژار و ١٥٠ ملیار دۆلاری دزراو!

 موحسین کەریم

وەزیری پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند کە ٤ ملیۆنی دیکەی خەڵک کە دەکاتە١١.٧٪ ی دانیشتوانی عێراق لەبەردەم هەڕەشەی ڕۆچوون بۆ ناو هێڵی هەژاریدان بەهۆی کاریگەریە ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی پەتای کۆرۆناوە. بەمەش رێژەی هەژاری لە عێراقدا بۆ ٣١.٧٪  واتە ١١.٤ ملیۆن کەس بەرزدەبێتەوە!

لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ( CNNی ئەمریکی)دا بەرهەم ساڵح ، سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند کە لە دوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە لە ساڵی ٢٠٠٣ دا تا ئێستا بایی زیاتر لە ١٥٠ ملیار دۆلار  پارەی نەوت دزراوە.

ئەگەر ئەم دوو هەواڵە بەراورد بکەین، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە بۆچی نزیکەی ١/٣ ی خەڵکی عێراق لە هەژاریدا دەژین!

لەماوەی ١٧ ساڵدا، بەپێی دان پیانانی کەسێك لە لوتکەی دەسەڵاتی عێراقدا، ١٥٠ ملیار دۆلار پارەی نەوت دزرابێت، لەلایەن بەرپرسانی حکومەت و حزبە دەسەڵاتدارەکانی عێراقەوە بە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەوە، بەهاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا دەرەکیە ئەمریکی و بەریتانی و ئەوروپی و ڕووسی و چینی و ئێرانی و تورکیەکاندا و ڕەوانەی بانکەکانی ئەوروپا کرابێت، دەبێ چەندی دیکە ژێربەژێر هەر لەلایەن ئەم گروپە تاڵانچی و چەتەو مافیایەوە دزرابێت و بۆ بەرژەوەندی خۆیان و ئەو دەوڵەتانەی ئەوانیان وەکو پاسەوانی بیرە نەوتەکانی عێراق داناوە!؟  ئەگەر هەر ئەو بڕە دان پێدانراوە هەژمار بکەین، ساڵانە لەماوەی ئەو ١٧ ساڵەدا ، نزیکەی ٩ ملیار دۆلار پارەی داهاتی نەوت دزراوە. ئەگەر تەنها حساباتێکی خێرا بۆ ئەم پارە دزراوە بکەین، دەتواین تەسەوری ئەوە بکەین کە بەو بڕە پارەیە دەتوانرا چ خزمەتگوزاریەك پێشکەش بە هاوڵاتیانی عێراق بکرێت! دەکرا چەند خوێندنگاو خەستەخانەی حکومی کە بەخۆڕایی خزمەتگوزارییان پێشکەش بە هاوڵاتیان بکردایە، دروست دەکران!؟ ئایا کێشەی کارەبا لە عێراقدا دەما!؟ ئایا کێشەی رێگاوبان و خانوبەرە لە عێراقدا دەما؟ ئایا بێکارێك دەما کە بیمەی بێکاری وەرنەگرێت!؟ و.. تا دوایی.

کەواتە لێرەوە دەردەکەوێ کە ئەوەی لە عێراقدا هەیە، حکومەت نیە، دەوڵەت نیە، کۆمەڵێك باندی مافیاییە کە لەژێر ناوی ئەحزابی سیاسیدا کاردەکەن و هەریەکەیان سەریان بە دەولەتێك و بە چەند کۆمپانیاوەیەو خەریکی تاڵانکردنی داهاتی گشتین و ژیانی شاهانەیان بۆ خۆیان و مناڵ و خێزان و نەوەکانیان مسۆگەر کردوە، خەڵکی عێراقیشیان لە هەژاری و برسێتی و نائارامی و شەڕ و کوشتار و نەبوونی سەرەتایی ترین خزمەتگوزاریەکاندا ڕاگرتووە!

ئەم دەسەڵاتە مافیایی و چەتەگەریەی کە بەوجۆرە داهاتی گشتی تاڵان دەکات و خەڵکی برسی و بێماف و برسی و روتورەجاڵ کردوە، نارەزایەتی و خۆپیشاندانەکانیشیان بۆ ژیان و گوزەران و دژی گەندەڵی و تاڵانچێتی دەسەڵاتدارانی ئیسلامی و ناسیۆنالیستی بە کوشتار و رفاندن و تیرۆر وەڵام دەداتەوە، بەرهەمی ڕاستەوخۆی داگیرکاری ئەمریکاو دیاری دەستی ووڵاتانی بۆرژوایی رۆژاوایە بۆ خەڵکی عێراق کە بەناوی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری سەدامەوە بۆ خەڵکی عێراقیان هێنا! بۆرژوازی رۆژاوا بەناوی روخاندنی رژێمی دیکتاتۆری سەدامەوە، بنەمای کۆمەڵگای عێراقی هەڵتەکاندو وێرانی کرد. بنەما و ژێرخانی ئابوری و پیشەسازی و خزمەتگوزاری عێراقی هەڵتەکاندو دەسەڵاتی دەوڵتیشی دایە دەست کۆمەڵێك مافیا کە قات و بۆینباخی دیموکراسی رۆژاواییان لەبەرکردبوو.

ئەم ڕاستیەی ژیانی خەڵکی عێراق، لەلایەکەوە پووچەڵبوونی بانگەشەکانی بۆرژوازی رۆژاوایی سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی و ئازادیی خەڵکی عێراق لەدەستی دیکتاتۆریەت نمایش دەکات، و لەلایەکی دیکەوە ئەو ڕاستیە دوپات دەکاتەوە کە رێگای رزگاربوون لە دیکتاتۆریەتی بۆرژوایی، زەلکاوی دیموکراسی رۆژاوایی نیە، بەڵکو سۆشیالیزم و کۆمۆنیزمە وەکو بەدیلێکی سیاسی- کۆمەڵایەتی- ئابوری کە مرۆڤ و ژیان و گوزەران و کەرامەت و ئازادیەکانی تێێدا بنەماو ئەسڵە.

 

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *