پیلانگیڕی کۆماری ئیسلامی ئێران لەدژی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، لەهەرێمی کوردستان ڕیسواو مەحکومە!

ڕۆژی چواشەمە ١١/٨/٢٠٢١ لە میانی دیداری وەزیری دەرەوەی عێراق، لەگەڵ عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە تاران، داوای دەرکردنی حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان لە هەرێمی کوردستان، لێکرا و پێیان ڕاگەیاندراوە كه‌ ”هەرێمی کوردستان بۆتە لانەی گروپە بەرهەلستکاریەکانی ئێران” و دەبێ هەوڵی وەدەرنانیان بدرێت!

ئەم داوایەی جمهوری ئیسلامی ئێران لە درێژەی ئەو بەڵێنانەدایە کە ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری نوێی ئێران لە سەرخستنی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بە لایەنگرانی خۆی دابووی، وە لە یەکەمین هەنگاویشدا موسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتە ناوەندی حزبی دیموکراتی ئێران، لە هەولێر تیررۆر کرا.

بێگومان هەوڵەکانی کۆماری سەرکوتوی سێدارەی ئیسلامی لەئێران، بۆ دۆرخستنەوەی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لەهەرێمی کوردستان، سیاسەتێکی تازە نییە، هاوکات کۆمەك و هاوکاریەکانی ئەحزابی دەسەڵاتداری کوردستان و هێزە کۆنەپەرستە  ئیسلامیەکانی عێراق، بۆ جێبەجیکردنی ئەجنداکانی ئیرانیش لە پێناو لێدان لە ئۆپۆزسیۆن و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئێران لە عێراق و کوردستاندا، بە نرخی تێکدانی شیرازەی ژیانی مەدەنی و نائارامکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان، بەردەوام درێژەی هەبوە و بەشێک بووە لە کارنامەی هەموو ئەم هێزانە.

بەهۆی ناجێگیری و بۆشایی حکومەت و دەسەڵاتێکی فشەڵەوە لە عێراق و کوردستاندا، جمهوری ئیسلامی ئێران هەمیشە وەک هیزێکی کۆنەپەرستی دەخالەتگەر لە ئالۆگورە سیاسیەکانی سەرساحەی سیاسی عیراقدا و بەردەوام لەکەنار دەخاڵەتی ڕاستەخۆی سەربازیدا لە کوردستانی عێراق، بە بەهانەی جۆراجۆرەوە دەستی بردوە بۆ تیرۆر و پیلانگێڕی و لێدان لە نەیارانی سیاسی خۆیی و تۆپبارانکردن بارەگاکانی ئۆپۆزسیۆن. تەنانەت ئەگەر ڕاستەخۆ خۆشی نەیتوانیبێت بەم کارنامە ئینسانکوژی و سەرکوتگەریە هه‌ڵبسێت، ئەوا لە رێگای بەکرێگیراوان و هاوکاری حزبەکانی دەسەڵات لە کوردستان و ئەو هێزە کۆنەپەرستانەی لەپال جمهوری ئیسلامئ ئیراندان، پلانی تیرۆر و تەسلیمکردنەوەی هەڵسوڕوانی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیان ئەنجامداوە. ئەوەی لە ئێستادا جمهوری ئیسلامی ئێران داوا دەکات نەیارانی لە هەرێمی کوردستان وەده‌رنرێن، پیلانێکی ئاشکرایە بۆ سەرکوتگەری و پەرەدان بەتیرۆریزم و ئینسانکوژی کە بێگومان یەکێک لە ئاکامەکانی تێکدانی ئارامی کومەڵگه‌ی کوردستانە و نابێ لەلایەن هەرئینسانێکی ئازادیخوازە و بەدەربەستەوە قەبوڵ بکرێ. هەروەها دەبێت ڕێگە نەدرێت بە حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان، ئەم پیلان و سیاسەتە گڵاوەی جمهوری ئیسلامی ئێران بچێتەسەر و پێویستە دەسەڵاتداران بەرپرسیار بکرێن بەرامبەر پاراستنی ئەمنی و ئاسایشی کۆمەلایەتی لەبەردەم هەمواندا، بە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئیرانیشەوە.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەگەڵ ئەوەدا لە دژی هەر جۆرە دەخاڵەت و دەستدرێژیەکی جمهوری ئیسلامی ئێران لەکوردستان و عێراق ڕادەوەستێ، هاوکات پیلانگێڕی ئەم ڕژێمە هارو دڕندەیە، لەدژی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان کە لە هەرێمی کوردستاندا نیشتەجێن، ریسواو مەحکوم دەکات و ڕای گشتی خەڵکی کوردستانی لێئاگادار دەکاتەوە. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان حزبە دەسەڵاتدارەکان بەر پرسیار دەکات بەرامبەر پاراستن و ئەمنیه‌تی گیانی هەڵسوراوانی سیاسی ئێران لە کوردستان و هەرجۆرە دەستدرێژیەک بۆ سەریان.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

١٦/٨/٢٠٢١

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *