کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان!

موحسن کەریم: 

بەرەبەیانی رۆژی هەینی ٢/٧ی ٢٠٢١ هێزەکانی ئەمریکا لە گەورەترین و سەرەکیترین بنکەی سەربازی و ئاسمانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، لە تاریکیدا و دوای بەجێهێشتنی سەدان هەزار بەستەی خۆراك و بوتڵی ئاوو هەزاران ئۆتۆمبێلی مەدەنی و سەدان ئۆتۆمبێلی سەربازی و هەزاران پارچە چەکی سووك لەناو بنکەکەدا و بەبێ ئاگادارکردنەوەی بەرپرسانی سەربازی ئەفغانستان، کشانەوە. کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بەوجۆرە بێجگە لە نمایشکردنی شکستێکی سیاسی و سەربازی ئەمریکا شتێکی دیکە ڕوون ناکاتەوە. کشانەوەی ئەو هێزانە دوای کوژاندنەوەی کارەبای ناوچەکە و ئاگادارنەکردنی بەرپرسانی سەربازی ئەفغانی سەبارەت بەکاتی کشانەوەکە، مانای هەڵاتن دەگەیەنێ نەك کشانەوە! لەکاتێکدا هێزەکانی تاڵیبان بەردەوام لە پێشڕەویدان بۆ دەست بەسەراگرتنی چەندین ناوچەی ئەفغانستان و نزیك بوونەوە لە شارە گەورەکان. فکرەی کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان لە  ساڵی ٢٠١٨ ەوە دەست پێدەکات، کاتێك  ئیدارەی ترامپ لەگەڵ بزوتنەوەی تاڵیابندا دەست بە گفتوگۆدەکەن و ئەمریکا ڕازی دەبێت بەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان بکشێنێتەوە بەرامبەر بە بەڵێنی تاڵیبان بۆ رێگەنەدان بەوەی خاکی ئەفغانستان ببێتە ناوەندی تیرۆر و هەروەها بەمەرجی ئەوەی لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستاندا بکەونە گفتوگۆ بەمەبەستی رێكەوتن! دوای دووساڵ لە گفتوگۆی نێوان ئەمریکا و تاڵبیان، سەرەنجام  لە ساڵی ٢٠٢٠دا رێکەوتنەکە واژۆکرا و بەپێی رێکەوتنامەکە بڕیاربوو لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا ٥٠٠٠ سەربازی ئەمریکی لەکۆی ١٣٠٠٠ سەرباز ئەفغانستان بەجێ بهێڵن و لە ١١ی سیپتێمبەریشدا، واتە دوای ٢٠ساڵ لە روداوی ١١ی سیپتێمبەر و داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن ئەمریکاوە، تەواوی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان بکشێنەوە!

لەهەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا دوای ئەوەی هێزەکانی سۆڤیەت لەچوارچێوەی پەیوەندی دوو قۆڵی نێوان ووڵاتەکەی و دەوڵەتی ئەفغانستان دا دەچێتە ناو ئەفغانستانەوە، هەموو هەوڵەکانی ئەمریکا بۆئەوە دەبێت هێزەکانی سۆڤیەت لە ئەفغانستان بکاتەدەرەوە. بۆیە لەرێگای دەزگای ) CIA) یەوە پارەو چەکی دا بە گروپە چەکدارە ئیسلامیەکان تا دژی سۆڤیەت بجەنگن. ئەوەبوو (CIA) پاکستانی وەکو بنکەی سەرەکی خۆی دەستنیسان کرد و لەڕیگای جەنەراڵ( ضیاء الحق) دیکتاتۆری پاکستانەوە هەوڵی دا ووڵاتانی ئیسلامی بۆ “شەڕ لەگەڵ کۆمۆنیزم!” بانگەواز بکات. بۆ سەیروسەمەرەی مێژوو، بنلادن بەدەم بانگەوازەکەوە هات! هەروەها ڕۆنالد رێگان سەرکردەی موجاهیدەکانی بانگ کرد بۆ کۆشکی سپی و وەکو خەباتکارانی رێگای ئازادی بەرامبەر بە مەترسی کۆمۆنیزم ناوی بردن! ئەوەبوو دوای ١٠ ساڵ و لەساڵی ١٩٨٩دا سۆڤیەت ناچاربوو ئەفغانستان بەجێ بهێڵێت و گروپە ئیسلامیەکانی سەر بە ئەمریکا دەسەڵاتی ووڵات بگرنە دەست کە سەری کێشایە ناو شەڕێکی ناوخۆیی(٤) ساڵەو (٥٠) هەزار کوژراوی لێ کەوتەوە تا ئەوکاتەی تاڵیبان لە ساڵی ١٩٩٤دا دەسەڵاتی گرت.

داگیرکردنی ئەفغانستان و روخاندنی دەسەڵاتی تاڵیبان لەلایەن ئەمریکاوە، ڕاستەوخۆ ئاکامی روداوەکانی ١١ی سێپتێمبەر بوو، کە ئەمریکا بۆ کڕینەوەی شکۆی ئیمپریالیستی و زلهێزی خۆی وەکو سەرکردەی جیهان دەستی بۆبرد. دوای ٢٠ ساڵ لە بوونی سەربازی و بەکوشتدانی هەزاران سەربازی ئەمریکی و خەرجکردنی ملیارەها دۆلار و هەروەها دوای خاپورکردنی ئەفغانستان و کوشتنی سەدان هەزار هاوڵاتی مەدەنی و بێتاوانی ئەفغانی و دوای هێنانە سەرکاری حکومەتێکی کۆنەپەرستی قەبیلەیی سەر بە ئەمریکاو ناتۆ، سەرەنجام ئەفغانستانی بۆ هەمان ئەو هێزە جێهێشتەوە کە ٢٠ ساڵ لەمەوبەر دەسەڵاتەکەی بەزەبری بۆردومان و کاولکردنی ئەو وڵاتە روخاند! ئەوەی بەسەر هێزەکانی سۆڤیەت هات لە ئەفغانستان بەسەر هیزەکانی ئەمریکاشدا هاتەوە!.. ئەوەی مایەی سەرنجە ئەوەیە کە وەکو چۆن ئەمریکا دەوری هەبوو لە شکستی سۆڤیەت و ناچارکردنی بە جێهێشتی ئەفغانستان، بەهەمانشێوە، ئەمڕۆ ڕوسیا دەوری هەیە لەم شکستەی ئەمریکادا بەوەی کە هاوکاری سەربازی و دارایی تاڵیبانی کردوە تا بتوانێ خۆی سازبداتەوەو دژی هێزەکانی ئەمریکا لەو ووڵاتە بجەنگێت. ڕوسیا و ئێران دەوری بەرچاویان هەبووە لەوەی دەستی تاڵیبان بگرنەوە بەرەو کۆنترۆڵکردنەوەی بەشێکی بەرچاو لە خاکی ئەفغانستان و دەرکەوتنەوەیان وەکو هێزی خاوەنی بڕیار لە سیاسەتی ئەفغانستاندا. ئەم سەرکەوتنەی تاڵیبان ئاکامی گەندەڵی حکومەتە قەبیلەییەکەی ئەفغانستان نیە کە لەلایەن ئەمریکاو ناتۆوە بەسەر خەڵکی ئەو ووڵاتەدا سەپێنران، وەکو هەندێ کەس لە کوردستان وەکو هوشداریدانێك بە حکومەتی هەرێم دەیدەن! بێگومان حکومەتی ئەفغانستان تاسەر مۆخ گەندەڵ و کۆنەپەرست و تاڵانچی و دژی مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی ئەفغانستانە، بەڵکو ئاکامی کێشمەکێشی نێوان ئەمریکاو ناتۆ لەلایەك و ڕوسیا و ئێران و تاڕادەیەکیش چینە لەلایەکی دیکەوە. دەسەڵاتی تاڵیبانی توندڕەوی جاران و “میانڕەو!”ی ئێستای دوای رێکەوتن لەگەڵ ئەمریکا، لەم حکومەتەی ئێستای ئەفغانستان باشتر نابێ. خەڵکی ئەفغانستان ئەمە دەزانن بۆیە بەشێك لەژنانی ئەفغانستان دەستیان داوەتە چەك بۆ پارێزگاری لە خۆیان بەرامبەر بە مەترسی گەڕانەوەی تاڵیباندا!

شکستی ئەمریکا لە ئەفغانستان و دەستی باڵا پەیداکردنەوەی تاڵیبان، ئەگەرچی ئەگەری ئەوەی هەیە کە دوبارە سەربکێشێتەوە شەڕێکی ناوخۆیی وێرانکەرو پشێوی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری کە ژیان و گوزەران و ئەمنیەتی خەڵك و بەتایبەتیش ژنان لەناو بەرداشی خۆیدا بهاڕێت، ئەمەش بێگومان فەزای ئەمنی ناوچەکە و هەندێ ووڵاتی دراوسێی ئەفغانستان شڵەژاو و ناجێگیر دەکات. لەوانە ڕەنگە لە کورتماوەدا گروپە ئیسلامیەکانی ناوخۆی چین ببوژێنێتەوە، بەڵام لەدرێژماوەدا بە قازانجی چین و ڕوسیا و ئێران دەشکێتەوە. کۆتاییهتانی بوونی سەربازی ئەمریکا لەتەنیشت چین و ڕوسیاو ئێراندا، لەلایەكەوە  بەردێك لەسەر وەبەرهێنانی سەرمایەی چینی لە ئەفغانستانی وێرانەدا لادەبات، کە ئێستا چین وەکو ووڵاتێکی سەرمایەداری گەشە سەندوو بەشوێن وەبەرهێنانی سەرمایە زەبەلاحەکەیەوەیە لە ئاستی کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکای لاتین. هاوکات  بوونی سەربازی ئەمریکاش لەپاڵ سنورەکانی ڕوسیادا لە باشورەوە کۆتایی پێدێنێ و گەمارۆی روسیا لەلایەن ئەمریکاوە کە ساڵانێکی زۆرە بوەتە بەشێك لە ستراتیژی ئەمریکا بەرامبەر دژ بە ڕوسیا، روبەروی شکست دەکاتەوە.

 

 

Check Also

گۆشەیەکی پرشنگدار لە مێژووی چینی کرێکاری ئەمریکا

لەنوسینی: عامر سابیر پێشەکییەکی کورت و پێویست: لە ئۆکتۆبەری ساڵی 1929 دا سیستەمی سەرمایەداری لە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *