کێ خزمەتکاری دەسەڵاتە، جەماوەری ناڕازی یان شاسوار؟

 بنار مستەفا

ئێوارەی ٢٢ی مانگ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەوانەی بە خزمەتکاری دەسەڵات لە قەڵەمدا، کە ئامادە نین دەنگ بدەن. هاوکات گرنگی دەنگدانی بە ئەگەری نەگۆڕینی دەسەلاتیش بەوە هەژمار کرد، کە “گەر ملیۆنێک دەنگی “نا” بە دەسەڵات هەبێت، دەسەلات بە ئاگا دێتەوە.” پاشانیش گوتی “دوای دەنگدان ئیتر کاری تۆ (دەنگدەر) تەواو دەبێت”. هەر لەسەر ئەم قسانەی خۆی، بزانین کێ خزمەتی دەسەڵات دەکات؟

سەرەتا سەیر نییە، کە جەماوەری ناڕەزای بە لایەنگری دەسەلات تۆمەتبار بکرێت. لایەنەکانی بەشداربووی هەڵبژاردن بە ئاگان لەوەی ئامادەیی جەماوەر بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن یەکجار لاوازە، بۆیە بە هەموویان کەوتوونەتە هەڵمەتی جۆراوجۆر، تا خەڵکی بۆ سەر سندوقەکانی دەسەڵات کێش بکەن و مۆرێک بدەن لە دەسەڵاتێک، کە٣٠ ساڵە ژیانی خەڵک دەهاڕێ. لەم هەڵمەتەدا، شاسوار وەک ئەڵقەی تەواوکەری دەسەڵات، کەوتۆتە فریودانی خەڵک و دەیەوێت ڕایانکێشێتە هەمان ئەو چوارچیوەیەوە، کە ئەحزابی دەسەڵاتدار کێشاویانە و بە ناوی “دیموکراسی و دەنگدان’ەوە زنجیری خستۆتە دەستوپێی زۆرینەی کۆمەلگاوە. جیاوازیەک، کە شاسوار لە دوو بنەماڵە جیادەکاتەوە ئەوەیە، کە بە بەرگی “ناڕازی لە دەسەڵات”ەوە کەوتۆتە تۆمەتبارکردنی خەڵک. ئەگەر کەسێک ئاگاداری دۆخی کوردستان و عێراق نەبێت و گوێبیستی قسەکانی شاسوار بێت، وەها تێدەگات، کە دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی کوردستان و عێراق بە دەنگی خەڵکی گەشتوونەتە ئەو پێگەیە. یان کەس ئاگای لەوە نییە، کە پێشتر هەر لە کوردستان لایەنێکی تری هاوشێوەی نەوەی نوێ هەبووە، کە وەک لایەنێکی ناڕازی بە دەسەڵات و ناوی ئۆپۆزیسیۆنی دایە پاڵ خۆی و هەمان شێوەی شاسوار عەبدولواحید پڕوپاگەندەی هەڵخەڵەتێنەرانەی لە دژی دەسەڵات کرد و دواتریش کلکی خۆی لەگەڵ حزبەکانی دەسەلاتدا گرێ دایەوە. لە ڕاستیدا ئەوەی شاسواری ناچار کردووە بەم زمانە دژی خەڵکی قسە بەکات، تەنها لەبەر ئەو ڕاستیەیە، کە جەماوەری ناڕازی درکیان بە پووچی سیناریۆی هەڵبژاردن کردووە و بە حەق شکستهێنانی ئەو سیناریۆیە بە سەرکەوتنی خۆیان دەبینن و ئەستەمیشە ئەم تۆمەتانەی شاسوار ساردیان بکاتەوە.

ئەگەرچی ئەمە هەڵبژاردنی پەلەمانی عێراقە و لە باشترین حاڵەتی ئەنجامدانیدا هەر ئەوەی لێ سەوزدەبێت، کە کورسیەکان بەسەر کۆمەڵیک حزب و لایەنی گەندەڵ و تاڵانچیدا دابەش بکەن. ئەم ڕاستیە هەر لە ئیستاوە لە لای خەڵک ڕۆشن و دەرکپێکراوە. بەم حاڵەوەیە، کە نەوەی نوێ لە پاڵ لایەنەکانی دەسەڵاتدا وەستاوە و چۆتە نێو هەمان یاری سیاسیەوە، کە ناویان ناوە هەڵبژاردن و هەر وەک ئەم حزبانە کەوتۆتە بانگەشەکردن بۆ خەڵک، تا بەشداری لە هەڵبژاردن و سیناریۆیەکدا بکەن کە پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی خەلکەوە نییە. بەم جۆرەش ئەو قسەیەی شاسوار، کە دەڵێت “بەشداری نەکردنی خەڵکی خزمەتە بە دەسەڵات” ڕێک پێچەوانەکەی دروستە. ئەوە خودی حزبەکانی دەسەڵاتە، کە داوا دەکەن خەڵکی بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات، تا چوار ساڵی تر بە ناوی دەنگی خەڵکییەوە بەردەوامی بە دەسەڵاتی میلیشیایان بدەن. بەشداریکردن شەرعیەتدانە بە بەردەوامی بەم دەسەڵاتە! لە کوردستان دەسەڵاتداران تەواو بە ئاگان لە ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵکی و ترسی واقعیان لێی هەیە. پێویستی بە ملیۆنێک دەنگی سندوقەکان نییە بۆ ئاگاداربوون لێی.

شاسوار نەیتوانی ئامانجی ڕاستەقینەی خزمەتی بە دەسەڵات بشارێتەوە و بە دەنگدەرانی گوت “کاری تۆ پاش دەنگدان تەواو دەبێت”. دروست هەر ئەوەی دەسەڵات دەیەوێت، کە خەڵکی ناڕازی تا چوار ساڵی تر بێدەنگ بن و ناڕەزایەتی دەرنەبڕن و چاوەڕوانی هەڵبژاردنی داهاتوو بن و دەنگێکی تر بدەن… لە کاتێکدا خەبات و تێکۆشانی جەماوەری ناڕازی لە کوردستان ڕۆژانەیە و لە بەرانبەر دەسەڵاتدا قەراری گرتووە. هەوڵی شاسوار بۆ بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردندا، هەوڵی سەرکوتکردنی ئەم ناڕەزایەتیانەی جەماوەری هەژار و بێکار و برسی و توڕەیە لە دەسەلات. هەوڵیکە بۆ ئەوەی لە چاوەڕوانیدا بۆ چوار ساڵی ئایندە بە دیار ئەم سیستەمە گەندەڵ و تالانچیەوە ڕایان بگرێت. ئایا ئەمە لەقازانجی کێیە؟ جگە لە ڕیزی کۆمپانیاکان و ئەو حزبانەی لەم پڕۆسەیەدا بەشدارن، کە شاسوار و نەوەی نوێ یەکیک لە لایەن و کۆمپانیاکانی ئەم ڕیزەیە؟

 

 

 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *