هەڵبژاردن  و تارمایی خرۆشانی جەماوەر!

موحسن کەریم:

خرۆشانە جەماوەریەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٩ی شارەکانی عێراق، تارمایی شۆڕشی جەماوەری پیشانی دەسەڵاتی میلیشیایی بۆرژوازی دا کە سەرەنجام، قەیرانی سیاسی و حکومەتیی قوڵ کردەوەو سەرۆک وەزیرانەکەی و کابینە وەزاریەکانی پێچایەوە!

بۆرژوازی جیهانی و عێراقی بۆ دەربازبوون لەو گێژاوو بنبەستەی سیستەمی سیاسی- ئابوری سەرمایەداری لە عێراق گیرۆدەی بوو بوو بەدەست ناڕەزایەتی و خرۆشانی جەماوەری کرێکارو زەحمەتكێش و وەتەنگهاتووی عێراقەوە، چەندین کارتی بەختیان ڕاکێشا و سەرەنجام  کارتی مستەفا کازمیان وەکو فریشتەی رزگاری بۆ دەرچوو کە لەسەر کورسی سەرۆك وەزیران نیشتەوە تا لەجیاتی حکومەتی هەڵوەشاوەی پێشوو حکومەتێکی کاربەڕێکەری کاتی دروست بکات، بە ئومێدی ئەوەی توڕەیی و خرۆشانی جەماوەری هێوربێتەوە و زەمینەی تێپەڕاندنی قەیرانی سیاسی و حکومەتی فەراهەم ببێت. ئەوەبوو ڤایرۆسی کۆرۆناش وەکو دیاریەکی ئاسمانی فریای بۆرژوازی عێراقی کەوت و بەناچاری، خۆپیشاندەران، کە سەرەڕای زیاتر لە ٦٠٠ قوربانی ونزیکەی ١٢هەزار بریندارهێشتا ئامادە نەبوون لەژێر فشاری کوشتاردا مەیدان چۆڵ بکەن، بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە گۆڕەپانەکانی چۆڵکرد!

هاوکاتی چۆڵبوونی گۆڕەپانەکان و هێوربونەوەی خۆپیشاندانەکان، هێزە میلیشیا بۆرژواییەکان کە دەسەڵاتی دەوڵەتیان بەدەستەوەیە، کەوتنە ڕاونان و تۆقاندن و تیرۆرکردنی ڕابەران و رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان و بە سەپاندنی فەزای سەرکوت داپڵۆسین، هەوڵیان دا پاشەکشە بە جەماوەری ناڕازی و ڕاپەڕیوو بکەن و تەسلمیان بکەن. ئەگەرچی هاتنی کازمی بۆسەر کورسی دەسەڵات ئاکامی جۆرێك لە خۆشباوەڕیی بەشێك لە خەڵکی ناڕازی و خۆپیشاندەران بوو، بەڵام سەرەنجام کازمی و حکومەتەکەی و حزب و گروپە چەکدارە دەسەڵاتدارەکان لەرێگای بەڕێخستنی سەرکوتی رێکخراوەوە زەمینەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختیان بۆ بۆرژوازی لە عێراق دەستەبەرکرد.

هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، رێك بە ئامانجی وەشاندنی دوا زەبرە لە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵك و خرۆشانە جەماوەریەکانی ساڵی ٢٠١٩ کە دەسەڵاتی بۆرژوازی لە عێراق گیرۆدەی قەیران کردو حکومەتەکەی پێچایەوە! ئەم هەڵبژاردنە دەیەوێ کە فەزایی ناڕەزایەتی جەماوەری خامۆش بکات و قەیرانی سیاسی بۆرژوازی ئەگەر پێ چارەسەر نەکرێ، هێوری بکاتەوەو ئەگەرەکانی سەرهەڵدانی شۆڕشی جەماوەری چینی کرێکار و زەحمەتکێشی عێراق لە دژی دەسەڵاتی تاڵانچی و چەكبەدەستی بۆرژوازی دوور بخاتەوە. ئەم هەڵبژاردنە ئامانجی ئەوەیە کە سەقامگیری سیاسی بۆ بۆرژوازی عێراقی دەستبەربکات. دەیەوێ هەلومەرجی چەوساندنەوە و بێمافیی چینی کرێکارو زەحمەتکێش، دوای دەورەیەك لە خەبات و قوربانی و هاتنەمەیدانی جەماوەر لە زۆربەی شارەکانی عێراق بۆ کۆتایی هێنان بەو بارودۆخەو بەو نایەکسانی و ستەم و زوڵم و بێدادی و بێمافیە، سازبداتەوەو پارێزگاری لێبکات. بۆیە پێگە و جێوشوێنی ئەم هەڵبژاردنەی عێراق، بەبەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشتر، رێك لەبەرامبەر ئاماج و ئاواتەکانی خەڵکی عێراقدایە بۆ یەکسانی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی.

ئەم هەڵبژاردنە بلۆفێکی سیاسی و قێزەونی لەڕادەبەدەر کۆنەپەرستانەیە دژ بە چینی کرێکار و جەماوەری بێبەشی عێراق. خەڵکی عێراق رژانە سەر شەقامەکان بۆ روخاندن و کۆتاییهێنان بەم دەسەڵاتە نایەکسان و گەندەڵ و تاڵانچی و میلیشییایە، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە دەیەوێ ئەو هەلومەرجە بهێڵێتەوە کە جەماوەر دژی ڕاپەڕین. کەواتە هەڵوێستی دروستی سیاسی کە دەبێ خەڵکی عێراق و کوردستان بیگرنەپێش ئەوەیە کە دژی هەڵبژاردن بوەستنەوە، دژی هێشتنەوەی بارودۆخێك کە دژی ڕاپەڕین بوەستنەوە و ملی پێنەدەن و رێگا نەدەن کڵاویان بکرێتە سەر. ئەوەش بەوە دەکرێ کە دیسانەوە خۆیان بۆ ڕوبەڕووبونەوەی دەسەڵات و هەڵبژاردن و پەرلەمان و حکومەتەکەیان ئامادە بکەن. نەك هەر بەشداری ئەم پیلانگێڕیەی بۆرژوازی و حزب و دەستەو تاقمەکانی  لەدژی خۆیان و خەبات و قوربانی دانەکانیان نەکەن، بەڵکو ئاڕاستەی هەڵبژاردن لەدژی بۆرژوازی و دەسەڵاتەکەی هەڵبگێڕنەوە. بە دەنگی بەرز بڵێن نا بۆ هەڵبژاردن و دەسەڵاتی تاڵانچی و کۆنەپەرست و دژە شۆڕشی ئێوە. بەڵێ بۆ دەسەڵاتدارێتی جەماوەری …  هەر لەئێستاوە، لەپاڵ بانگەشەی کاندیدەکانی گروپ و هێزە میلیشاییەکانی بۆرژوازی، خەڵک کۆبونەوەی گشتی خۆیان بکەن و لەسەر پرس و مەسەلەکانی خۆیان و لەسەر ماف و داواکاریەکانیان گفتوگۆ بکەن و پێکەوە هەنگاو هەڵبگرن بۆ جێبەجێکردنیان. ئەوەش بەوە دەکرێ کە ئەو کۆبونەوە گشتیانە بگۆڕن بۆ شورا و ئەنجومەنە شۆڕشگێرەکانی خەڵك لە گەڕەک و شارەکان و دەسەڵاتی محەلی خەڵك لە هەموو جێگایەك دابمەزرێت. دەبێ لەبەرامبەر دەسەڵاتی بۆرژوازی لەسەرەوە کە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەیەوێ ساخی بکاتەوە، دەسەڵاتی خەڵك لە خوارەوە دروست بکرێت. بەوەش قەیرانی حکومەتی و سیاسی بۆرژوازی قوڵتر دەکرێتەوەو پیلانەکەیان دژی خەڵك و بۆ هێشتنەوەی هەلومەرجی پڕ لە چەوساندنەوەو ستەم ونایەکسانی وبێمافی بۆ دوورخستنەوەی ئەگەری شۆرش پووچەڵ بکەنەوە!

 

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *