بەردەوامی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان، هاوکاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن چیمان بۆ دەسەلمێنن؟

عرفان کریم

بەدوای ئەوەی لە ژێر فشاری جەماوەری ناڕازی لە شارو شارۆچکەکانی عێراق،  بەتایبەت بەدوای خۆپیشاندانە مەزنەکانی تشرینی ٢٠١٩ کاتێک  بەردەوامی و سەرسەختی ئەم جەماوەرە تیکۆشەرە، حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی ناچار بەدەسەت  لەکارکیشانەوە کردو، پاشانیش بڕیاری سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە درا بۆ دیاریکردنی پەرلەمان و حکومەتێكی تازە لە عێراقدا. لەم کاتەدا کە ئەحزابی دەسەڵاتدار لە کوردستان و لایەنەکانی نێو بەرەی ئۆپۆزسیۆنی بۆرجوزازی لەچوارچێوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی عێراق، خەریکی بڵاوکردنەوەی  وەعد و بەڵێنی درۆ و بێبنەمابوون، جەماوەری زەحمەتکێش لە چەندین شارو شارۆچکەی کوردستان لە پێناو بەدیهێنانی خواست و داواکاریەکانیان هاتنەوە مەیدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین. لەم چوارچێوەیەدا، دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم ڕۆژی ١٣-٩-٢٠٢١ خۆپیشاندانێکی سەرتاسەریان لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر، هەڵەبجە و چەندین ناوچەکەی دیکە، بەڕێخست لەپێناو دامەزراندن یاخود دابینکردنی هەلی کار بۆیان، رۆژی ٢٣-٩-٢٠٢١مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی بۆ جاری دووەم، خۆپیشاندانێکیان لە بەردەم زانکۆی سلێمانی بەڕێخست لە پێناو دابینکردنی زەوی بۆ نیشتەجێبوونیان، هەروەها ڕۆژی ٢٢-٩-٢٠٢١ پەرستارانی خەستەخانەی کۆرۆنا لە شاری دهۆک، خۆپیشاندانێکیان سازکرد لەبەرامبەر  پێنەدانی مووچەکانیان کە ماوەی ١٤٥ ڕۆژی بەسەردا چووە. لە هەمان ڕۆژیش بەشێک لە دانیشتوانی شارۆچکەی کۆیە، دژی دابینەکردنی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان و قیرتاونەکردنی جادە وکۆڵانەکانی گەڕەکەکەیان خۆپیشاندانێکیان بەڕێخست. ڕۆژی ٢١-٩-٢٠٢١ دانیشتوانی گەڕەکی تۆپزاوای ئەحمەدی لەشاری هەولێر لە بەرامبەر نەبونی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان بە تایبەت قوتابخانە خۆپیشاندانیکیان سازکرد، خۆپیشاندەران داوایان کرد ڕێگاوبانەکانی گەڕەکەکەیان بۆ چاک بکرێت و قوتابخانەشیان بۆ دروست بکرێت، چونکە بەهۆی نەبونی قوتابخانەوە ٩٠ قوتابی لەیەک پۆلدا، وانەیان پێدەوترێتەوە. هەروەها چەندین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دیکە لەشار وشارۆچکەکانی کوردستان بەرێخران لەپێناو دابنیکردنی ماف و خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان.

لێرەدا ئێمە زۆر بەرۆشنی دەبینین کە چۆن  دوو بەرەی جیاواز لەعێراق و کوردستاندا، خەریکی کارو ئامانجی خۆیانن. لەلایەک بەرەی ئەحزابی دەسەڵاتدار لەعێراق کە لە ساڵی ٢٠٠٣وە و لە ڕێگەی لولەی دەبابەکانی ئەمریکاوە دەسەڵاتیان پێسپێردراوە، دووچاری شکستێکی سیاسی گەورە بونەتەوە و نەیاتوانیوە سادەترین فۆرم لە حکومەتێکی جێگیر و خاوەن توانا پێکبهێنن و عێراقیان دووچاری نەهەماتیەکانی کوشتار وململانێ ی تایەفی و مەزهەبی  کردۆتەوە و سەرجەم بنەما ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان لەسایەی ئەمانەدا دووچاری وێرانکردن بۆتەوە. هەروەها حکومەتی هەرێم بەسەرکردایەتی یەکێتی و پارتی کە دوای نزیکەی ٣٠ ساڵە نەیانتوانیوە سەرەتایترین خزمەتگوزاریەکان و مافە بنچینیەکان بۆ هاووڵاتیان دابین بکەن و دەسەڵاتێکی میلیشایی و گەندەڵیان بەسەر جەماوەری کوردستاندا سەپاندوە. هەردوو ئەم دوو دەسەڵاتە دەیانەوێت ئەم هەڵبژاردنە وەک ئامرازێک بەکار بهێنن بۆ ڕزگارکردنیان و بەرگرتن لە ڕاپەرینی سەرتاسەری جەماوەری لە عێراق و کوردستاندا. لەلایەکی دیکەوە بەرەی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش لە عێراق وکوردستان، بەردەوام لەبەرامبەر ئەم دوو دەسەڵاتە گەندەڵ و میلیشایی و سەرکوتگەرانەدا، بەشێوازی جۆراوجۆر لەمەیدانی خۆپیشاندان و نارەزایەتی بەرفراوانی جەماوەری و مانگرتن بوونە. هیچ کات ئەگەر فشار و هەڕەشەکانی نان بڕین و دەرکردن لەسەر کار نەبێت، بەقەدەر سەرە دەرزیەک بڕوایان بە سیناریۆ گاڵتەجارەکانی ئەم هەڵبژاردنانە نەبوە و باشترین بەڵگەش بایکۆتی مەزنی خەلک بوو لە هەڵبژادنەکانی ساڵی ٢٠١٨ کە بەگوێرەی ئامارەکان ڕەنگە لە ٣٥% خەڵک بەشدارییان کردبێت. هاوکات بوونی بەردەوامی ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانە لە شاروشارۆچکەکانی کوردستان جارێکی دیکە ئەو ڕاستیەمان بۆ دەسەلمێنێتەوە کە گۆڕانکاری و باشترکردنی ژیانی خەڵک نە لەڕێگای هەڵبژاردنەکان و سیناریۆ چەواشەکاریەکانی ئەم دەسەڵاتەوەیە، بەڵکو تەنها بەهاتنە مەیدان و خۆ ڕێکخستن و پێکهێنانی کۆبونەوە گشتیە جەماوەریەکانیەوە، دێتەکایەوە. جەماوەری کرێکاران وخەڵکی زەحمەتکێشی عێراق وکوردستان لە سایەی ئەم دەسەڵاتانەدا، خۆیان شاهیدی ئەوەن کە چەندین جار پرۆسەی لەم جۆرە هەڵبژاردنانە بەرێخراوە، بەڵام هیچ کاتێک لەپێناو باشترکردنی ژیان و گوزەرانی ئەماندا نەبوە. هەر ئەو هوشیاریە سیاسیەیە کە خەڵك بە ئەزمونی خۆی پەیدای کردوە، شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە هەڵبژاردن و بەشداری نەکردن بەڕێکەوتوە!

٩-١٠-٢٠٢١

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *