هەڵبژاردن و قەیرانی پێکهێنانی حکومەت!

دوای ئەوەی هێزو دەستەوتاقمە میلیشاییەکانی عێراق وکوردستان، لە پرۆسەیەکی گاڵتەجاریدا بەناوی هەڵبژاردن، دەستیان برد بۆ دابەشکردنەوەی دەسەڵات لەنێوان خۆیاندا، سەریان بەرەو تونێڵێکی تاریك لە کێشمەکێش و ململانێ رۆیشت و لە گۆشەیەکی دیکەوە شکست و گاڵتەجاڕبوونی هەڵبژاردن و پرۆسەی سیاسی و بەناو دیموکراسی دوبارە نمایش کردەوە. ئەوان هەڵبژاردنیان بۆئەوە کرد کە خرۆشانەکانی ئۆکتۆبەر، کە دەسەڵات و بوونی ئەوانی نیشانە گرتبوو، تیپەڕێنن، بەڵام بەشداری نەکردنی فراوانی خەڵك لەم گاڵتەجاڕیەدا، نەك ئەو یاریەی لێ تێكدان، بەڵکو ئابڕوچوونێکی سیاسی گەورەی کردە نسیبی هەموویان و ئەوەندەی دیکە قەیرانی سیاسی و  حکومەتی و بێ ئاسۆیی  قوڵ کردنەوەو ململانێکانی نێوانیانی توندو تیژتر کردەوە. ئێستا خودی هەڵبژاردن و ئاکامەکانی بۆیان بوەتە گرێیەکی بێچارەسەرو ئاڵۆز کە کردنەوەی کارێکی سەخت و دژوارەو دەرگاش دەکاتەوە بەڕووی چەندین ئەگەری سیاسی و دەستێوەردانی هێزو دەوڵەتی کۆنەپەرستی جیهان و ناوچەکەوە لە کاروباری سیاسی و لە نەخشەی ململانێی سیاسی نێوان ئەم هێزو تاقمانە!

ئەم هەڵبژاردنە دابەشبوونە سیاسیەکانی عێراقی زیاتر قووڵکردەوەو گورزێکی کوشندەشی دا لە پەیکەری ئەو هێزانەی تائێستا دەسەڵاتی عێراقیان لەنێوان خۆیاندا دابەش کردبوو. شانۆی سیاسی عێراق، ئێستا لە جاران زیاتر بە زیانی ئێران و دەستێوەردانەکانی لە عێراقدا گۆڕاوە. هێزو میلیشیا لایەنگرەکانی ئێران لە پێگەیەکی لاوازتردا خۆیان دەبیننەوە. ئەوەی کە جاران پێی دەوترا ناوماڵی شێعە، کە بە پلەی سەرەکی لەژێرکاریگەری سیاسی و ئایدیۆلۆژی ئێران و جمهوری ئیسلامی ئێراندا بوو، ئێستا لەبەریەك هەڵوەشاوەتەوەو بێجگە لەو گورزەی بەدەست خەڵکی ناڕازی عێراقەوە تووشی هاتوە، لەناو خۆشیاندا پەرت پەرت بوون. مەیلی دوورکەوتنەوە لە هەژمونی ئێران لەناو بەشێکیدا بە‌هێزتر بوە، بەتایبەتی ڕەوتی سەدر نوێنەرایەتی ئەم جۆرە مەیلە دەکات. ئەم گۆڕانکاریە ئەوەندەی دیکە دابەشبوونە تائیفیەکانی فراوانتر و قوڵتر کردۆتەوەو پرسی رێکەوتنی ئەم گروپ و میلیشیایانە بۆ دابەشکردنی دەسەڵات و پێکهێنانی حکومەتی تەوافوقی نێوانیانی سەختتر کردوە.

بێگومان ئەمریکا و ووڵاتە عەرەبیەکانی دۆستی لەلایەکەوە هەوڵ دەدەن ئەو مەیلەی ناو حزب و میلیشیا شێعیەکان بەهێزبکەن، کە دەیانەوێ لەئێران دوور بکەنەوەو مەرجەعیەتی عێراقی و نیشتمانی عێراقی دەخەنە جێگای مەرجەعیەتی ئێران و جمهوری ئیسلامی ئێران. ئەمەش ئاڕاستەکەی بەوجۆرە دەبێت کە لە ووڵاتە عەرەبیەکان و لە ناسیۆنالیزمی عەرەبی نزیك ببنەوە. ئەم ئاڕاستەیە بۆ ئەم گروپانە خێرێکی تێدا دەبێت، بە تایبەتی کە دەبینن مەیلی دژی ئێران و دەستێوەردانی ئێران لەناو کاروباری سیاسی و ناوخۆیی عێراقدا و ئەو کارەساتانەی کە میلیشیاو حزبە چەکدارەکانی سەر بە ئێران بۆ خەڵکی هێناوە، لەناو خەڵکی زەحمەتكێش و نەداری عێراقدا بەهێزەو ئیتر مەوعیزە دینیەکانی ناتوانن خەڵك چەواشەبکەن و ئەو دۆخەی بەسەریاندا سەپاندوون قبوڵ بکەن.

هەلومەرجی سیاسی ئێستای عێراق بەجۆرێکە کە دەبێ حزب و گروپە بەناو سونەکان و کوردەکان چاوەرێی یەکلابوونەوەی کێشەی نێوان میلیشیا شێعەکان بکەن بۆئەوەی بتوانن بەشی خۆیان لە دەسەڵات و داهاتی عێراق لەرێگای پێگەو پۆستە حکومیەکانەوە بەدەست بێنن. ئەم ڕاستیە ئەوەی سەلماند کە پێگەی هێزو لایەنەکانی سەر بەو دوو ڕەوتە لە دیاریکردنی چارەنوسی عێراقدا کەم کاریگەرترەو هێشتا ئەو هێزەی کە دەتوانێ نەخشەی سیاسی عێراق یەکلابکاتەوەو بڕیاری لەسەر بدات، ئیسلامی سیاسی شێعەو گروپ و دەستەو میلیشیاکانیەتی کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا خۆیان تەیارو بەهێزکردوە، زۆربەی ناوەندەکانی دەسەڵات و هێزی سەربازی و ئەمنی عێراقیان تەنیوە، بێجگە لە چەندین میلیشیای پڕچەك و کاریگەر لە گۆڕەپانی سیاسی و سەربازی عێراقدا. دەوڵەتانی دژ بەیەکیش کە کاریگەریان لەسەر بارودۆخی سیاسی عێراق هەیە، زیاتر لەرێگای ئەوانەوە، خەریکی یەکلاکردنەوەی هاوسەنگیەکەن بە قازانجی خۆیان.

ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر پێگەی حزبە ناسیۆنالیست و ئیسلامیەکانی کوردستان، ئەمان بەپێچەوانەی ساڵەکانی سەرەتای دوای ڕوخانی سەدام،  بەتایبەتی دوای کۆتایی هاتنی شەڕی داعش و روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، پێگەیەکی لاوازو کەم کاریگەریان هەیە لەسەر مەشهەدی سیاسی عێراق. ئەوان دەبێ چاوەڕی بن تا یاریزانە سەرەکیەکانی ناو گۆڕەپانی سیاسی عێراق لەسەر بنەماکانی یاریەکە رێك دەکەون و ئەوکاتە ئەمانیش بەشدار دەکەن لە یاریەکەدا!

دەستاودەستکردنی دەسەڵات و بەشداریکردن لە دەسەڵاتدا لەسەر بنەمای دەنگی زۆرو کەم نیە. ئەوەی دەوترێ زۆرینەی پەرلەمانی و ئەو هێزەی دەنگی زۆری هێناوە ئەوە دەتوانێ حکومەتی دروست بکات و تادوایی، هەمووی پڕوپاگەندەی چەوشەکارانەو ناوبەتاڵن. ئەوەی ئەو پرسە یەکلایی دەکاتەوە لۆژیکی هێزە. مەسەلەیەك  کە دوای روخانی سەدام ئەو هێزەی بەخشی بە هێزو میلیشیا شێعەکان دەوری سەرەکی ببینن لە مەشهەدی سیاسی و لە پێگەی دەسەڵاتی سیاسی عێراقدا، زۆرینەی شێعەی دانیشووی عێراق نەبوو، بەڵکو پشتیوانی بێدرێغی سیاسی و سەربازی ئێران بوو لەو هێزانە وتوانای دەستێوەردانی گەورەی ئێران بوو لە کاروباری سیاسی و سەربازی و ئەمنی عێراقدا. ئێستا ئەمە گۆڕانکاری بەسەردا هاتوە، بۆیە “ناوماڵی شێعەش” تووشی قەیران بوون و ئایندەی حکومەتی تەوافوقی ئەوەندەی دیکە ناڕوون تاریك بووە. ئێستا بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق لەسەر لێواری چەقۆیەك دانراوە کە هەردووسەری بەدەست ڕەوت و میلیشیا شێعەکانەوەیە و ئێران و ئەمریکاو ووڵاتە عەرەبیەکانی دۆستی ئەمریکاش لە پشتیانەوە ڕاوستاون!

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *