هەڵبژاردنەکان و پرسی کورد…

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

لەگەڵ دەسپێکی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان، و وەرێخستنی ماشینی تەبلیغاتی و هەمە چەشنەدا، جارێکی تر پرسی نەتەوەیی و کێشەی سیاسی خەڵکی کوردستان، لەلایەن حزب و لایەنە سیاسیە بۆرژوازییەکانی کوردەوە، بەتایبەتیش یەکێتی و پارتیەوە بەدەستەوە گیراوە.

چ یەکێتی و چ پارتی بەشێوەی تۆختر و چڕتر، لەباس و وەسفی گرنگی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە ئەم هەڵبژاردنە بۆ پێگەی کورد چارەنووسازە، دەڵێن ئەم هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی عیراقە و چەندە کورسیەکانی کورد لە پەرلەمانی عێراقدا زۆتر بێت، بەسودی پرسی نەتەوەیی و خەڵکی کوردستانە و دەتوانرێت لە رێگایەوە بەرگری لە دەستکەوتەکانی کورد بکرێت، کە لەدەستوردا!! جێگیر کراوە.

دیارە بەدەستەوە گرتنی کەیسی سیاسی خەڵکی کوردستان و پرسێکی چارەسەنەکراوی وەکو کێشەی کورد، لەلایەن بزوتنەوەی بۆرژوازی کورد و حزبەکانیەوە، لەلایەکەوە بۆ ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان بەو پرسە رابکێشنە پای سندوقەکانی دەنگدان. دەزانن خەڵکی کوردستان بەشداری هەڵبژاردنەکان ناکەن و هیچ متمانەیەکیان بە حزبەکان نەماوە، بۆیە دەیانەوێت لەو رێگایەوە و بە بزواندنی هەست و نەستی نەتەوەیی و خستنەرووی میژووی دەیان ساڵەی ستەمی نەتەوەیی، خەڵکی کوردستان قانح بکەن کە بەشداری هەڵبژاردن بکەن. لەلایەکی تریشەوە پرسی سیاسی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان هێشتا وەڵامێکی کارسازی وەرنەگرتۆتەوە و بەشێوەیەکی هەڵواسراو لە کایەی سیاسی نێوان ناوەند و هەرێمدا، جێگای مامەڵەیە بۆ ئامانجی تر. هاوکاتیش هێشتا پرسی ئاییندەی سیاسی کوردستان بەرەوکوێ دەچێت و چی بەسەر دێت، پرسێکی زیندووە. پرسێکە هاوتای کێشەی فەلەستین تا بەچارەسەری شیاو نەگات، ناوچەکە ناتوانێت ئارامی بەخۆیەوە ببینێت…

بۆرژوازی کورد و حزبەکانی، چارەسەری پرسی سیاسی خەڵکی کوردستان، دەبەستنەوە بە رێژەی کورسیەکانی کورد لە پەرلەمان و بەبوونی چەند وەزیرو پۆستێک لە بەغدا، لەکاتێکدا پرسی سیاسی خەڵکی کوردستان لەدوو ڕیگا زیاتری لەبەردەمدا نییە، یان بوونەوە بەبەشێک لە عێراق، کە دەسەڵات و سیستەمی  سیاسی مافی هاوڵاتی بوونی یەکسان بۆ سەرجەم دانیشتوانی عیراق بەبێ گوێدان بە ناسنامەی قەومی  بەرەسمی بناسێت، یان کوردستان جیاببێتەوە و ببێتە وڵاتێکی بە فەرمی ناسراوی نێو دەوڵەتی.

لەهەلومەرجی ئێستای عێراقدا، کەدەسەڵاتی سیاسی لەدەستی چەند حزبێکی میلیشیایی و نۆکەرپیشەدایە، کە لەسەر بنەمای قەومی و تایفی و مەزهەبی دامەزراون و باسی مافی هاوڵاتی یەکسان و کوێرکردنەوەی ناسنامە قەومی و دینی وتایفییەکان، بەتایبەتیش بە فەرمی ناسینی مافی هاوڵاتی یەکسان بۆ هاوڵاتیانی عێراق بەبێ جیاوازی لە وەهم وەهمترە. دیارە حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیش دوورو نزیک بەدوای چارەسەری سیاسی خەڵکی کوردستانەوە نین و نەبوون. بەدرێژایی میژووی بزوتنەوەی کوردایەتی، حزبەکان و رابەرانی ئەم بزوتنەوەیە، بەدوای بەشداری لەدەسەڵاتی ناوەندیدا بوون و نوێنەری چینەداراکان و بۆرژوازی کورد بوون، کە بەرژەوەندی خۆیان بە تیکەڵکردن لەگەڵ بۆرژوازی سەراسەری و عێراقیدا بینیوەتەوە، هەر ئەوەشە وای کردووە حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی ببنە کۆسپی بەردەم چارەسەری پرسی سیاسی خەلکی کوردسان و قوڵکردنەوە و ئالۆزکردنی کێشەی نەتەوەیی و دنەدانی قڵشت و جیاکاری نەتەوەیی و پەرەپێدانی تا رادەی خستنەوەی دوژمنایەتی لەنێوان دانیشتوانی عێراق… خودی فیدرالیزمی قەومی بەخشینی چوارچێوەی یاسایی بوو بەو قڵشت و جیاکارییە و بەردەوامی پێ بەخشینی.

دیارە لەوکاتەوەی دەوڵەتی عێراق پێکهاتووە، هەمیشە کەسانی کورد زمان پۆستی جیاجیان لە عێراقدا هەبووە، هەرگیزیش ئەمە بەمانای نوێنەرایەتی خەلکی کوردستان و مافەکانی نەبووە. لەدوای روخاندنی دەسەڵاتی بەعسیشەوە کە زیاتر لە دەیەو نیوێکە، دیسان حزبە کوردیەکان چەندین پۆستیان لە وەزارەتخانەکان و دەیان کورسیشیان لە پەرلەماندا هەبووە، سەرۆک کۆمار کورد بووە، کەچی هیچکام لەوانە نەک نەبوونەتە رێگا و هۆکارێک بۆ بەرگری لە خواست و ویستەکانی خەلکی کوردستان و نوێنەرایەتی کردنی پرسی سیاسی، بەڵکو تا هاتووە پرسی سیاسی خەلکی کوردستانیان بە بارمتە گرتووە بۆ ئامانجەکانی خۆیان، کە بەشداربوون بووە لە دزی وتاڵانی داهاتی عێراق بۆ خۆیان و بۆ حزبەکانیان، هاوکات رەوایەتی و درێژەدان بەدەسەڵاتی رەشی بەزۆر داسەپاویان بەسەر خەڵکی کوردستاندا پێ پاساو داوە. تا هاتووشە پێگەی هەرێمی کوردستانیان بەرەو لاوازی پەلکێش کردووەو هیچ ئاییندەیەکی دیار و رۆشنیشیان بۆ ئاینندە سیاسیەکەی نییە، بەپێچەوانەوە گەورەو بچوکی سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی و نووسەرانیان، پێداگری لەسەر زۆر بوونی مەترسییەکان تا رادەی لە بەینچوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان، دەکەن.

حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی دەسەڵات، ئەگەر بودجەو مانگانە ٢٠٠ ملیار دیناریان لە کاتی خۆیدا بۆ بنێرن، نەک باسێک لەسەر پرسی سیاسی خەڵکی کوردستان و ناوچەی کێشە لەسەر و ئاساییکردنەوەی کەرکوک ناکەن، بەڵکو ئامادەن هەر هێز ولایەنێک باسی چارەسەری پرسی سیاسی کوردسانی کرد و رێگاچارەو پراکتیکی بۆی خستە دەستورەوە، هیرش بکەنەسەری. لەوەش زیاتر ئامادەن مەئموریەتی سەرکوتی بزوتنەوەی دژی ستەمی نەتەوایەتی لە پارچەکانی تری کوردستانیشدا بگرنە ئەستۆ.

حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و کاندیداکانیان دوور ونزیک نوینەرایەتی پرس و خواستە سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتی و کیشەی سیاسی خەلکی کوردستان ناکەن… ئەمانە نوێنەری حزبەکانی بۆژوازی کوردو کۆمەڵیک سەرمایەدارن کە دەیانەوێت بەخۆ هەڵواسین بە پرسی رەوای خەڵکی کوردستانەوە، ئامانجەکانی بۆرژوازی کورد بەدی بێنن، کە شەریک بوونە لەگەڵ رەوتە سیاسی وبۆژوازییە رەنگاو رەنگە قەومی و تایفی و دینی و مەزهەبیە کۆنەپەرستەکانی عێراقدا، لە پێناو پۆست و داهات و بەش پێبڕان بە دزی و تاڵانی. بیگومان وەڵامی کارساز بە پرسی سیاسی خەلکی کوردستان و کێشەی کورد، بەرە لە ژێر پێی بزوتنەوەی کوردایەتی دەردەکێشێت و  تەکان و پێشرەویش دەبەخشێت بە بزوتنەوەی کرێکاری و جەماوەری.

خەڵکی کوردستان نابێت فریوی بانگەشەی درۆزنانەی حزبەکانی بزوتنەوەی بۆرژوازی کورد بخۆن… چۆن رەتکرنەوەی دەنگدان و ریسواکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن بە هۆکاری زۆر سادەی سەرکوت و بیمافی ودزی و تاڵانی و نۆکەرپیشەیی لە کوردستاندا، خەریکە دەبێتە نەریتێك لە درێژەی بزوتنەوەی نارەزایەتیدا بۆ راماڵینی دەسەڵات، ئاواش ریسواکردنی دەسەڵات و دەنگ نەدان و بەشکست کیشانی هەڵبژاردن و کاندیداکانیان بەهۆکاری ئەوە لە بەغدا خەریکن مامەڵە بە پرسی سیاسی خەڵکی کوردستانەوە دەکەن، دەبێتە تەواوکەری ئەو بزوتنەوەیەی کە لەهیچ ئاستێکدا خەڵکی کوردستان متمانەیان بەو دەسەڵات و هێزانە نییە و لەپەیوەند بەهیچ کەیسێکیشەوە، نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان ناکەن و ژیان و مانەوەیان لەسەر بنەمای سەرکوت و بیمافی و نۆکەرپیشەیی و کۆسپ خستنە سەر رێگای چارەسەری پرسی کوردە.

دیارە چارەسەری پرسی نەتەوەیی چ لە کوردستان و چ لە هەرگۆشەیەکی دنیادا، لە توانای بزوتنەوە بۆرژوازییەکاندا نییە و وەڵامی ئەو پرسە کەوتۆتە سەرشانی چینی کرێکار و هیزە چەپ و کۆمۆنیستەکان.

٢٥/٩/٢٠٢١

 

 

 

 

 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *