سیمیناری داعش و راسیزمی کوردی!

ئەمڕۆ شەممە ٢١/٢/٢٠١٥ لە قاوەخانەی کەلتوری لە شاری سلێمانی بە بەشداری ژمارەیەكی بەرچاو لە هەڵسوڕاوان‌و کەسایەتی‌ سیاسی‌و رۆشنبیری‌و ئازادیخوازسمینارێک لەژێر ناونیشانی “داعش و راسیزمی کوردی”، بۆ هاوڕێ موحسن کەریم لەکاتژمێر ٤ی ئێوارە بەڕێوە چوو. هاوڕێ موحسن کەریم قسەوباسەکانی ئەم سمینارەی لەماوەی ٤٠ دەقیقەدا لە سێ تەوەرەدا پێشکەش کرد؛mohsnSminar
تەوەرەی یەکەم؛ گێرانەوەی مێژوویی سەرهەڵدان و گەشەی ئیسلامی سیاسی و داعشیزم لە کوردستان، کە لەوتەوەرەیەدا باسی بارودۆخی سیاسی ئابوری کوردستان و دەوری ئەحزابی بۆرژوا- ناسیۆنالیستی کوردی لە موجامەلەو هاوکاری و فرسەت رەخساندن بۆ گەشەی ئەم رەوتە کۆنەپەرستەی بۆرژوازی کرا.
لە تەوەرەی دوەمدا باسی هەلومەرجی ئێستای کوردستان و قەیرانی سیاسی ئابوری کۆمەڵایەتی و بنبەست و فەشەلی دەسەڵاتی بۆرژوا ناسیۆنالیستی کورد، و شەڕی داعش کرا کە زەمینەی بەشێوەیەکی گونجاو بۆ گەشەی داعشیزم لە کوردستان رەخساندوە لەسەر بنەمای ئەو دەرفەتە مێژووییەی کە پێشتر بۆی رەخسابوو، لەگەڵ گەشەی راسیزمێکی کوردی کە لەدژی عەرەب خۆی بەرجەستە دەکات. وە باسی مەترسی ئەم دوو رەوتە کرا لە بارودۆخی سیاسی ئابوری کوردستاندا کێشکردنی کوردستان و کۆمەڵگای کوردستان بۆناو کارەسات‌و پشێوی و هەڵوەشانەوەی کۆمەڵگا.. وە باس لەوە کرا کە ئەم داعشە ناوخۆییەی کە لەناوماندا دەژی سەد قات دەتوانێ کارەساتبار تر بێت لەو داعشەی کە بەشێوەی رەسمی بەرامبەر خەڵکی کوردستانەو سەنگەرەکانی ئاشکران!!هەروەکو باسی ئەوە کرا کە راسیزم دەتوانێ بێجگە لە تاریککردنی روخساری ئینساندۆستی کۆمەڵگای کوردستان، بەڵكو دەتوانێ بیانوویەك بێت بۆ رەگەزپەرستان‌و شۆڤینیزمی عەرەبی کە لەوناوچانەدا کورد لەگەڵ عەرەب پێکەوە دەژین و وەکو کەرکوك گۆماوی خوێن هەڵسێنێ!
لە کۆتایی و لە تەوەرەی سێهەمدا، باس لەوە کرا کە دەبێ خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و بەتایبەتی هەڵسوڕاوان و کەسایەتی سیاسی و چەپ‌و سیکولارو ئازادیخواز و مرۆڤدۆست چی بکەن بۆ پێشگرتن بەو ئایندە تاریکەی کە دوور نیە روبەرووی کۆمەڵگای کوردستان بێتەوە. لەوبارەوە تەئکید لەوەکرا کە یەکەم شت دەبێ ئەو جەماوەرە سەربەخۆ لە بۆچوونە جیاوازە سیاسی و فکریەکانیان، ئەگەر هاوڕان لەسەر ئەم تێگەیشتنە لە باوردۆخەکە ئەوا دەبێ پێکەوە کاربکەن و رێکخراو بن و توانا جیاوازەکان لە بزوتنەوەیەکی فراوانی سیکولاریستی و دژی راسیستی ساز بدەن‌. هاوکات لە پاڵ فشار هێنان بۆسەر دەسەڵات کە کۆمەڵێك هەنگاو بە ئاراستەی بەهێزبوون‌و بەرقەراربوونی ئازادی و باشبوونی ژیانی خەڵك و کۆتایی هێنان بە موجامەلەی ئیسلام و ئیسلامی سیاسی و هاوکاری نەکردن و کۆنترۆڵکردنی جموجوڵی ئیسلامیەکان‌و دەزگاکانی راگەیاندن بۆ بڵاوکردنەوەی ئەفکاری داعشی و تیرۆریزمی ئیسلامی.. هەڵگرێ، هەروەها رێگا لەو کەس و لایەن و دەزگایانە بگرێ کە پڕوپاگەندە بۆ راسیزم دەکەن‌و لێپێچینەوەی یاسایییان لەگەڵ بکرێ.
هەروەها مەسەلەیەکی دیکە ئەوەبوو کە دەبێ ئەم بەرە ئازادیخوازە خۆی دەستبەرێ بۆ هەنگاوی عەمەلی بۆ رەخنەگرتن و ریسواکردنی ئەفکاری راسیستی ‌و ئیسلامی سیاسی‌و داعشیزمی کوردی‌و پەرەدان بە لێکۆڵینەوەی فکری‌و سیاسی لەسەر ئەم دوو دیاردەیەو سەرەنجام لەباری عەمەلیشەوە دەبێ ئامادەبین بۆۆ روبەرووبونەوەی ئەو دوو دیاردەیە وەکو وەستانەوە بەرامبەر هەوڵەکانی داعشی ناوخۆ بۆ سود وەرگرتن لە بارودۆخی سیاسی‌و ئابوری‌ و بێدەربەستی‌و موجامەلەی دەسەڵات لە گەڵیاندا، بۆ تێكدانی کۆمەڵگاو هەروەها دروستکردنی گروۆی دژی راسیستی بۆ بەرپەرچدانەوەی راسیستەکان‌و هەوڵەکانیان.
لەدرێژەی سیمینارەکەدا، فرسەت درا بە بەشداربوان بۆ خستنەرووی پرسیارو سەرنجەکانیان. ژمارەیەك لە ئامادەبوان سەرنجەکانی خۆیان و پێشنیارەکانی خۆیان خستەروو. لەکۆتاییدا تەئیکد لەوە کرایەوە کە هەوڵ بدرێ ئەم کۆڕو کۆوبونەوانە زیاتر بکرێن‌و پەیوەندی نێوان هەڵسوڕاوان تەندوتۆڵ بکرێ بە مەبەستی بەرێخستنی ئەو بزوتنەوە جەماوەریە ئازادیخوازو ئینساندۆستە. پاش نزیکەی دوو کاتژمێر، کۆبونەوەکە کۆتایی پێهات.
شایانی ووتنە پێداویستیەکانی سیمینارەکە لەلایەن قاوەخانەی کەلتوریەوە ئامادەکرا.

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …