خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان شایانی پشتیوانی فراوانی ئێمەو جەماوەری زەحمەتکێشە!

 ئەمڕۆ دووشەممە بەرامبەر بە ١٣/٩/٢٠٢١، دەرچووانی زانکۆو پەیمانگاکان لەبەشێک لەناوچەو شاره‌كانى هه‌رێمى كوردستان، بۆ خواستی دامەزراندنو فرسەتی هەلی کار، دەستیاندایە خۆپیشاندان وناڕەزایەتی دەربڕین و لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیەکان ودەزگا بەرپرسەکاندا کۆبوونەوەو داوایان لە کاربەدەستان کرد کە دابمەزرێن و وەک مافێکی ڕەوای خۆیان حکومەت فرسەتی کاریان بۆ دابین بکات. ئەمە لەکاتێکدایە کە چەند ساڵێکە، حکومەتی هەرێم جگەلەوەی شانی خۆی خاڵی کردۆتەوە لەدابینکردنی کار بۆ ئەم بەشەی کۆمەڵگا، هاوکات بەهەڵوەشانەوەی “سیستەمی دامەزراندنی مەرکەزی”، بەهەزاران گەنجو لاو لەکچانو کوڕان، کەخاوەنی شەهادەو پسپۆڕین، فڕێدراونەتە ناو لەشکری بێکارانەوە وناچاری کردوون لەچاوەروانیەکی بێهودەدا، بەدیار بازاڕی بێڕەحمی کۆمپانیاکان و سەرمایەداراندا ژیانی کولەمەرگی بەرنەسەر، بەبێ ئەوەی هیچ بەرپرسیارێتی یەک لەئاست ڕەنجی خوێندن وماندوبوونیان، لەئەستۆ بگرێ.
لەهەرکۆمەڵگایەکدا ئەگەر دەسەڵات و حکومەتێک هەبێت لانی کەمی بەرپرسیارێتی لەبەرامبەر ژیان وگوزەرانی هاوڵاتیانی ژێردەستیدا لەئەستۆگرتبێت، ئەوا لاوان وگەنجانی دەرچووی زانکۆ وپەیمانگاکان لەوەها دۆخێکی ناهەموارو بێکاریدا ڕاناگیرێ ولانیکەم لەخەمی دامەزراندن وەیا دابینکردنی بیمەی بێکاری بۆیاندا دەبێت. بەڵام حکومەتی هەرێم و حزبە دەسەڵاتدارەکان، کەلەخزمەت چینی سەرمایەدارو بازرگانان و خاوەن کۆمپانیاکاندایە، سیاسەتی بێکاری وهەژاری، لەپاڵ گەندەڵیو تاڵانچێتی داهاتی وڵاتدا، کردۆتە ڕێگای کۆکردنەوەی سەرمایەو داهات، لەدەستی تاقمێکی کەمدا وهیچ حسابێک بۆ ڕەنجو ماندوبوونی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش ناکات. هەربۆیە خۆپیشاندان وناڕەزایەتی خەڵکی هەژراو بێکار وبرسی بۆ باشکردنی ژیان وبەدەستهێنانی خواستەکانیان، کردەیەکی بەرهەق و ڕەوایە. لەم ڕوانگەیەشەوە خۆپیشاندانو ناڕەزایەتی دەرچووانی زانکۆ وپەیمانگاکان، بۆ خواستی دامەزراندنو بەهەرەمەندبوون لەفرسەتی کار، هەوڵو تێکۆشانێکی ڕەوایەو شایانی پشتیوانی فراوان وگەرمی ئیمەو خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستانە. بەتایبەتیش لەدۆخی ئیستادا کە دەسەڵاتداران بانگەشە بۆ سیناریۆی شکستخواردوی هەلبژاردن دەکەن و دەیانەوێت خەڵکی فریوبدەن تا چوارساڵیتر لەزەلکاوی سیستمە گەندەڵ وتاڵانچیەکەیاندا ڕابگرن، ئەم خۆپیشاندان وناڕەزایەتیەی دەرچوانی زانکۆ وپەیمانگاکان، چرایەکی ئومێد بەخشو ڕێنیشاندەرە بۆ خەڵکی هەژارو بێکارو برسی، کەتەسلیم نەبن بەسیاسەتو کارنامەی ئەم دەسەڵاتەو لەڕێگای بەفراوانکردنەوە و هێنانەمەیدانی ڕیزی یەکگرتووانەی خۆیانەوە و بەکۆبوونەوەیان لەدەوری خواستی ڕۆشن کەژیانیان باشتر دەکات، لەبەرامبەر دەسەڵاتدا ڕابووەستنەوە. کۆمیتەی سلێمانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەگەڵ ئەوەدا، خۆی بەبەشێک لەناڕەزایەتیو خۆپیشاندانی دەرچوانی زانکۆ وپەیمانگاکان، بۆ بەدەستهێنانی فرسەتیکار ومافی دامەزراندن دەزانێت، هاوکات بەتەواوی تواناوە پشتگیری خۆی بۆئەم ناڕەزایەتی یە ڕادەگەیەنێ وداوادەکات کەڕێکخەرانی ئەم ناڕەزایەتیانە، لەهەوڵی فراوان کردنەوەو درێژەدان بەم تێکۆشانەبدەن و تاگەیشتن بەخواستەکانیان فشارەکانیان لەسەر دەسەڵات توند بکەنەوە. کۆمیتەی سلێمانی داوا لەبەشەکانی خەڵکی ناڕازیو دۆستانو ئەندامانی حزب دەکات، لەڕاستای بەهێزکردنی ئەم ناڕەزایەتیانەدا بەشێوەی گونجاوی خۆیان بەشداری بکەن و پشتیوانی جەماوەری بۆ ڕابکێشن.
کۆمیتەی سلێمانی
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان
١٣/٩/٢٠٢١
Seen by Renwa Muhamad at Monday 17:13

Check Also

له‌ ماریاوه‌ بۆ زه‌هرا و فه‌یرووز، ده‌سه‌ڵات به‌رپرسه‌ له‌ كوشتنی ژنان

سه‌ر له‌به‌یانی ڕۆژی ١٧ ی نیسان و له‌ شیرینی خه‌ودا فه‌یرووزی ته‌مه‌ن ٢١ ساڵان له‌لایه‌ن …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *