ئەڤغانستان و شکستەکانی ئەمریکا!

عوسمان حاجی مارف

دەورانێک لە دەرکەوتنی “باڵا دەستی ئەمریکا” بەسەر جیهاندا، کە پێناسەی ڕۆڵ و پێگەی ئەمریکای پێ دەکرا، وێنای ئەو واقعیەتەی دنیای سەرمایەداری بوو کە بەدوای داڕمانی شورەویدا پێکهات، واتە پاش شکستی سەرمایەداری دەوڵەتی یان بلۆکی ڕۆژهەڵات، ناساندنی جیهانی سەرمایەداری بوو بە کۆتایی دنیای دوو جەمسەری. هەر لەم پێناسەیەوە پڕۆسەی عەمەلی بەجێگەیاندنی ئەو باڵادەستیەی ئەمریکا بەسەر تەواوی ووڵاتانی سەرمایەداری جیهاندا بووە مانای قۆستنەوەی، ئەو فرسەتانەی کە ئەمریکا بیانوی هەڵگیرسانی جەنگی بۆ دەهێنایەوە، تا لەڕێگەی ئەو جەنگانەوە باڵادەستیەکەی لە باری عەمەلیەوە بەسەر جیهاندا بسەلمێنێت، لە نمونەی جەنگی کەنداوی یەکەم بە بیانوی دەرکردنی هێزەکانی عێراق لە کوەیت، یا هێرشکردنە سەر ئەڤغانستان بەدوای کارەساتی یانزەی سێپتەمبەر، بە بیانوی دژی تیرۆر شەڕی دژ بە ئەڤغانستانی هەڵگیرسان.

دەورانی دوای کۆتاییهاتنی جەمسەرگەری نێوان شورەویی و ئەمریکا نەخشەی سیاسی جیهانی سەرمایەداری کەوتە بەردەم ئاڵوگۆڕێک، کە دەوڵەتی ئەمریکا بەرنامەڕێژی بۆ کۆنترۆڵی دنیا دەکردو وەک بەربەستێک دەوەستایەوە کە نەک هەوڵی ئەوەی ئەدا ڕێگە بە دەرکەوتەی تر لە ووڵاتانی سەرمایەداری بگرێت تا وەک جەمسەرێک لەبەرامبەریدا دەرکەونەوە، بەڵکو لە هەوڵی ئەوەشدا بوو بەناوی هاوپەیمانیەتیەوە تەواوی ووڵاتانی زلهێزی تری دنیا بخاتە ژێر رکێف و پاشکۆی ئەو نەخشەو سیاسەتانەی لە شەڕوداگیرکاری ووڵاتانی تردا عەمەلی دەکردەوە، هەر بەو ئاراستەیەش بە کۆنترۆڵکردن و ڕابەریکردنی هێزەکانی سەربازی ئەو هاوپەیمانیە، شەڕی عێراق و ئەڤغانستانی بەڕێخست و ئەنجامیدا.

پرۆسەی ئەو هەنگاوە جەنگیانەی دەوڵەتی ئەمریکا بەتایبەتی بەدوای هێرشکردنە سەر ئەفغانستان و کۆتایهێنان بەدەسەڵاتی تاڵیبان، دواتر جەنگی کەنداوی دووەم بە کۆتایهێنانی دەسەڵاتی حکومەتی بەعس لە عێراقدا، بەردەوامی نەخشەی دەوڵەتی ئەمریکا بە ئاشکرا هەوڵدان و ئامادەسازی بوو بۆئەوەی هەمان هێرش بۆ سەر کۆریا و سوریا و ئێرانیش بە ڕێبخات، بەڵام توانای ئەنجامدانی ئەو شەڕەی نەبوو.

بێتوانایی ئەمریکا لە درێژەدان بە جەنگەکانی بۆ هێرشکردنە سەر کۆریا و سوریا و ئێران نیشانەی سەرەتای پاشەکشەی پێگەو هاوسەنگی هێزی ئەمریکا بوو لەبەرامبەر ئەو ئامانجەی بتوانێ ببێتە تەنها ووڵاتێکی ئیمپریالستی باڵا دەست بەسەر جیهاندا.

لەم نێوەدا بەگشتی دوو تێگەیشتنی جیاواز لەبەرامبەر هەلومەرجی سیاسی جیهان و دەورو مەوقعیەتی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئەو ووڵاتانە لە ئارادابون. بۆچونی یەکەمیان ئەوەی ڕادەگەیاند کە هەوڵە جەنگیەکانی دەوڵەتی ئەمریکا پیشڕەوایەتیە بە مەبەستی ڕزگارکردنی ئەو ووڵاتانەی داگیریان دەکات لەپێناو کۆتاییهێنانە بەدەسەڵاتی سەرکوتگەرو هەوڵدانە بۆ دامەزراندنی دیموکراتیەت لەو ووڵاتانەی کە رزگاریان دەکات، یان لەژێر ناوی پەرەدان بە نەزمی نوێی جیهان پێویستە دژایەتی تیرۆریستان بکات، ئەم بۆچونە مایەی وەهم و خۆشباوەڕی و ئومێدێک بون کە لایەنەکان و خاوەنەکانی ئەو بۆچونەو لایەنگرانی ئەمریکای وابەستە دەکرد بە هەر کردارێ کە ئەمریکا لە نەخشەکانیدا بەوپەڕی دڕندانەوە جێبەجێی دەکردن، نمونەی بۆمبابارانی چرو قورسی خەڵکی مەدەنی و دارمان و وێرانکردنی ڕیشەیی ئابووری ئەو ووڵاتانەی کە داگیری دەکردن. بۆچونی دووەمیان ئەو لێکدانەوەیەی کردە بنەمای بۆچونەکانی، پێی وابو کە بەدوای کۆتایهاتنی جیهانی دوو جەمسەری لە نیوان شورەویی و ئەمریکادا، لە ئاکامی داڕمانی بلۆکی سەرمایەداری دەوڵەتی، دەوڵەتی ئەمریکا لە ڕاستای پیادەکرنی باڵادەستی خۆی بەسەر جیهاندا لەسەر پێداگرتنی ئەو جەنگانە دەگیرسایەوەو داگیرکاری دەکرد، تا لەو ڕێگەیەوە مەوقعیەتی باڵادەستیەکەی بەسەر جیهاندا بسەلمێنێت، هەر ئەم بۆچونەی دووەم ئەمریکای وەک تیرۆریزمێکی دەوڵەتی پێناسە کردو ناساندو کارەسات و مەترسیەکانی جەنگەکانی لەسەر ئایندەو چارەنوسێکی نارۆشن  نادیار بۆ سەر ژیانی  خەڵک لێکدایەوە.

واقعیەتی ڕوداوەکان بەگشتی لە پرۆسەیەکی دیاریکراودا و چۆنیەتی هیرشی دڕندانەی ئەمریکا بۆ سەر ئەو ناوچانەی نەخشە سیاسیەکانی تیا بەجێ دەگەیاند، ئەوەی یەکلایی کردەوەو سەلماندی کە دەوڵەتی ئەمریکا هیچ نەخشەو سیاسەتێکی دیموکراتیزەکردنی بۆ سەر هیچ ووڵاتێک نەبوە و هیچ کاتیش دژی سەرکوتگەران و تیرۆرستان نەجەنگاوە. هەر پاش ماوەیەک نەزمی نوێی جیهانیەکەشی درۆو پوچەڵیەکەی خۆی نیشانداین. لێرەدا ئەوەی سەلماند کە ئەمریاک تەنها لە هەوڵدانی باڵادەستی خۆی بووە بەسەر تەواوی ڕەقیبەکانی تری ووڵاتانی سەرمایەداری لە ئاستی جیهاندا.

بەدوای جەنگی خەلیجی دووەم و کۆتایهێنان بەدەسەڵاتی حکومەتی بەعس بەدەورو نەخشی سەربازی دەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانانی، گەورەترین هەلومەرجی نالەبارو گێژاوی سیاسی لە عێراق و ناوچەکەدا بەدیهات، کە تا ئێستاش ئایندەی ئارام بونەوەو سەقامگیری  سیاسی چارەنوسێکی نادیار و بێ کۆتاییە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق بە تایبەتی.

شەڕ لە ناو شارەکانی سوریا و دواتر لە شاری موسڵ بۆ دەرپەڕاندنی داعش و دەوری روسیا لەو شەڕانەدا هاوسەنگی هێزی ئەمریکای وەها دابەزاند کە ئەمریکای ناچار بەسازش و پاشەکشەی گەوەرە کرد لە بەرامبەر ڕەقیبەکانیدا. لە هەمانکاتدا جگە لەوەی بە هەموو ئەو دەورەی کۆماری ئیسلامی لەناوچەکەدا دەیگێرێت، تائێستا ئەمریکا نەیتوانی کێشەکانی لە گەڵ ئێراندا یەکلایی کاتەوە، هەر بۆیە ئەو ئایندەیەش پێشبینی دەکرێت کە ئەمریکا ناچار بە سازشە لەگەڵ ئێرانیشدا.

شەڕی ئەڤغانستان و پاشەکەشەی هێزەکانی تاڵیبان بۆ چیاکانی تۆرابۆرا  لە ٦ی دیسەمبەری ٢٠٠١ و خۆجێخستن و مانەوەیان وەک هێزێکی بەرگری لەبەرامبەر ئەمریکاو دەسەڵاتی سیاسی ئەڤغانستاندا، هەروەها ئەو دەسەڵاتە ئەمریکا لە ئەفغانستان پێکی هێنا، نمونەی بەرجەستەی ناپەیگیرو گەندەڵی و جەردەیی نیشاندا. لەهەمانکاتدا ئەو ئاڵوگۆڕانەی دەرگای بۆ فراوانبونی زیاتری ئەو گێژاوەی ناوچەی ڕۆژهەڵات کردەوەو بووە گەورەترین گۆرەپانی شەڕو کێشمەکێشی ووڵاتانی زلهێزی دنیا، کە نیشاندانی کۆتاییهێنان بە هاوپەیمانی بۆ ئەمریکای هەڵگەڕاندەوە بە ململانێ و وەستانەوە لەبەرامبەر ئەمەریکادا. لەلایەکی ترەوە ئەو قەیرانی ئابوریەی لە ساڵی ٢٠٠٨ یەخەی بە تەواوی سیستەمی سەرمایەداری گرت و تا ئێستا بەردەوامە، هەروەها هەڵکەوتنی جەمسەری تر لە ووڵاتانی سەرمایەداری و سەنگەرگرتنیان لەبەرامبەر ئەمریکا بە تایبەتی نمونەی چین و ڕوسیا…، کاریگەری جدیان لەسەر پاشەکشەی دەورو نەخشەو سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەمریکا دانا. بەمانەیەک ئەو ئامانج و نەخشانەی ئەمریکا خەوی سەرکەوتنی هەمیشەیی پیوە دەبینی بۆ باڵادەستی بەسەر جیهاندا، کێشمەکێشی بەرامبەرەکانی لە جیهاندا و شەڕی بەردەوام لەو ووڵاتانەی داگیری کردبون، مایەی شکستهێنان بون بە نەخشە و سیاسەتەکانی ئەمریکا لەو ناوچانەی هێزی سەربازی تیا بڵاوکردۆتەوەو دواتر ناچاربو بە کشانەوەی هیزەکانی .

لە کۆتایدا پێویستە بڵێین بەگشتی ئەوە نیشانەکانی ئاکامی شکستی ئەمریکایە لە ئاستی جیهاندا لەبەرامبەر جەمسەرە ڕەقیبەکانیدا، لەهەمانکاتدا بێتوانایی و بنبەستی ئەمریکا لە فەراهەم هێنانی سەقامگیری و جێگیری سیاسی لەو ووڵاتانەی داگیری کردون، هۆکاری ناچاری ئەمریکا بو بە رێکەوتن و سازشێکی تەواو شەرمهێنەر و ریسوا لەگەڵ کۆنەپەرسترین و درندەترین هێزی میلیشیا لە ئەڤغانستاندا، هەروەها بە پلانێکی دارێژراوی پێشوەخت دەسەڵاتی سیاسی ڕادەستی تاڵیبان دەکاتەوەو دەسەڵاتەکەی قەبوڵ بکات، کەئەمەش بۆ خۆی جارێکی تر نیشاندانی شکستێکی تر لە شکستەکانی ئەمریکایە، ئاکامەکەشی لەلایەک چەند بارەبونەوەی قوربانی دوای قوربانی وەک جینۆسایدێک بەسەر خەڵکی نەدارو هەژارو زەحمەتکیش دەهێنێت، لەلایەکی تریشەوە ئاوابونی تەواوی نەخشەو سیاسەتی بالادەستیەکەی ئەمریکایە بەسەر جیهاندا، لەهەمانکاتدا  سەرهەڵدانەوەو گەرانەوەی کێشمەکێش و بەرامبەرکێی باڵای نێوان جەمسەرە ئیمپریالستەکانە.

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *