دەبێت وەڵام بە خواستی مامۆستایانی وانەبێژ بدرێتەوە!

لە درێژەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکاندا، ئەمڕۆ ٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١، مامۆستایانی وانه‌بێژ لەبەردەم پەرلەمانی کوردستاندا لە شاری هەولێرێش کۆبوونەوە و جارێکی تر پێداگرییان لە خواستی دامەزراندن و بە هەمیشەیی کردنی کارەکەیان کردەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە مامۆستایانی وانەبێژ لەماوەی رابردوودا و چەندین جارە، بۆ ئەم خواستەیان ناوەندی شارەکان دەگرن و دەچنە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیەکانی وەزارەتی پەروەردە و داموده‌زگا حکومیەکان. بەڵام خودی ئەوەی کە وەزیری پەروەردە و بەرپرسانی تری حکومەت ئامادە نەبوون لەسەر ئەم بابەتە کۆببنەوە، وەیا ئەوەی پەرلەمان لە کۆبونەوەی ئەمڕۆیدا، لەباتی ئەوەی دان بەداوا و خواستی ڕۆشنی مامۆستایاندا بنێ و حکومەت و وەزارەتی پەروەردە و دارایی ناچار بکات وەڵامێکی سەرڕاست بدەنەوە،  کەچی بڕیار لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ بەستنی دیدار لەگەڵ نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی ڕاگەیاند. ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە ئەم حکومەت و پەرلەمانە نەک هەر لە خزمەتی خەڵکی هەژار و بێکار و مامۆستایان و کارمەنداندا نییە، بگرە دەیانەوێت شانی خۆیان لە وەڵامدانەوە بە خواستی بەرهەقی مامۆستایانی وانەبێژ و خەڵكی هەژار و بێکار خاڵی بکەنەوە تا مامۆستایانی ناڕازی لە چاوەڕوانیدا ڕابگرن و لە ئاکامیشدا، سیاسەتی سەرمایەدارانەی چینی دەسەڵاتدار لە ڕاستای داسەپاندنی هەژاری و بێکاری و بێخزمەتگوزاری زیاتر، ڕابگرن.

چینی بۆرژوازی و حکومەتەکەی، کە بڕیاریانداوە لەسەر حسابی کۆکردنەوەی قازانج و داهات زۆرترین ئاستی هەژاری و بێکاری بەسەر خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشدا داسەپێنن و ئەمەش بکەنە فرسەتێک لەبەردەم خاوەنکار و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و سەرانی هەردوو حزبی حاکمدا بێڕەحمانە سەرمایە کۆبکەنەوە، لەمێژە نان و کار و مەعیشەتی هاوڵاتیانیان هەواڵەی بازاڕ و ویستی کۆمپانیاکان کردوە و بە ئاشکراش ڕایانگەیاندووە کە خۆیان بە بەرپرسیار نازانن لە دامەزراندن و دابینکردنی هەقی کار بۆ مامۆستایانی وانەبێژ و دەرچوانی زانکۆ و گەنجانی ئامادەبەکار، هەر بۆیە لە ئێستاشدا دەستی دەستی بە خۆپیشاندان و خواستی مامۆستایان دەکەن و هەوڵدەدەن ئەوان لە چاوەڕوانیەکی بێئەنجامدا ڕابگرن.

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی مامۆستایانی وانەبێژ، بۆ خواستی دامەزراندن و بەهەمیشەیی کردنیان، ڕەوا و بەرهەقە. ئەویش لە دۆخێکدا کە هەژاری و بێکاری و گرانی و نەبوونی خزمەتگوزاریەکان تەنگیان بە خەڵکی هەژار و کەم دەرامەت هەڵچنیوە. ئەم جوڵانەوەیە ڕەوایە چونکە پاش چەندین ساڵ لە ئەرک و ماندووبوون هێشتا حکومەت ئامادە نییە مامۆستایانی وانەبێژ لە دڵەراوکێی دامەزراندن و مسۆگەر بوونی پیشەکەیان دەرکێشێ. بەرهەقە چونکە نان و مەعیشەتی بەشێک لە زەحمه‌تکێشانی کۆمەڵگە خراوەتە قوڕگی سەرمایەداران و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتەوە. کەوایە دەبێت ئەم ناڕەزایەتی و خۆیێشاندانانەی مامۆستایانی وانەبێژ، تا بەدیهینانی خواستەکانی لە مەیداندا بمێنیتەوە و بەرفراوان بێتەوە. هاوکات دەبێ کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێشی کوردستان بەم ناڕەزایەتیەوە پەیوەست بن و بەگەرمیەوە پشتیوانی لێبکەن. پێویستە لە ڕیزی پێشەوە  مامۆستایانی دامەزراو، قوتابیان و خێزانەکانیان، بەرەوپیری خواستی کار و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و دەرچوانی زانکۆكان و هەر گەنجێکی ئامادەبەکار بچن و بە خەبات و تێکۆشانی یەکگرتوو هاوبەشیان دەسەڵات ناچار بکەن مل بە خواستەکانیان بدەن.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بەتەواوی توانایەوە پشتیوانی لەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەی مامۆستایانی وانەبێژ و خواستەکانیان دەکات. هاوکات ڕادەگەیەنێت، کە تەنها ڕێگای بەدەستهێنانی داخوازیەکانی زەحمەتکێشان، لەمەیداندا مانەوە و یەکگرتوویی خەباتێکی سەربەخۆ و کۆبوونەوەیە لەدەوری خواستەکانمان. زامن كردنی ئه‌مه‌ پێكهێنانی ڕیزێكی پته‌وی پێكهاتووه‌ له‌ هه‌موو كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان و بێبه‌شان و مامۆستایان و كارمه‌ندان و فه‌رمانبه‌رانی ته‌واوی به‌شه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌. تا ئه‌م ڕیزه‌ پته‌و و یه‌كگرتووه‌ نه‌یه‌ته‌ مه‌یدان چینی باڵاده‌ست و حكومه‌ت و په‌رله‌مانه‌كه‌یان هه‌ر ڕۆژه‌ و هێرشێكی تر و تازه‌ بۆ سه‌ر ژیان و بژێوی و شكۆمان ده‌كه‌ن.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢٦/١٠/٢٠٢١

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *