کێشەی خوێندکاران.. کێشەی ئێمە کرێکارانیشە!

 خەسرەو سایە:

ئەنجامەکانی وەرگرتنی خوێندکارانی پۆلی ١٢، لە         زانکۆ وپەیمانگاکانی هەرێم بەدوای خۆیدا ناڕەزایەتی چەند ڕۆژەی ئەو خوێندکارانەی بەدوای خۆیدا هێنا کە ئەنجامەکان بە غەدرێک بۆ سەر خۆیان دەبینن وبەم جۆرەش کێشەیەکیتر بۆسەر ئەو دۆخە نالەبارەی کەیەخەی بەکرێکاران وخەڵکی کەم دەرامەت گرتوە زیادبووە. بەڵام ناوەڕۆکی ئەم کێشەیە چیە وتاچەند پەیوەندی بە کرێکاران و خەبات بۆ باش کردنی ژیان وگوزەرانی ئەوانەوە هەیە.  بێگومان مەسەلەی وەرگرتنی خوێندکاران  لەکۆلێژو پەیمانگاکان، هەموساڵیک گرفت و کێشەیەکە، بەڵام ئەمساڵ وەک ئەوەی کە ئەم کێشەیەی خوێندکاران لە چوارچێوەی ئەو جوڵانەوە ناڕەزایەتیە کۆمەڵایەتیەدا، کەلەدژی بێکاری، گرانی و نەبونی خزمەتگوزاریەکان، و خۆدزینەوەی حکومەت لە دامەزراندنی گەنجان و مامۆستایانی وانەبێژ و.. لە چوارچێوەی ئەو قەیرانە ئابوریەدا کەسیستەمی داسەپاو بەسەر کۆمەڵگادا، سەری هەڵداوە، لەهەموو کاتێک زیاتر ناوەڕۆکێکی چینایەتی وپەیوەست بە  خەباتی کرێکاران و توێژە زەحمەتکێشەکانەوە گرێ دەخوات. لەیەک ووتەدا ئەگەر بڵێین کێشەی ئێستای خوێندکاران، لە پێشدا کێشەی کرێکارانە نەک بەتەنها خوێندکاران خۆیان، ئەوا هیچ زیدە ڕەییەکمان نەکردووە. بەڵام ئەمە چۆن و دیسانەوە ناوەڕۆکی ئەم کێشەیە لەکوێدایە؟. ئاشکرایە خوێندکاران لەگەڵ ئەوەدا خواست و مەسەلەی هاوبەشیان هەیە، کەپەیوەستە بە مافەکانی خوێندن و دەست ڕاگەیشتنیان بە کۆلێژی گونجاو و مستەهەقی خۆیان و بەبەشی ناوخۆ وئەو پێداویستیەی کەبۆ تەواوکردنی خوێندن دەبێ بۆیان فەراهەم بکرێ، بەڵام خوێندکاران یەک چینی کۆمەڵایەتی پێک ناهێنن و لە دەرونی خۆیاندا دابەش دەبن بەسەر خێزانە کرێکاریو کەم دەرامەتەکان لەلایەک و ئەو خوێندکارانەی سەربە خێزانە دەوڵەمەند وپارەدارو بەرپرسان و خاوەن کۆمپانیاکانن لەلایەکیترەوە. بەمجۆرەش خوێندکاران بە دوو ئاڕاستەدا جیا دەبنەوە. بەدڵنیایەوە هیچ کەسێک نییە ئەوە نەزانێت کە خوێندکارانی سەر بەچینی باڵاو دەوڵەمەندو خاوەن کۆمپانیا وبەرپرسانی حزبی دەسەڵاتدار، هیچ کاتێک کێشەو گرفتیان نیەو ئەگەر نمرەی کەمیش بهێننەوە ئەوا، بەهۆی دەرامەتی خێزانەکانیانەوە کوێیان بوێ وچ بابەتێک هەڵبژێرن نەک هەر لەزانکۆکانی هەرێم بگرە لەدەرەوەی وڵاتیش دەتوانن لە باڵاترین زانکۆ وبەشدا بخوێنن. کەوایە ئەم بەشە هیچ گرفتێکیان نیە بەناوی گرفتی خوێندکارانەوە. بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە ئەو بەشە لەخوێندکارانن کەسەر بەخێزانە کرێکاری و کەمدەرامەتەکانن.

ئەوە ڕاستە کە خوێندکاران، کێشەی وەرنەگرتنیان هەیە لەزانکۆکان وکاتێک بەراوردی ژیانی خۆیان دەکەن لەگەڵ چەند ساڵ خوێندن و ماندووبون، بەڵام غەدرێکی گەورەیان لێدەکرێت، کاتێک لەزانکۆ و بەشی دڵخوازی خۆیان وەرناگیرێن، بەڵام خوێندکاران وەک ئەوەی نانهاوەری ماڵ نین و مەسرەف وزەحمەتی خوێندنەکەیان لە دواجاردا دەکەوێتەوە سەر شانی خێزانەکانیان و ئەو دەرامەتەی کەهەیانە، ئەمە بەپێویست کێشەکەیان دەکاتە کێشەی هەمو خێزانەکەو نانهاوەری ماڵیان. ئەگەر نانهاوەری مالێش کرێکار بێت وەیا کارمەنێکی موچە نزمی ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ هەزاری موچە بێت، ئەوا لەکوێی بهێنی ساڵانە مەسرەفی ڕۆڵەکەی دابین بکات تا لەزانکۆ وەربگیرێ و خوێندن تەواو بکات. لێرەوە ئیتر کێشەی ئەم خوێندکارانە دەبێتە کێشەی کرێکارانو خێزانە کەم دەرامەتەکان.

حکومەت دەڵێت کێشەی خوێندکاران بەهۆی هەڵە پڕکردنەوەی فۆڕمەکانەوەیە!. بەڵام خوێندکارانێکیش دەڵێن حکومەت کورسی زانکۆ حکومیەکانی کەمکردۆتەوە تا خوێندکاران ناچاربن ڕوو لەزانکۆکانی کەرتی تایبەت بکەن و بەپارە بخوێنن، وە کاتێکیش پارەو کۆمپانیا وبازاڕ هاتەکایەوە ئیتر کێشەکە لەخوێندکارەکان خۆیان واوەتر دەڕواو دەبێتە کێشەی کرێکاران و داهاتی خێزانە کەم دەرامەتەکان.

کوردستان کۆمەڵگایەکی سەرمایەداریە و ئاستی بژێوی چینی کرێکار، بەبازاڕی سەرمایەو ویستی کۆمپانیاکانەوە گرێ دراوەتەوە. وە تا ئەم ئاستە لەبژێوی لە خوارەوە بێت، ئەوا سەرمایە قازانجی زیاتر کۆدەکاتەوە. لەلایەکیترەوە خۆدزینەوەی حکومەت لەدابینکردنی لانیکەمی بژێوی و هەڵخستنی هەلی کار وبەرزکردنەوەی ئاستی کرێ وپلەی وەزیفی ودابین کردنی خزمەتگوزاریەکانی وەک خوێندن و تەندروستی و ئاوکارەبا، لەپاڵ بەدەستەوە گرتنی سیاسەتی بەتایبەتیکردن وهەڕاج کردنی خزمەتگوزاریەکان بەکۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، مەسەلەی خوێندن لە قوتابخانە و زانکۆکاندا، خستۆتەوە سەر شانی هاوڵاتیان و دەبێ مەسرەفەکەی لەو داهاتە کەمە بدرێ کەکرێکاران و کارمەندانی کەمدەرامەت مانگانە چنگیان دەکەوێت. لێرەوەیە کێشەی خوێندکاران دەبێتە کێشەی کرێکاران و خێزانە کەم دەرامەتەکان. کێشەیەک کەبەڕەفاهی کۆمەڵایەتی و ئاستی بژێوی چینی کرێکارەوە بەندە. کەوایە خەبات بۆ بەخۆڕایی کردنی خوێندن و خزمەتگوزاریەکانی تر، بەشێکی جیانەکراوەی، خەباتی ئەم چینەیە بۆ باشکردنی ژیان و بەدەستهێنانی خۆشگوزەرانی. بەتایبەتی کرێکار، نەجوتیارەو نەپیشەوەر، تا بۆ ژیانی خۆی لە ئەرز و ئاسمان بڕوانێ. ئەو وەک ئینسان و وەک هاوڵاتی، هەقی هەیە لە ژیانێكی خۆشگوزەران بەهەرەمەند بێت. لەم ڕوانگەیەشەوە کێشەی خوێندکاران کێشەی ئەوانیشە. خەباتی ئەم چینە بۆ بەخۆرایی کردنی خوێندن ودابینکردنی خزمەتگوزاری تێروتەسەل، بەشێکی جیانەکراوەی خەباتێکە لەپێناو دابینکردنی نان وکارو ئاستێک لەمەعیشەت کە شایستەی ئینسانی ئەم سەردەمە بێت.

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *