جیهان پێویستی بە شۆڕشێکی تری ئۆکتۆبەر هەیە!

مسته‌فا باهیر

کرێکاران و ئازادیخوازان، هەموو ساڵێک لە ٢٥ ئۆکتۆبەردا یادی شۆڕشی مەزنی ئۆکتۆبەر دەکەنەوە. ٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١ یادی ١٠٤ ساڵەی ئەو شۆڕشە مەزنەیە. کرێکاران و زەحمەتکێشان، ڕابەران و چالاکوانانی کۆمۆنیست لەم یادەدا دەرس و پەندی سەرکەوتنەکان و شکستەکان لەبەرچاو دەگرن و، لە هەوڵو خەباتدا دەبن و هەنگاو دەنێن بۆ بەدەستهێنانی دونیایەکی بێ چین. یەکێک لە پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی خەباتی چینایەتی و سەرکەوتنی شۆڕش پرسی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی سیاسی بوو.

چینە چەوساوەکان بەبێ وەرگرتنی دەسەڵاتی سیاسی کاریگەرێتیان نابێت و ناتوانن بەرنامەی خۆیان بۆ ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی بەدیبھێنن. هەربۆیە بەلشەفیەکان و لینین لە شۆڕشی ئۆکتۆبەردا توانییان بەشێوازی شۆڕشگێڕانە و راپەڕینی چەکدارانە، ئەم پرنسیپە پەیڕەو بکەن و بەرەو کۆمەڵگەیەکی سۆسیالیستی ھەنگاوی گەورە بنێن. شۆڕشی ئۆکتۆبەر شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیی پڕۆلیتاریا بوو بۆ ڕاماڵینی چینە چەوسێنەرەکان و دامەزراندنی دیکتاتۆریی شۆڕشگێڕانەی پڕۆلیتاریا.

لە دەورانێکدا شۆڕشی ئۆکتۆبەر بەرپا بوو کە سەرمایەداران بۆ کەڵەکەی سەرمایەکەیان هەموو رێگایەکان دەگرتەبەر و لە هیچ شتیک سڵیان نەدەکردەوە. سەرمایەداران بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایەکەیان و بۆ دۆزینەوەی بازاڕو تاڵانکردنی سەروەت و سامانی وڵاتان، پێویستیان بە جەنگ و داگیرکاری هەبوو. جیهانیان خستە بەردەم شەڕێکی قورسەوەو جەنگێکی گەورەیان بەرپا کرد، کە بووە هۆی کوشتنی ملیۆنەها ئینسان‌و بڵاوبونەوەی هەژاری و برسیەتی لەتەواوی جیهاندا. هەڵاواردنی ره‌گه‌زی گەیشتبوە لوتکە، بە ملیۆنه‌ها ئینسان لەشوێنی ژیانی خۆیان دەربەدەر کرابوون. نەخۆشی و نەبونی دەرمان، بووبووه‌ هۆی مردنی ملیۆنەها ئینسان. بەکورتی پێش شۆرشی ئۆکتۆبەر، جیهان لەبەردەم مەترسیەکی گەورەدابوو. روسیاش وەک دەوڵەتێکی سەرمایەداری بۆ دۆزینەوەی بازاڕو تاڵانکردنی سەروەت و سامانی وڵاتان لەو شەڕەدا بەشداربوو.

چینی کرێکاری روسی بەڕابەرایەتی حزبی بەلشەفی و سەرکردایەتی رابەری مەزنی چینی کرێکار، هاوڕێ لینین، لە ٢٥ ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧ گەورەترین شۆرشی کرێکاریان بەرپاکرد. ئه‌و شۆڕشه‌ لەماوەیەکی کەمدا توانی ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی لە روسیا تێکبشکێنێت و لەشوێنیدا حکومەتێکی شورایی پێک بھێنێت.

پاش سەرکەوتنی شۆڕشی بەلشەفی، یەکەمین کارێک کە کردیان هەوڵدان بوو بۆ وەستانی شەڕ، ئەویش بەهاتنەدەرەوەی روسیا لەهێزی هاوپەیمانان و وەستانی جەنگ لەگەڵ ئەڵمانیاداو ئاشکراکردنی پەیماننامەی سایکس – بیکۆ. ئه‌و هه‌نگاوانه‌ش بوونەهۆی ئەوەی کە هاوپەیمانان ناچاربن ئەو جەنگە کوشنده‌یه‌ ڕابگرن. ڕاگرتنی جەنگیش بووه‌هۆی رزگارکردنی ژیانی ملیۆنەها ئینسان لە کوشتن و دەردەسەریەکانی جەنگ. دوای چەند مانگ حکومەتی شورایی توانی دەستورێکی بنه‌ڕه‌تی دابنێت کە تێیدا بۆ یەکەمین جار بریاردرا مافی چارەی خۆنوسین بۆ میللەتانی روسیا، یەکسانی ژن و پیاو لە هەموو رویەکەوە، دابەشکردنی زەوی بەسەر جوتیاراندا بکاتە یاسای ووڵات. بڕیاردرا زه‌وی بۆ ئەوکەسەیە کە کاری تێدا دەکات. دین لە دەوڵەت جیاکرایەوە. کارگەکان لە لایەن شورا کرێکاریەکانەوە بەڕێوەدەبران و مافی پەنابەرێتی درا بەو پەنابەرانەی کە لەروسیا دەژیان… هتد.

هەرچەندە ئێستا ته‌کنه‌لۆژیا گەشتوەتە ئەوپەڕی پێشکه‌وتن، بەرهەم و کارو توانای ئینسان بە شێوەیەکی بێوێنە لە چاو رابردودا چوەتەسەر، رۆژ بەرۆژ داهێنانی تازە دێتە ئاراوە کە هەموانی توشی سەرسورمان کردوە، به‌ڵام هێشتا هەژاری و برسێتی و بێکاری و نەخۆشی باڵی بە سەر دونیادا کێشاوە.

بە ملیۆنەها ئینسان لە برساندا دەناڵێنن. ملیۆنەها منداڵ دەمرن به‌هۆی ئه‌وه‌ی کە دایک و باوکیان ناتوانن بژێویان دابین بکەن. ملیۆنەها ژن گیرۆدەی هەڵاواردن و ستەمی جنسین. کەم نین ئەوانەی کە بەهۆی هه‌ندێ نەخۆشیەوە دەمرن کە بە تێچوویه‌کی کەم دەکرێت چارەسەر بکرێن. بە ملیۆنەها ئینسان بە هۆی شەڕی دینی و مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ دەکوژرێن و ئاوارە دەبن و شاروگوندەکانیان وێران دەکرێن. لە ئێستادا دەبینین کە چۆن بە ملیۆنەها ئینسان لەدەست شەڕو کوشتار ناوچەکانی خۆیان بەجی دەهێڵن و بەشێکیان لە شاخ و دەشت و ده‌ریاکاندا دەمرن و دەبن بە خۆراکی ئاژەڵەکان، به‌و پێیه‌ ئەم جیهانە بۆ چینی کرێکاران و هەژاران بوە بە دۆزەخ.

ئەم بارودۆخه‌ خراپانه‌ لە ئاسمانەوە نەباریوە بۆ هەژاران، بەڵکو سەرچاوەکەی سیستەمی سەرمایەداریە. له‌پێناو کەڵەکەبونی سەرمایەکانیان ئەم هەموو کاره‌ساته‌ بەسەر ئینساندا دێنن. بەچاوی خۆمان دەبینین ئەوانەی کە رەنج دەکێشن و بەرهەم دەهێنن خاوەنی هیچ نین. به‌ڵام کۆمەڵێک گەندەڵخۆری تەمەڵ، خاوەنی هەموو شتێکن. ده‌وڵه‌ت‌ و حکومەتیشیان دروست کردوە تا سەرو ماڵیان بپارێزن.

تەنها رێگایەک کە لەبەردەم کریکاراندا هەیە بۆ رزگاربونیان لە هەموو ئەو نه‌هامه‌تیانه‌ی کە سیستەمی سەرمایەداری بۆی هێناون. بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم دونیا پێچەوانەیە، پێویستیان بە بەرپاکردنی شۆرشێکی ئۆکتۆبەری تر هە‌یه‌. بۆ ئەمەش پێویستمان بە خەباتی شۆرشگێرانەی کرێکارانە بۆ سەروژورکردنی ئەم سیستەمە زاڵمە. ئەویش بە رێکخستنی ریزەکانیان و دروستکردنی رێکخراوە کرێکاریەکان و کۆبونەوەیان لەدەوری یەکترو پەیوەست بوونیانە بە حزبە کۆمۆنیستەکانەوە. به‌بێ ئەمە ناتوانریت ئەم نیزامە زاڵمە کە بە ملیۆنەها سەربازو پۆلیسی هەیە بۆ پاراستنی، لەناو ببرێت. سەرکەوتنی چینی کریکار لەم شۆرشەداو دامەزراندنی حکومەتیکی کرێکاری، دەبێتەهۆی نەمانی جیاوازی چینایەتی و بە نەمانی ئەم جیاوازیە چینایەتیە، خۆشگوزەرانی و ئاسایش بەرقەرار دەبێت.

 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *