خۆپیشاندانەکانی هەولێر و ڕەوینەوەی ترس لە پارتی!

گفتوگۆ لەگەڵ جەمال موحسین

ئۆکتۆبەر: ساڵانێکی زۆرە لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دژی نەبوونی خزمەتگوزاریەکان و بڕینی مووچەو زۆر پرس و مەسەلەی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچێت. بێجگە لە چەند حاڵەتێکی کەم و بچووك لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی خۆپیشاندان رووی نەدەدا یاخود بەر لەوەی رووبدات سەرکوت دەکرا. بەڵام ڕۆژانی ڕابردوو ئەو تەوقە شکا وخەڵکی گەڕەکە هەژارنشینەکانی هەولێر دژی نەبوونی ئاو رژانە سەر شەقام و کۆڵانەکان. لێکدانەوەی ئێوە بۆ ئەم گۆڕانکاریە چیە؟

جه‌مال موحسین: ناڕه‌زایه‌تی له‌ دژی ده‌سه‌ڵات و سه‌ركوتگه‌ریی یه‌كێتی و پارتیش زۆر ده‌مێك ساڵه‌ ده‌ستی پێكردووه‌ و خۆپیشاندان ته‌نها شێوازێكی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیه‌ بووه‌. ڕاسته‌ پێشتر به‌ هه‌مان ڕێژه‌ و ڕاده‌ له‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی ڕووی نه‌داوه‌ به‌ڵام به‌ شێوازی جۆراوجۆر هه‌ر هه‌بووه‌. ئه‌وه‌ی كه‌ له‌م چه‌ند ڕۆژه‌دا له‌ چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی هه‌ولێر بینیمان نیشانه‌ی هه‌رچی زیاتر قوڵبوونه‌وه‌ی قڵشتی چینایه‌تی نێوان ده‌سه‌ڵاتدارانی سه‌رمایه‌دار و جه‌ماوه‌ری بێبه‌شه‌. خه‌ڵك به‌و ده‌ركه‌ گه‌یشتووه‌ كه‌ له‌ هه‌وردا نوقمبوونی كۆشك و ته‌لاری چینی باڵاده‌ست له‌سه‌ر حسابی به‌ قوڕداچوونی ژیانی ئه‌وانه‌. هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو له‌ په‌یامی خۆپیشانده‌راندا ڕه‌نگی دابۆوه‌ و ئه‌یانووته‌وه‌. ئه‌و ڕاستیه‌ لای خه‌ڵك وه‌ك ڕۆژی ڕوناكه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان تاعونێكی ڕه‌شه‌ و هیچ ده‌وایه‌كی نییه‌ جگه‌ له‌ بنبڕكردنی. ئه‌و تاعونه‌ داویه‌ته‌ ژیان و مان و هه‌ناسه‌دانی مناڵه‌كانمان و گێڕانه‌وه‌ی ژیان بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ نیوه‌مردوویدا ڕاگیراون به‌ هه‌ڵكێشانی ئه‌و ده‌رده‌ پیسه‌وه‌ به‌نده‌. خه‌ڵك گه‌یشتۆته‌ تینی و نه‌هامه‌تی ئیتر گه‌یشتۆته‌ سه‌ر ئێسقان. چۆن بتوانرێ ته‌حه‌مولی ئه‌وه‌ بكرێ كه‌ خه‌ڵك ڕاكه‌ڕاكی بێ به‌دوای دڵۆپه‌ ئاودا كه‌چی ئه‌وانیش ببینێ له‌ زه‌ریایه‌ك له‌ خۆشگوزه‌رانیدا مه‌له‌ بكه‌ن؟!

هه‌ربۆیه‌ سه‌رباری چاوسووركردنه‌وه‌ و سه‌ركوتگه‌ریی پارتی كه‌ ساڵه‌هایه‌ خه‌ڵكی پێ ئه‌ترسێنێ، نه‌یتوانی به‌ر به‌ ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری مه‌حروم بگرێ. ئه‌م توڕه‌ییه‌ی خه‌ڵك به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوا_كوردایه‌تی هه‌یانه‌، ساڵانێكی زۆره‌ وه‌ك گڕكانێك په‌نگی خواردۆته‌وه‌ و هه‌ر ده‌لاقه‌یه‌كی بۆ ده‌ركه‌وێ ئه‌ته‌قێته‌وه‌، ئه‌مه‌ی ئێستا ته‌نها ئاگرپژێنه‌كه‌یه‌تی!

ئۆکتۆبەر: جاران یەکێتی شانازی بەوەوە دەکرد و بگرە بەشێك لە ڕۆشنبیرانی ناسیۆنالیستی نزیك لە یەکێتی و دژە پارتی، بوونی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان لە ناوچەی سەوز بە دیموکرات بوونی یەکێتی و بوونی ئازادی لەژێر سایەی دەسەڵاتی ئەودا لێك دەدایەوە؟ ئایا دەکرێ بە هەمان پێوانە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی هەولێر بە دیموکراتبوونی پارتی و بوونی ئازادی سیاسی لە زۆنی زەرد لێك بدەینەوە؟

جه‌مال موحسین:به‌كارهێنانی سیفه‌تی دیموكرات بوون بۆ یه‌كێتی و پارتی وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ قه‌یسه‌ره‌كانی ڕۆمی كۆن به‌ ئازادیخواز و نه‌رم و نیان له‌ قه‌ڵه‌م بده‌یت. ئاخر كێ بوو ته‌قه‌ی له‌ به‌كر عه‌لی نوێنه‌ری خه‌ڵكی بێخانه‌ولانه‌ كرد؟ كێ بوو كۆمۆنیسته‌كانی له‌ ناو جه‌رگه‌ی شاردا و به‌به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه‌ كوشت؟ كێ بوو له‌پاڵ ته‌قه‌كردن له‌ مناڵ و مێردمناڵ و گه‌نجان له‌ ١٧ ی شوباتدا،  ڕۆژانی دواتر به‌ زه‌بری چه‌ك خۆپیشاندانه‌كانی سه‌ركوت كرد؟ ئه‌وه‌ی له‌ زۆنی سه‌وز ئه‌كرا نیشانه‌ی ئه‌وه‌ بوو ئه‌و ده‌ركه‌ سیاسیه‌ی باسم كرد كه‌ خه‌ڵك سه‌باره‌ت به‌ قڵشتی چینایه‌تی نێوان خۆی و چینی باڵاده‌ست هه‌یه‌تی له‌ ئارادا بووه‌ و هێزی كۆمۆنیستی و هه‌ڵسوڕانی كرێكاران و چه‌ندین كه‌سایه‌تی چه‌پ و نه‌یاری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ بوونی هه‌بووه‌. هه‌رچه‌نده‌ له‌ سه‌ركوتگه‌ریدا یه‌كێتیش شتێكی كه‌متری له‌ پارتی نه‌كردووه‌ و نایه‌وێ بیكات، نیشانه‌ی دڵنه‌رمی ئه‌و هێزه‌ نه‌بووه‌.

پارتیش هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ده‌سه‌ڵاتیه‌وه‌ له‌ نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه‌ له‌ ناوچه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتی خۆی ده‌ستی كرد به‌ سه‌ركوت و كوشتنی نه‌یارانی خۆی. ئه‌سڵه‌ن له‌ كاتێكدا كه‌ له‌ تازه‌ترین سه‌ركوتگه‌ریی هێزه‌كانی یه‌كێتیدا له‌ دژی خۆپیشاندانه‌كانی سه‌یدسادقدا له‌ مانگی كانونی یه‌كه‌می ٢٠٢٠ دا كه‌ چه‌ندین كه‌سی تیا كوژرا، پارتیش تاكو ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ كه‌ ملی به‌ وه‌لانانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ نابوو نه‌گاته‌ ئه‌و ناوچانه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی، كه‌وته‌ سه‌ركوت و ڕاوه‌دونانی هه‌ڵسوڕاوان و ڕۆژنامه‌نووسان و زیندانی كردنیان. بیانوی پارتی بۆ ئه‌و كاره‌ هه‌رچیه‌ك بووبێت و هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی ڕسوایانه‌ی دادگاییكردنی سازدابێ، له‌و ڕاستیه‌ كه‌م  ناكاته‌وه‌ كه‌ له‌ ترسی په‌ڕینه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندانه‌كان و بۆ پێشگرتن به‌وه‌ ده‌ستی دایه‌ ئه‌و كاره‌.

له‌وه‌ش زیاتر به‌ بڕوای من پێویسته‌ جه‌خت له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ درێژه‌دان به‌ سیستمێك كه‌ تیایدا كاری به‌كرێ بوونی هه‌بێ و پاره‌ و پول لای چینی باڵاده‌ست كه‌ڵه‌كه‌ ببێ، بوونی هه‌ژاریی  زۆرینه‌ و ده‌وڵه‌مه‌ندیی كه‌مینه‌ و بێده‌نگكردنی ئه‌و زۆرینه‌یه‌ تا مل به‌و هه‌لومه‌رجه‌ بدات، ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌ركوتگه‌ری پێویسته‌ ئه‌گه‌ر نا چۆن بتوانێ خه‌ڵك خامۆش ڕابگرێ؟! بوونی پارتی و هاوشێوه‌كانی له‌ ئه‌سڵدا خۆی دژ به‌ چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی ئازادی و ئازادی هه‌ڵسوڕانی سیاسیه‌، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی به‌سه‌ریدا بسه‌پێندرێ. به‌ڵام دۆخ و هه‌لومه‌رجیش هه‌میشه‌ هه‌ر به‌ دڵی چینی ده‌سه‌ڵاتدار ناچه‌رخێ. خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی هه‌ولێر ئه‌و په‌یامه‌ی بۆ پارتی و چینی ده‌سه‌ڵاتدار ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌ چیتر قبوڵی نییه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ست بنێته‌ قورتمی. ئه‌و خۆپیشاندانه‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئه‌نیشكی توڕه‌یی و بێزاری خه‌ڵكه‌ و ئه‌یه‌وێ بیخاته‌ سه‌ر گه‌ردنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌. به‌ڵام خه‌ڵك خۆ یاری به‌ ژیانی خۆی و مناڵه‌كانیه‌وه‌ ناكات و ئه‌زانێ به‌ره‌و ڕووی چ دوژمنێكه‌. هه‌ربۆیه‌ پێویسته‌ بشزانێ هه‌نگاوه‌كانی داهاتووتری خۆئاماده‌یی و ڕێكخراوبوون و هێزێكی زیاتری پێویسته‌. خه‌ڵك پێی ناوه‌ته‌ ململانێ و كێشمه‌كێشێكی چینایه‌تیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ چینی ده‌سه‌ڵاتداردا. به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتێك كه‌ میلیشیا و پاره‌ و چه‌كی هه‌یه‌ هه‌روا ئاسان ده‌ستبه‌رداری كۆمه‌ڵگه‌ نابێ. له‌به‌رامبه‌ریشدا خه‌لكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش پێویسته‌ هه‌م له‌ ئاستی سیاسیدا و هه‌م له‌ ئاستی جه‌ماوه‌ریدا پێ بنێته‌ ئاستێكی تره‌وه‌ له‌ خۆڕێكخراوكردن وڕابه‌ریكردنی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانیدا تاكو سه‌رئه‌نجام نه‌ك هه‌ر خواستی خزمه‌تگوزاری و پێداویسیه‌كانی ژیانی به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا بسه‌پێنێ، بگره‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات بیهێنێته‌ خواره‌وه‌ و له‌ جێگه‌یدا ده‌سه‌ڵاتێك له‌سه‌ر بنه‌مای ئیراده‌ و به‌شداری ڕاسته‌وخۆی خۆی دابمه‌زرێنێ.

ئۆکتۆبەر: پارتی زوو کەوتە خۆ بۆ هەڵمژینی ناڕەزایەتیەکان و پارێزگاری هەولێر خۆی چوە سەربانی ماڵان و تانکی ئاوەکانی بۆ پڕ دەکردن؟  نەوەی نوێ دەڵێ ئەوە هەمووی بەرەنجامی فشاری ئەوانە کە تەنکەرە ئاویان بۆ هەولێر ڕه‌وانە کرد و حکومەتی پارتیش ناچار بوو ئەو کارە بکات. ئێوە ئەو هەنگاوەی ئومێد خۆشناو و ئەو بانگەشەیەی نەوەی نوێ چۆن سەیر دەکەن؟

جه‌مال موحسین:نمایشێكی قێزه‌ونه‌. شمشێرێكی دوو ده‌مه‌ كه‌ به‌ هه‌ردوولا ئه‌یه‌وێ ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی خه‌ڵك ببڕێ. سه‌یركه‌ن شه‌رافه‌تی پارتی، بێگومان له‌ ڕێگه‌ی پارێزگاره‌كه‌یه‌وه‌، له‌ كوێدایه‌. له‌ ترسی فراوانبوونه‌وه‌ی زیاتری ناڕه‌زایه‌تیه‌كان به‌دله‌ی زه‌ردی له‌به‌رد كرد و ته‌نكی ماڵانی پڕكرده‌وه‌. باشه‌ تا ئه‌و ده‌نگه‌ زوڵاڵه‌ به‌رزنه‌بۆوه‌، نه‌یانئه‌بینی خه‌ڵك ئاوی خواردنه‌وه‌ی نییه‌؟ ئاگایان له‌وه‌ نه‌بوو كه‌ خه‌ڵك به‌ ناچاری به‌ ته‌نكه‌ر ئاوی ئه‌كڕی به‌ پاره‌یه‌كیش كه‌ ئه‌بێ بچێ قه‌رزی بكات؟ هه‌تا هه‌ندێك كه‌س كه‌وتنه‌ بازرگانی كردن به‌ ئاوه‌وه‌ و له‌ خه‌ڵكیان گرانتر كرد؟ ئه‌وه‌ په‌نجه‌ڕاوه‌شانه‌كه‌ی ئه‌و ژنه‌ جه‌سوره‌ی كه‌ هاواری ئه‌كرد باكی نییه‌ چی لێ ئه‌كه‌ن با بیكه‌ن و توڕه‌یی و قینی خه‌ڵك بوو له‌ ده‌سه‌ڵاتێكی پیس كه‌ هه‌رچی ئاوی كوردستانیش هه‌یه‌ به‌كاریبهێنێ ڕووی پاك نابێته‌وه‌، ناچاری كردن ئه‌و كاره‌ بكه‌ن. شه‌هامه‌تی ئه‌و خه‌ڵكه‌ له‌و كاته‌دا قابیلی ئه‌وه‌ بوو بته‌نێته‌وه‌ و ته‌شه‌نه‌بسێنێ بۆ ته‌واوی هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری. ترس له‌مه‌ وای كرد پارێزگار ئه‌و نمایشه‌ بكات تاكو به‌ خه‌ڵك بڵێ دڵسۆزه‌ و به‌ ده‌ستی خۆی كێشه‌ی بێئاوییان بۆ چاره‌سه‌ر ئه‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی خه‌ڵك نه‌زانێ كه‌ ئه‌وان هۆكاری بێئاوی و بێكاره‌بایی و بێ خزمه‌تگوزاریه‌كانی تر و ئه‌و ژیانه‌ پڕ مه‌ئسات و نه‌هامه‌تیه‌ن!
به‌ڵام چه‌نده‌ ئه‌م هه‌وڵه‌ی پارتی بۆ ڕاگرتنی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان ڕه‌زا سووكه‌، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش ئه‌و جۆره‌ كاره‌ی نه‌وه‌ی نوێ. له‌ ڕووكه‌شدا وا دێته‌ به‌رچاو كه‌ نه‌وه‌ی نوێ هاوكاری خه‌ڵك ئه‌كات و ئاویان بۆ په‌یدا ئه‌كات. به‌ڵام ئه‌مه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ خه‌ڵك ئه‌ژنۆی بیه‌شێت و تۆ بچی سه‌ری بۆ بپێچی! كێشه‌ی بنه‌ڕه‌تی خه‌ڵك بوونی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه‌، پایه‌كانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای نایه‌كسانی و هه‌ژاری بۆ زۆرینه‌ و ده‌وڵه‌مه‌ندی بۆ كه‌مینه‌ دامه‌زراوه‌. نه‌وه‌ی نوێ له‌مباره‌یه‌وه‌ جگه‌ له‌ گۆڕینی ده‌موچاوه‌كان شتێكی تر ناكات. نه‌گبه‌تی خه‌ڵك له‌وه‌دایه‌ هه‌ر چه‌ند ساڵ جارێك شتێك هه‌یه‌ به‌ناوی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ و كێشه‌ و نه‌هامه‌تیه‌كانی خه‌ڵك ئه‌كرێنه‌ كه‌ره‌سه‌ی بانگه‌شه‌كانی ئه‌وان به‌ باڵه‌ ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌كانیانه‌وه‌ بۆ ده‌نگ دان به‌میان و نه‌دانی به‌وی تر. ئه‌وه‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌یه‌ كه‌ ئه‌بێ لێیان بشێوێندرێ.

له‌ ڕاستیدا ئامانج چ له‌ خۆنواندنه‌كه‌ی پارێزگاری هه‌ولێر و چ ئه‌مجۆره‌ كاره‌ی نه‌وه‌ی نوێدا ئه‌وه‌یه‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كان له‌و ئاسته‌دا ڕابگرێ و خاوی بكاته‌وه‌. بگره‌ ئه‌وه‌ زۆر گرنگه‌ كه‌ خه‌ڵك هوشیار بێت به‌وه‌ی كه‌ نه‌وه‌ی نوێ به‌ناوی نه‌یار بوونی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ئه‌یه‌وێت ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك به‌لاڕێدا ببات و بیكاته‌ به‌رده‌بارز بۆ گه‌یشتن به‌ جێگه‌وڕێگه‌ و پشكی زیاتر له‌ ده‌سه‌ڵاتدا، هه‌روه‌ك چۆن خه‌ڵك بینی كه‌ گۆڕان ئه‌و كاره‌ی كرد. هیچ یه‌كێك له‌و هێزانه‌ نایانه‌وێ خه‌ڵك ببێته‌ هێزێكی سه‌ربه‌خۆ و ڕێكخراوی وا كه‌ جۆرێكی تر له‌ ده‌سه‌ڵات دابمه‌زرێنێ له‌ كوردستاندا.
خاڵێكی تریش كه‌ پێویسته‌ بیڵێم ئه‌وه‌یه‌ من پێم وایه‌ كه‌ هێشتا ناڕه‌زایه‌تیه‌كان له‌سه‌ر یه‌ك قاچ ڕاوه‌ستاون: ئه‌ویش ته‌نها توڕه‌یی و نه‌فره‌ت و بێزاری له‌و ده‌سه‌ڵاته‌. سه‌د خۆپیشاندان له‌ لایه‌ك و ڕێكخراوبوون و یه‌كگرتووكردنی ڕیزه‌كانی خه‌ڵكیش له‌لایه‌ك. ئه‌مه‌ی دووه‌میان ئه‌و پایه‌ ئه‌سڵیه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كان خۆی له‌سه‌ر ڕابگرێ.

Check Also

سەبارەت بەکشانەوەی کوتلەی سەدر لەپەرلەمانی عێراق

گفتوگۆ لەگەڵ عوسمانی حاجی مارف ئۆکتۆبەر: ئەوە لەهیچ کەس شاراوە نیە کە بارودۆخی سیاسی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .