خۆپیشاندانی مامۆستایانی وانەبێژ و خوێندکارانی پۆلی ١٢

گفتوگۆ لەگەڵ خەرسەو سایە:
ئۆکتۆبەر: ماوەیەکە خۆپیشاندانی مامۆستایانی وانەبێژو خوێندکارانی پۆلی شەشەمی دواناوەندی لە زۆرێك لە شاروشارۆچکەکانی کوردستان دەستی پێکردوە. خواستی مامۆستایانی وانەبێژ دامەزراندن و ناڕەزایەتی خوێندکارانیش بەرامبەر بە ڕاگەیاندنی لیستی ناوەکانیانە بۆ زانکۆ و پەیمانگاکان، کە دەڵێن بێسەرەوبەرەییەکی زۆری پێوەدیارە!  بەبڕوای ئێوە ئەم جۆرە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی ئەم توێژانەی کۆمەڵگای کوردستان بنەماو هۆکارەکەی چیە؟ ئایا تەنها ناڕەزایەتیە بەرامبەر بە بێمافیەک و ستەمێکی دیاریکراو کە روبەرویان بوەتەوە، یاخود ریشەی قوڵتری هەیە کە دەکرێ وەکو بنەمایەك بۆ ناڕەزایەتی فراوانتری کۆمەڵایەتی تەماشا بکرێ!؟

خەسرەو سایە: سەرەتا ئەوە بڵێم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایانی وانەبێژ وخوێندکارانی پۆلی شەشەم، بەشێکە لەشەپۆلێکی فراوانتری ئیعترازێکی کۆمەڵایەتی، جەماوەری کرێکاران و مەحرومانی شارەکانی کوردستان کە بەدوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەکانی عێراق و ڕەوینەوەی ئەو تەمومژەی کە ئەم هەڵبژاردنە دروستی کردبوو، دوبارە دەست پێدەکاتەوە دەسەڵات و حزبە پێکهێنەرەکانی هەڵبژاردنیان وەکو سیاسەتێك گرتەبەر، کەلە بنەڕەتەوە بۆ ئامانجی داپۆشین وبەلاڕێدا بردنی خەباتێکی چینایەتی بوو چ لەعێراق وچ لەکوردستان. هەروەها هەوڵێک بوو تا جەماوەری ناڕازی ڕاکێشنەوە نێو ئەو گەمە سیاسیە پوچ وبێناوەرۆکەوە کەناویان ناوە “دیموکراسی و دەنگدان”. ئەم شەپۆلە کە کرێکاران وخاوەن نانەواخانەو سەمونخانەکان وشۆفێرانی تەکسی و بارهەڵگرەکان، لەدژی گرانی نانو بەنزین، تا سازدانی کۆبوونەوەی گشتی بەشێک لەکرێکارانی کارگەکانی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ وئاسن بۆ دەرماڵە و قازانجی ساڵانە، تا ناڕەزایەتی کرێکارانی گرێبەست بۆخواستی دامەزراندن، تا ناڕەزایەتی بەشێک لە دانیشتوانی گەڕەکە زەحمەتکێش نشینەکان لەدژی نەبونی خزمەتگوزاری تەندروستی و ڕێگاوبان.. لەپاڵ خۆپیشاندان وکۆبوونەوە گشتیەکانی مامۆستایانی وانەبێژ وقوتابیانی پۆلی شەشەم،  سیمای ئەم شەپۆلە لەئیعترازی کۆمەلایەتی نیشان دەدات کە بەدوای تەواوبوونی هەڵبژاردندا، فەزای بۆ کرایەوەو بەشیوازی جۆراوجۆری خەباتێکی جەماوەری خۆی نیشاندایەوە، کە بەگشتی دەکرێ ناوەرۆکەکەی لەدروشمی نان وکارو مەعیشەتدا گەڵاڵە بکەینەوە.

بیگومان ئەم شەپۆلە لەدرێژەی ناڕەزایەتیەکانی دەورەی پێشوودایە بەگشتی و هەروەها لەدرێژەی بەشداری نەکردنی فراوانی خەڵک لەهەڵبژاردنەکەدا، بەتایبەتی خۆی نواندەوە. دیارە ڕیشەی ئەم ناڕەزایەتیە لەو قەڵشتە چینایەتیە و لەو ناعەدالەتیەدایە کەنزیکەی ٣٠ساڵە ژیانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستانی لەقاڵبداوە. بەواتایەکی تر ئەم نارەزایەتیە کۆمەلایەتیە لەبنەڕەتەوە کاردانەوەو مقاوەمەتێکی چینایەتیە کە لەبەرامبەر سیاسەتی بیکارسازی و هەژارکردن و سەپاندنی باجو خەراج و گرانی و ئەو نابەرپرسیارێتیەیە کەحکومەتی حزبەکان بەناوی”چاکسازیەوە” گرتویانەتەبەر، تالەم ڕیگایەوە باری قەیرانگرتویان بەسەر خەلکی هەژارو کەمدەرامەتدا بشکێننەوەو فرسەتی کۆکردنەوەی قازانج لەبەردەم کۆمپانیا وخاوەنکارەکاندا بپارێزن.

ئۆکتۆبەر: ئێوە باسی شەپۆلێک لەناڕەزایەتی کۆمەڵایەتیتان کرد، سەرەکیترین خاسیەتەکانی ئەم شەپۆلە لەنارەزایەتیەکان لەچیدا دەبینن؟ قابیلیەتەکانی چیەو ئایا توانای بەدەست هێنانی خواستەکانی هەیە؟

خەسرەوسایە: سەرەکیترین خاسیەتی ئەم شەپۆلە لەنارەزایەتی جامەوەری لەوەدایە کە لەدەوری خواستی دیاریکراو پێی ناوەتە مەیدانەوە، بەڵام بەکردەوە کەوتۆتە بەرامبەر سیستەمێکی سیاسی و ئابوریەوە، هەر ئەمەش ناوەڕۆکیكی چینایەتی وتوانایەکی بەهێزی کۆمەلایەتی پێ بەخشیوە. کە دەڵیین کەوتۆتە بەرامبەر سیستەمێکەوە، مەبەستمان ئەو نیزامە ئابوریەی سەرمایەداریە، کەدەسەڵاتدارێتی حزبە بۆرژوازیەکانی کورد پارێزەریەتی و ناویان ناوە ئابوری بازاڕی ئازاد، کەژیان و کارو مەعیشەتی زۆرێنەی خەڵکی هەژارو کەمدەرامەتی سپاردووە بەبازاڕێک، کەبەدەست تۆڕێک لەکۆمپانیا وسەرمایەدار و بازرگانانی کەرتی تایبەتەوەیە، کە سەرانی ئەحزابەکان وهەردوو بنەماڵەی حاکم، خۆیان بەشێکی سەرەکین لێی. دەسەڵاتێکی سیاسیش کەخۆی لەحکومەتێکدا دەبینێتەوە، کەهیچ بەرپرسیارێتیەکیان نیە بەرامبەر بەژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و تابۆی کرابێت لەڕیگای سەپاندنی هەژاری و بیکاری و گرانی و باج و خەراجەوە، هیزی کار لەوپەڕی هەرزانیدا ڕابگرن و زەمینەی لەبار بۆ کۆکردنەوەی قازانج وسەرمایە لەبەردەم کۆمپانیاکاندا فەراهەم بکەن. تا ئەو جێگەیەی بە تواناو قابیلیەتەکانی ئەم جولانەوە ناڕەزایەتیە دەگەڕیتەوە، سەرەتا ئەوەبڵێم کەئەم شەپۆلە لەناڕەزایەتیەکان لەحاڵەتی ئێستایدا، بەهەموو کەموکوڕیەکانیەوە توانی بەشێک لەخواستەکانی خۆی بەسەر دەسەڵاتدا داسەپێنێ، بەڵام لەمەش زیاتر ئەم شەپۆلە لەناڕەزایەتی لەفەزای سیاسی وکۆمەلایەتی ئیستای کوردستاندا، کەچینی دەسەلاتدار وسیستەمەکەی لەگەڵ قەیرانی قوڵی ئابوری و سیاسی بەرەو رووەو، ئەو هێزەی هەیە کەدەتوانێ حسابی خۆی لەگەڵ ئەم دەسەلاتەو ئەو سیستەمەی کەبۆرژوازی کورد پارێزەریەتی یەکلا بکاتەوەو کۆمەڵگای کوردستان بەرەو یەک ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی ئابوری و سیاسی جیاواز و بنەڕەتی بەرێت کە باشبژێوی کۆمەلایەتی مەیسەرو مومکین بکات. بەتایبەتی ئەگەر یەکگرتوو سەراسەری بکرێتەوەو ببێتە خاوەنی رابەریەکی ڕادیکاڵ وشۆڕشگێرانە و لەژیر سایەی ئاسۆیەکی سیاسی و چینایەتی وشۆڕشگێرانەدا ڕێبەری و ڕینمایی بکرێ و هەنگاو بەهەنگاو ببرێتەپێشەوە.

ئۆکتۆبەر: بەڵام سەرانی حکومەتی هەرێم چەندیجار لە زمانی سەرۆک وەزیران و جێگرەکەیەوە باسیان لەوە کردوە کە ناکرێ هەموو کەس دابمەزرێت، هەرەوەها حکومەت ئەوەندە داهاتی نایەتە دەست کە بتوانێت خزمەتگوزاریەکانی ئاوو کارەباو خوێندن وتەندروستی بۆهەموان دابین بکات..  ئێوە چۆن دەڕواننە ئەم قسانەی بەرپرسانی حکومەت، ئایا هیچ ڕاستیەکی تێدایە؟ یاخود تەنها خۆدەربازکردنی حکومەتە لەژێرباری دابینکردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیەکانی؟

خەسرەوسایە: لەکوردستان جەنگێکی چینایەتی ئاشکرا، لەنێوان کرێکاران و زەحمەتکێشان لەلایەک و چینی دەسەلاتدار بەئاشکرا، بەڕیکەوتووە. بۆرژوازی و حکومەتەکەی بۆ پاساودانی سیاسەتی سەرمایەدارانەو چەوسینەرانەی خۆی هەمیشە ڕاستیە کۆمەلایەتیەکان پێچەوانە دەکاتەوە تا خۆی لەبەرپرسیارێتی بەرامبەر بەژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان بدزیتەوە. لەم ڕوانگەیەشەوە هەموو ئەو قسانەی سەرۆک وەزیران و جیگرەکەی پروپاگەندەیەکی ناراست و بێناوەڕۆکە. ئەوەی کە دەیلێن حکومەت ناتوانی هەموو ئامادەبەکارێک دامەزرێنێ، بڕیارو سیاسەتی خۆیانە. واتە ئەوە ئەم حکومەت و دەسەڵاتەیە کە بیکارکردن و بێکار هێشتنەوەی گەنجانی ئامادەبەکارو دەرچوانی زانکۆ ومامۆستایانی وانەبیژ و کرێکارانی گرێبەستی کاتی کردۆتە یەک سیاسەتی بنەڕەتی، ئەمەش بۆئەوەیە کە لەشکری بیکاری فراوان و فراوانتر ڕابگرێ تا موچەو کرێی کرێکاران و فەرمانبەران لەخوارەوە رابگرێ ومونافەسەی نیوخۆی کرێکاران توند بکاتەوەو داواکاری زیاتریان نەبێت. ئەمە بنەمای هەرزان راگرتنی بەهای هێزی کارە. خودی هەڵوەشانەوەی دامەزراندنی مەرکەزی لەلایەن حکومەتەوەو دەستبردن بۆ گرێبەستی کاتی و سپاردنی هەلی کار بە کەرتی تایبەت و مونافەسەی بازاڕ، بەڵگەیە بۆئەوەی کەحکومەت سەپاندنی بێکاری زیاتری کردۆتە یەکێک لەلایەنە سەرەکیەکانی ئەو سیستەمە ئابوریەی کە ئاماژەمان پێدا. کەوایە مەسەلەکە ئەوە نیە کە دەلێن “ناتوانن هەموو کەس دامەزرێنن”، بەڵکو ئەوە سیاسەت و بڕیاری خۆیانە کەهاوڵاتیانی ئامادەبەکار لەبێکاریدا ڕابگرن. لەبارەی دابینکردنی خزمەتگوزاریەکانی وەک ئاو وکارەباو خوێندن و کورسی خوێندن لەزانکۆکانیشەوە ڕاستیەکەی هەر ئەمەیە، کەحکومەت لەڕێگای بەتایبەتی کردنی بوارەکانی بەرهەمهێنان وخزمەتگوزاریەکانەوە، بەتەواوی خۆی لەبەرپرسیارێتی دابینکردنی خزمەتگوزاریەکان دزیوەتەوەو مەسرەفەکەی خستۆتەوە سەرشانی هاوڵاتیان، بۆیە ئەوەی دەیلێن کەحکومەت ناتوانێ ئەم خزمەتگوزاریانە دابین بکات درۆیەکی شاخدارە وڕاستیەکەشی ئەوەیە کەدەسەڵاتداران خۆیان نایەوێت ئەم ئەرکە لەئەستۆ بگرن. تا ئەو جێگەیەشی بە “کەمی داهاتی حکومەت” دەگەریتەوە، دیسانەوە پاساواکە ناراستە، چونکە ئابوری کوردستان کێشەی کەمی سەرمایەی نیە تا حکومەت گیرۆدە بێت بەکەمی داهات، بەڵکو ئەوە ئەو سیستەمەیە کەسەراپا حکومەت وچینی دەسەڵاتداری خستۆتە خزمەت و پاشکۆی کاری کۆمپانیاکان وبازاڕەکەیانەوە. کەجگە لە کۆکردنەوەی قازانج و سەرمایە هیچ وەزیفەیەکی تریان لەراستای دابینکردنی لانی کەمی ژیان و بژێوی خەلك لەئەستۆ نەگرتووە.

ئۆکتۆبەر: کەوایە بەبڕوای ئێوە دەبێ چی بکرێ تا ئەم شەپۆلە لە خۆپیشاندان و ناڕەزاتیەکان  بەسەرکەوتن بگاو لانی کەمی خواستەکانی خۆی بەدەست بهێنێت، حزب لەم بارەوە چ کارێکی خستۆتە بەرنامەی کاری خۆیەوە؟

خەسرەو سایە: یەکەمین هەنگاو ئەوەیە کەدەبێ ئەم خۆپیشاندان وناڕەزایەتیانە، هیزی ئەوە بەدەست بهێنێت کەدەسەڵات ناچار بکات مل بەداواو خواستەکانی بدات. بۆئەمەش دەبی بەردەوام بێ ومەوداکەی فراوان وبەرین ببێتەوە. بەدلنیایەوە نارەزایەتی لێرەو لەوێ وپچڕبچر، ناتوانێ بەئەنجامی خۆی بگات، بەتایبەتی کەبیەویت سیستەم بگۆڕێ. کەوایە یەکەمین کار ئەوەیە کەدەبێ ناڕەزایەتیەکان ناوەندەکانی کارو کارگەکان، گەڕەک وبەڕیوەبەرایەتیەکان، زانکۆکان و ناوەندەکانی شەقام بگرێتەوەو فراوان بێتەوە و یەکگرتوانە لەدەوری دروشمی نان و کارو مەعیشەت، بەشەکانی یەکگرتوو ڕێکخراو بکات. هەروەها دەبێت، ڕێکخستنی کۆبوونەوەی گشتی جەماوەری و هەلبژاردنی نوێنەران و گەڵالەی خواستەکان، ڕێگایەک بێت بۆ ڕێکخراوکردنی ناڕەزایەتیەکان لەئاستی سەراسەریدا و دابینکردنی نوێنەرایەتیەکی سەراسەری، بۆ بردنەپێشەوەی جولانەوەکەو هەلبژاردنی تاکتیک و شیوازی گونجاو.. دیارە هەرجولانەوەیەکی جەماوەری دەبێ لیستی داخوازیەکانی ڕۆشن بێ وئاسۆیەکی عەمەلی لەبەردەم دابێت کەتا بزانرێ هەنگاوەکان بەرەوکوێ دەبات. بەتایبەتی کەوەک باسمان کرد ناڕەزایەتیەکانی ئەم دەورەیە ڕاستەوخۆ بەرامبەر بە سیستەمێکی سیاسی وئابوریە وسەرەنجام بەدەستهێنانی باشبژێوی و ئەوخواستانەی کەئەم ناڕەزایەتیانە هەیانە، بە ئاڵوگۆڕ لەم سیستەمەو هینانەکایەوەی سیستەمێکی تر، مەیسەرە. حزبی ئێمە جگەلە پشتیوانی و بەشداریکردن لەناڕەزایەتیەکاندا، لەئێستادا هەوڵدادەت بۆ پێکهێنانی کۆڕوکۆمەلەکان و لێک نزیکردنەوەی هەڵسوراوانی بەشە جۆربەجۆرەکانی ئەم ناڕەزایەتیانە و یەکگرتووکردنیان. هەروەها حزب کاردەکات بۆ هێنانەمەیدان و بەرفراوان کردنەوەی ناڕەزایەتیەکان لەدەوری خواستی ڕۆشن لەگەرەک و زانکۆ و ناوەندەکانی کارو بەڕیوەبەرایەتیەکاندا، لەجەرگەی ئەم کارانەشدا هەوڵدەدەین بۆ ڕێکخراوکردن وسازدانی کۆبونەوە گشتیەکان و هەڵبژاردنی نوێنەران… لەئاستی سەراسەریشدا حزب هەوڵدەدات ڕێنمایی و ڕێنیشاندەر بێت وڕێگای دروست وعەمەلی بخاتەبەرپێی ئەم نارەزایەتیانە، تا ئەو ئاستەی ئەو هێزو توانایە بەدەست بهێنێ کەدەسەڵات ناچاربکات خواستەکان بەڕەسمی بناسێنیت..

Check Also

دەبێ دەستبەجێ وەڵام بەداخوازیەکانی خوێندکاران بدرێتەوە و دەستگیکراوەکانیش ئازاد بکرێن

بۆ ماوەی سێ رۆژ خرۆشانی سەراسەری خۆیندکارانی بەشە ناوخۆیەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان سەرتاپای کۆمەڵگای …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *