ناڕەزایەتی خوێندکاران بۆ خواستەکانیان ڕەوایە و نابێ بهێڵین بەتەنها بمێننەوە!

ماوەی چەند ڕۆژێکە خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆکانی بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی دەربڕین و سەر شەقامەکانیان گرتووە. خوێندکاران وێڕای داوای دەرماڵەکانیان، خواستی باشبوونی بەشە ناوخۆییەکان و دابینکردنی پێداویستی سوتەمەنی و ئاو و کارەبا ئەکەن. ئەمەش سادەترین ئەرکێکە کە ئەبێ دەسەڵاتداران، لە ئەستۆی بگرن و وەڵامی بەکردەوەی پێبدەنەوە. بەڵام ئەوە حکومەت و دەزگا سەرکوتگەرەکانیەتی کە لەجیاتی گوێگرتن بۆ داواکاری خوێندکاران، کەوتە پەلاماردان و بڵاوەپێکردنی هێزە ئەمنیەکان و بە داری کارەبایی و گازی فرمێسکڕێژ و بە لێدان، کەوتە هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بە ناڕەزایەتی و کۆبوونەوەی خوێندکاران. لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا نەیانتوانیوە بڵاوەیان پێبکەن و بەشێک لە شەقامە سەرەکیەکانی شاری سلێمانی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بەستراوە.
ئێمە لە کاتێکدا کە سەرکوت و بڵاوکردنەوەی هێز و لێدان و سوکایەتی بە خوێندکاران لەسەر داواکردنی مافی بێئەملاولای خۆیان سەرکۆنە ئەکەین، هاوکات پشتیوانی بێدرێغی خۆمان بۆ دابینکردنی دەرماڵە و پێداویستیەکانی بەشە ناوخۆییەکانی خوێندکاران دوپات ئەکەینەوە.
بێگومان داوای دەرماڵە و ئاستێکی گونجاو لە دابینکردنی بەشە ناوخۆییەکان بۆ خوێندکارانی کوردستان، بچوکترین ئەرکە لەسەر خەزێنە و داهاتێکی زەبەلا‌ح و هەموو ئەو سەرمایەی کە ئەم دەسەڵات و ‌حکومەتە و بەرپرسانی ئەحزابی حاکم لەسەری ئەژین و خۆیان دەوڵەمەندتر ئەکەن، بەڵام بۆ خوێندکارانێک کە لە خێزانە هەژار و زەحمەتکێشەکانەوە هاتوون و بە هەزار کوێرەوەی و چەرمەسەری درێژە بە خوێندن ئەدەن، بەشێکە لە خەبات بۆ باشکردنی ژیان و بژێوی، هەر بۆیە داوا و خواستێکی ڕەوایە و جێگای پشتیوانیەکی فراوانی کۆمەڵگایە و هیچ جۆرە پاساو و بیانویەک بۆ بڕین و دابیننەکردنی لەلایەن ئەم دەسەڵاتەوە جێگەی باوەڕ و قبوڵ نییە.
دەسەڵاتداران لە درێژەی سیاسەتی لێبڕینی موچە و زیادکردنی باج و خەراج لەسەر خەڵک و دابیننەکردن و گرانکردنی سوتەمەنی و ئاو و کارەبا و زیادبوونی بێکاری و دانەمەزراندنی دەرچووانی چەندین ساڵەی زانکۆ و پەیمانگاکان و بارگرانیەک کە بەسەر کۆمەڵگەدا دایانسەپاندووە، لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە دەرماڵەی خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکانیان بڕیوە. هەموو ئەم هەوڵانەی ‌حکومەتی سەرمایەدارانی کوردستان، لە پێناو هەژارکردن و بێدەرامەتکردنی تەواوی کۆمەڵگەدایە. لەبەرامبەریشدا ئەوە کرێکاران و مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵکی زە‌حمەتکێشە کە لەدژی نەدان و دواکەوتن و لێبڕینی موچە و لە پێناو دابینکردنی پێداویستیە تەندروستی و خزمەتگوزاریەکاندا لە شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و یەخەی دەسەڵاتیان بۆ خواستەکانیان گرتوە و هەر جارەش لە شوێنێک و بە شێوازی جۆراوجۆر پێدەنێتە مەیدانەوە. ناڕەزایەتی خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکانیش بەشێکە لەم ناڕەزایەتیە بەرینە جەماوەریە کە بە دروست یەخەی دەسەڵات بەرنادات و سوورە لەسەر هاتنەدی ماف و خواستەکانی.
خوێندکارانی کوردستان ئەبێ لەم ناڕەزایەتیەیاندا یەکگرتوو و یەکدەنگ و ڕێکخراو لەمەیداندا بمێننەوە و لەدەوری خواستەکانیان، کە خۆی لە دانەوەی دەرماڵە دزراوەکانیان و دابینکردنی ئاوی پاک و کارەبا و غاز و سوتەمەنی یان ئامڕازەکانی گەرمکەرەوەدا دەبینێتەوە تا داسەپانی بەسەر دەسەڵاتداراندا درێژە بە هەوڵەکانی خۆیان بدەن. نەک تەنها ئەو پێداویستیانە بگرە بەخۆڕاییکردنی خوێندن و دابین کردنی پێداویستیەکانی، ئەرکی سەرشانی حکومەتە و لەتوانادایە لە داهاتی زۆروزەبەندی ژێردەستی دەسەڵاتداران دابینبکرێ. هاوکات دەبێ خوێندکارنی ناڕازی، ڕیزەکانی خۆیان سەربەخۆ ڕابگرن و ڕێگەنەدەن هیچ لایەنێک و هیچ ئەندام پەرلەمانێك کە بەشێکی تەواوکەری هەمان سیستەمی ئێستان، بەناوی ئۆپۆزسیۆن و خەمخۆری بۆ خوێندکارانەوە، خۆیان بە ناڕەزایەتی و خواستەکانیاندا هەڵبواسن و خەباتەکەیان بەلاڕێدا بەرن. بەڵکو تەنها بە یەکڕیزی خوێندکاران و سووربوونیان لەسەر خواستەکانیان و خۆ بەدوورگرتنیان لە هەر جۆرە هەڵچوونێکی وا کە بیانوی سەرکوتی زیاتر بداتە دەست دەسەڵات، ئەتوانێت زەمانەتی بەدەستهێنانی دەرماڵەکانیان و خواستەکانی تریان بکات. ئەزمونی ناڕەزایەتی و خەباتی خوێندکارانی پۆلی ١٢ و ڕاوەستانیان تاکو دەسەڵاتیان ملکەچ بە خواست و داواکانیان کرد، نمونە و ئەزمونێک و سەرکەوتنێکی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی هەژار و مەحرومە و ئەتوانرێت کەڵکی لێوەربگیرێت.
نابێ بهێڵین خوێندکاران بە تەنها بمێننەوە، ئەوانە ڕۆڵەی هەر ئەو خەڵکە ستەملێکراوەن کە گیرۆدەی هەژاری و نەداری و بێدەرەتانی کراون. پێویستە خوێندکارانی تری زانکۆکان و مامۆستایانی زانکۆ و قوتابخانەکان، کارمەند و فەرمانبەرانی ناوەندە جیاجیاکانی کار و کرێکاران و تەواوی خەڵکی زەحمەتکێش و ببێبەش پشتیوانی لە ناڕەزایەتی و داوا و خواستەکانی خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکان بکەن و یەک دەنگ هەمووان دەسەڵات ناچار بە ملدان بە داخوازیەکانیان بکەین.
‌ئێمە وێڕای پشتیوانیمان لە ناڕەزایەتی و داواکاریەکانی خوێندکاران، خۆمان بە بەشێک لە خەبات و تێکۆشانی ئەوان ئەزانین تا بەدەستهێنانی دەرماڵە و باشبوونی هەلومەرجی ژیانی ناو بەشە ناوخۆییەکان و تەواوی سیستەمی خوێندن.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢٢ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١

Check Also

له‌ ماریاوه‌ بۆ زه‌هرا و فه‌یرووز، ده‌سه‌ڵات به‌رپرسه‌ له‌ كوشتنی ژنان

سه‌ر له‌به‌یانی ڕۆژی ١٧ ی نیسان و له‌ شیرینی خه‌ودا فه‌یرووزی ته‌مه‌ن ٢١ ساڵان له‌لایه‌ن …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *