رۆژی یەکی ئایار، رۆژی بانگەوازی چینی کرێکارە بۆ دنیایەکی ئازادو یەکسان!

هاورێیانی کرێکار!
جەماوەری زەحمەتکێش‌و چەوساوە!
سیستەمی سەرمایەداری کە لەسەربنەمای نایەکسانی‌ ئابوری‌و بالادەستیی کۆمەڵایەتی‌ کەمایەتیەکی زۆر بچووکی کۆمەڵگاو لەسەر چەوساندنەوەی چینایەتی دامەرزاوە، ئێستا لە هەموو کاتێك زیاتر ناکۆکی‌و ناتەبایی خۆی لەگەڵ ژیانی مرۆڤایەتیدا نیشانداوە. قەیرانی ئابوری چەند ساڵە کە لەناو مەڵبەندی هێزو دەسەلاتی ئەم سیستەمەدا یەخەی پێگرتوە، ملیۆنەها ئینسانی کرێکاری فرێداوەتە دەرەوەی پرۆسەی بەرهەمهێنانەوەو بێکاری کردوون‌و ژیانی کۆیلایەتییان بەسەر خۆیان‌و خێزانەکانیان داسەپاندوە. دەوڵەت‌و حکومەتەکانی بۆرژوازیش بۆ داسەپاندنی هەژاری زیاتر بەسەر چینی کرێکارو جەماوەری زەحمەتکێش‌ لەرێگای زیادکردنی باج‌و هێنانەخوارەوەی کرێوە، سەندنەوەی دەسکەوت‌و خزمەتگوزاریە گشتی‌وکۆمەڵایەتی‌و تەندروستیەکان لە خەڵک‌و سپاردنی بە بازارو قازانج، گۆڕینی یاساو پێوانەکانی کار لەدژی کرێکارو بە قازانجی سەرمایەداران، هێرشێکی هەمەلایەنەیان لەمسەر بۆئەوسەری دنیا دەستپێکردوە. شەڕێکی راستەقینە لەدژی چینی کرێکار لەلایەن چینی سەرمایەدارو دەسەڵاتەکانیەوە بەرێخراوە، بەڵام چینی کرێکارو جەماوەری بێبەش‌و زەحمەتکێشیش لەبەرامبەردا بێدەنگ نەبوون و بەرەنگاری ئەم هێرشە بوونەتەوە. جموجوڵەکرێکاریەکان‌و بزوتنەوەکانی لاوان‌و بێکاران لە ئەمریکاو ئەوروپادا، دەرکەوتەو مەیدانەکانی ئەو روبەرووبونەوەیە بوون‌و هەن. رای گشتی ئەوروپاو ئەمریکا بە قوڵی ئەو راستیەیان دوپاتکردەوە کە سەرمایەداری سیستەمێكە کە تەنها بۆ ١%ی دانیشتوانی گۆی زەویەو ناکۆك و بگرە دژە بە ژیان‌و گوزەرانی ٩٩% کۆمەڵگای بەشەری. مرۆڤایەتی پێویستی بەوەیە کە گەردنی خۆی لەدەستی ئەم سیستەمە دژی بەشەریە قورتار بکات.
یەکی ئایار، لە مێژووی بزوتنەوەی کرێکاریدا، رەمزی ئەو خەباتەی چینی کرێكار بووە کە ئامانجی ئاڵوگۆڕ‌و ژێرەوژوورکردنی دەسەلاتی سەرمایەیە. یەکی ئایار پەیامی چینی کرێکارە بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی ئابوری سیاسی نوێ کە تییدا مرۆڤەکان ئازادو یەکسان‌و شادو خۆشگوزەران بن. یەکی ئایاری ئەمساڵیش لەم هەلومەرجە ئابوری‌و کۆمەڵایەتی‌و سیاسیەی ئێستادا دەبێ ئەو پەیامە بدات‌و هێزی وەدیهێنەری ئەو ئاڵوگۆڕە نیشان بدات. مرۆڤایەتی بەبێ دەرو نەخشی چینی کرێکارو بەبێ بزوتنەوەی یەکسانیخوازو شۆرشگێرانەی ئەوان بێجگە لە کارەسات‌و هەژاری‌و ژیانی کۆیلایەتی‌و بێمافی زیاتر هیچ شتێکی دیکە چاوەرێی ناکات. ئەزمونی ژیانی ئەم سیستەمەو بە دیاریکراویش ٤-٥ ساڵی رابردوو هەر ئەوەی ئاشکراکردوەو سەلماندویەتی.

کرێکارانی کوردستان!

ئێمە بەشیکن لەو لەشکرە جیهانیەی چینی کرێکار کە لەئاکامی دەسەڵاتی دوو پارتی بۆرژوازیەوە ژیان‌و گوزەرانمان لە خراپترین ئاستی خۆیدایە. تائێستا ماف وژیانمان به‌یاسای کاری بەعس پێوانه‌ ده‌کرێ. بێکاری، گرانی‌و نەبوونی، کرێچێتی‌و بێبەشبوون لەشوێنێکی گونجاو تەنگی بە خۆمان‌و خێزانەکانمان هەڵچنیوە. شوێنی کارەکانمان وەکو بەرەی شەڕ بەردەوام قوربانیمان لێدەچنێتەوە. هیچ پێوانەو ستانداردێك نیە بۆ دیاریکردنی کرێ‌و مووچەکانمان‌و ئەوەی وەریدەگرین بەشی ژیانێکی کولەمەرگی ناکات. بیمەی کۆمەڵایەتی‌و خانەشینی، بیمەی بێکاری‌و نەخۆشیمان نیەئەگەر بەشێك لە ئێمە که‌مێک لەو بیمانەی پێببڕێ ئەوەندە نیە کەهیچ گرفتێك چارەسەر کات. بەڵام لەولاشەوە دەبینین کەچۆن سەرمایەداران‌و دەوڵەمەندان‌و کاربەدەستانی بۆرژوازی لەداهاتی کۆمەڵگا بەبلۆك دۆلار پاشەکەوت دەکەن‌. ئەمەش له‌سه‌ر حسابی بەرینبونەوەو زیادکردنی رێژەی هەژاری و بێبەشی زوربەی هەرە زۆری کۆمەڵگا، به‌ده‌ست دێنن.

ژنان و پیاوانی کرێکار!
رێگاچارەی یەکجاری له‌م ژیانه‌ پڕ کوێره‌وه‌ریه‌، شتێکی تر نییه‌ جگه‌له‌ هەڵپێچانی سیستەمی سەرمایەداری و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی و خه‌باتکردن بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی، کە تیایدا هەرکەس ئارەزومەندانەو بەپێی توناو داهێنانی خۆی لە بەرهەمهیناندا بەشداری دەکات‌و هاوکات بەپێی پێویستی خۆی لەداهات‌و خوشگوزەرانی کۆمەڵگا بەهرەمەند دەبێت، بەڵام تا ئەوکاتەی هێزوتوانای چینایه‌تیامان، ڕیزی ڕیکخراو و یه‌کگرتووی ‌کرێکاران و کۆبوونه‌وه‌یان له‌ده‌وری حزبی خۆیان فه‌راهه‌م نه‌بووه‌، خەبات بۆ باشترکردنی ژیان و دابینکردنی لانی زۆری ئاسایشی کارو خۆشگوزەرانی سه‌نگه‌رێکه‌ بۆ بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی هوشیاری چینایەتی و توانای خەباتکارانەمانە، که‌وایه‌ با یەکی ئایاری ئه‌مساڵ بکه‌یه‌نه‌ رۆژێک بۆ یه‌کیه‌تی و ڕیکخراوبوونی ڕیزه‌کانمان و به‌ده‌ستهینانی توانای زیاتری چینایه‌تیمان، با له‌ئایاری ئه‌مساڵدا، ده‌ست بخه‌یه‌نه‌ نێوده‌ستی یه‌کتر و له‌ده‌وری کۆمەڵەی ئه‌م خواستانه‌ی خواره‌وه‌ کەژیان وگوزەرانمان باشتر دەکات، خه‌باتامان یه‌کخه‌ین وده‌سه‌لاتداران وخاوه‌نکاره‌کان ناچارکه‌ین به‌جێبەجێکردنیان:

دیاریکردنی یه‌ک ملیۆن دینار وه‌ک لانی که‌می کرێ و موچه‌ی مانگانه‌، خواستی کرێکارانی کوردستانه‌.

هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یاسای کاری به‌عس و جێگرتنه‌وه‌ی به‌یاسایه‌کی نوێ که‌ماف و ئازادیه‌کانی کرێکارانی کوردستان مسۆگه‌ر بکات!

ئازادی مانگرتن و ڕیکخراوبوونی بێمه‌رجی کرێکاران!

کار یان بیمه‌ی بێکاری ته‌سه‌ل بۆ هه‌موو هاوڵاتیانی ئاماده‌به‌کار، به ‌ژن و پیاوه‌وه‌!

کرێی یه‌کسان بۆ ژن‌و پیاو له‌به‌رامبه‌ر کاری هاوشێوەدا!

دابینکردنی پێداویستیه‌کانی سه‌لامه‌تی کار به‌ستانداردێکی جیهانی بۆ کرێکاران!

پێویستە حکومەت نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێردراوی کرێکاران وه‌ک لایه‌نێکی چاودێر به‌سه‌ر هه‌لومه‌رجی کار له‌ناوه‌نده‌کانی کاردا بەرەسمی بناسێت!حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان

 

بژی یه‌کی ئایار ڕۆژی جهیانی چینی کرێکار!.. په‌ره‌گرتوبێت خه‌باتی چینایه‌تی کرێکاران له‌پێناو به‌دیهینانی کۆمه‌ڵگایه‌کی ئازادو یه‌کسان وخۆشگوزه‌راندا!  

ئایاری ٢٠١٣

Check Also

یەکی ئایار، ڕه‌مزی خەباتی چینی کرێکارە بەدژی سیستەمی زاڵمانەی سەرمایەداری!

یەکی ئایار، ڕه‌مزی خەباتی چینی کرێکار لەپێناو دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی یەکسان و ئازاد، نزیك دەبێتەوە. کرێکاران …